لێدانى ڕەبایەى شکێرا ١٩٨٦

لێدانى ڕەبایەى شکێرا چالاکییەکى هێزى پێشمەرگەى کوردستان بوو دژ بە هێزى چەکدارانى بەکرێگیراو (جاش)، لە ١٩ى کانوونى دووەمى ١٩٨٦ هێزێکى پێشمەرگەى ڕێکخراوەکانى سەر بە لێژنەى ناوچەى زاخۆى پارتى دیموکراتى کوردستان هێرشیان کردە سەر ڕەبایەى شکێرا لە ناوچەى گولی دەڤەرى بادینان، توانیان دەست بەسەر ڕەبایەدا بگرن و زیانێکى زۆرى گیانى و ماددى بە چەکدارانى بەکرێگیراو بگەیەنن.


بەهۆى بەردەوامى چالاکییەکانى پێشمەرگەوە هێزەکانى سەربازى و چەکدارى و ئەمنى ڕژێمى بەعس هەمیشە لە تەنگەتاویدا دەیانگوزەراند، ئەگەر تەنها مانگى نیسانى ١٩٨٦ بە نموونە وەرگرین دەیان چالاکی تێدا بەڕێوەچووە و زیانى گیانى و ماددى زۆرى گەیاند بە هێزەکانى حکومەت، ئەمەشیان پلانێکى سەرکەوتووى شۆڕش بوو کە خەباتى پارتیزانى گوزارشت لە بەردەوامى چالاکییەکان و تەنگ پێ هەڵچنینى لایەنى بەرامبەر و ترس خستە ڕیزەکانیان دەکات، لە سۆنگەى ئەو بەردەوامیەوە لێژنەى ناوچەى زاخۆى پارتى دیموکراتى کوردستان لە کانوونى دووەمى ١٩٨٦، بانگهێشتى ئەندامانى لێژنە و بەرپرسى ڕێکخراوەکانى کرد کە لەو مانگەدا چالاکییەک ئەنجام بدەن بە ئامانجى ئەوەى کەوا گورزێک لە هێزەکانى ڕژێمى بەعس بوەشێنن. بەو پێیەى کە لەو ماوەیەدا هێزى پێشمەرگە لە چوارچێوەى  ڕێکخستنى حزبیدا ڕێکخرابوو وەک لق و ناوچە و ڕێکخراو. 

 سەرەتاى چالاکییەکە بە پێکهێنانى مەفرەزەیەکى ١٠-١٥ پێشمەرگە و چەند پێشمەرگەیەکى شارەزا لە هەڵگرتنەوەى مین، بۆ پاککردنەوەى ڕێگای هێرشکردن لە مین، چونکە سوپاى عێراق بۆ پارێزگارى ڕەبایەکان، چواردەورییانى مێنڕێژ کردبوو، چالاکییەکە دەستیپێکرد، ئەو هێزەى پێشمەرگە ڕاسپێردران کە لە ناوچەى گولی تا باتیفا جەولەیەک بکەن بە مەبەستى دىستنیشانکردن و کۆکردنەوەى زانیارى لەسەر بنکەی هێزەکانى حکومەت بۆ ئەوەى هێرشى بکەنە سەر، هێزەکەى پێشمەرگە ١٦ى کانوونى دووەمى ١٩٨٦ دەستیان بە جووڵە کرد بەناو گوند و لادێکانى ناوچەکەدا، کۆمەڵێک زانیاریان کۆکردەوە لەوانە دوو ڕەبایەى چەکدارانى بەکرێگیراو (جاش) هەبوون لە سەرووى پێچەکانى زرێزە کە شەوانە یەکێ لە ڕەبایەکانیان چۆل دەکرد و هەموویان لە یەک ڕەبایە کۆدەبوونەوە و ڕۆژانەش دەگەڕانەوە شوێنى خۆیان، ئەوەیان شوێنێکى گونجاو بوو کە چالاکییەکەى لێ ئەنجام بدەن، پێشمەرگەکان چوون بۆ ڕەبایەى کە چۆلیان کردبوو پاشان خۆیان لە ڕەبایەکەى تر نزیک کردەوە بەناوى شکێرا، (٣٠ - ٤٠)م هیچ مینیان بەدى نەکرد هەرچەندە سەرى بەرزاییەکە بەفر دایپۆشى بوو، تەواوى خاڵەکانى لێدانى ڕەبایەیان دەستنیشان کرد، ئینجا گەڕانەوە و هەواڵیان بۆ هێزى پێشمەرگە بەڕێکرد کە ئامادەکاریەکان کراون ئیتر کاتى دەستبەکاربوون هاتووە. 

