ژیاننامە
محەمەد چیچۆ ئەمین لە ساڵی ١٩٢٨ لە گوندی پێندرو سەربە قەزای مێرگەسور سەربە پارێزگای هەولێر لە دایک بووە، دواى هەڵگیرسانى شۆڕشى یەکەمى بارزان لە باشوورى کوردستان لە ساڵی (١٩٣١- ١٩٣٢) لە تەمەنی سێ ساڵیدا ئاوارەی تورکیا بووە. ساڵى ١٩٤٣ و دواى گەڕانەوەى مەلا مستەفا بارزانى لە سلێمانییەوە بۆ ناوچەى بارزان و هەڵگیرساندنى شۆڕشى دووەمى بارزان، پەیوەندیی بە ڕیزەکانى لەشکری شۆرشگێڕەوە کردووەتەوە و بەشدارى لە شەڕەکانى گرتنى پۆلیسخانەکانى ناوچەى بارزاندا کردووە. ساڵی ١٩٤٧ لەگەڵ جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی چۆتە یەکێتی سۆڤیەت و لە زانکۆی تاشقەند بڕوانامەی دبلۆم لە مێژوو وەرگرتووە، کە گەڕانەوە وەک مامۆستا دامەزراوە.
خەباتنامە
ساڵى ١٩٤٤ دواى نسکۆى شۆڕشی دووەمی بارزان (١٩٤٣- ١٩٤٥)، هاوشانى جەنگاوەر و خێزانە بارزانییەکان ئاوارەى ڕۆژهەڵاتى کوردستان (ئێران) بووە و دواى دامەزراندنى کۆمارى دیموکراتى کوردستان لە مهاباد سەرەتاى ساڵى ١٩٤٦، لە هێزى بارزاندا بۆتە پێشمەرگەى کۆمار و دواى ڕووخانى کۆمارى دیموکراتى کوردستان لە مانگى کانوونى یەکەمى ساڵى ١٩٤٦، هاوشانى لەشکرى شۆڕشگێڕى بارزان بە فەرماندەیی جەنەڕاڵ مستەفا بارزانى دواى چەندین شەڕ و نەبەردیی لە دژى سوپاى شاهەنشایی ئێران، بە ناوچەى نازدارداغى سێکوچکەى سنوورى ئێران، عێراق و تورکیادا گەڕاوەتەوە باشوورى کوردستان و لە ڕیزەکانى لەشکردا لە ناوچەى هۆزى مزووریی گیرساوەتەوە.
لە ڕێکەوتى ٦ى ئایارى ساڵى ١٩٤٧ و دواى بڕیارە مێژووییەکەى جەنەڕاڵ مستەفا بارزانى لە کۆبوونەوەکەى ئەرگۆش، بە خۆڕادەستنەکردنەوەیان (خۆبەدەستەوەنەدان) بە حکومەتى عێراق و ڕێکردنیان بەرەو یەکێتى سۆڤیەت، هاوشانى لەشکرى شۆڕشگێڕى بارزان بە زیاتر لە پێنجسەد جەنگاوەرەوە و بە سەرکردایەتى جەنەڕاڵ مستەفا بارزانى بڕیارى ڕۆیشتن دەدات و دەبێت بە یەکێک لە هەڤاڵانى بارزانى بۆ یەکێتى سۆڤییەت. لە ماوەى ٢٨ ڕۆژ ڕێکردنى بەردەوام بەنێو سەختى و سرووشتى ڕێگا و ڕووبەڕووبوونەوەى سەربازى سوپاى هەرسێ وڵاتى عێراق، تورکیا و ئێران و دواى سەرکەوتنیان لە شەڕى بەنێوبانگى شووت و پەڕینەوەیان لە پردى قزڵداغى ماکۆ، سەرەنجام لە ڕێکەوتى ١٨ى حوزەیران هاوشانى جەنگاوەرە بارزانییەکان لە ڕووبارى ئاراس و سنوورى یەکێتى سۆڤیەت پەڕیوەتەوە.
دواى پەڕینەوە لە سنوور، لەلایەن سۆڤییەتەکانەوە لەگەڵ تەواوى جەنگاوەرە بارزانییەکان گواستراوەتەوە بۆ شارى نەخچەوانى کۆمارى ئازەربایجان و وەک دیلى جەنگ لە سەربازگەیەکى سەراوەڵاى تەلبەندکراو هێڵدراوەتەوە. دواى ئەوەى مۆسکۆ بڕیاریدا بارزانییەکان وەک پەنابەر وەربگرێت و دواى ڕێککەوتنى جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی و جەعفەر باقیرۆڤى سەرۆک کۆمارى ئازەربایجان، لەگەڵ تەواوى جەنگاوەرە بارزانییەکان گواستراوەتەوە بۆ سەربازگەیەکى سەر دەریاى خەزەر لە نزیک باکۆى پایتەختى ئازربایجان و لەلایەن ئەفسەرە ئازربایجانییەکانەوە خراوتەوە بەر مەشقى چڕى سەربازیی و هەر لەوێش وانەى فێربوونى نووسین و خوێندنەوەى زمانى کوردیشیان لەلایەن ئەفسەرانى کوردەوە پێ گوتراوەتەوە.
