ژیاننامە
عەلی شعبان ساڵى ١٩٢٥ لە گوندى هەسنکا سەربە قەزاى مێرگەسۆر لە ویلایەتی موسڵ و پارێزگای ئێستای هەولێر لەدایکبووە، لەسەر داواى بارزانى دەچێتە خوێندن، دواى گەڕانەوەى لە یەکێتى سۆڤیەت، لە ١٦ی نیسانی ١٩٥٩ لەگەڵ هەڤاڵانی بە ڕێگای ئاوی و کەشتی گروزیا دەگەڕێتەوە شاری بەسرا لە باشووری عێراق. ساڵی ١٩٧٥ دوای نسكۆی شۆڕشی ئەیلوول ئاواره‌ی ئێران بووە، له شاری كه‌ره‌ج نزیکی شاری تارانی پایتەختی ئێران نیشته‌جێ بووە، ساڵى ١٩٩٥ لە شەڕی ناوخۆ لە ناوچەی کەسنەزانی شاری هەولێر لەگەڵ کوڕێکی بە ناوی هەمزە شەهید دەکرێت.
خەباتنامە
ساڵى ١٩٤٣ لە شۆڕش دووەمی بارزان (١٩٤٣- ١٩٤٥) چەکى هەڵگرتووە و بەشداری زۆربەی شەڕەکانی کردووە.
١١ی تشرـینی یه‌كه‌می ١٩٤٥ و له دوای نسكۆی شۆڕشی دووه‌می بارزان، لەگەڵ مستەفا بارزانی و هەڤاڵانی دەپەڕنەوە ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان. دوای دامەزراندنی کۆماری دیموکراتی کوردستان لە مەهاباد، له ٣١ی ئاداری ١٩٤٦ له چوارچێوەی هێزی بارزاندا بەرگری لە كۆمار كردووه.
دواى ڕووخاندنی کۆمارى کوردستان و گەڕانەوەى بارزانى لە ڕۆژهەڵاتى کوردستانەوە بۆ باشوورى کوردستان به‌شداریی شه‌ڕکانی بەرگری لە رۆژهەڵاتی کوردستانی کردووە تاکو لە ڕێکەوتى ١٩ى نیسانى ١٩٤٧ لە سەر سنووری ئێران- عێراق خۆی بەدەستەوە نەداوە و لەگەڵ جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی بووە. جەنەڕاڵ مستەفا بارزانى لە ڕێکەوتی ٦ى ئایارى ١٩٤٧ لە گوندى ئەرگۆش کۆبوونەوەیەک بە هەڤاڵانى دەکات و سەرپشکیان دەکات لە مانەوە، یان چوون بەرەو یەکێتى سۆڤیەت، لەوێدا تەواوى هەڤاڵانى بڕیارى بەردەوامیدان و ڕۆیشتن بەرەو یەکێتى سۆڤیەت دەدەن، له ٢٢ی ئایاری ١٩٤٧ یاوەریى جەنەڕاڵ مستەفا بارزانى کردووە به‌ره‌و یه‌كێتی سۆڤیەت و لە شەڕى گه‌لی قتور (کۆتۆل) و شەڕى پردی ماكۆ بەشدارییکردووە و دواى سەختى و ماندووبوونێکى زۆر، لە ١٨ی حوزه‌یرانی ١٩٤٧ له ڕووباری ئاراس كه ده‌كه‌وێته سنووری نێوان ئێران و یه‌كێتی سۆڤیەت، بەرەو سۆڤیەت پەڕیوەتەوە.
