دەركەوتنى "ماڵباتی بارزان" لە گۆڕەپانى سیاسی، بۆ نیوەى دووەمى سەدەى نۆزدەیه‌م ده‌گه‌ڕێته‌وه؛ واته بۆ ئەوكاتەى ناوچەى بارزان و باشووری كوردستان بەشێكی داگیركراو بوون لە ئیمپراتۆریای عوسمانى. بیری ڕزگاریخوازانه‌ی كورد و خه‌بات له‌پێناوی كوردستان، لەلاى "ماڵباتی بارزان"، لەسەر دەستى شێخ عەبدولسەلامى یه‌كەم دەستی پێ كرد و دواتر له‌سه‌ر ده‌ستی شێخ عه‌بدولسه‌لامی دووه‌م گه‌یشته خاڵی وه‌رچه‌رخانی خۆی، ئەویش بەهۆی هه‌بوونى زوڵم و زۆری دەسەڵاتدارانى عوسمانى و سەپاندنى باج و سەرانەى زۆر بەسەر خەڵكیدا. لەبه‌رئه‌وه‌ی شێخەكانى بارزان ڕابەر و پێشەنگى خەڵكى بەشمەینەت و هەژارى ناوچەكە بوون و ناوبانگی دادپه‌روه‌ریی كۆمه‌ڵایه‌تییان ده‌نگی دابووه‌وه، بۆیه تێكڕاى خەڵكى ده‌ڤه‌ره‌كه شێخەكانى بارزانیان بە ڕابەر و پێشەواى خۆیان دەزانى، ئه‌وانیش ئەركى ڕابەرایەتى و سەركردایەتیكردنی شۆڕش و ڕاپەڕینەكانیان وه‌ك به‌رپرسیارێتییه‌ك خستووه‌ته ئه‌ستۆی خۆیان و له‌م پێناوه‌شدا مێژوویه‌كی پرشنگداریان تۆماركردووه.
په‌یوه‌ندیی شێخه‌كانی بارزان به ده‌ره‌وه‌ی خۆیان و به‌تایبه‌تیش به‌و ناوه‌ندانه‌وه كه هه‌وڵی به‌گژداچوونه‌وه‌ی سته‌م و نادادپه‌روه‌رییان داوه، یه‌كێك بووه له بنه‌ماكانی شێخایه‌تی بارزان، هه‌ر له‌به‌رئه‌مه‌یه پەیوەندییەكى باش لە نێوان شێخەكانى بارزان و بنەماڵەى نەهریدا هەبووە، كاتێك شۆڕشی شێخ عوبەیدوڵا هەڵدەگیرسێ، شێخ عەبدولسەلامى یه‌كه‌م پشتگیری شۆڕشەكەى ده‌كات. ئەمەش لەبەر دوو هۆكار بووه: یەكەم؛ بۆ ئه‌وه‌ی یارمەتى كورد بدەن. دووەم؛ چونكه ناوچەى بارزانیش بە هەمان شێوە لە ژێر زوڵم و زۆردارى و باج و سەرانەى عوسمانییەكاندا بوو.
عوسمانییه‌كان له درێژە‌دان به سیاسه‌تی پێشووی خۆیان له كوردستاندا به‌رده‌وام ده‌بن و ئه‌مجاره‌یان شێخ عه‌بدولسه‌لامی دووه‌م له دژیان ڕاده‌په‌ڕێ و ده‌سه‌ڵاتی خۆی به‌سه‌ر ناوچه‌كه‌دا ده‌گرێ. ئەم هەژمون و دەسەڵاتەى شێخ عەبدولسەلامى دووەم لەلایەن عوسمانییەكانەوە قبوڵ ناكرێ و به‌هۆیه‌وه هێرش دەكەنە سەر بارزان، پاش چەندین هه‌وڵی بەرگرى، شێخ عەبدولسەلام پەنا دەباتە بەر شكاكەكان لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان، به‌ڵام دواتر بەهۆى خیانەتەوە دەكەوێتە دەستی عوسمانییەكان و لە ساڵى 1914دا لەگەڵ سێ لە یاوەرەکانیدا فەرمانى لەسێداره‌دانى بۆ دەرده‌چێت و پێكه‌وه لەسێدارە ده‌درێن.
