ژیاننامە
عەلی محەمەد مه‌حمود خاڵ هه‌مزه، ناسراوه به (عه‌لی حه‌مه‌ده گۆج)، ساڵی ١٩٢٧ له قەزاى مێرگه‌سۆر سەر بە پارێزگای هه‌ولێر له دایكبووه، خیزاندار بووە، دەرچووى پەیمانگاى کشتوکاڵ بووە لە یەکیەتى سۆڤیەت، ساڵى ١٩٥٩ دواى گەڕانەوەى لە یەکیەتى سۆڤیەت لە فەرمانگەى کشتوکاڵى شارى سلێمانى دەبێتە فەرمانبەر.
ساڵی ١٩٧٥ دوای نسكۆی شۆڕشی ئەیلوول، بۆ جاری دووه‌م ئاواره‌یی ئێران ده‌بێت و له شاری كاشان نیشته‌جێ ده‌بێت و ده‌بێته مامۆستا له یه‌كێك له قوتابخانه‌کانى شارى كاشان.
له رۆژی ١٥ی تەمموزى ١٩٨٥ بە هۆی نەخۆشی شێرپەنجە، کۆچى دوایی دەکات و لە گۆڕستانى شاری شنۆ به خاك سپێردراوە.
خەباتنامە
١١ی تشـرینی یه‌كه‌می ١٩٤٥ و له دوای نسكۆی شۆڕشی دووه‌می بارزان، لەگەڵ مستەفا بارزانی و هەڤاڵانی دەپەڕنەوە ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان. دوای دامەزراندنی کۆماری دیموکراتی کوردستان لە مەهاباد، له ٣١ی ئاداری ١٩٤٦ له چوارچێوەی هێزی بارزاندا بەرگری لە كۆمار كردووه.
دواى ڕووخاندنی کۆمارى کوردستان و گەڕانەوەى بارزانى لە ڕۆژهەڵاتى کوردستانەوە بۆ باشوورى کوردستان به‌شداریی شه‌ڕکانی بەرگری لە رۆژهەڵاتی کوردستانی کردووە تاکو لە ڕێکەوتى ١٩ى نیسانى ١٩٤٧ لە سەر سنووری ئێران- عێراق خۆی بەدەستەوە نەداوە و لەگەڵ جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی بووە. جەنەڕاڵ مستەفا بارزانى لە ڕێکەوتی ١٥ى ئادارى ١٩٤٧ لە گوندى ئەرگۆش کۆبوونەوەیەک بە هەڤاڵانى دەکات و سەرپشکیان دەکات لە مانەوە، یان چوون بەرەو یەکێتى سۆڤیەت، لەوێدا تەواوى هەڤاڵانى بڕیارى بەردەوامیدان و ڕۆیشتن بەرەو یەکێتى سۆڤیەت دەدەن، له ٢٢ی ئایاری ١٩٤٧ یاوەریى جەنەڕاڵ مستەفا بارزانى کردووە به‌ره‌و یه‌كێتی سۆڤیەت و لە شەڕى گه‌لی کۆتۆل (قتور) و شەڕى پردی ماكۆ بەشدارییکردووە و دواى سەختى و ماندووبوونێکى زۆر، لە ١٨ی حوزه‌یرانی ١٩٤٧ له ڕووباری ئاراس كه ده‌كه‌وێته سنووری نێوان ئێران و یه‌كێتی سۆڤیەت، بەرەو سۆڤیەت پەڕیوەتەوە.
