نەسرەدین هەورامی

نەسرەدین هەورامی، ساڵی ١٩٤٠ لە شارۆچکەی تەوێڵە لەدایکبووە، ساڵی ١٩٥٩ پەیوەندى بە ڕێکخستنەکانى پارتى دیموکراتى کوردستان کردووە، ساڵی ١٩٦٢ پەیوەندی بە هێزى پێشمەرگەى شۆڕشی ئەیلوولەوە کردووە، لە ١٦ی ئابی ١٩٩٦ لە یۆبیلی زێڕینی پارتی دیموکراتی کوردستان میدالیای بارزانی پێ بەخشراوە. لە ١٧ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٠ کۆچی دوایی کردووە.


نەسرەدین عەبدوڵا حەمە حسێن ناسراو بە (نەسرەدین هەورامی)، ساڵی ١٩٤٠ لە شارۆچکەی تەوێڵە سەر بەقەزای هەڵەبجەی پارێزگای سلێمانی لەدایکبووە، پۆلی شەشی سەرەتایی لە تەوێڵە تەواو کردووە، ساڵی ١٩٧٥ دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول  ئاوارەی وڵاتی ئێران بووە، لە نەوسود نیشتەجێ بووە، دواتر گەڕاوەتەوە باشوورى کوردستان و لە شارۆچکەى تەوێڵە نیشتەجێ بووە، بەڵام لەلایەن حکومەتى عێراق بۆ شارى ڕومادى دوورخراوەتەوە، دواى سێ مانگ دووبارە گەڕاوەتەوە شارى تەوێڵە. لە ١٧ی  کانونی یەکەمی ٢٠٢٠ کۆچی دوایی کردووە. 

ساڵی ١٩٥٩ پەیوەندى بە ڕێکخستنەکانى پارتى دیموکراتى کوردستان کردووە، ساڵی ١٩٦٢ پەیوەندی بە هێزى پێشمەرگەى شۆڕشی ئەیلوولەوە کردووە لە ئاغجەلەر، ساڵی ١٩٦٣ گواستراوەتەوە بۆ بەتالیۆنی ٧ی هێزی خەبات لە بیارە کە جەمال نامیق فەرماندەی بووە، لەهەمان ساڵدا لەکاتی هێرشکردنی سوپای دوژمن بۆ سەر شاری هەڵەبجە، ناوبراو یەکێک بووە لەو پێشمەرگانەی کە بەشداری لەو شەڕەدا کردووە، ساڵی ١٩٦٣ لەگەڵ ژمارەیەک پێشمەرگە بەمەفرەزە چوونەتە هەڵەبجە و شەوانە چالاکی سەربازیان لەو شارەدا ئەنجام داوە. وەک پێشمەرگەى هێزی خەبات و بەتالیۆنی ٧ لە دژی حکومەتی عێراق لە شارباژێڕ، بەمۆ، تاوگۆزی، شەمیران، نەورۆڵی، شارەزور، هەورامان، سەید سادق، سورێن، پێنجوێن، چوارتا، ئەزمەڕ و ماوەت کە سنووری چالاکی هێزی خەبات بووە، شەڕی کردووە. نەسرەدین هەورامی لە ژیانى پێشمەرگایەتى سەردەمى شۆڕشى ئەیلوول، هەریەک لە پلەى سەردەستە، جێگری سەرپەل، سەرپەل و بەرپرسی لقی هەورامانی وەرگرتووە.

دوای ڕێککەوتنی ١١ی ئازاری ساڵی ١٩٧٠ بەپلەی ڕەئیس عورەفا کراوە بە فەرماندەی بەتالیۆنی سنووری پێنجوێن و دواتر گواستراوەتەوە بۆ نەورۆڵی، شەمشێر کول و سەراو، ساڵی ١٩٧٤ کراوە بە سەرلقی بەمۆ لە هێزی خەبات، لەگەڵ ژمارەیەک لە هاوڕێکانی دەستیان کردووە بەکاری ڕێکخستن، لەو ماوەیەدا لەلایەن ڕژێمی عێراق دووجار دەستگیرکراوە، بەڵام بەهۆی خزمێکی کە ئەوکات قایمقامی عەربەت بووە ئازاد کراوە.

 ساڵی ١٩٧٧ پەیوەندى بە هێزى پێشمەرگەى شۆڕشى گوڵان کردووە و چووەتە ناو ڕیزەکانی پێشمەرگە لە گوندی گەچینە لەسەر سنووری نێوان باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دواتر لەگەڵ دە پێشمەرگەی تر گەڕاوەتەوە بۆ شاخ و کراوە بە فەرماندەی هێزەکانی هەورامان و بەشێوەی مەفرەزەی گەڕۆک و دەستوەشێن لە دەڤەری تەوێڵە، بیارە، سۆسەکان، دەرگای شێخان و خورماڵ چالاکییان لە دژى سوپاى عێراق ئەنجام داوە.

 ساڵی ١٩٨٧ ناوبراو چووەتە لقی چواری پارتی لە قەرەداغ، ساڵی ١٩٨٨دوای کیمیابارانکردنی هەڵەبجە، گەڕاوەتەوە بۆ کەرەجاڵ و مەریوان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە ڕاپەڕینەکەی باشووری کوردستان لەساڵی ١٩٩١، ئەوکات بەرپرسی ناوچەی دەربەندیخان بووە و لە ڕاپەڕینی ئەو شارەدا بەشداری کردووە، ساڵی ١٩٩٢ کراوە بە کارگێڕی لقی چواری پارتی، لەکاتی شەڕی ناوخۆیی کوردستان گواستراوەتەوە بۆ هەولێر، ساڵی ٢٠٠٠ کراوە بە کارگێڕی لقی دوانزەی پارتی لە هەڵەبجە، ساڵی ٢٠٠٢ کراوە بە ئەندامی دەزگای باڵای ئەیلوول لە شەقڵاوە، ساڵی ٢٠١٣ خانەنشین کراوە. 