دواى لەسێدارەدانى شێخ عەبدولسەلامى دووەم، ڕابەرایەتى ماڵباتی بارزان كەوتە دەستى شێخ ئەحمەدى براى. وه‌ختێک له ساڵی 1918دا ده‌وڵه‌تی نه‌خۆشی عوسمانی له‌سه‌ر لاپه‌ڕە‌ی ڕۆژگار سڕایه‌وه و ئینگلیزه‌كان عێراقیان داگیر كرد و ده‌وڵه‌تێكی نوێی سه‌ربه‌خۆیانیان تێدا دروست كرد، شێخ ئەحمەد كه درێژەپێدەرى ڕێبازى براگەورەكەى بوو، به پشتبه‌ستن به هه‌مان پره‌نسیپه‌كانی ئه‌و، بە هه‌بوونى دەسەڵات و هەژمونى ئینگلیزەكان و چوونە پاڵ عێراق ڕازی نه‌بوو، بۆیە درێژەى بە شۆڕش و ڕاپەڕینەكانى بارزان دا و لە ساڵى 1919وه كه‌وته ناو شۆڕش و ڕاپەڕینه‌وه. ئینگلیز كه خوازیاری هه‌بوونی هیچ به‌ربه‌ستێك نه‌بوو له‌به‌رده‌م ده‌وڵه‌تی نوێی عێراقدا، له ساڵی 1927دا، له‌گه‌ڵ هێزە عێراقییەكانی سه‌ربه‌خۆیدا هێرشیان كردە سەر شێخ ئەحمەد و ناوچەى بارزان. شێخ ئه‌حمه‌د به پشتبه‌ستن به جه‌نگاوه‌ره بارزانییه‌كانی، نه‌ك هه‌ر به‌ته‌نیا ڕووبه‌ڕووی ئینگلیز و سوپای عێراق بووه‌وه، به‌ڵكو لە ساڵى 1931دا بۆ یارمه‌تیدانی شۆڕشی ئارارات هێزێكى ڕەوانه‌ى باكووری كوردستانیش كرد. هەر لە هەمان ساڵدا، به یارمه‌تی ئینگلیز، هێزێكى عێراقی و خێڵەکانی دژ بە شێخ ئەحمەد گەمارۆى ناوچەى بارزانیان دا. شێخ ئەحمەدی بارزان سەركردایەتى بەرگریكردن لە ناوچەكەی بە برا بچووكەكەى خۆی، واته به مەلا مستەفا بارزانى سپارد. مەلا مستەفا بارزانیش وەك سەركردەیەكى گەنجی لێهاتوو، زۆر ئازایانە و چاونەترسانە ڕووبەڕووى هێزەكە بووه‌وە و توانى تێكیان بشكێنی و لە یەكەم ئەزمونى خه‌باتی چه‌كدارانه‌ی خۆیدا سەركەوتنی گه‌وره‌ی به‌ده‌ستهێنا.
ڕیشه‌ی بیری سه‌ربه‌خۆییخوازی ماڵباتی بارزان له قووڵایی ئه‌و هه‌سته نه‌ته‌وه‌یی و كوردپه‌روه‌رانه‌وه هاتووه كه وه‌ك ئاگرێك له‌سه‌ر چیاكانی بارزان هه‌ڵیان كرد و تاریكترین گۆشه‌ی كوردستانیان پێ ڕووناككرده‌وه. له‌و خۆره پرشنگداره‌ی ئاڵاكه‌مانه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه كه ئه‌وان به مەبەستی ڕزگاركردنى خەڵكى كورد لە جەور و ستەمى دەسەڵاتدارانى عوسمانى و پاش ئه‌وه‌یش حكومەتە داگیرکارەكانی كوردستاندا خستیانه به‌ر شنه‌بای ئازادی.