دوای گەیشتنیان بە یەکێتی سۆڤیەت، لە ١٩ی حوزه‌یرانی ١٩٤٧ له‌گه‌ڵ گشت هه‌ڤاڵانی لە شاری نه‌خچه‌وانی کۆماری ئازه‌ربایجان بۆ ماوه‌ی چل ڕۆژ له كۆمه‌ڵگایه‌كی سه‌رئاوەڵا كه به ته‌لی دڕكاوی ده‌ورەدرابوو، دانران و له‌لایه‌ن کۆمەڵێک سه‌ربازه‌وە پاسه‌وانییان لێده‌كرا و له ڕووی خۆراك و پۆشاك و هاتوچۆوە وه‌كو دیلی شه‌ڕ مامه‌ڵەیان له‌گه‌ڵدا كراوە. دواتر له‌سه‌ر بڕیاری حکومەتی سۆڤیەت به‌سه‌ر ناوچه‌كانی ئاغدام و لاچین و ئایولاخ و کەلبەجەر له كۆماری ئازه‌ربایجان دابەشکران. له ١٠ی كانوونی یه‌كه‌می ١٩٤٧ گواستراونه‌ته‌وه سەربازگەیەک لەسەر دەریاى خەزەر لە باكۆى پایتەختى كۆماری ئازه‌ربایجان و له ڕێكه‌وتی ٢٣ی هەمان مانگدا جلوبەرگی سه‌ربازییان پێدراوه و به سه‌رپه‌رشتی ئه‌فسه‌رانی كۆماری ئازه‌ربایجان ڕۆژانه هه‌شت كاتژمێر مه‌شقی سه‌ربازییان پێ کراوە. لەهەمان کاتدا ڕۆژانە بۆ ماوەی چوار کاتژمێر لە لایەن هەندێک لە هەڤاڵەکانیانەوە کە خوێندەواریان هەبوو وانەی فێربوونی زمانی کوردی‌یان پێگوتراوەتەوە.
پاش مامەڵەى خراپى جەعفەر باقرۆڤ لەگەڵ هەڤاڵانى، بڕیار دەدرێت کەمپە سەربازییەکەى هەڤاڵانى بارزانى له ٢٩ی ئابی ١٩٤٨ له كۆماری ئازه‌ربایجانەوە بگوازرێتەوە كۆمه‌ڵگای چرچوك لە نزیك تاشكه‌ندی پایته‌ختی كۆماری ئۆزبه‌كستان و له‌وێش لە مه‌شقی سه‌ربازی بەردەوام دەبن.
ئاداری ١٩٤٩ له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵانی به شێوه‌ی ده‌سته و تاخم به شه‌مه‌نده‌فه‌ر به‌سه‌ر گونده هه‌ره‌وه‌زییه‌كانی یەكێتی سۆڤیەتدا دابه‌شكران و له كێڵگه‌ی كۆلخۆزه‌كان (ئەو زەویانەى خەڵک بە کرێ لە حکومەت دەیگرتنەوە و دواتر بەشى حکومەتیان دەدایەوە) كاریان ده‌كرد.
دواى هەوڵێکى زۆر و ناردنى چەندین نامە لەلایەن جەنەڕاڵ مستەفا بارزانییەوە بۆ ستالین، دواجار نامەیەک دەگاتە دەست ستالین کە تێیدا بارزانى باسى دەردەسەرییەکانى هەڤاڵانى خۆی دەکات و ئەویش دەستبەجێ بڕیارى پێکهێنانى لێژنەیەک دەدات بۆ لێکۆڵینەوە لە بارودۆخى هەڤاڵانى بارزانى و دواجار بڕیارى لێژنە ئەوە دەبێت کە هەموویان لە شارى ڤریڤیسکى کۆبکرێنەوە، بۆیە عەلی محەمەد مەحمود لە مانگی تشـرینی دووه‌می ١٩٥١ دەچێتە شاری ڤریڤیسكی لە سۆڤیەت.
ساڵى ١٩٥٨ کۆمارى عێراق بە سەرۆکایەتى عەبدولکەریم قاسم دادەمەزرێت، عەلی محەمەد مەحمود له ١٦ی نیسانی ١٩٥٩ له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵانی به که‌شتیی گرۆزیا له ڕێی به‌نده‌ری به‌سڕەوە له باشووری كۆماری عێراق گه‌ڕاوه‌ته‌وه كوردستان.
ساڵی ١٩٦١ له گه‌ڵ ده‌ستپێكی شۆڕشی مه‌زنی ئهیلوول دا به ماڵ و منداڵ ده‌گه‌رێته‌وه بۆ مێرگه‌سۆر و به‌شداری له شۆڕشی مه‌زنی به رابه‌رایه‌تی بارزانی ده‌كات، له دەڤەرى بادینان به‌شداری له شهڕەكانی زاوێته و سه‌ر ئاكرێ و ئه‌و سنوورانه ده‌كات.