نەسرەدین هەورامی لەژیانی پێشمەرگایەتیدا، بەشداری چەندین شەڕی کردووە، لەوانە ساڵى ١٩٦٦شەڕی زمناکۆ، ساڵى ١٩٦٨ لە شەڕی دەرەکی زمناکۆ، ساڵى ١٩٨٠ شەڕی هەورامان، چەند جارێک بریندار بووە، دایک و باوکی بەر کیمیابارانکردنی هەڵەبجە کەوتوون. 

لە ١٦ی ئابی ١٩٩٦ لە یۆبیلی زێڕینی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەهۆی خزمەتەکانى، لەلایەن سەرۆک مەسعود بارزانی میدالیای بارزانی پێ بەخشراوە.


سەرچاوە: 

١- ئەرشیفى دەستەى ئینسکلۆپیدیاى پارتى دیموکراتى کوردستان.


بابەتی پەیوەندیدار

میتۆ ئەحمەد زەینەڵ ستونى

میتۆ ئەحمەد زەینەڵ ستوونى، ساڵى ١٩٢٧ لە گوندى ستونی ناحیەى شێروان مەزن لە قەزاى مێرگەسۆر پارێزگاى هەولێر لەدایک بووە. ساڵى ١٩٦١ پەیوەندى بە هێزى پێشمەرگەى شۆڕشی ئەیلوول کردووە و بۆتە پێشمەرگە، ساڵى ١٩٧٠ دواى بەیاننامەى ١١ى ئادار، لە فەوجى ٤ى هێزى باڵەک، کراوەتە پاسەوانى سنوور. ساڵى ١٩٩٧ ساڵی کۆچى دوایی کردووە.

زانیاری زیاتر

سەعید ئیسماعیل ئەحمەد

سەعید ئیسماعیل ئەحمەد سپینداری، ساڵی ١٩٢١ لە گوندی سپیندار لەدەڤەری بەرواری ژێری سەربە قەزای ئامێدی لەدایک بووە، ساڵی ١٩٥٨ پەیوندی بە ڕیکخستنەکانى پارتی دیموکراتی کوردستان کردووە، ساڵی ١٩٦١ بۆتە پێشمەرگە، ساڵی ١٩٧٩ پەیوەندی بە هێزی پێشمەرگەى شۆڕشی گوڵان کردووە، ساڵی ١٩٩١ گەڕاوەتەوە باشووری کوردستان، ساڵی ١٩٩٧ بۆتە ئەندامی دەزگای ئەیلوول، لە ١٦ی ئابی ١٩٩٦ میدالیای بارزانی پێ بەخشراوە، لە ٣١ی ئایاری ٢٠٠١ کۆچی دوایی کردووە.

زانیاری زیاتر

ڕەمەزان عیسا شەریف

ڕەمەزان عیسا شەریف ناسراو بە (ڕەمەزان عیسا)، ساڵی ١٩٣٥ لە گوندی سێلکێ ناحیەى شێروان مەزن قەزاى مێرگەسۆر پارێزگاى هەولێر لەدایک بووە، ساڵى ١٩٥٩ نایب زابت بووە لە سوپاى عێراق، ساڵی ١٩٦١ پەیوەندى بە ڕێکخستنەکانى پارتى دیموکراتى کوردستان کردووە، ساڵى ١٩٦٢ دواى ئەوەى ئاشکرا بووە، ڕیزەکانى سوپاى جیهێشتووە و پەیوەندی بە هێزی پێشمەرگەى شۆڕشی ئەیلوول کردووە، لە ١٣ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٩ میدالیای بارزانی پێ بەخشراوە، لە ١٠ی تەمووزی ٢٠٠٨ کۆچی دوایی کردووە.

زانیاری زیاتر

ڕەسول فەقێ خۆشناو

ڕەسول فەقێ خۆشناو ساڵی ١٩٣٢ لە گوندی( گەڕووتە) لە قەزاى شەقڵاوە پارێزگاى هەولێر لە لەدایک بووە. ساڵی ١٩٥٩ پەیوەندی بە ڕێکخستنەکانى پارتی دیموکراتی کوردستانەوە کردووە، بۆتە ئەندامی لێژنەی ناوچەی شەقڵاوە. ساڵى ١٩٧٩ پەیوەندى بەهێزى پێشمەرگەى شۆڕشی گوڵان کردووە. ساڵی ١٩٩٤ کراوە بە فەرماندەی هێزی کۆڕەک لە پیرمام، دوای دامەزراندنی دەزگای ئەیلول، کراوەتە جێگری بەرپرسی دەزگاکە. لە ١٦ی ئابی ١٩٩٣ میدالیاى بارزانى پێ بەخشراوە.

زانیاری زیاتر

خالید کۆچەر

خالید ڕەشید ئەحمەد ناسراو بە (خالید کۆچەر)، ساڵی ١٩٥٧ لە گوندی گرفیل سەربە قەزای سێمێل لەدایک بووە، ساڵی ١٩٧٢پەیوەندى بە هێزى پێشمەرگەى شۆڕشی ئەیلوول کردووە، ساڵى ١٩٧٦ پەیوەندی بەهێزى پێشمەرگەى شۆڕشی گوڵان کردووەتەوە، ساڵی ١٩٩١ گەڕاوەتەوە بۆ باشووری کوردستان، لە ١٣ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٩ میدالیای بارزانی پێ بەخشراوە.

زانیاری زیاتر