دوای گەیشتنیان بە یەکێتی سۆڤیەت، لە ١٩ی حوزه‌یرانی ١٩٤٧ له‌گه‌ڵ گشت هه‌ڤاڵانی لە شاری نه‌خچه‌وانی کۆماری ئازه‌ربایجان بۆ ماوه‌ی چل ڕۆژ له كۆمه‌ڵگایه‌كی سه‌رئاوەڵا كه به ته‌لی دڕكاوی ده‌ورەدرابوو، دانران و له‌لایه‌ن کۆمەڵێک سه‌ربازه‌وە پاسه‌وانییان لێده‌كرا و له ڕووی خۆراك و پۆشاك و هاتوچۆوە وه‌كو دیلی شه‌ڕ مامه‌ڵەیان له‌گه‌ڵدا كراوە. دواتر له‌سه‌ر بڕیاری حکومەتی سۆڤیەت به‌سه‌ر ناوچه‌كانی ئاغدام و لاچین و ئایولاخ و کەلبەجەر له كۆماری ئازه‌ربایجان دابەشکران. له ١٠ی كانوونی یه‌كه‌می ١٩٤٧ گواستراونه‌ته‌وه سەربازگەیەک لەسەر دەریاى خەزەر لە باكۆى پایتەختى كۆماری ئازه‌ربایجان و له ڕێكه‌وتی ٢٣ی هەمان مانگدا جلوبەرگی سه‌ربازییان پێدراوه و به سه‌رپه‌رشتی ئه‌فسه‌رانی كۆماری ئازه‌ربایجان ڕۆژانه هه‌شت كاتژمێر مه‌شقی سه‌ربازییان پێ کراوە. لەهەمان کاتدا ڕۆژانە بۆ ماوەی چوار کاتژمێر لە لایەن هەندێک لە هەڤاڵەکانیانەوە کە خوێندەواریان هەبوو وانەی فێربوونی زمانی کوردی‌یان پێگوتراوەتەوە.
پاش مامەڵەى خراپى جەعفەر باقرۆڤ لەگەڵ هەڤاڵانى، بڕیار دەدرێت کەمپە سەربازییەکەى هەڤاڵانى بارزانى له ٢٩ی ئابی ١٩٤٨ له كۆماری ئازه‌ربایجانەوە دەگوازرێتەوە كۆمه‌ڵگای چرچوك لە نزیك تاشكه‌ندی پایته‌ختی كۆماری ئۆزبه‌كستان و له‌وێش لە مه‌شقی سه‌ربازی بەردەوام دەبن.
لە ئاداری ١٩٤٩ له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵانی به شێوه‌ی ده‌سته و تاخم به شه‌مه‌نده‌فه‌ر به‌سه‌ر گونده هه‌ره‌وه‌زییه‌كانی یەكێتی سۆڤیەتدا دابه‌شكران و له كێڵگه‌ی كۆلخۆزه‌كان (ئەو زەویانەى خەڵک بە کرێ لە حکومەت دەیگرتنەوە و دواتر بەشى حکومەتیان دەدایەوە) كاریان ده‌كرد.
دواى هەوڵێکى زۆر و ناردنى چەندین نامە لەلایەن جەنەڕاڵ بارزانییەوە بۆ ستالین، دواجار نامەیەک دەگاتە دەست ستالین کە تێیدا بارزانى باسى دەردەسەرییەکانى هەڤاڵانى خۆی دەکات و ئەویش دەستبەجێ بڕیارى پێکهێنانى لێژنەیەک دەدات بۆ لێکۆڵینەوە لە بارودۆخى هەڤاڵانى بارزانى و دواجار بڕیارى لێژنە ئەوە دەبێت کە هەموویان لە شارى ڤریڤیسکى کۆبکرێنەوە، بۆیە ناوبراو لە مانگی تشـرینی دووه‌می ١٩٥١ دەچێتە شاری ڤریڤیسكی لە سۆڤیەت.
لە ساڵى ١٩٥٨ کۆمارى عێراق بە سەرۆکایەتى عەبدولکەریم قاسم دادەمەزرێت، عەلی شەعبان له ١٦ی نیسانی ١٩٥٩ له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵانی به که‌شتیی گرۆزیا له ڕێی به‌نده‌ری به‌سڕەوە له باشووری كۆماری عێراق گه‌ڕاوه‌ته‌وه كوردستان.
لە سەرەتاى شۆڕشى ئەیلوول لە ساڵى ١٩٦١ عەلی شەعبان گەڕاوەتەوە ڕیزى پێشمەرگەی شۆڕشی مه‌زنی ئهیلوول كه له ژێر سه‌ركردایه‌تی سەرۆک مستەفا بارزانی بوو. عه‌لی شه‌عبان یه‌كێك له‌و تێكۆشه‌رانه به‌شدار ده‌بێت و له هه‌موو شهڕەكانی ناوچه‌كانی بارزان كه دوژمن هێرشێكی سه‌ختی ده‌هێنا به‌شداری قاره‌مانانه‌ی هه‌بوو و له به‌ر ئازایه‌تی و قاره‌مانیه‌تی به فه‌رمانی سەرۆک مستەفا بارزانی دەبێتە به‌رپرسی یه‌كه‌می باره‌گای بارزانی و ڕۆڵی به‌رچاوی له دابینكردنی باره‌گای پێشمه‌رگه هه‌بوو له ناوچه‌كانی بارزان و ڕێكان و به‌رورای و مزوری و دۆسكی و سندی و دیناریته و سیده‌كان و باڵه‌ك دەبیت.