دواى تێکچوونى پەیوەندییەکانى نێوان جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی و جەعفەر باقیرۆڤ و دەرکەوتنى نیاز خەراپى و دوڕدۆنگى باقیرۆڤ بەرامبەر بارزانییەکان، لەگەڵ تەواوى جەنگاوەرە بارزانییەکان لە رێکەوتى ٢٩ى ئابى ١٩٤٨ لە کۆمارى ئازربایجانەوە گواستراوەتەوە بۆ کۆمەڵگاى چرچوکى کۆمارى ئۆزبەکستان و لەوێش بۆجارى دووەم بەشێوەیەکى کاتى خراوەتەوە بەر مەشقى سەربازیی.
لە مانگى ئادارى ساڵى ١٩٤٩ دواى پلانگێڕییەکانى باقیرۆڤ و بێریاى یاریدەدەرى ستالین، جەنگاوەرە بارزانییەکان لە یەکترى جیاکرانەوە و بە شەمەندەفەر کۆمەڵ کۆمەڵ بەسەر گوند و کێڵگە کەلخوز و هەرەوەزییەکانى کۆمارى ئۆزبەکستاندا بڵاوکرانەوە و بۆ پەیداکردنى بژێوى ژیانیان هاوشێوەى دیلە ئەڵمانییەکان خرانە بەر سوخرە و کارى سەختى ڕۆژانە.
دواى هەوڵێکى زۆر و ناردنى چەندین نامە لەلایەن جەنەڕاڵ مستەفا بارزانییەوە بۆ کۆشکى کریملین و دەسەڵاتدارانى یەکێتى سۆڤیەت، سەرەنجام نامەیەکى بارزانى گەیشتنە دەست ستالینى سەرۆکى یەکێتى سۆڤیەت. دواى گەیشتنى نامەى بارزانی، لەلایەن ستالینەوە بڕیار لە دروستکردنى لێژنەیەک درا بۆ لێکۆڵینەوە لە بارودۆخى بارزانییەکان و سەرەنجام بۆ جارێکى دیکە و ساڵى ١٩٥١ تەواوى بارزانییەکان لە یەکترى کۆکرانەوە و لە شارى ڤرێڤسکى سەر دەریای ڕەش لە باشوورى ڕووسیاى ئەمڕۆ نیشتەجێ کران.
دواى ١١ساڵ مانەوە لە یەکێتى سۆڤییەت، ساڵى ١٩٥٨ سیستەمی حکومی پاشایەتى لە عێراق ڕووخا و سیستەمی کۆماری بە سەرۆکایەتى عەبدولکەریم قاسم دەسەڵاتی عێراقی گرتە دەست، بە هاتنە سەر دەسەڵاتى کۆمارییەکان ڕێگاى گەڕانەوەى بارزانییەکان لە یەکێتى سۆڤیەت کرایەوە و لە ڕێکەوتى ١٦ى نیسانى ١٩٥٩ لەگەڵ تەواوى جەنگاوەرە بارزانییەکان بە سووارى کەشتى گروزییا و بە ڕێگەى بەندەرى شارى بەسڕاوە گەڕاوەتەوە باشوورى کوردستان.
ساڵی ١٩٦١ و دوای تێکچوونی پەیوەندییەکانی نێوان بارزانی و عەبدولکەریم قاسم و لێبوونەوەی حکومەت لەو بەڵێنانەی بە کوردی دابوو، شۆڕشی نەتەوەی کورد هەڵگیرسایەوە و محەمەد چیچۆ ئەمین پەیوەندی بە ڕیزەکانی شۆڕشەوە کردوەوە، بەشداری زۆربەی شەڕەکان کردووە وەک شەڕی چیای مەتین، پیرس، مانگێشک و دوڵی نەهلێ، لە شۆڕشیشدا مامۆستا بووە واتە هەم پێشمەرگە و هەمیش مامۆستا بووە، لە ساڵی ١٩٧٥ ئاوارەی ئێران بووە دوای چەند مانگێک گەڕاوەتەوە کوردستان، لە ساڵی ١٩٧٨ ڕاگواستراوە بۆ کۆمەڵگای بەحرکە. دوای دەستپێکردنەوەی شۆڕش لە گۆڵانی ١٩٧٦ جارێکی دیکە پەیوەندی بە ڕیزەکانی شۆڕشەوە کردەوە. بەشداری ڕاپەڕینی ١٩٩١ کردووە، لە ساڵی ٢٠١٠ لە کۆنگرەی ١٣ مەدالیای بارزانی پێ بەخشراوە. لە ١٦ی مانگی شوباتی ٢٠١١ کوچی دوایی کردووە.
سەرچاوەکان:
١-گۆڤاری دەنگی پێشمەرگە، ژمارە٢٤، ٣١ کانونی یەکەمی ١٩٩٩، محەمەد چیچۆ پێندرۆیی ، ڕێکخستنی دیمانە مقداد شاسواری، ل١٩-٢٠.
٢-گۆڤاری پەیامی ئەیلوول، ژمارە٢٥، تشرینی یەکەمی ٢٠١٢، محەمەد چیچۆ ئەمین مامۆستایەکی پەروەردەکار و پێشمەرگەیەکی شۆڕشگێڕ و خەباتکار، ل٧٢ و ٧٣.
٣-شهوكهت شێخ یهزدین، یۆبیلی زێڕینی پێشمهرگه، (پیرمام - چاپخانه خهبات - ١٩٩٦ز)، ل١٦، ٣٣.
٤-ئەرشیفی دەستەی ئینسکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.
