ژیاننامە
عیسا سوار عیسا، ساڵى ١٩٢٦ لە گوندى سێلکێی ناحیەى شێروان مەزنی قەزاى مێرگەسۆرى پارێزگاى هەولێر لەدایک بووە، ساڵى ١٩٤٥ دواى نسکۆی شۆڕشی دووەمی بارزان ئاوارەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووە، رۆژی٢٠ى ئادارى ١٩٧٥ عیسا سوار لەگەڵ دوو پێشمەرگەى تر بەدەستى خیانەتکاران شەهید دەکرێت.
خەباتنامە
ساڵی ١٩٤٣ په‌یوه‌ندیی به ڕیزه‌كانی شۆڕشی دووەمی (١٩٤٣- ١٩٤٥) بارزانەوە كردووه، لە چیاى برادۆست لە سەنگەرى بەرگرى کردن دەبێت دژى سوپاى عێراق، له ١١ی تشرینی یه‌كه‌می ١٩٤٥ له دوایی نسكۆی شۆڕشی دووه‌می بارزان ڕوویکردۆتە ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان، له ٣١ی ئاداری ١٩٤٦ له هێزی بارزانی سه‌ر به سوپای کۆماری دیموکراتى کوردستان لە شاری مەهاباد بۆتە پێشمەرگە، له شهڕەكانی به‌ره‌ی نەغەدە و شنۆ له كۆماری دیموكراتی كوردستان به‌شداری كردووه، لە شه‌ڕی قەڵاتان بریندار بووە.
دوای نسکۆی کۆماری دیموکراتی کوردستان، لەو پێشمەرگانە بووە کە لە ١٩ی نیسانى ١٩٤٧ لە ڕێگاى خواکوڕک و دەشتى بەرازگرەوە بە خاکى باکوورى کوردستانى لە گوندى خواکوڕک بۆ گوندى ئەرگۆش و دەڤەرى هەرکى بنەجێ گەڕاوەتەوە.
دواى گەڕانەوەیان، جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی لە ١٥ى ئایارى ١٩٤٧ لە گوندى ئەرگۆش کۆبوونەوەیەک بە هەڤاڵانى دەکات و سەرپشکیان دەکات لە مانەوە، یان چوون بەرەو یەکێتى سۆڤیەت، لەوێدا تەواوى هەڤاڵانى بڕیارى بەردەوامیدان و ڕۆیشتن بەرەو یەکێتى سۆڤیەت دەدەن،
له ٢٢ی ئایاری ١٩٤٧ یاوەریى جەنەڕاڵ مستەفا بارزانى کردووە به‌ره‌و یه‌كێتی سۆڤیەت و لە شەڕى گه‌لی کۆتۆڵ (قتور) و شەڕى پردی ماكۆ بەشدارییکردووە و دواى سەختى و ماندووبوونێکى زۆر، لە ١٨ی حوزه‌یرانی ١٩٤٧ له ڕووباری ئاراس كه ده‌كه‌وێته سنووری نێوان ئێران و یه‌كێتی سۆڤیەت، بەرەو سۆڤیەت پەڕیوەتەوە.
دوای گەیشتنیان بە یەکێتی سۆڤیەت، لە ١٩ی حوزه‌یرانی ١٩٤٧ له‌گه‌ڵ گشت هه‌ڤاڵانی لە شاری "نه‌خچه‌وان"ی کۆماری ئازه‌ربایجان بۆ ماوه‌ی چل ڕۆژ له كۆمه‌ڵگایه‌كی سه‌رئاوەڵا كه به ته‌لی دڕكاوی ده‌ورەدرابوو، دانران و له‌لایه‌ن کۆمەڵێک سه‌ربازه‌وە پاسه‌وانییان لێده‌كرا و له ڕووی خۆراك و پۆشاك و هاتوچۆوە وه‌كو دیلی شه‌ڕ مامه‌ڵەیان له‌گه‌ڵدا كراوە. دواتر له‌سه‌ر بڕیاری حکوومەتی سۆڤیەت به‌سه‌ر ناوچه‌كانی ئاغدام و لاچین و ئایولاخ و کەلبەجەر له كۆماری ئازه‌ربایجان دابەشکران. له ١٠ی كانوونی یه‌كه‌می ١٩٤٧ گواستراونه‌ته‌وه بۆ سەربازگەیەک لەسەر دەریاى خەزەر لە باكۆى پایتەختى كۆماری ئازه‌ربایجان و له ڕێكه‌وتی ٢٣ی هەمان مانگدا جلوبەرگی سه‌ربازییان پێدراوه و به سه‌رپه‌رشتی ئه‌فسه‌رانی كۆماری ئازه‌ربایجان ڕۆژانه هه‌شت كاتژمێر مه‌شقی سه‌ربازییان پێ کراوە. لەهەمان کاتدا ڕۆژانە بۆ ماوەی چوار کاتژمێر لە لایەن هەندێک لە هەڤاڵەکانیانەوە کە خوێندەواریان هەبوو، وانەی فێربوونی زمانی کوردی‌یان پێگوتراوەتەوە.
