ئیبراهیم بابەکر ئیسماعیل، ناسراو به (مەلابرایم هه‌سنەكی)، پێشمه‌رگه و هه‌ڤاڵی بارزانی بۆ یەکێتی سۆڤیەت، ساڵی ١٩٢٧ له گوندی هه‌سنەكا له‌دایكبووه، باوکى و سێ مامى لە شۆڕشى یەکەمى بارزان شەهید بوون، لە شۆڕشى دووەمى بارزان خەباتکار بووە، لە کۆمارى دیموکراتى کوردستان لە مهاباد پێشمەرگە بووە، پێشمەرگەى شۆڕشی ئەیلوول بووە، ماوەیەک بەرپرسى پاسەوانەکانى سەرۆک مستەفا بارزانى بووە، له ٢٩ی ئه‌یلوولی ١٩٧١ له پیلانه‌كه‌ی باره‌گای بارزانی نه‌مر له حاجی ئۆمه‌ران بریندار بووه، هەڵگرى میدالیاى بارزانى نەمرە، ساڵی ٢٠١٨ کۆچی دوایی کردووە.
ژیاننامە
مەلابرایم هەسنەکی، ساڵی ١٩٢٧ له گوندی هه‌سنەكا له قه‌زای مێرگه‌سۆرى سەر بە پارێزگای هه‌ولێر له‌دایكبووه. ساڵى ١٩٥٩ کە تەنیا حەوت مانگى مابوو بڕوانامەى دبلۆمى کشتوکاڵى وەدەستبێنێت، دەگەڕێتەوە کوردستان. له ٢١ی كانوونی دووه‌می ٢٠١٨ كۆچی دوایی كردووە و ته‌رمه‌كه‌ی له گوڕستانی گوندی هه‌سنكا به خاك سپێردراوە.
خەباتنامە
کاتێک ته‌مه‌نی نۆ ساڵ بووە، بابه‌كری باوكی و سێ مامی له ساڵی ١٩٣٣ له شۆڕشی یه‌كه‌می بارزاندا شه‌هید بوون. ساڵی ١٩٤٣ په‌یوه‌ندی به ڕیزه‌كانی شۆڕشی دووه‌می بارزانەوە كردووه و له شه‌ڕه‌كاندا به‌شدار بووه، هەر بەم هۆیەوە له ١٩ی ئابی ١٩٤٥ به فه‌رمانی دادگای عورفیی سه‌ربازی دەست بە سەر گشت موڵک و ماڵە گواستراوه و نه‌گواستراوه‌کانیدا گیراوە.
له ١١ی تشرینی یه‌كه‌می ١٩٤٥ و له دوای نسكۆی شۆڕشی دووه‌می بارزان، لەگەڵ مستەفا بارزانی و هەڤاڵانی دەپەڕنەوە ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان. دوای دامەزراندنی کۆماری دیموکراتی کوردستان لە "مهاباد"، له ٣١ی ئاداری ١٩٤٦ له چوارچێوەی هێزی بارزاندا بەرگری لە كۆمار كردووه.
دواى ڕووخانى کۆمارى کوردستان لە مەهاباد و گەڕانەوەى بارزانى لە ڕۆژهەڵاتى کوردستانەوە بۆ باشوورى کوردستان به‌شداریی شه‌ڕی نه‌غه‌ده و شەڕى شنۆى لە ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان كردووه، هەروەها لەو پێشمەرگانە بووە کە لە ١٩ی نیسانی ١٩٤٧ لە ڕێگاى (خواکوڕک و دەشتى بەرازگرەوە) بە خاکى کوردستانى باکووردا گەڕاوەتەوە ناوچەى شێروان و مزورى.
