عەزیز قازی حه‌مه‌د، ناسراو بە (عەزیز قازى)، پێشمەرگە و هەڤاڵى بارزانى بۆ یەکێتى سۆڤیەت، ساڵی ١٩٢٨ له گوندی ئافریانى سه‌ر به شارەدێى هه‌ریر له قه‌زای شه‌قڵاوه له پارێزگای هه‌ولێر له‌دایكبووه، لە شۆڕشى دووەمى بارزان خەباتکاربووە، لە کۆمارى دیموکراتى کوردستان لە مەهاباد پێشمەرگە بووە، لە شۆڕشى ئەیلوول پێشمەرگە بووە، لە پێشمەرگایەتیدا فەرماندەى بەتالیۆن بووە و پێنج جار برینداربووە، لە زانکۆى بەغدا و کۆلێژى سەربازیى مامۆستا بووە، ساڵی ٢٠٠٦ کۆچی دوایی کردووە.
ژیاننامە
عەزیز قازی حه‌مه‌د، ساڵی ١٩٢٨ له گوندی ئافریان سه‌ر به ناحیه‌ی هه‌ریر له قه‌زای شه‌قڵاوه له پارێزگای هه‌ولێر له‌دایكبووه. له یه‌كێتی سۆڤیەت خوێندوویه‌تی و له ١٥ی شوباتی ١٩٥٤ له به‌شی مێژووی زانكۆی حزبی كۆمونیستی یه‌كێتی سۆڤیه‌ت (پارتی شكۆلا) له تاشكه‌ندی یه‌كێتی سۆڤیەت وه‌رگیراوە، له ١٧ی ئابی ١٩٥٥ هه‌ر له یه‌كێتی سۆڤیەت ژیانی هاوسه‌ری له‌گه‌ڵ زاهیدا بانیا ڕه‌ئیس محه‌مه‌د پێكهێناوه، له ٢٩ی ئاداری ١٩٥٩ توانی بڕوانامه‌ی به‌رزی دیپلۆم وه‌ربگرێت.
خەباتنامە
ساڵی ١٩٤٤ په‌یوه‌ندی به ڕیزه‌كانی شۆڕشی دووه‌می بارزان كردووه، بەم هۆیەوە له ١٩ی ئابی ١٩٤٥ به فه‌رمانی دادگای عورفیی سه‌ربازی دەست بە سەر گشت موڵک و ماڵە گواستراوه و نه‌گواستراوه‌کانیدا گیراوە. له ٥ی ئه‌یلوولی ١٩٤٥ به‌شداری گرتنی بنكه‌ی پۆلیسی مه‌یدان مۆریكی كردووه. له ١١ی تشرینی یه‌كه‌می ١٩٤٥ له دوای نسكۆی شۆڕشی دووه‌می بارزان ڕووده‌كاته ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان. له ٣١ی ئاداری ١٩٤٦ له هێزی بارزان-ى سه‌ر به سوپای كۆماری دیموكراتی كوردستان له به‌تالیۆنی ٣ی لقی ساڵح كانیەلنجی خزمه‌تی پێشمه‌رگایه‌تی كردووه.
دوای نسكۆی كۆماری دیموكراتی كوردستان له ٣ی ئاداری ١٩٤٧ به‌شداری شه‌ڕی سیلوه‌ى کردووە لە ڕۆژهەڵاتى کوردستان. له ٣ی ئاداری ١٩٤٧ به‌شداری شه‌ڕی نه‌لۆس و له ١٩ی ئاداری ١٩٤٧ به‌شداری شه‌ڕی نه‌غه‌ده و شنۆ و له ٢٤ی ئاداری ١٩٤٧ به‌شداری شه‌ڕی قارنه‌ى له ناوچه‌ی خانێ كردووه.
له ١٩ی نیسانی ١٩٤٧ بڕیاریداوه كه له ژێر فه‌رمانده‌یی جه‌نەڕاڵ مستەفا بارزانی له به‌رخودان به‌رده‌وام بێت. له ٢٣ی ئایاری ١٩٤٧ یاوەریى بارزانى کردووە به‌ره‌و یه‌كێتی سۆڤیەتی، له ٩ی حوزه‌یرانی ١٩٤٧ تا ١١ی حوزه‌یرانی ١٩٤٧ به‌شداری شه‌ڕه‌كانی گه‌لی قتور و پردی ماكۆی كردووه، له ١٨ی حوزه‌یرانی ١٩٤٧ له ڕووباری ئاراس كه ده‌كه‌وێته سنووری نێوده‌وڵه‌تی ئێران و یه‌كێتی سۆڤیەت، په‌ڕیوه‌ته‌وه یه‌كێتی سۆڤیەت.