مەلا مستەفا بارزانى له ساڵی 1919دا كه هێشتا لە تەمەنى 16 ساڵیدا بوو لەلایەن شێخ ئەحمەدى برایەوە بە سەركردایەتى هێزێك دەنێردرێت بۆ شارى سلێمانى بۆ یارمەتیدانی شێخ مەحمودى حەفید. لە تەمەنی 28 ساڵیدا و لە شۆڕشی یەكەمى بارزاندا لەساڵى 1931 ـ 1932 لەلایەن شێخ ئەحمەدى برایەوە سەركردایەتى هێزێكى دەدرێـتە دەست بۆ بەرەنگاربوونەوەى هێزەكانى عێراق و ئەو خێڵانەی لەگەڵ حكومەتى عێراقدا بە پشتگیری ئینگلیزەكان دژی بارزانییەكان جەنگان؛ لە هەردوو شەڕى "برقی بەگ" و "دۆڵی ڤاژێ"دا توانى سەركەوتنێكى گەورە بەدەست بهێنێ و ناو و ناوبانگێكی گه‌شاوه‌ی په‌یدا كرد. دواتر لەگەڵ شێخ ئەحمەدى براى پەنا دەبەنە بەر باكووری كوردستان و لە ساڵی 1936دا له‌لایه‌ن توركه‌كانه‌وه دەدرێتەوە دەست حكومەتى عێراقی. پاشان بۆ وتووێژ له‌گه‌ڵ موته‌سه‌ڕیفدا دەچێتە موسڵ و لەوێ له‌لایه‌ن داموده‌زگاكانی ئه‌وانه‌وه ژەهرخوارد دەكرێ، بەڵام موعجیزەئاسا ڕزگارى دەبێت. پاش گیرانیان، دەگوازرێنەوە شاره‌كانی ناسریە، حلە، دیوانیە، كەركووك و دواتریش سلێمانى، تا ساڵى 1943 لەو شارە دەمێننەوە، به‌ڵام لە دەرفەتێكدا مەلا مستەفا بارزانى بە نهێنى له ڕۆژهەڵاتی كوردستانه‌وه دەگەڕێتەوە بارزان و حكومەتى عێراقیش به مه‌به‌ستی گرتنی چەندین جار هێرش دەكاتەوە سەر بارزان، بەڵام بێسوود دەبێ و لە هەموو ڕووبەڕووبوونەوەكاندا مەلا مستەفا سەردەكەوێ و ناوبانگ و لایەنگرییه‌كی زیاتری دەبێت. تەنانەت حزبی هیوایش لایەنگیری و پشتگیریی مەلا مستەفا دەكات و بۆ یەكەمجار حكومەتی عێراق بە ناچاری لەگەڵ مەلا مستەفادا دانوستان ده‌كات. دواى ئەم دانوستانە و له ساڵی 1944دا شێخ ئەحمەدی بارزانی ده‌گه‌ڕێته‌وه بارزان.
لە ساڵى 1945دا، جارێكى دیکە لە نێوان هێزەكانى مەلا مستەفا بارزانى و حكومەتى عێراقدا شه‌ڕ دەست پێ دەكاتەوە و وەك هەمیشە هێزەكانى حكومەتى عێراق زۆر بە سەختى دەشكێن و مەلا مستەفا بارزانى و هێزەكەشی سەردەكەوتن. له‌م ساڵه‌دا چه‌ندین شه‌ڕی به‌ناوبانگ ڕوویان دا كه بریتین له شەڕى نەهلە، پیرس، هاودیان، مەزنە و هەرن. له كۆتاییدا جارێكی دیکە به‌هۆی پاڵپشتی فڕۆكه جه‌نگییه‌كانی ئینگلیز و بارودۆخه هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی كۆتایی جه‌نگی دووه‌می جیهانییه‌وه؛ هێزی عێراق به‌سه‌ر ناوچه‌كه‌دا زاڵ ده‌بێته‌وه و شێخ ئه‌حمه‌د و مه‌لا مسته‌فا بڕیار ده‌ده‌ن ڕوو له ڕۆژهەڵاتی كوردستان بكه‌ن.
لە 11/10/1945دا مەلا مستەفا بارزانى لەگەڵ كۆمەڵێكی زۆر لە یاوەرانى و خێزانه بارزانییه‌كان دەچنە ڕۆژهەڵاتی كوردستان و له‌وێ بە ئامادەبوونى ئه‌و، له ڕێككه‌وتی 22/1/1946 كۆمارى كوردستان لەسەر دەستی پێشەوا قازى محەمەد لە مەهاباد داده‌مه‌زرێت. له كۆماری كوردستاندا پلەى جەنەڕاڵ و فەرماندەى سوپاى كوردستانى پێ دەبەخشـرێ و باشترین و به‌دیسیپلینترین هێزى چەكداریش لە كۆماره‌كه‌دا هێزەكەى مەلا مستەفاى بارزانى بوو كە قورسایی پاراستنى كۆمارەكەیان لە ئەستۆدا بوو، هه‌روه‌ها شەڕە گەورەكان لەسەر شانى بارزانییەكان بوو، توانیان لە چەندین شەڕ و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌دا بەسەر هێزەكانى ئێران‌دا سه‌ركه‌ون.
