مستەفا عەبدولڕەحمان سۆفی، ساڵی ١٩٤٨ لە گوندی دێرانای ناحیەى مەزنێی سەر بە قەزای مێرگەسۆر پارێزگاى هەولێر لەدایکبووە. ساڵی ١٩٧٥ دواى نسکۆى شۆڕشی ئەیلوول ئاوارەی ئێران بووە، سەرەتا لە زێوە نیشتەجێ بووە دواتر گواستراوەتەوە بۆ ناوچەی جەهرەم لە پارێزگای شیراز. ساڵی ١٩٨٠دا گەڕاوەتەوە بۆ ڕۆژهەڵاتى کوردستان و لە شارى شنۆ نیشتەجێ بووە. ئێستا نیشتەجێی شارى سۆرانە، لە بواری نووسین و هۆنینی شیعردا چالاک بووە و نزیکەی هەزار لاپەڕە شیعری نووسیوە، لەگەڵ پەرتووکێکی مێژوویی کە هێشتا چاپ نەکراوە.
ساڵی ١٩٦٥ پەیوەندى بە هێزى پێشمەرگەى شۆڕشی ئەیلوول کردووە و لە بەتالیۆنى حاجى بێڕۆخى سەر بە هێزی باڵەک بۆتە پێشمەرگە، بەهۆی کەمیی تەمەنی لە سەرەتادا ئەرکی خزمەتگوزاریی پێشمەرگەی پێسپێردراوە، بەڵام دواتر وەک پێشمەرگەی ئەرکی وەرگرتووە. پاشان خولی ڕاهێنانی لەسەر توپەکانی (٦٠، ٨١، ١٢٠ ملم) بینیوە و لە لقی ئەسنادی هێزی باڵەک لە ژێر سەرپەرشتی عەبدوڵڵا ئاغای پشدەری، بە فەرماندەیی حالی دۆڵەمەری کراوە بە توپ هاوێژی هێزەکە.لە نێوان ساڵانی ١٩٧٠ بۆ ١٩٧٤ وەک پاسەوانی سنوور خزمەتی کردووە. لە ساڵانی ١٩٧٤-١٩٧٥دا بەشداریی لە شەڕەکانی ناوچەی سۆران و حەوزی ڕواندزدا کردووە.
ساڵی ١٩٨٠دا گەڕاوەتەوە بۆ ناوچەی شنۆ و پەیوەندى بە هێزى پێشمەرگەى شۆڕشی گوڵان کردووە و لە چوارچێوەی هێزی ئاوارە بەشداریی شۆڕشی گوڵانی کردووە، بەتایبەت لە ناوچەکانی خواکوڕک و خرینە.
ساڵی ١٩٩١ پەیوەندى بە هێزی پێشمەرگەى پارتى دیموکراتى کوردستان کردووەتەوە و ساڵی ١٩٩٥ گواستراوەتەوە بۆ هێزی ١٠٠ی بارزان سەر بە فەرماندەیی هێزەکانی زێرەڤانی. دواتر بووەتە فەرماندەی هێزی سێی فەرماندەیی سوپای بارزان.
لە ڕۆژی ١٥ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٠، لە کۆنگرەی ١٣ی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەهۆی خزمەتەکانى کە بە کورد و کوردستانی کردوون، لەلایەن سەرۆک مەسعود بارزانی میدالیای بارزانی نەمری پێ بەخشراوە.
سەرچاوە:
ئەرشیفى دەستەى ئینسکلۆپیدیاى پارتى دیموکراتى کوردستان.