له ڕێكه‌وتی ١٩ حوزه‌یرانی ١٩٤٧ له‌گه‌ڵ گشت هه‌ڤاڵانی بۆ ماوه‌ی چل ڕۆژ له كۆمه‌ڵگایه‌كی سه‌ر ئاوەڵا له نه‌خچه‌وانى كۆماری ئازه‌ربایجان دانران كه به ته‌لی دڕكاوی دهورەدرابوون و له‌لایه‌ن سه‌ربازه‌كان پاسه‌وانییان لێده‌كرا و وه‌كو دیلی شه‌ڕ له رووی خۆراك و پۆشاك و هاتوچۆ مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كرا، دواتر له‌سه‌ر بڕیاری ده‌سه‌ڵاتدارانی یه‌كێتی سۆڤیەت كۆدهكرێنەوە و به‌سه‌ر ناوچه‌كانی ئاغدام، لاچین و ئایولاخ له كۆماری ئازه‌ربایجان دابه‌شكراون، له ١٠ی كانوونی یه‌كه‌می ١٩٤٧ گواستراونه‌ته‌وه بۆ ئۆردوگای باكۆ له كۆماری ئازه‌ربایجان و له ٢٣ی كانوونی یه‌كه‌می ١٩٤٧ مه‌شقی سه‌ربازییان پێكراوه و جلوبەرگی سه‌ربازییان پێدراوه و ڕۆژانه هه‌شت كاتژمێر بۆ مه‌شقی سه‌ربازی به سه‌رپه‌رشتی ئه‌فسه‌رانی كۆماری ئازه‌ربایجان و چوار كاتژمێر بۆ خوێندن و نووسینی كوردی بووه كه له‌لایه‌ن په‌نابه‌ره خوێنده‌واره‌كان فێرده‌كران.
له ڕێكه‌وتی ٢٩ ئابی ١٩٤٨ له‌گه‌ڵ گشت هه‌ڤاڵانی له كۆماری ئازه‌ربایجان گواستراوه‌ته‌وه بۆ كۆمه‌ڵگای چرچوكى نزیك تاشكهندى پایته‌ختی كۆماری ئۆزبه‌كستان و هه‌ر له‌وێش به‌رده‌وامییان به مه‌شقی سه‌ربازی داوه، مانگی ئاداری ١٩٤٩ له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵانی به شێوه‌ی ده‌سته و تاخم به شه‌مه‌نده‌فه‌ر به‌سه‌ر گونده هه‌ره‌وه‌زیه‌كان دابه‌شكران و له‌ناو كێڵگه‌ی كۆلخۆزه‌كان (کێڵگە ناحکومییەکان) كاریان ده‌كرد، مانگی تشرینی دووه‌می ١٩٥١ ناوبراو ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ڤریڤیسكی، له ١٦ی نیسانی ١٩٥٩ له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵانی به كه‌شتیی گرۆزیا له ڕێی به‌نده‌ری به‌سڕه له باشووری كۆماری عێراق گه‌ڕاوه‌ته‌وه باشووری كوردستان.
به بڕیاری ژماره ٣٩٧١ له ڕێكه‌وتی ٤ حوزه‌یرانی ١٩٥٩ به مامۆستای زمانی ڕووسی له زانكۆی به‌غدا دامه‌زراوە و له كۆلیژی سه‌ربازی ده‌رسی گووتوەتەوە، هه‌روەها له سنووری لقی پێنجی پارتی دیموكراتی كوردستان له به‌غدا خه‌باتی كردووە، له‌گه‌ڵ سه‌ید عه‌زیز سه‌ید عه‌بدوڵا كاری ڕێكخراوی پارتیان به‌ڕێوه‌ده‌برد له نێو ئه‌فسه‌ر و سه‌ربازه‌كانی كورد له سوپا بۆ هاتنه ڕیزى حزب.
