ڕەشید عەلى سەلیم شێخ فەرخ، ناسراو بە ڕەشید بێشونى، ساڵى ١٩٣٦ لە گوندی بێشونى سەر بەقەزاى مێرگەسۆرى پارێزگاى هەولێر لەدایکبووە، ڕەچەڵەکیان دەگەڕێتەوە بۆ بنەماڵەى شێخ فەرخى گەورە، پاشان هاتوونەتە گوندى ناهاوەند و دواتر هاتوونەتە گوندى بێشون لە باشوورى کوردستان. ساڵى ١٩٣٢خانەوادەى ڕەشید بێشونى دواى نسکۆى شۆڕشى یەکەمى بارزان لەگەڵ خانەوادەى بارزان ئاوارەى وڵاتى تورکیا دەبێت، ساڵى ١٩٤٥ دواى نسکۆى شۆڕشى دووەمى بارزان ئاوارەى وڵاتى ئێران دەبێت. ساڵى ١٩٧٥ دواى نسکۆى شۆڕشى ئەیلوول ئاوارەى وڵاتى ئێران دەبێت، سەرەتا لە ئۆردوگاى زێوە و دواتر دەگوازرێتەوە شارى ئەسفەهان و لە ژێر چاودێرییەکى چڕى ساواک لەو شارە نیشتەجێ دەکرێت. دوو لە کوڕەکانى بەناوى ساڵح و نەزەت شەهیدن.
ساڵى ١٩٥٩ دواى گەڕانەوەى بارزانى لە یەکێتى سۆڤیەت، ڕەشید بێشونى پەیوەندى بە بارزانى دەکات، ساڵى ١٩٦١ لە دواى هەڵگیرسانى شۆڕشی ئەیلوول ، پەیوەندى بە هێزى پێشمەرگەى کوردستان دەکات و لە شەڕەکانى شانەشا، گەروا بیرێ، خەلاشێخى، بێشون و کەکلە بەشدارى دەکات و بەرامبەر پێشڕەوى سوپاى حکومەتى عێراق دەوەستێتەوە.
ساڵى ١٩٦٢ یاوەرى سەرۆک مستەفا بارزانى دەکات بۆ دەڤەرەکانى ڕانیە و پشدەر و سلێمانى و چوارتا و کۆیە، پاشان دەگەڕێنەوە هیران و نازەنین لە قەزاى شەقڵاوە، لەوێ دەست بەسەر قشڵەى پۆلیسى نازەنین دەگرن و چەک و تەقەمەنى زۆریان دەست دەکەوێت، سەرۆک مستەفا بارزانى متمانەیەکى زۆرى پێدەبێت، بۆیە لە ساڵى ١٩٦٢ لەسەر فەرمانى بارزانى لەگەڵ هاوڕێ پێشمەرگەکانى دیکەی دێتە دەشتى هەولێر. دواى ئەوەى سوپاى عێراق بە هاتنیان دەزانێت هێرشیان دەکاتە سەر، ئەوانیش لە لۆفەکانى خانزاد و مەلائۆمەر بەتوندى بەرپەرچى هێرشەکە دەدەنەوە، لەئەنجامدا زەرەر و زیانێکى زۆر بە سوپاى حکومەتى عێراق دەگەیەنێ.
ساڵى ١٩٦٣ بەفەرمانى سەرۆک مستەفا بارزانى لەگەڵ پێشمەرگەکانى دیکە دەچێتە دەڤەرى مێرگەسۆر بۆ ڕێگریکردن لە پەلامار و هێرشى سوپاى حکومەتى عێراق، هەمان ساڵ لە چیاى پیرەفاتى قەزاى مێرگەسۆر لەکاتى بەرگریکردن لە پێشڕەوی سوپا بریندار دەبێت. لە مانگى تەمووزی ١٩٦٣ سوپا بە شێوەیەکى بەربڵاو دەست بە هێرشکردنە سەر ناوچەکە دەکات، ڕەشید بێشونى لە کۆڵان دەری وەک فەرماندەی میحوەر بەرگرییەکى بێوێنە دەکات، پاش چەندین جار هێرشکردن، سوپاى عێراق بە ناپاڵمى تیزابکراو شوێنەکە بۆردومان دەکات، لە ئەنجامى ئەو بۆردومانە سەختە شەش لە پێشمەرگەکانى ڕەشید بێشونى بەناوەکانى (حەک بەردەرى، حەمۆ بەردەرى، عەزۆ کەڵۆکى، ئوسمان مەحمود کەکلەیی، عەبدوڵڕەحمان پیرانى و حەمید زێتى گەردى) شەهید دەبن و ١٢ پێشمەرگەى دیکە و ڕەشید بێشونى خۆیشى بەسەختى بریندار دەبن، ماوەى ٤ مانگ لە ئەشکەوتەکانى خەلەتەور و بۆسى و بژیان لەلایەن دکتۆر مەحمود عوسمان برینەکانى تیمار دەکرێن. ماوەى ١٤ مانگ برینەکانى بە تەواوى ساڕێژ دەبن، بۆیە لەلایەن شێخ ئەحمەدى بارزانى نازناوى شەهیدى زیندووى لێدەنرێت.
