لێدانى ڕەبایەکانى باوەکراوەى پشتى ڕایات ١٩٨١

هێرشکردنە سەر دوو ڕەبایەى پشتى ڕایات چالاکیەکى پێشمەرگەیی پارتیزانى بوو دژى سوپاى عێراق لە دەڤەرى باڵەکایەتى، هێزێکى پێشمەرگەى هاوبەشى پارتی دیموکراتى کوردستان و حزبى سۆسیالیستى کوردستان، لە ڕۆژێکى بەهارى ١٩٨١ هێرشیان کردە سەر هەردوو ڕەبایەکە و زیانى گیانیان پێ گەیاندن لە کوشتیار و بریندار، بە بیانووى ئەوەى کە هەڵسوکەوت و مامەڵەیان توند بوو لەگەڵ خەڵکى ناوچەکەو هەراسانیان دەکردن.


دوو ڕەبایەى سەربازى سوپاى عێراق کە لە باوەکراوەى پشتى گوندى ڕایاتى دەڤەرى باڵەکایەتى جێگیر کرابوون، بۆ کۆنتڕۆلى ناوچەکە و پارێزگارى ڕێگاى سەرەکى چۆمان حاجی ئۆمەران، دیارە سەربازانى ئەو دوو ڕەبایە هەڵویست و مامەلەیان توند بوو لەگەڵ خەڵکى گوند و کاسبکار و شوانکارەکان، بەردەوام هەراسانیان دەکردن تاکو کار گەیشتبووە ئەوەى کە تەقەیان دەکرد لە شوان و گاوان و ئەوانەى دەچوونە ناو ڕەز و باغەکانیان، بەو هۆی ئەوەوە نەیان دەتوانى بە ئازادى بەکار و بار و بژێوى ژیانى ڕۆژانەیان هەڵبستن، دیارە دەنگى ناڕەزایی گلەیی و گازاندەیان سنوورە لاوەکیە لادێ نشینیەکەى تێپەڕاند و گەیشتە بارەگاى شۆڕش، کە ئەو دوو ڕەبایەى سوپاى عێراق بە تەواوى بار و دۆخی خەڵکى ڕایات بە تایبەتى شوانکارانیان شیواندوە کە ناتوانن بە ئازادى ئاژەڵانیان لە لەوەڕگاکانیان بلەوەڕێنن و مامەلەى خراپیان تەنگى پێ هەڵچنیون.

      بە پێی ئاماژەى علی وەستا حمەد پێشمەرگەى  شۆڕشى گوڵان و بەشداربووى چالاکیەکە، لەو ماوەیەدا بارەگاى هەریەک لە ناوچەى باڵەکى پارتى دیموکراتى کوردستان بە فەرمادەیی نەجمەدین گۆرۆنى و هەرێمى نۆى باڵەکى حزبى سۆسیالیستى کوردستان بە فەرماندەیى ئەحمەد فەقێ ڕەش لە گوندەژۆر بوون، لەو ماوەیەشدا هاوپەیمانیەتێک لە نێوان هەردوو حزبدا بوونى هەبوو لە چوارچێوەى بەرەى جووددا، بۆیە بەیەکەوە ڕێککەوتن کە لە چالاکیەکى هاوبەشدا بەرپەرچى ئەو مامەڵە خراپەى هەردوو ڕەبایەکە بدەنەوە و سنوورێکیان بۆ دابنێن، بۆ ئەمەش بڕیاریاندا کە هێزێکى پێشمەرگەى هاوبەش پێکبهێنن و هێرشێکى پارتیزانى کتۆپڕ بکەنە سەر هەردوو ڕەبایەکە و وانەیەکیان پێ بدەن کە ئیتر واز لە ڕەفتارە ناڕەواکەیان بێنن و چیتر گوندنشینان هەراسان نەکەن، تاکو بە ئازادى بە کار و بار و بژێوى ژیانیان هەڵبست و مەترسى لەسەر ژیانیان نەمێنێ.