دواى ڕووخانى كۆمارى كوردستانیش لە مانگی كانونی دووه‌می ساڵی 1946دا، مەلا مستەفا بارزانى ڕووبەڕووى هێزەكانى ئێران بووەوە و تا ساڵى 1947 درێژە‌ی به‌شه‌ڕكردن دا له دژیان، دواتر به نێو هێزی سێ داگیركه‌ردا، ڕێگاى چوونە یەكێتى سۆڤێتى هەڵبژارد و بە یاوەرى 5١٨ كەس به پلانێكی تۆكمه‌ی سه‌ربازی و پارتیزانی لە ڕووبارى ئاراس پەڕییەوە و توانى بگاتە خاكى یەكێتى سۆڤێت.
لە 18/6/1947دا، بارزانى لە ڕووبارى ئاراس پەڕییەوە و چووە ناو خاكى یەكێتیی سۆڤیەت. لێرەوه له ژیانی بارزانی و بارزانییه‌كاندا قۆناغێكى نوێ دەست پێ دەكات و ئه‌وان مافى پەناهەندەى سیاسی‌یان پێ دەدرێ. لە ساڵى 1948دا له كۆنفڕانسی باكۆ سەركردایه‌تیی سیاسیی هاوبەش بۆ بزووتنەوەى ڕزگارى كورد دەستنیشان كرا. له‌پاش بینینی ناڕە‌حه‌تی و لێكدابڕانێكی پڕ له سه‌ختی و دژواریش به‌هۆی سیاسه‌ته‌كانی باقرۆڤه‌وه، بەشێكیان بە خوێندن و بەشێكى تریشیان بە كارى كشتوكاڵییەوە خەریك دەبن. مەلا مەستەفاى بارزانیش وەك پیشەی هەمیشەیی خەریكی كارى دیپلۆماسی و دیدار و سەردان دەبێت لەگەڵ گەورە لێپرسراوانى یەكێتی سۆڤیەتدا، لەپاڵ ئەمەشدا چووه‌تە بەر خوێندن و فێری زمانى ڕوسی بووە.
دواى گۆڕینی سیستەمى حوكمڕانی لە عێراق لە پاشایەتییەوە بۆ كۆمارى، بارودۆخى تەواوى عێراق گۆڕا و مەلا مستەفا بارزانیش چه‌ند مانگێك پاش شۆڕشه‌كه، لە ٦ی تشـرینی یەکەمی ١٩٥٨ لە پێشوازییەکی بێوێنەی گشت چین و توێژەکانی عێراق وەک پاڵەوانی نیشتیمان هاته‌وه ناو خاكی عێراقه‌وه.
لە 16/8/1946دا لە بەغدا، "پارتى دیمو‌كراتى كورد" دامەزرا كە دواتر بوو بە پارتى دیمو‌كراتى كوردستان. سەرەڕاى ئامادەنەبوونى مەلا مستەفا بارزانى لە كۆنگرەى یەكەمدا، بەڵام له‌لایه‌ن ئه‌ندامانی كۆنگره‌وه بە سەرۆكی حزب هەڵبژێردرا. جگه له سه‌رۆكایه‌تی حزب، له دواى گه‌ڕانه‌وه‌یان له یه‌كێتی سۆڤێت، مەلا مستەفا بارزانى لە ڕێككه‌وتی 11/9/1961 تا 6/3/1975، بۆ ماوەى 14 ساڵ سەركردایەتى شۆڕشی ئەیلوولی كرد كە گەورەترین دەستكەوتى ئەم شۆڕشە بریتی بوو لە ڕێككەوتننامەى 11ى ئاداری 1970 و هه‌ر لە ژێر فشارەكانى ئەم شۆڕشەدا بوو كه حكومەتى عێراق دانى بە مافی ئۆتۆنۆمی بۆ كورد لە كوردستانی باشووردا نا. خاڵی هه‌ره به‌رچاو و گرنگ له دامه‌زراندنی حزب و سه‌رهه‌ڵدانی شۆڕشی ئه‌یلوولدا ئەوەیه كە هەموو كورد بە ڕەنگ و دەنگ و شێوەى جیاوازه‌وە، به تێكڕای چین و توێژە‌كانی كوردستانه‌وه، بێ جیاوازى لەژێر چەترى سەركردایەتى مەلا مستەفا بارزانیدا كۆبوونەوە. به درێژایی ئه‌و ماوه‌یه، بێجگه له هه‌ندێ پیلانگێڕی و به‌ربه‌ست، كورد تا ئاستێكى باش یەك دەنگ و یەك ڕەنگ بوو، ئه‌مه‌ش بۆ كاریزمای مه‌لا مسته‌فا له سه‌ركردایه‌تیكردنی بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی كورددا ده‌گه‌ڕایه‌وه.