پاش مامەڵەى خراپى جەعفەر باقرۆڤ لەگەڵ هەڤاڵانى بارزانى، بڕیاردەدرێ کەمپە سەربازییەکە له ٢٩ی ئابی ١٩٤٨ له كۆماری ئازه‌ربایجانەوە بگوازرێتەوە بۆ كۆمه‌ڵگای چرچوك لە نزیك "تاشكه‌ند"ی پایته‌ختی كۆماری ئۆزبه‌كستان و له‌وێش لە مه‌شقی سه‌ربازی بەردەوام دەبن.
لە ئاداری ١٩٤٩ له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵانی به شێوه‌ی ده‌سته و تاخم به شه‌مه‌نده‌فه‌ر به‌سه‌ر گونده هه‌ره‌وه‌زییه‌كانی یەكێتی سۆڤیەتدا دابه‌شكران و له كێڵگه‌ی كۆلخۆزه‌كان (ئەو زەویانەى خەڵک بە کرێ لە حکومەت دەیگرتنەوە و دواتر بەشى حکومەتیان دەدایەوە) كاریان ده‌كرد.
دواى هەوڵێکى زۆر و ناردنى چەندین نامە لەلایەن جەنەڕاڵ بارزانییەوە بۆ ستالین، دواجار نامەیەک دەگاتە دەست ستالین کە تێیدا بارزانى باسى دەردەسەرییەکانى هەڤاڵانى خۆی دەکات و ئەویش دەستبەجێ بڕیارى پێکهێنانى لێژنەیەک دەدات بۆ لێکۆڵینەوە لە بارودۆخى هەڤاڵانى بارزانى و دواجار بڕیارى لێژنە ئەوە دەبێت کە هەموویان لە شارى ڤریڤسکى کۆبکرێنەوە، بۆیە عیسا سوار لە مانگی تشرینی دووه‌می ١٩٥١ دەچێتە شاری ڤریڤیسكی لە سۆڤیەت.
لە ساڵى ١٩٥٨ کۆمارى عێراق بە سەرۆکایەتى عەبدولکەریم قاسم دادەمەزرێت، عیسا سوار له ١٦ی نیسانی ١٩٥٩ له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵانی به که‌شتیی گرۆزیا له ڕێی به‌نده‌ری به‌سڕەوە له باشووری كۆماری عێراق گه‌ڕاوه‌ته‌وه كوردستان.
ساڵی ١٩٥٩ بەهۆی ئەنجامدانی چالاکیيەکی شۆڕشگێڕی لەشاری موسڵ، عیسا سوار دەستگیر دەکرێ و رەوانەی شاری سلێمانی دەکرێ و لەوێش دەیگوازنەوە بۆ شاری کەرکوک و باقوبە و ئەویش زۆر چاونەترسانە بە شێوەیەکی ئەفسانەیی بە هاوکاری رێکخستنەکانی پارتی، خۆی لە دەستی هێزە ئەمنیيەکانی عێراق رزگار دەکات و دەگەڕێتەوە بۆ بارزان.
ساڵی ١٩٦١ دوای بەرپابوونی شۆڕشی ئەیلوول، عیسا سوار چەکی پێشمەرگایەتی دەکاتەوە شانی و بەشداری لە شۆڕش دەکات و هاوڕێیەتی بارزانی نه‌مر دەکات لە دەڤەری بادینان.