دواى گەڕانەوەیان، جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی لە ٦ی ئایاری ١٩٤٧ لە گوندى ئەرگۆش کۆبوونەوەیەک بە هەڤاڵانى دەکات و سەرپشکیان دەکات لە مانەوە، یان چوون بەرەو یەکێتى سۆڤیەت، لەوێدا تەواوى هەڤاڵانى بڕیارى بەردەوامیدان و ڕۆیشتن بەرەوە یەکێتى سۆڤیەت دەدەن، له ٢٣ی ئایاری ١٩٤٧ یاوەریى جەنەڕاڵ مستەفا بارزانى کردووە به‌ره‌و یه‌كێتی سۆڤیەت و لە شەڕى گه‌لی قتور و شەڕى پردی ماكۆ بەشدارییکردووە و دواى سەختى و ماندووبوونێکى زۆر، لە ١٨ی حوزه‌یرانی ١٩٤٧ له ڕووباری ئاراس كه ده‌كه‌وێته سنووری نێوان ئێران و یه‌كێتی سۆڤیەت، بەرەو سۆڤیەت پەڕیوەتەوە.
دوای گەیشتنیان بە یەکێتی سۆڤیەت، لە ١٩ی حوزه‌یرانی ١٩٤٧ له‌گه‌ڵ گشت هه‌ڤاڵانی لە شاری "نه‌خچه‌وان"ی کۆماری ئازه‌ربایجان بۆ ماوه‌ی چل ڕۆژ له كۆمه‌ڵگایه‌كی سه‌رئاوەڵا كه به ته‌لی دڕكاوی ده‌ورەدرابوو، دانران و له‌لایه‌ن کۆمەڵێک سه‌ربازه‌وە پاسه‌وانییان لێده‌كرا و له ڕووی خۆراك و پۆشاك و هاتوچۆوە وه‌كو دیلی شه‌ڕ مامه‌ڵەیان له‌گه‌ڵدا كراوە. دواتر له‌سه‌ر بڕیاری حکوومەتی سۆڤیەت به‌سه‌ر ناوچه‌كانی ئاغدام و لاچین و ئایولاخ و کەلبەجەر له كۆماری ئازه‌ربایجان دابەشکران. له ١٠ی كانوونی یه‌كه‌می ١٩٤٧ گواستراونه‌ته‌وه بۆ سەربازگەیەک لەسەر دەریاى خەزەر لە باكۆى پایتەختى كۆماری ئازه‌ربایجان و له ٢٣ی هەمان مانگدا جلوبەرگی سه‌ربازییان پێدراوه و به سه‌رپه‌رشتی ئه‌فسه‌رانی كۆماری ئازه‌ربایجان ڕۆژانه هه‌شت كاتژمێر مه‌شقی سه‌ربازییان پێ کراوە. لەهەمان کاتدا ڕۆژانە بۆ ماوەی چوار کاتژمێر لە لایەن هەندێک لە هەڤاڵەکانیانەوە کە خوێندەواریان هەبوو وانەی فێربوونی زمانی کوردی‌یان پێگوتراوەتەوە.
پاش مامەڵەى خراپى جەعفەر باقرۆڤ لەگەڵ هەڤاڵانى، بڕیار دەدرێت کەمپە سەربازییەکەى له ٢٩ی ئابی ١٩٤٨ له كۆماری ئازه‌ربایجانەوە بگوازێتەوە بۆ كۆمه‌ڵگای چرچوك لە نزیك "تاشكه‌ند"ی پایته‌ختی كۆماری ئۆزبه‌كستان و له‌وێش لە مه‌شقی سه‌ربازی بەردەوام دەبن.
لە ئاداری ١٩٤٩ له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵانی به شێوه‌ی ده‌سته و تاخم به شه‌مه‌نده‌فه‌ر به‌سه‌ر گونده هه‌ره‌وه‌زییه‌كانی یەكێتی سۆڤیەتدا دابه‌شكران و له كێڵگه‌ی كۆلخۆزه‌كان (ئەو زەویانەى خەڵک بە کرێ لە حکومەت دەیگرتنەوە و دواتر بەشى حکومەتیان دەدایەوە) كاریان ده‌كرد.
دواى هەوڵێکى زۆر و ناردنى چەندین نامە لەلایەن جەنەڕاڵ بارزانییەوە بۆ ستالین، دواجار نامەیەک دەگاتە دەست ستالین کە تێیدا بارزانى باسى دەردەسەرییەکانى هەڤاڵانى خۆی تێدادەکات و ئەویش دەستبەجێ بڕیارى پێکهێنانى لێژنەیەک دەدات بۆ لێکۆڵینەوە لە بارودۆخى هەڤاڵانى بارزانى و دواجار بڕیارى لێژنە ئەوە دەبێت کە هەموویان لە شارى ڤریڤسکى کۆبکرێنەوە، بۆیە ناوبراو لە مانگی تشرینی دووه‌می ١٩٥١ دەچێتە شاری ڤریڤیسكی لە سۆڤیەت.