      ئێوارەی ڕۆژێکى بەهارى ساڵی ١٩٨١  کە یەک و نیو بۆ دوو کاتمێرى مابوو بۆ خۆرئاوا بوون، هێزەکەى هاوبەشى هەردوو حزب کە ژمارەیان زیادتر لە بیست پێشمەرگە بوون، خۆیان لە هەردوو ڕەبایەکە نزیک کردەوە بە دوورى کەمتر لە یەک کیلۆمەتر، پێشمەرگەکان گیاى بەهارەى جۆرى کەڕکۆڵیان لە خۆیان ئاڵاند بۆ ئەوەى سەربازان درکیان پێ نەکەن بەو پێیەى کە هێرشەکەیان بە ڕۆژى ڕوناک بوو، کاتێ کە پێشمەرگەکان گەیشتنە شوێنى دیاریکراو لە سەرەوەى هەردوو ڕەبایەکە هەریەکە و لە شوێنى خۆی دامەزران، ئینجا لە یەک کاتدا بە یەکەوە دەستڕێژى گوللەیان لە هەردوو ڕەبایەکە کرد بەو چەکانەى لە دەستیان بوو، بۆ ماوەى نیو کاتژمێر هەردوو ڕەبایەکان کەوتنە بەر ڕێژنەى گوللەى پێشمەرگەو نەیانتوانى بۆ چرکەیەکیش سەرى خۆیان دەربهێنن، ئیتر پێشمەرگەکان هەریەکە لە شوێنى خۆیان کە بەردەلانێک بوو خۆیان حەشاردا تاکو شەو داهات ئینجا دەستیان بە کشانەوە بۆ بنکەکانیان لە گوندەژۆر کرد.

      بەڵام  سوپاى عێراق کە دوو سەربازگەى لە دەربەند و باوەکراوە هەبوون هەرکە هەواڵیان پێگەیشت پێشمەرگە هێرشى کردۆتە سەر هەردوو ڕەبایەکە ئەو ئاقار و دۆڵ و نەواڵەیان توپباران و دۆشکە تەقەیان کرد، هەر لە دواى هێرشى پێشمەرگەوە سوپاى ڕژێم لە توپباران و تەقەى دۆشکە بەردەوام بوو تا شەو داهات، لە ئەنجامى ئەمەدا تەنها یەک پێشمەرگە بریندار بوو، بەڵام بەپێى زانیاریەکانى کە دەستى پێشمەرگە گەیشت لە لایەن خەڵکى ناوچەکە لە هەردوو رەبایەکان دوو سەرباز کوژران و سێى تریش بریندار بوون. 

       بێ گومان ئەنجامدانى ئەو جۆرە چالاکیانە لەلایەک دەنگدانەوەیەکى گەورەى هەبوو لە ناوچەکە، بۆ حکومەت و هاوڵاتیش کە شۆڕش هێز و توانایەکى کاریگەرى هەیە بۆ لێدان و زیان گەیاندن بە دەزگا  سەربازی و ئەمنیەکان، لە لایەکى تریش کاریگەرى زۆرى هەبوو لەسەر ترس و تۆقاندنى دام و دەزگا سەربازگەکانى حکومەت کە دەبێ لەمەودوا بەجۆرێکىتر و ژیرانە مامەڵە لەگەڵ هاوڵاتیان بکەن، ئەگینا دوچارى هەڵویستى لەوە ترسناکتریش دەبوونەوە.   


   سەرچاوە:

١- چاوپێکەوتنى عەلى وەستا حمد خەلکانى، پێشمەرگەى شۆڕشى گوڵان، بەشداربووى شەڕەکە، دانیشتووى سۆران، گەڕەکى چەمى ڕیزان، ٤ى ئایارى ٢٠٢٦.


