ژیاننامە
محه‌مه‌د له دوای خۆی قادۆ و محه‌مه‌د كه دوای شه‌هیدبوونی باوكی لە تەمەنی یەک مانگی ده‌بێته‌وه هه‌ڵگری ناوی محه‌مه‌دی باوكی، به‌جێ ده‌هێلێت. له دوای كوژرانی كاپتان سكۆت حاكمی ئاكرێ و كۆلۆنیل بیل حاكمی موسڵ له ٤ی تشرینی دووه‌می ١٩١٩ ناوچه‌ی كوژرانه‌كه بۆ فارس ئاغای زێباری ئه‌ژمار كرا و هێزه‌كانی سوپای عێراق و به پشتیوانی هێزی ئاسمانی ئینگلیز ده‌ستی به هێرش كرد و گونده‌كانی ناوچه‌ی زێبار و له‌وانه‌ش گوندی بانییه كه‌وته به‌ر بۆمبارانی فڕۆكه‌كانی ئینگلیز و ئه‌م كرده‌وه نامرۆڤانه‌یه شه‌هید و برینداری لێكهوتهوه. قادۆی باوكی له‌گه‌ڵ فارس ئاغا ڕێگای ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستانیان گرته‌به‌ر و چوونه لای سمكۆی شكاك و به‌شدار بوون له شۆڕشی سمكۆ تا ٥ی ئایاری ساڵی ١٩٢١گهڕانهوه باشووری كوردستان. به هۆی ئه‌وه‌ی بنه‌ماڵه‌كەی موریدی ڕێبازی ته‌كییه‌ی بارزان بوونە، په‌یوه‌ندی به‌رده‌وامیان له‌گه‌ڵ مه‌لا مستەفا بارزانی هه‌بووە، له‌گه‌ڵ مه‌حمود ئاغای زێباری هاوكاری شۆڕشی دووه‌می بارزان کردووە و به‌شدار بووه له‌شه‌ڕی ١٩٤٥ی چیای پیرس.
خەباتنامە
عەبدوڵا قادۆ، له ساڵی ١٩٦٢ له گوندی بانییه دێته ئاكرێ، به‌ڵام به‌هۆی ناله‌باری بارۆدۆخ ناتوانێت ڕاسته‌وخۆ په‌یوه‌ندی به شۆڕشه‌وه بكات و په‌یوه‌ندییه‌كان به‌نهێنی ده‌مێننه‌وه تا ڕەخسانی ده‌رفه‌ت، له سه‌ره‌تای ساڵی ١٩٧٠ دوای چاوپێكه‌وتن له‌گه‌ڵ ڕێبه‌ری کورد مستەفا بارزانی به ئاماده‌بوونی سه‌رۆك مەسعود بارزانی كه ئه‌وكات به‌رپرسی ده‌زگای پاراستن بوو، دێته‌وه ناو ڕیزه‌كانی شۆڕش، دوای ڕێككه‌وتنی ١١ی ئاداری ١٩٧٠ و ڕێكخستنه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان له شۆڕشی ئەیلوول و دامه‌زراندنی هێزی ئاكرێ به ئامر هێزی زۆبێر مەحمود زێباری له هێزی ئاكرێ ده‌بێته ئامر بهتاڵیونی دوویی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان. شه‌هید عەبدوڵا قادۆ بەشداری شهڕەكانی بهردهڕەش، ههزارجوت، له‌كان، خه‌لیلكان، شێره‌سوار، شه‌ڕی سه‌رده‌ریا ساڵی ١٩٧٠، شه‌ڕی له‌كان ساڵی ١٩٧١، شەڕی گرگۆران ساڵی ١٩٧٢ و له‌و شهڕەدا بریندار بووه، شه‌ڕی ئاكرێ ساڵی ١٩٧٣، شهڕەكانی ساڵی ١٩٧٤ له‌وانه‌ش ڕاویته، بهردهڕەش، جسری مه‌ندان، باشیك و بارزان له نزیك موسڵ، هژیرۆك، چیای مه‌قلوب، شه‌رمن، ڕابیشات، خێلافت، باكرمان، باژێره، ساڵی ١٩٧٥ شه‌ڕی سه‌ری شۆش و باكرمان.
ساڵی ١٩٧٥ دوای نسكۆی شۆڕشی ئەیلوول ئاواره‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان (وڵاتی شاهنشاهی ئێران) بووه، ساڵی ١٩٧٦ و ده‌ستپێكی شۆڕشی گوڵان په‌یوه‌ندی به سه‌ركردایه‌تی شۆڕشه‌وه ده‌كات و له لایه‌ن جه‌نابی سه‌رۆك مەسعود بارزانی و ئیدریس بارزانى نه‌مره‌وه راده‌سپێردرێت بۆ ئاگاداركردن، ڕێكخستن و ناردنه‌وه‌ی ئاواره‌كان له شاره‌كانی وڵاتی ئێران، بۆ به‌شداری كردن له شۆڕشی گوڵان له باشووری كوردستان، له‌و پێناوه‌شدا چه‌ندین جار له لایه‌ن ده‌زگای ساواكی ئێرانه‌وه ده‌ستبه‌سه‌ر ده‌كرێت و هه‌رجار به‌ر ده‌درێت به هۆی ئه‌وه‌ی ناوی له نیو ئاواره‌كان، خزم، دۆست و ناسیاوه‌كانی عەبدوڵا قادۆ بوو و له لای حكومه‌تی شاهنشاهی ئێران به عەبدوڵا قادر ده‌ناسرا و تۆمار كرابوو، دوای ڕوخانی ڕژێمی شای ئێران ڕاسته‌وخۆ په‌یوه‌ندی به شۆڕشی گوڵان و سه‌رۆك مەسعود بارزانی ده‌كات و به ماڵ و خێزانه‌وه له شاری ساوه‌ی ئێران ده‌گه‌ڕێته‌وه كوردستان بۆ ئوردوگای زێوه‌ی په‌نابه‌ران، له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌كانی ده‌بێته پاسه‌وانی جه‌نابی سه‌رۆك و مه‌كته‌بی سیاسی تا كۆتایی ساڵی ١٩٨١، وه‌كو ئامر هێز و فه‌رمانده به‌شدار شه‌ڕی یه‌كه‌می حاجی ئومه‌ران، شه‌ڕی دووه‌می حاجی ئومه‌ران ده‌كات.