به درێژایی ماوەى 14 ساڵى شۆڕشی ئەیلوول، چەندین شەڕى گەورە، كاره‌سات و ڕووداوی نه‌خوازراو، ڕووبەڕووبوونەوە و دانوستان لە نێوان سەركردایەتى شۆڕش و حكومەتى ناوەندى ڕوویان دا، وەك شەڕى هه‌ندرێن لە 12/5/1966 و هەوڵدان بۆ تیرۆركردنى مەلا مستەفا بارزانى لە 29/9/1971، بۆردومانكردنی قەڵادزێ لە 24/4/1974، ڕێككەوتننامەى ڕاگرتنى شەڕ لە نێوان مەلا مستەفا بارزانى و عەبدولسەلام عارفی سەرۆككۆمارى عێراق لە 10/2/1964، هەروەها مۆركردنى ڕێككەوتننامەى وەستانى شەڕ لە نێوان مەلا مستەفا بارزانى و عەبدولڕەحمان عارفی سەرۆككۆمارى عێراق لە 29/6/1966 و دواجاریش مۆركردنى ڕێككەوتننامەى 11ى ئاداری 1970 كە داننان بوو بە مافی ئۆتۆنۆمی بۆ كوردستان. ئەمەش یەكەم دانپیانانى فەرمى حكومەتى عێراق بوو بۆ خۆبەڕێوەبردنى كورد لە باشوورى كوردستاندا، هه‌روه‌ها یه‌كه‌م دانپێنانی یه‌كێك له ده‌وڵه‌ته داگیركه‌ره‌كانی كوردستان بوو به به‌شێك له مافه‌كانی كورددا.
لەبەر بەرژەوەندى وڵاتە هه‌رێمییه‌كان بە پشتگیری زلهێزەكان و بەهۆى ڕێككەوتننامە شوومەكەى جەزائیر لە نێوان عێراق و ئێران‌دا بە نێوه‌ندگیری جەزائیر، لە 6/3/1975دا شۆڕشى ئەیلوول تووشی نسكۆ هات. جا بۆ ئەوەى زیانێكى گەورە بەر مرۆڤی كورد نەكەوێت، مەلا مستەفا بارزانى ڕ‌ازى بوو شۆڕشەكەی خۆی هەڵوەشێنێتەوه. بەمجۆرە شۆڕشى ئەیلوول وەك درێژترین شۆڕشی كورد لە مێژووى هاوچەرخدا كۆتایی هات.
دواى نسكۆی شۆڕشی ئەیلوول، مەلا مستەفا بارزانى ڕووى لە ئێران كرد و دواتریش بۆ چارەسەری پزیشکی چووه ئەمریكا. لەوێ خرایە بەر پشكنینی پزیشكی و ئاشكرا بوو كە تووشی نەخۆشی شێرپەنجە بووە و نەخۆشیەكەشی تەواوی جه‌سته‌ی داگرتووه‌ته‌وه، بۆیە لەنێوان ژیان و مردن‌دا تەنیا دەبوایه چاوەڕێى كات بكات، بەمجۆرە لەژێر وەرگرتنى چارەسەریدا مایەوە تا لە 1/3/1979، لە تەمەنى 76 ساڵیدا بە تەواوى ماڵئاوایی كرد و لە شاری شنۆی ڕۆژهەڵاتی كوردستان بە ئەمانەت بە خاك سپێردرا. له‌پاش ڕاپه‌ڕینی به‌هاری 1991 له باشووری كوردستان، له 6/10/1993دا، ڕوفاتی مەلا مستەفا بارزانى و ئیدریس بارزانیی كوڕی، به كه‌ژاوه‌یه‌كی شكۆداره‌وه، لە شارى شنۆى ڕۆژهەڵاتی كوردستانه‌وه هێنرانەوە باشووری كوردستان و دواى پێشوازییەكى سەرتاسەرى، بەیەك دەنگ و ڕەنگ لە پێنجوین، سلێمانى، هەولێر و دهۆكه‌وه وەك سەركردەیەكى نەتەوەیی لە 8/10/1993 لە خاكى باب و باپیرانیان، لە بارزانى سەركەش و لانكی بەرخۆدان، بۆ هه‌میشه بەخاك سپێردرانەوە.