 ڕێکخراوەکانى بەشداربوو لەو چالاکییەدا بریتى بوون: لە ڕێکخراوى (شەهید محەمەد ساڵح، شەهید محەمەد مەحمود، شەهید محۆ گەودا، شنگار) لەگەڵ مەفرەزەیەکى سەربە لێژنەى ناوچەى زاخۆ. پلانى هێرشەکە بەوجۆرە دانرا کە سەرپەرشتیکردنى چالاکییەکە بە سەعید بۆسەڵى سپێردرا، ئۆسمان قاسم بەرپرسی هێرشکردن، پێنج خاڵ دەستنیشان کران کە بە (ئاڕ پی جی) لێیان بدرێت و هەر لایەک لەلاى خۆییەوە لە ڕەبایەکە بدەن، کاتژمێرى سفر ١٢:٣٠ خولەک دیاریکرا کە هەڵمەتى یەکەم بەڕێوەبچێ، ٢٠ تا٣٠ پێشمەرگە لەژێر سەرپەرشتى ئەبو برۆ ئامادەکران لەگەڵ هاوەنێکى ٥٧ملم لە ڕەبایەى چۆلکراو جێگیر بکرێن وەک هێزى پشتیوانى ئەگەر هەر گرفتێک لە کاتى هێرشەکە هاتە پێش ئەوان لەوێوە پشتیوانى هێرشەکە بکەن، هێزێکى دیکەى ١٠ تا ١٥ پێشمەرگە ئامادەکران لە شوێنێک بۆ ڕێگریکردن لە هەر هێزێکى سەربە سوپاى عێراق ئەگەر نیازى هێرشیان کرد بۆ شوێنى چالاکی. 

 لە ١٩ى کانوونى دووەمى ١٩٨٦ هێزى پێشمەرگە بۆ جێبەجێکردنى ئەرکى دیاریکراو دەستیان بە جووڵە کرد، کارەکان وەک چۆن نەخشەى بۆ کێشرابوو بەڕێوەچوون، بەر لە کاتى دیاریکراو تەواوى پێشمەرگەکان گەیشتنە شوێنى خۆیان و چاوڕێى فەرمان بوون، کاتژمێر ١٢:٣٠ خولەک ئوسمان قاسم بەرپرسى چالاکى فەرمانى بە (ئاڕ پی جى) بە دەستەکان کرد کە دەستبەکار بن، لە هەر پێنج خاڵەوە ئاگرى (ئاڕ پی جی)یەکان بە ئاراستەى ڕەبایە شەوى تاریکى کردە ڕۆژى ڕووناک، بۆ ماوەى (٢٠ - ٣٠) خولەک شەڕ بەو شێوەیە بەردەوام بوو، بەڵام تا دەهات بەرە بەرە بەرگرى ڕەبایە لاواز دەبوو، ئینجا قۆناغى دووەمى هێرش دەستیپێکرد کە دەستەیەکى پێشمەرگە خۆیان گەیاندە نزیک دیوارى ڕەبایە، دواى ئەوان دەستەیەکى دیکەش بە هەمان شێوە گەیشتنە خوار دیوارى ڕەبایە، بە نارنجۆک و چەکى دەستیان هێرشیان کرد تا بەرگرى تەواو لە ڕەبایە نەما، ئەوەى کوژرا و ئەوەى دیکەش لە بەشى باکوورەوە ڕایانکرد و ڕەبایەیان بەجێهێشت، پێشمەرگە چوونە ناو ڕەبایە و دەستیان بەسەر داگرت و چەند تەقەیەکیان بە ئاسمانەوە کرد کە نیشانەى سەرکەوتن بوو، پاشان کەلوپەلەکانیان کۆکردنەوە و ئاگریان تێبەردا. 

 دواى تەواوبوونى کارە گرنگەکەیان و کۆکردنەوەى دەستکەوتەکان کە ٥ چەکى کلاشینکۆف و یەک (ئاڕ پی جى) و یەک ئامێرى لاسلکى و ٣ سندوقى فیشەکى کلاشینکۆف و ٣٠ نارنجۆکى دەستى، ٥٠ ساجۆرى کلاشینکۆف،  بڕیارى کشانەوەیان دا و شوێنەکەیان جێهێشت، شایانى باسە لەو چالاکییەدا هێزى پێشمەرگە هیچ زیانێکیان بەرنەکەوت. زیانی چەکدارانى بەکرێگیراویش وێڕای ئەو دەستکەوتانەى کە باس کران، دوو تەرمىیشیان لە ڕەبایە کەوتنە بەر دەستى هێزى پێشمەرگە. 


سەرچاوەکان:

  1. مه‌سعود بارزانی، بارزانی و بزوتنه‌وەی ڕزگاریخوازی كورد، به‌رگی چوار‌م، ١٩٧٥-١٩٩٠ شۆڕشی گوڵان، به‌شی دووە‌م، چاپی یه‌كه‌م، چاپخانه‌ی ڕوكسانا، ٢٠٢١.

  2. محەمەد مراد، خەباتا چیا، بیرهاتن و سەرهاتیێن شۆڕەشا گولانێ دناڤبەرا ساڵین (١٧٦-١٩٨٩) دا، چاپخانا کوردستانێ – زاخۆ، ٢٠٠٧. 