ساڵى ١٩٦٦ دواى ساڕێژبوونى برینەکانى دووبارە پەیوەندى بە هێزى پێشمەرگە دەکاتەوە، لە چەندین شەڕى گەورە بەشدارى دەکات، ساڵى ١٩٧٠ تا ١٩٧٥ بەفەرمانى سەرۆک مستەفا بارزانی، دەکرێتە بەرپرسی لایەنى کۆمەڵایەتى ناوچەکانى برادۆست و خواکوڕک و گوندەکانى هاوسنوورى تورکیا و ئێران، بۆ چارەسەرکردنى کێشە کۆمەڵایەتییەکانى خەڵکى ئەو دەڤەرانە.
ساڵى ١٩٧٦ دواى هەڵگیرسانى شۆڕشی گوڵان پەیوەندى بە هێزى پێشمەرگەوە دەکات و دەکرێتە ئامر بەتالیۆن.
ساڵى ١٩٧٩ دوای شۆڕشى ئێران، لەسەر داواکارى ئیدریس بارزانى ڕەشید بێشونى بۆ ناوچەکانى ڕۆژهەڵاتى کوردستان دەگەڕێتەوە و لە ئۆردوگاى زێوە نیشتەجێ دەبێت.
ساڵى ١٩٨١ لەگەڵ چەند هێزێکى دیکەی پێشمەرگەى شۆڕشى گوڵان بۆ ئەنجامدانى چەند چالاکییەکى پارتیزانى دەگەڕێنەوە باشووری کوردستان و بەشدارى چەند شەڕێک لە ناوچەکانى قرناقە و پشت ئاشان و شیرەمەڕ دژى سوپاى عێراق دەکات. ماوەى چوار مانگ بە خۆی و هێزەکەى لەو دەڤەرە دەمێنێتەوە. پاش ئەنجامدانى چالاکییە پارتیزانییەکان دواى ماوەى چوار مانگ دەگەڕێتەوە ڕۆژهەڵاتى کوردستان، هەمان ساڵ واتە ساڵى ١٩٨١ لە شەڕێکى داسەپاوى سەر پارتى دیموکراتى کوردستان لە شارى شنۆ بریندار دەبێت و یەکێک لە ئامۆزاکانى کە هاوکات زاواشى بووە بەناوى حسێن شەهید دەکرێت.
ساڵى ١٩٨٣ لە ئالوەتانى سەردەشت بۆ جارى دووەم بەسەختى بریندار دەبێت، هەمان ساڵ بۆ ئەنجامدانى چالاکى پارتیزانى دەگەڕێتەوە باشوورى کوردستان و دەڤەرى قەندیل، لەوێش یەکێک لە براکانى بەناوى قاسم عەلى سەلیم شێخ فەرخ بریندار دەبێت. ساڵى ١٩٨٥ لە کاتى بۆردومانى ئۆردوگاى زێوە لەلایەن فڕۆکەکانى سوپاى عێراق، یەکێک لە هاوسەرەکانى و سێ لە کچەکانى شەهید دەبن.
ساڵى ١٩٨٧ بۆ ئەنجامدانى چالاکییەکى پارتیزانى دەچێتە گوندى خەلان لە قەزاى مێرگەسۆر، لەسەر پردی خەلان کەمینێک بۆ قافڵەیەکى سوپاى عێراق دادەنێن و زیانێکى زۆر بەر قافلەى سوپا دەگەیەنن و نزیکەى ٧٠ سەرباز بەدیل دەگرن. ساڵى ١٩٨٨ بەشداری داستانى بەناوبانگى خواکوڕک دژى سوپاى عێراق دەکات.
دواتر بەهۆى کاریگەرى برینەکانى دەکەوێتە سەر جێگا و بۆ وەرگرتنى چارەسەرى پزیشکى ڕەوانەى دەرەوە دەکرێت، لە ٣ی تەمووزى ساڵى ١٩٨٨ لە کاتى وەرگرتنى چارەسەرى پزیشکى لەوڵاتى تورکیا کۆچى دوایی دەکات.
سەرچاوە:
ئەرشیفى دەستەى ئینسکلۆپیدیاى پارتى دیموکراتى کوردستان.