هەروەك چۆن ئەم بزاڤە لەسەر دەستى شێخ عەبدولسەلامى دووەم دەستى پێ كرد و لەسەر دەستى مەلا مستەفا بارزانى گەیشتە لوتكە، بێگومان دواى كۆچی دوایی ئه‌ویش ئەم بزاڤ و بەرخۆدانەى بارزان هەر بەردەوام بوو. لە 26/5/1976دا، لەسەر ڕاسپاردەى مەلا مستەفا بارزانى، سەركردایەتى كاتیی پارتى دیمو‌كراتى كوردستان پێكهێنراو و بە سەركردایەتى مەسعود بارزانى و ئیدریس بارزانى شۆڕشی گوڵان هەڵگیرسا. هەرچەندە لە 31/1/1987 ئیدریس مستەفا بارزانى، ئەندازیارى دامەزراندن و پێكهێنانى بەرەى كوردستانى بوو، كۆچی دوایی دەكات، بەڵام شۆڕش هەر نەوەستا و مەسعود بارزانى توانى سەركردایەتى بزاڤەكە بكات و سەركەوتنى گەورە تۆمار بكات، لە دیارترین داستانه‌كانی سەركەوتووه‌كانی شۆڕشی گوڵانیش، شەڕى خواكوڕك بوو كه لە 19/7/1988دا، بە سەركردایەتى ڕاستەخۆی سه‌رۆك مەسعود بارزانى به‌ڕێوه چوو. ئه‌م شه‌ڕە بۆ ماوەى 39 ڕۆژ بەردەوام بوو و لە كۆتاییدا بەسەركەوتنى هێزى پێشمەرگە به‌سه‌ر سوپای داگیركه‌ری به‌عسدا كۆتایی هات.
سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی هه‌ر له نێو به‌ره‌كانی ئه‌م شه‌ڕە‌وه مژده‌ی گۆڕانكاریی گه‌وره‌ی ناوچه‌كه‌ی به گوێی خه‌ڵكی كوردستاندا دا؛ زۆریشی نه‌خایاند و چه‌ند ساڵێكی پڕ له سه‌ختی و ناخۆشی پاش ئه‌م وتانه‌ی سه‌رۆك، لە 5/3/1991دا ڕاپەڕینی خەڵكى كوردستان دەستى پێ كرد و تا 21/3/1991 زۆربەرى خاكى كوردستان بە كەركووكیشەوە له ده‌ستی ڕژێمی به‌عس ڕزگار كرا. لە هەمان ساڵدا سەرۆك مەسعود بارزانى لە كۆبوونەوەیەكى جەماوەریی لە شارى كۆیە، جەختی لەسەر ئەوە كردەوە پێویستە كورد بچێتە ناو پرۆسەى دیموكراسییه‌وه و هەڵبژاردن بۆ فه‌رمانڕە‌وایی شارستانییانه‌ی كوردستان ئەنجام بدرێت. ئەوە بوو لە 19/5/1992 یەكەم هەڵبژاردنى كوردستان ئەنجام درا و پەرلەمان و حكومەتى هەرێمى كوردستان دامەزرا. یەكێك لە دەستكەوتە گرنگ و گەورەكانى ئەم پەرلەمانەیش بڕیاردانى فیدراڵى بوو بۆ باشووری كوردستان لە 4/10/1992دا. ئەمەش دەستكەوتێكى گەورە بوو بۆ گەلى كورد. ئەم فیدراڵییه‌ته لەسەر ئاستى كوردستان بەردەوام بوو تا دواتر بوو بە مۆدێلێك بۆ عێراقی پاش ڕژێمی به‌عس. ئه‌وه بوو لە ساڵى 2005دا، لە بەندى یەكەم/مادەى یەكەمی دەستورى عێراق، بە شێوه‌یه‌كی فه‌رمی سیسته‌می فیدراڵى بۆ عێراق چەسپێنرا و له‌سه‌ر ده‌ستی خه‌باتی نه‌بڕاوه‌ی كورد، عێراق بوو بە دەوڵەتێكى فیدڕاڵى و گەلانى عێراقیش لە 15/10/2005دا، لە ڕاپرسییەكى گشتیدا دەنگیان بەم دەستورە دا.