ساڵی ١٩٦٣ له ته‌واوی شهڕەكانی نێوان ده‌ڤه‌ری بارزان و ڕواندز كردووه، ساڵی ١٩٦٣- ١٩٦٥ له‌به‌ر ئازایه‌تی و قاره‌مانیه‌تی لە به‌تالیۆنی حه‌سه‌ن خاڵ هه‌مزه، كراوه‌تە سه‌رلق، به به‌شداری له شهڕەكانی زۆزك و گه‌رووی عومه‌رئاغا و و شەڕەكانی تر كردووه.
ساڵی ١٩٨٠ دەگەڕێتەوە ڕۆژهەڵاتى کوردستان و پەیوەندى بەهێزی پێشمەرگەى شۆڕشی گولان دەکات، بەشدارى چالاکى و شەڕەکان دەکات.
سه‌رچاوەکان:
١- حامید گه‌وهه‌ری، میدالیای بارزانی به‌رزترین خه‌ڵاتی ڕێزلێنان، به‌رگی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر- چاپخانه‌ی حاجی هاشم- ٢٠١٥ز).
٢- حه‌مید گه‌ردی، پوخته‌ی مێژوونامه، چاپی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر- ده‌زگای چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئاراس- چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده - ٢٠٠٤ز).
٣- شه‌عبان عه‌لی شه‌عبان، هه‌ندێك زانیاری سیاسی و مێژوویی، چاپی سێیه‌م، (هه‌ولێر- چاپخانه‌ی ڕۆژهه‌ڵات- ٢٠١٣ز).
٤- عمر فاروقی، سردار دانا زندگی و مبارزات مرحوم ملا مصطفی بارزانی، چاپ دوم، (هه‌ولێر- چاپخانه‌ی وزارت آموزش و پرورش- ٢٠٠٢ز).
٥- عهبدولڕەحمان مه‌لا حه‌بیب ئه‌بوبه‌كر، عه‌شیره‌تی بارزان له نێوان ١٩٣١- ١٩٩١، چاپی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر- چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی رۆشنبیری- ٢٠٠١ز).
٦- عه‌بدولڵا غه‌فور، فه‌رهه‌نگی جوگرافیای هه‌ولێر، (هه‌ولێر - بڵاوكراوه‌كانی ئه‌كادیمیای كوردی- چاپخانه‌ی حاجی هاشم- ٢٠١٥ز).
٧- كاروان محه‌مه‌د مه‌جید، بارزانییه‌كان له مه‌هاباده‌وه بۆ سۆڤێت، چاپی یه‌كه‌م، (سلێمانی- چاپخانه‌ی په‌یوه‌ند- ٢٠١١ز).
٨- له یادداشتی فه‌رمانده‌ی شه‌هید حه‌سۆ میرخان ژاژۆكی، ٦٢ رۆژ له‌گه‌ڵ بارزانی دا چوونی بارزانییه‌كان بۆ یه‌كێتی سۆڤێت، چاپی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر- چاپخانه‌ی رۆشنبیری- ١٩٩٧ز).
٩- لیث عبدالمحسن جواد الزبیدی، ثورە ١٤ تموز ١٩٥٨ فی العراق، (بغداد- دار الرشید للنشر- ١٩٧٩م).
١٠- مسعود بارزانی، بارزانی و بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كورد ١٩٣١- ١٩٥٨، (دهۆك- چاپخانه‌ی خه‌بات- ١٩٩٨ز).
١١- نه‌جه‌ف قولی پسیان، له مهابادی خوێناوییه‌وه هه‌تا لێواره‌كانی ئاراس، و. شه‌وكه‌ت شێخ یه‌زدین، چاپی یه‌كه‌م، (پیرمام- یۆبیلی زێڕینی پارتی دیموكراتی كوردستان- ١٩٩٦ز).
١٢- ئەرشیفی دەستەی ئینسکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.
١٣- چاوپێکەوتن لەگەڵ خێزانى، لەلایەن سەفەر ژاۆکی، قەزاى سۆران، ١٢ى ئایارى ٢٠١٩.