دواى شۆڕشى ١٤ى تەموزى ١٩٥٨ لە عێراق و گەڕانەوەى جەنەڕاڵ مستەفا بارزانى، لە ٢٥ى شوباتى ١٩٥٩ و بەپێى هەردوو ماددەى سێیەم و حەوتەم و بڕگەى (أ) لە ماددەى دەیەم و کارکردن بە ماددەى (١١) بە پشت بەستن بە یاساى هەموارکراوى ژمارە ١٩ لە ساڵى ١٩٥٩ دا، خۆى و هەڤاڵانى بەر لێبوردنى گشتى کەوتوون.
له ١٦ی نیسانی ١٩٥٩ له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵانی به که‌شتیی گرۆزیا، له ڕێی به‌نده‌ری به‌سڕه‌وە له باشووری كۆماری عێراق، گه‌ڕاوه‌ته‌وه كوردستان.
ساڵی ١٩٦١ به‌شداریی شۆڕشی ئه‌یلوولی كردووه. له ساڵی ١٩٦٦ به‌رپرسی پێشمه‌رگه پاسه‌وانەکانى مەلا مستەفا بارزانی بووه. له ٢٩ی ئه‌یلوولی ١٩٧١ له پیلانه‌كه‌ی باره‌گای بارزانی نه‌مر له حاجی ئۆمه‌ران بریندار بووه. ساڵی ١٩٧٥ له دوای نسكۆی شۆڕشی ئه‌یلوول وه‌ك په‌نابه‌ر ڕووده‌كاته وڵاتی ئێران. ساڵی ١٩٧٦ له لێژنه‌یه‌كی ڕاوێژكاری هاوكاری ئیدریس بارزانى و مەسعود بارزانی كردووه.
له ١٦ی ئابی ١٩٩٦ له چوارچێوه‌ی ئاهه‌نگه‌كانی یۆبیلی زێڕیندا له‌به‌ر خه‌بات و به‌رخودانی له شۆڕشی دووه‌می بارزان، كۆماری دیموكراتی كوردستان، یاوەریکردنى بارزانى به‌ره‌و یه‌كێتی سۆڤیەت، شۆڕشی ئەیلوول و شۆڕشی گوڵان، له‌لایه‌ن سه‌رۆك مەسعود بارزانییەوە میدالیای بارزانی نه‌مری پێبه‌خشراوه. له ٢١ی كانوونی دووه‌می ٢٠١٨ كۆچی دوایی كردووە و ته‌رمه‌كه‌ی له گوڕستانی گوندی هه‌سنەكا به خاك سپێردراوە.
سه‌رچاوه‌كان:
-
ئه‌رشیفی دەستەی ئینسکلۆپیدیای پارتی دیموكراتی كوردستان.
- حامید گه‌وهه‌ری، میدالیای بارزانی به‌رزترین خه‌ڵاتی ڕێزلێنان، به‌رگی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی حاجی هاشم - ٢٠١٥).
- حه‌مید گه‌ردی، پوخته‌ی مێژوونامه، چاپی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر - ده‌زگای چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئاراس - چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده - ٢٠٠٤).
- حیدر فاروق السامرائي، ضیا‌ء جعفر و دوره السیاسي و الاقتصادي في العراق، (لندن – دارالحكمة - ٢٠١٦م).
- مسعود بارزانی، بارزانی و بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كورد ١٩٣١-١٩٥٨، (دهۆك - چاپخانه‌ی خه‌بات - ١٩٩٨).
- ئەرشیفی دەستەی ئینسکلۆپیدیا، فۆرمی مەلا ئیبراهیم بابه‌كر ئیسماعیل، لە ڕێکەوتی ١ تشرینی دووه‌می ٢٠١٨- پیرمام.
- نص قرار لجنة العفو العام برد الاعتبار الى شهداء ثورة بارزان، مجلة رزگاری، العدد ٢، ٣، المطبعة الرابطة، بغداد، ١ نيسان ١٩٥٩.