  3. غازى عادل گەردی، پێشمەرگەیەک لە خزمەت ڕێبازى بارزانیدا حەجى بیڕۆخى، بەرگى دووەم، چاپى دووەم، تورکیا- ٢٠٢١.


بابەتی پەیوەندیدار

چالاکى گەرووى سیتکان ١٩٨٣

چالاکى گەرووى سیتکان بریتى بوو لە ڕووبەڕوو بوونەوەى هێزێکى پێشمەرگەى کوردستان لەگەڵ هێزێکى سەربازى سوپاى عێراق، لە ئێوارەیەکى بەهارى ١٩٨٣ لە گەرووى سیتکانى نزیک چیاى زۆزک، لەماوەیەکى کورتدا هێزەکەى پێشمەرگە هێرشیان کردە سەر هێزە سەربازیەکە و تێکیان شکاندن و زیانی زۆریان پێ گەیاندن لە کوشتن و بریندار، پاشان شوێنەکەیان جێ هیشت.

زانیاری زیاتر

شەڕى دیانا ١٩٧٩

شەڕی دیانا، ڕووبەڕوو بوونەوەى مەفرەزەیەکى پێشمەرگە لەگەڵ هێزێکى سەربازى سوپاى عێراق لە شارۆچکەى دیانا، کاتێ کە مەفرەزەکەى پێشمەرگە بەمەستى ئەنجامدانى چالاکیەک کە هێرشکردنە سەر ماڵی خیانەتکارێکى بەکرێگیراوى ڕژێم بە هاوکارى ڕێکخستنە نهێنیەکانى ناوشار، لە ڕێگاى رۆیشتنیان بۆ شوێنى مەبەست دووچارى هێزێکى سەربازى حکومەت بوونەوە کە بازگەیان دنابوو لە شوێنێک بەناوى کەندى دیانا، دواى ماوەیەک لە شەڕ و پێکدادان پێشمەرگە بڕیارى کشانەویاندا لە شوێنەکە دوور کەوتنەوە.

زانیاری زیاتر

شەڕی دەشتى بەرازگر ١٩٧٩

شەڕى دەشتى بەرازگر، ڕووبەڕوو بوونەوەى هێزێکى سوپاى عێراق لەگەڵ هێزێکى پێشمەرگە لەسەر ڕوبارى دەشتى بەرازگر لە دەڤەرى برادۆست، کاتێ کە هێزەکەى پێشمەرگە لە جەولەدا بوو بۆ چەند گوندێکى سنورى ناوچەکە بە مەبەستى بەسەرکردنەوەى ڕێخستنەکانیان، دواى ماویەکى کورت لە شەڕ و ڕووبوڕوو بوونەوە هێزەکەى سوپاى عێراق شکستیان خواردو بە ژمارەیەک کوژرا و بریندار مەیدانى شەڕەکەیان چۆلکرد و ڕایانکرد.

زانیاری زیاتر

شەڕی بنارى چیاى پیران ١٩٧٩

شەڕى بنارى چیاى پیران، ڕووبەڕوو بوونەوەى هێزێکى پێشمەرگە لەگەڵ هێزێکى سەربازى سوپاى عێراق لە بەهارى ١٩٧٩، کاتێ کە هێزەکەی پێشمەرگە لە چالاکیەکى پارتیزانى ڕفاندنى پێنج ئەندازیارى پڕۆژەیەکى ڕێگاوبان دەگەڕانەوە، لە بنارى چیاى پیران نزیک مێرگەسۆر لەگەڵ هێزێکى سەربازى سوپا بە یەک گەیشتن، شەڕێکى گەرم بۆ ماوەى دوو کاتژمێر لە نێوانیاند دروست بوو، ئەنجامى شەڕەکە کوژرانى چوار لە ئەندازیاران و ژمارەیەک کوژرا و بریندارى سەربازانى سوپاى لێ کەوتەوە هێزەکەى پێشمەرگەش بێ زیان لێى دەرچوون تەنها یەکێک بە سو

زانیاری زیاتر

شەڕى گوندى هەسنان ١٩٧٥

شەڕى گوندى هەسنان، ڕووبەڕوو بوونەوى هێزى پێشمەرگە و سوپاى عێراق لە ١٣ى ئازارى ١٩٧٥ لە گوندى هەسنان لە بنارى چیاى حەسەن بەگ، کاتێ کە سوپاى عێراق هێرشیکى بەربڵاوى کردە سەر سەنگەرەکانى پێشمەرگە بە پشتیوانى تانک و تۆپ و فڕۆکەى جەنگى بە مەبەستى دەستگرتن بە سەر گەرووى بێشەو چیاى حەسەن بەگ، کە دوو خاڵى ستراتیژى ناوچەکە بوون.

زانیاری زیاتر