ساڵی ١٩٨٢ وه‌كو هێزێكی كاریگه‌ر بۆ بهڕەنگاربوونەوەی حكومه‌تی عێراق ده‌گه‌ڕێته‌وه باشووری كوردستان و فەرماندەیی شەڕەکانی ساڵی ١٩٨٢ی مهیدانكا ڕێفیا، كانی چنارۆك، گرتنی سه‌نگه‌ره‌كانی دوژمن له چیایی گاره، شه‌ڕی گرتنی سه‌نگه‌ره‌كانی دوژمن له سه‌ری باكرمان، شه‌ڕی سیانا گاره‌ی کردووە، لە شەڕی سینا گارەی ماوه‌ی سێ شه‌و و رۆژ دوژمن به‌رده‌وامبوو له هێرش كردن بۆ سه‌ر بارەگای لێژنه‌ی ناوچه‌ی ئاكرێ و دوای شكست خواردن ناچار به پاشه‌كشێ كرا و له‌م شهڕەدا دوو هه‌لیكۆپته‌ری دوژمن خرایه خواره‌وه و بریندار بووه، (ئه‌م شه‌ڕە هۆشیار زێباری سه‌رپه‌ره‌شت و بابكر زێباری به‌رپرسی سه‌ربازی بوو) بەشداری شەڕەکانی ساڵی ١٩٨٣ی نێو شاری ئاكرێ، شه‌ڕی سه‌ربازگه‌ی شێلادزی، شه‌رمن و باكرمان، هه‌ر له‌و ساڵه‌دا شهڕەكانی هیزانكێ، چۆمان و ده‌ربه‌ند، سه‌ری گلاڵه، گه‌ریا بێشێ، سیده‌كان، شه‌ڕی سه‌ری هه‌ڵگورد و لێدانی هه‌لیكۆپته‌ره‌كانی سوپای عێراق كه گرفتیان بۆ پێشمه‌رگه دروستكردبوو و له شهڕەدا ههلیكوپتهرێكی سوپای عێراق خرایه خواره‌وه، له ١٥ی حوزیرانی ١٩٨٧ ئه‌ندامی لێژنه‌ی ئاكرێ و به‌رپرسی به‌شی عه‌سكه‌ری بووه، ساڵی ١٩٨٧ شه‌ڕی خرێنه و لوڵان، چیای كۆله‌ك، شه‌ڕی مێرگه‌سۆر و له‌و شهڕەدا بریندار بووه، شه‌ڕی ده‌راڤا شنیێ ساڵی ١٩٨٨ و له كاتی ئه‌نفال، له ئه‌نفاله‌كانی بادینان له ناوچه‌كه ده‌مێنێته‌وه تاكو مانگی تشرینی یه‌كه‌م و ده‌گەڕێته‌وه ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان و ڕاپورتێكی گشتی له‌باره‌ی دوا قۆناغی ئه‌نفال و چاره‌نووسی گیراو و ئه‌نفالكراوان ڕاده‌ستی سه‌رۆك ده‌كات.
لە ڕاپەڕین لە فەرماندە دەست نیشانکراوهكانی مەکتەب سیاسی بۆ میحوەری ئاکرێ بوو، لە دوای ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ بەشداری شه‌ڕی كهلهكا یاسین ئاغا (كه‌له‌ك)، شه‌ڕی مهنگوبه، شه‌ڕی باشیك و بارزانی نزیك موسڵ، دووبه‌ردان كه له‌م شهڕەدا شانی بریندار بووه، جسری مه‌ندان، كانیلان، بهردهڕەشی یه‌كه‌م، بهدهڕەشی دووه‌م، شه‌ڕی قه‌ڵای سه‌ربازی ئاكرێ کردووە. له ماوه‌ی پێشمه‌رگایه‌تی خۆی نۆ جار بریندار بووه تاكو دواجار له ١٣ی تشرینی یه‌كه‌می ساڵی ١٩٩٢ به پله‌ی جێگری سوپای شه‌ش و له كاتی به‌رگریكردنی له ده‌سه‌ڵاتی یاسایی خه‌ڵكی كوردستان و حكومه‌ت و په‌رله‌مانی كوردستان له كهلا شابانییێ له ناوچه‌ی بێگوڤا سه‌ر به زاخۆ شه‌هید بووە و له گۆڕستانی بهروكا سه‌یدا له ئاكرێ به‌خاك سپێردراوه.
سەرچاوە:
١.ئـهرشیفی ده‌سته‌ی ئینسكلۆپیدیای پارتی دیموكراتی كوردستان.