ساڵی ١٩٦٢ بە فەرمانی بارزانی نه‌مر، عیسا سوار فەرماندەیی سنووری زاخۆی پێ دەسپێردرێ، بەشدارى دەیان داستانی گەورە دەکات وەک : داستانی عێن زالە و گەلی سپی و سەری ئاسهێ و بانیا نێرگزی و دێرەبونی و پیشخابوری و کانی ماسێ و خەرابا و ئاڤگەنیێ و چیای مەتین، دوژمن بەتەواوی لەو سنوورە تێک دەشکێنن، بۆیەش بەدرێژایی شۆڕشی ئەیلول عیسا سوار هەر بەفەرماندەیی ئەو سنوورە دەمێنێتەوە هەتا نسکۆی ساڵی ١٩٧٥. رۆژی٢٠ى ئادارى ١٩٧٥ عیسا سوار لەگەڵ دوو پێشمەرگەى تر بەدەستى خیانەتکاران شەهید دەکرێت.
سه‌رچاوه‌كان:
١- حامید گه‌وهه‌ری، میدالیای بارزانی به‌رزترین خه‌ڵاتی ڕێزلێنان، به‌رگی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر- چاپخانه‌ی حاجی هاشم- ٢٠١٥ز).
٢- حه‌مید گه‌ردی، پوخته‌ی مێژوونامه، چاپی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر- ده‌زگای چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئاراس- چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده- ٢٠٠٤ز).
٣- شه‌عبان عه‌لی شه‌عبان، هه‌ندێك زانیاری سیاسی و مێژوویی، چاپی سێیه‌م، (هه‌ولێر- چاپخانه‌ی ڕۆژهه‌ڵات- ٢٠١٣ز).
٤- عمر فاروقی، سردار دانا زندگی و مبارزات مرحوم ملا مصطفی بارزانی، چاپ دوم، (هه‌ولێر- چاپخانه‌ی وزارت آموزش و پرورش- ٢٠٠٢ز).
٥- عهبدولڕەحمان مه‌لا حه‌بیب ئه‌بوبه‌كر، عه‌شیره‌تی بارزان له نێوان ١٩٣١- ١٩٩١، چاپی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر- چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی رۆشنبیری- ٢٠٠١ز).
٦- عه‌بدولڵا غه‌فور، فه‌رهه‌نگی جوگرافیای هه‌ولێر، (هه‌ولێر- بڵاوكراوه‌كانی ئه‌كادیمیای كوردی- چاپخانه‌ی حاجی هاشم - ٢٠١٥ز).
٧- كاروان محه‌مه‌د مه‌جید، بارزانییه‌كان له مه‌هاباده‌وه بۆ سۆڤێت، چاپی یه‌كه‌م، (سلێمانی- چاپخانه‌ی په‌یوه‌ند- ٢٠١١ز).
٨- له یادداشتی فه‌رمانده‌ی شه‌هید حه‌سۆ میرخان ژاژۆكی، ٦٢ رۆژ له‌گه‌ڵ بارزانی دا چوونی بارزانییه‌كان بۆ یه‌كێتی سۆڤێت، چاپی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر- چاپخانه‌ی رۆشنبیری- ١٩٩٧ز).
٩- لیث عبدالمحسن جواد الزبیدی، ثورە ١٤ تموز ١٩٥٨ فی العراق، (بغداد- دار الرشید للنشر- ١٩٧٩م).
١٠- مسعود بارزانی، بارزانی و بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كورد ١٩٣١- ١٩٥٨، (دهۆك- چاپخانه‌ی خه‌بات- ١٩٩٨ز).
١١- نه‌جه‌ف قولی پسیان، له مهابادی خوێناوییه‌وه هه‌تا لێواره‌كانی ئاراس، و. شه‌وكه‌ت شێخ یه‌زدین، چاپی یه‌كه‌م، (پیرمام- یۆبیلی زێڕینی پارتی دیموكراتی كوردستان- ١٩٩٦ز).
١٢- ئەرشیفی دەستەی ئینسکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.