بابەتی پەیوەندیدار

شەڕى دەربەند ١٩٨٣

شەڕى دەربەند چالاکیەکى پارتیزانى هێزى پێشمەرگەى کوردستان بوو دژى سوپاى عێراق، کە لە شەوێکى بەهارى ١٩٨٣ هێرشیان کردە سەر سەربازگەى دەربەندى نزیک شارۆچکە چۆمان لە دەڤەرى باڵەکایتى، بە ئامانجى پیشاندانى هێز و بازووى شۆڕش و درێژەدان بە چالاکى پارتیزانى، دواى شەڕێکى نیو کاتژمێری و دروستکردنى پشێوى و ئاڵۆزى لە ناو سەربازگە دەستیان لە شەڕەکە هەڵگرت و شوێنەکەیان جێ هێشت.

زانیاری زیاتر

شەڕی هەریر ١٩٨٢

شەڕى هەریر چالاکیەکى پارتیزانى هێزى پێشمەگەى لیژنە ناوچەى باڵەکى سەربە لقى دووی پارتى دیموکراتى کوردستان بوو، کە لە شەوێکى هاوینى ساڵى ١٩٨٢ لە دۆڵی بالیسانەوە دابەزینە ناو شارۆچکەى هەریر و هێرشیان کردە سەر بنکەى ڕێکخستنی حزبى بەعس، دواى شەڕێکى زیاتر لە نیو کاتژمێر توانیان زیانى گیانى و ماددى بە ئەندام و پاسەوانانى ڕێکخراوکە بگەیەنن، پاشان شوێنەکەیان جێ هێشت و گەڕانەوە بنکە و بارەگاکانیان لە دۆڵی بالیسان.

زانیاری زیاتر

چالاکى گەرووى سیتکان ١٩٨٣

چالاکى گەرووى سیتکان بریتى بوو لە ڕووبەڕوو بوونەوەى هێزێکى پێشمەرگەى کوردستان لەگەڵ هێزێکى سەربازى سوپاى عێراق، لە ئێوارەیەکى بەهارى ١٩٨٣ لە گەرووى سیتکانى نزیک چیاى زۆزک، لەماوەیەکى کورتدا هێزەکەى پێشمەرگە هێرشیان کردە سەر هێزە سەربازیەکە و تێکیان شکاندن و زیانی زۆریان پێ گەیاندن لە کوشتن و بریندار، پاشان شوێنەکەیان جێ هیشت.

زانیاری زیاتر

شەڕى دیانا ١٩٧٩

شەڕی دیانا، ڕووبەڕوو بوونەوەى مەفرەزەیەکى پێشمەرگە لەگەڵ هێزێکى سەربازى سوپاى عێراق لە شارۆچکەى دیانا، کاتێ کە مەفرەزەکەى پێشمەرگە بەمەستى ئەنجامدانى چالاکیەک کە هێرشکردنە سەر ماڵی خیانەتکارێکى بەکرێگیراوى ڕژێم بە هاوکارى ڕێکخستنە نهێنیەکانى ناوشار، لە ڕێگاى رۆیشتنیان بۆ شوێنى مەبەست دووچارى هێزێکى سەربازى حکومەت بوونەوە کە بازگەیان دنابوو لە شوێنێک بەناوى کەندى دیانا، دواى ماوەیەک لە شەڕ و پێکدادان پێشمەرگە بڕیارى کشانەویاندا لە شوێنەکە دوور کەوتنەوە.

زانیاری زیاتر

شەڕی دەشتى بەرازگر ١٩٧٩

شەڕى دەشتى بەرازگر، ڕووبەڕوو بوونەوەى هێزێکى سوپاى عێراق لەگەڵ هێزێکى پێشمەرگە لەسەر ڕوبارى دەشتى بەرازگر لە دەڤەرى برادۆست، کاتێ کە هێزەکەى پێشمەرگە لە جەولەدا بوو بۆ چەند گوندێکى سنورى ناوچەکە بە مەبەستى بەسەرکردنەوەى ڕێخستنەکانیان، دواى ماویەکى کورت لە شەڕ و ڕووبوڕوو بوونەوە هێزەکەى سوپاى عێراق شکستیان خواردو بە ژمارەیەک کوژرا و بریندار مەیدانى شەڕەکەیان چۆلکرد و ڕایانکرد.

زانیاری زیاتر