بە خوێندنەوەی ڕەوڕەوەى ڕووداوەكان و مێژووی بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازیی كورد، ده‌بینین هه‌ریه‌ك له مه‌لا مسته‌فا بارزانى و سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی به‌پێی سه‌رده‌م و قۆناغه جیاوازه‌كانی خه‌باتی نه‌ته‌وه‌ییان حەكیمانە مامەڵەیان لەگەڵ داواكارییە نەتەوەییەكانی كورد كردووە. سەرەتاى داواكارییەكان بریتی بوون لە داواكردنى خۆبەڕێوەبردن (حوكمى زاتى) كه له ڕێككه‌وتنی ئاداری 1970دا عێراق دانی پێدا نا؛ دواى ڕاپەڕین داواكارییەكان بوون بە دامه‌زراندنی سیسته‌مێكی فیدراڵى و لە دەستوورى نوێی عیراقدا چه‌سپێنرا. پاش ئەمە داواكارى كورد وەك مافێكی ڕە‌وای خۆی گەیشته خاڵى كۆتایی كه بریتییه له قۆناغى بنیاتنانى دەوڵەت. ئەوە بوو سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی وه‌ك سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، بڕیاری دا له 25/9/2017 ڕیفراندۆمێك له‌ناو تێكڕای سنووری جوگرافیای باشووری كوردستاندا بكات بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی ویستی سه‌ربه‌خۆیی خه‌ڵكی باشووری كوردستان. لە ڕێككه‌وتی 7/6/2017 زۆربەى لایەنە سیاسییەكانى كوردستان پاڵپشتى بڕیاره‌كه‌ی سەرۆك بارزانی‌یان كرد له‌وه‌ی كه پێویسته گەلى كوردستان بڕیار بدات لەسەر سەربەخۆبوون یان ڕەتكردنەوەى. به‌م شێوه‌یه لە هەمان ڕێكه‌وتی بڕیارلێدراودا ڕیفراندۆمی كوردستان ئەنجام درا و دەنگى (بەڵى) بۆ سەربەخۆیی كوردستان به ڕێژە‌ی 92.73 %ى دەنگەكانى خه‌ڵكی باشووری كوردستانى بە دەستهێنا و بەمەش ڕیفراندۆم سەركەوت و بووه به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی سیاسی و كارتێكی بردنه‌وه‌ی به‌هێز له‌سه‌ر مێزی گفتوگۆكان بۆ داهاتووی كوردستان.
سەرچاوەكان
- مەسعود بارزانى، بارزانى و بزووتنەوەى ڕزگاریخوازى كورد 1931 ـ 1958، ب 1و2.
- سەردار محمد عبدالرحمن و هوشیار محمدئەمین خۆشناو، ئەتڵەسی مێژووى بزاڤی ڕزگاریخوازى كوردستان، ب1، هەولێر، 2012.
- فەرەیدون نوری، بزاڤی بارزانى، چاپی یەكەم، دەزگای ئاراس، هەولێر، 2007.
- عەلائەددین سەججادى، شۆڕشەكانى كورد ـ كورد و كۆماری عێراق لەڕووی دەقی بنچینەی كۆنى خۆیەوە، چ1، انتشارات كوردستان، سنە، 1395 هەتاوى.
- ڕەفیق ڕەحمان مام خول، مستەفا بارزانى ڕۆڵ و هەڵوێستی لە پێشهاتە سیاسییەكاندا 1958 ـ 1970، چ2، چاپخانەى شەهاب، 2013.
- صلوات گولیاموف، اریا القدیمة وكوردستان الأبدیة ـ الكرد من أقدم الشعوب، ت : اسماعیل حصاف، ط1، مطبعة ڕۆژهەڵات، اربیل، 2011.