ساڵی ١٩٦٣ به فه‌رمانی سەرۆک مستەفا بارزانی ده‌چێته دەڤەرى بێتواته ده‌بێته فه‌رمانده‌ی به‌تالیۆنی بێتواته. له شۆڕشی مه‌زنی ئهیلوول به فه‌رمانی سەرۆک مستەفا بارزانی كراوه به ئامر هێزی بێتواته له سنوری خۆشناویه‌تی و بێتوین و به‌شداری قاره‌مانه له چه‌ندین شه‌ڕ ڕووبەروو بوونەوەی دوژمن هه‌بووه، له رووی ئیداره و سه‌ربازی و كۆمه‌ڵایه‌تی ڕوڵێکی گەورەی لە شۆڕدا هەبوو. له‌و سنوره‌دا له ماوه‌ی شۆڕشی مه‌زنی ئهیلوول كه جگه له ئامیر به‌تالیۆن و نوێنه‌ری سەرۆک مستەفا بارزانی بووە، گرنگی زۆری به ئاوه‌دانی له سنووری خۆشناویه‌تی و بێتوین داوه له دروستكردنی رێگاوبان و پرد و شوێنه گشیته‌كان وه‌ك جاده‌ی دهردهشیر و رێگای ساوسێۆكان كه ئێستاش هه‌ر به ناوی جاده‌ی عه‌لی شه‌عبان ناوده‌برێت.
ساڵی ١٩٧٠ دواى ڕێككه‌وتنامه‌ی ١١ى ئازارى ١٩٧٠ و پێكهێنانی هێزه‌كانی حه‌ره‌س حدود (پاراستنی سنوور) له سنووری بالیسان بووه ئامر فه‌وج (فەرماندی بەتاڵیون).
دوای سه‌ركه‌وتنی شۆڕشی گه‌لانی ئێران به‌سه‌ر شای ئێران لە ١١ شوباتی ١٩٧٩ عه‌لی شه‌عبان، گهراوەتهوه ڕۆژهەڵاتى كوردستان و ساڵی ١٩٧٩ دوای كۆنگره‌ی نۆیه‌م ده‌بێته فه‌رمانده‌ی هێزی ١٥، ئه‌و هێزه لە چه‌ند ڕێكخراوێکى سه‌ر به لێژنه‌ی ناوچه‌ی ئازادی پێکهاتبوو. ڕۆڵی دیاره هەبوو له شۆڕشی گوڵان و فه‌رمانده‌یه‌كی نزیك و متمانه و باوه‌ڕپێكراو بووه. به‌شداری له راپه‌رینی ساڵی ١٩٩١ كردووه و چه‌ند ئه‌ركی به‌رپرسیاریه‌تی له دوای راپه‌رینی هه‌بووه و له رۆژی ١٤ی کانوونی دووەمی ١٩٩٥ خۆی و كوڕێکی به ناو هه‌مزه لە شەڕی ناوخۆ لە کەسنەزانی سەربە شاری هەولێر شەهید کران.
سەرچاوە:
١- رۆژنامه‌ی خه‌بات، رۆژی چوارشه‌ممه، ١٩ی ئەیلوولی ٢٠٠٧، به‌شی یه‌كه‌م لاپه‌ڕە ٥، رۆڵی شه‌هیدی فه‌رمانده عه‌لی شه‌عبان له شۆڕشی مه‌زنی ئه‌یلوولدا، سه‌فه‌ر یوسف میرخان ژاژوكی.
٢- رۆژنامه‌ی خه‌بات، رۆژی پێنج شه‌ممه، ٢٠ ئەیلوولی ٢٠٠٧، به‌شی دووه‌م، لاپه‌ڕە ٥، رۆڵی شه‌هیدی فه‌رمانده عه‌لی شه‌عبان له شۆڕشی مه‌زنی ئه‌یلوولدا، سه‌فه‌ر یوسف میرخان ژاژوكی.
٣- ئەرشیفى دەستەى ئینسکلۆپیدیای پارتى دیموکراتى کوردستان.