له ٣ی ئاداری ١٩٦٣ به‌شداری شۆڕشی ئەیلوولی كردووه. له ٢٨ی ئابی ١٩٦٣ به‌شداری شه‌ڕی تاقه‌كانی كفری كردووه. له ١٥ی تشرینی دووه‌می ١٩٦٤ سه‌رلق بووه له ناوچه‌ی بازیان. له ٣ی ئاداری ١٩٦٥ فه‌رمانده‌ی به‌تالیۆنی ٩ی هێزی قه‌ره‌داغ و ساڵی ١٩٦٦ فه‌رمانده‌ی به‌تالیۆنی ٤ی هێزی قه‌ره‌داغ بووه، له ٩ی ته‌مووزی ١٩٦٦ به‌شداری شه‌ڕی ده‌شتی شاره‌زووری كردووه و چاوی ڕاستی له‌ده‌ستداوه. له ٦ی ئایاری ١٩٦٧ سه‌ر له نوێ بووەتەوە بە فه‌رمانده‌ی به‌تالیۆنی ٩ی هێزی قه‌ره‌داغ. له ١٥ی ئابی ١٩٦٨ فه‌رمانده‌ی به‌تالیۆنی ٢ی هێزی كاوه بووه. له ١١ی شوباتی ١٩٦٩ بۆ جاری سێیه‌م فه‌رمانده‌ی به‌تالیۆنی ٤ی هێزی قه‌ره‌داغ بووه. له دوای ڕێكه‌وتنی ١١ ئازاری ١٩٧٠ كرا به جێگری فه‌رمانده‌ی فه‌وجی ٥ی پاسه‌وانی سنور. ساڵی ١٩٧١ بووه بە جێگری فه‌رمانده‌ی هێزی قه‌ره‌داغ. ساڵی ١٩٧٤ بووه فه‌رمانده‌ی هێزی كه‌ركووك.
ساڵی ١٩٧٥ دوای نسكۆی شۆڕشی ئهیلوول وه‌ك په‌نابه‌ر ڕوو ده‌كاته شانشینی ئێران و له شاری نه‌غه‌ده‌ى ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان نیشته‌جێ بووه و له ١٠ی ئابی ١٩٧٥ ماڵی خۆی گواستوەتەوە بۆ شاری ڕه‌شت. له ماوه‌ی خزمه‌تی پێشمه‌رگایه‌تی پێنج جار بریندار بووه. له ١٧ی ئایاری ١٩٧٦ له شاری سكرامێنتۆى ویلایه‌تی كالیفورنیا نیشته‌جێ بووە.
له ١٣ی تشرینی یه‌كه‌می ١٩٩٩ له کۆنگرەی دوازدەیەمی پارتی دیموکراتی کوردستان له‌به‌ر خه‌بات و به‌رخودانی له شۆڕشی دووه‌می بارزان، كۆماری دیموكراتی كوردستان، ڕێڕه‌و به‌ره‌و یه‌كێتی سۆڤیەت و شۆڕشی ئەیلوول له‌لایه‌ن سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی میدالیای بارزانی نه‌مری پێبه‌خشراوه، له ١٣ی حوزه‌یرانی ٢٠٠٦ به خزمه‌ت سه‌رۆك مەسعود بارزانی شاد ده‌بێت و له هه‌مان ڕۆژ كۆچی دوایی كردووه.
سه‌رچاوه‌كان:
-
ئه‌رشیفی دەستەی ئینسکلۆپیدیای پارتی دیموكراتی كوردستان.
- حامید گه‌وهه‌ری، میدالیای بارزانی به‌رزترین خه‌ڵاتی ڕێزلێنان، به‌رگی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی حاجی هاشم – ٢٠١٥).
- حه‌مید گه‌ردی، پوخته‌ی مێژوونامه، چاپی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر - ده‌زگای چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئاراس - چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده - ٢٠٠٤).
- حیدر فاروق السامرائي، ضیا‌ء جعفر ودوره السیاسي و الاقتصادي في العراق، (لندن – دارالحكمة – ٢٠١٦).
- له یادداشتی فه‌رمانده‌ی شه‌هید حه‌سۆ میرخان ژاژۆكی، ٦٢ رۆژ له‌گه‌ڵ بارزانی دا چوونی بارزانییه‌كان بۆ یه‌كێتی سۆڤیەت، چاپی یه‌كه‌م (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی رۆشنبیری – ١٩٩٧).
- مسعود بارزانی، بارزانی و بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كورد ١٩٣١ - ١٩٥٨، (دهۆك - چاپخانه‌ی خه‌بات – ١٩٩٨).
- ئەرشیفی دەستەی ئینسکلۆپیدیا، فۆرمی عەزیز قازی حه‌مه‌د بابه‌كر، پیرمام، ١ تشرینی دووه‌می ٢٠١٨.