عومەر شەریف

عومەر شەریف عه‌بدوڵا، ناسراو به‌ عومەر زه‌نگه‌نه، فه‌رمانده‌ و سیاسه‌تمه‌دار، ساڵی ١٩٥٨ په‌یوه‌ندی به‌ ڕیزه‌كانی یه‌كێتی قوتابیانی كوردستان‌ و ڕیزه‌كانی پارتییه‌وه‌ كردووه‌، ساڵی ١٩٦٤ له‌ كۆنگره‌ی شه‌شه‌م بووه‌ته‌ ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی پارتی دیموكراتی كوردستان و له‌لایه‌ن سه‌رۆك مستەفا بارزانی پاڵێوراوه‌.


ژیاننامه‌

عومەر شەریف عه‌بدوڵا ساڵی ١٩٤١ لە پارێزگای كه‌ركووك له‌ دایكبووه‌، قۆناغی سه‌ره‌تایی و ناوه‌ندی له‌ شاری سلێمانی و قۆناغی دواناوه‌ندی له‌ شاری كه‌ركووك ته‌واو كردووه، ده‌رچووی قۆناغی ئاماده‌یییه‌،‌ ساڵی ١٩٥٨ په‌یوه‌ندی به‌ ڕیزه‌كانی یه‌كێتی قوتابیانی كوردستانه‌وه‌ كردووه‌.


خه‌باتنامه‌

عومەر شەریف عه‌بدوڵا ساڵی ١٩٥٨ په‌یوه‌ندی به‌ ڕیزه‌كانی پارتییه‌وه‌ كردووه‌،‌ ساڵی ١٩٥٩ سه‌رۆكی سه‌ندیكای كرێكارانی كه‌ركووك بووه‌، ساڵی ١٩٦١ په‌یوه‌ندی به‌ ڕیزه‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌وه‌ كردووه‌ و هەمان ساڵ به‌شداری‌ شه‌ڕی خاڵۆبازیانی له‌ سنووری پارێزگای كه‌ركووك دژ به‌ هێزی زه‌مینی سوپای عێراقی كردووه‌، ساڵی ١٩٦٢ به‌شداری هه‌ڵمه‌تی شاری كه‌ركووكی كردووه‌، ساڵی ١٩٦٤ دژ به‌ بڕیاره‌كانی كۆبوونه‌وه‌ی فراوانی ماوه‌ت كه‌ له‌لایه‌ن گروپی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان ساز درابوو وه‌ستاوه‌ و پشتگیری سه‌رۆك مستەفا بارزانی (١٩٠٣ـ١٩٧٩) كردووه‌.

له‌ سه‌ره‌تای مانگی حوزه‌یرانی ١٩٦٤دا به‌ ئه‌ندامی لێژنه‌ی ئاماده‌كاری كۆنگره‌ی شه‌شه‌می پارتی دیموكراتی كوردستان هه‌ڵبژێردراوه‌، ساڵی ١٩٦٤ له‌ كۆنگره‌ی شه‌شه‌م بووه‌ته‌ ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی پارتی دیموكراتی كوردستان کە له‌لایه‌ن سه‌رۆك مستەفا بارزانی پاڵێوراوه‌، ساڵی ١٩٦٤ كراوه‌ته‌ به‌رپرسی لێژنه‌ی لقی چواری پارتی دیموكراتی كوردستان، هەمان ساڵ  به‌ به‌رپرسی لێژنه‌ی‌ لقی سێی پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌ستنیشانكراوه‌‌، ساڵی ١٩٦٤ له‌ شاری كه‌ركووك به‌شداری به‌ ئه‌سپاردنه خاكی شه‌هید سه‌ید وه‌لی پایسكلچی له‌ ئه‌ندامانی لێژنه‌ی لقی سێ پارتی دیموكراتی كوردستانی كردووه‌ كه‌ به‌ ده‌ستی توركمانه‌ ڕە‌گه‌زپه‌ره‌سته‌كان به‌ هاوكاری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایشی كه‌ركووكی حكومه‌تی عێراقی كردووه‌ و پارچه‌ هۆنراوه‌یەکی له‌سه‌ر گڵكۆی شه‌هید خوێندووه‌، وێڕای ئەوەی‌ له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق خه‌ڵاتێكی ده‌هه‌زار دیناری بۆ دەستگیرکردنی دانرابوو، ساڵی ١٩٦٤ نوێنه‌ری كۆنگره‌ی  قه‌ڵادزی (دووه‌می گه‌ل) بووه‌ و هەمان ساڵ به‌ ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی شۆڕش له‌ كوردستانی عێراق ده‌ستنیشانكراوه‌.

 به‌شداری لە شه‌ڕە‌كانی زه‌نبوور و ناوچه‌ی زه‌نگه‌نه‌ له‌ سنووری پارێزگای كه‌ركووك دژ به‌ هێزی زه‌مینی سوپای عێراقی كردووه‌، ساڵی ١٩٦٥ به‌ پیاده‌ و به‌ مه‌به‌ستی پته‌وكردنی ڕێكخستنه‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستان و بێ پاسه‌وان گشت ناوچه‌كانی پارێزگای سلێمانی و كه‌ركووك گه‌ڕاوه‌، له‌ نیسانی ساڵی ١٩٦٦دا له‌ لایه‌ن گروپی ئیبراهیم ئەحمەد ـ جەلال تاڵەبانیە‌وه‌ و به‌ پیلانی فه‌رمانده‌ی هێزی قه‌ره‌داغ سه‌ر به‌ له‌شكری سێ كه‌ له‌ شۆڕشی ئه‌یلوول هه‌ڵگه‌ڕابوونه‌وه‌ و چووبوو‌نه‌ پاڵ ڕژێم و سوپای عێراقه‌وه‌ له‌ گوندی قڕگه‌ له‌ سنووری پارێزگای سلێمانی له‌گه‌ڵ پۆلێك له‌ هه‌ڤاڵانیدا ده‌ستبه‌سه‌ر كرا و له‌ ١٢ی حوزه‌یرانی ١٩٦٦ له‌لایه‌ن چه‌كداره‌كانی گروپی ئیبراهیم ئەحمەد ـ جەلال تاڵەبانی به‌ به‌ندكراوی ده‌گه‌یندرێته‌ گوندی كرژە له‌ سنووری پارێزگای سلێمانی، له‌سێداره‌ دراوه‌ و تا ئێستا گۆڕبزره‌‌ و نازانرێ له‌ كام شوێن شه‌هید كراوه‌،  له‌ ١٦ی ئابی ٢٠١٨ سه‌رۆك مەسعود بارزانی مێدالیای بارزانیی نه‌مری پێ ده‌به‌خشێ و له‌باتی ئه‌و ده‌درێته‌ کچەکەی بەناوی ژیان عومەر شەریفی کە هۆزانڤان بووه‌. شاره‌زای زمانه‌كانی كوردی، عه‌ره‌بی و توركمانی بووه‌.


سه‌رچاوه‌كان:

  1. ئه‌رشیفی ده‌سته‌ی ئینسكلۆپیدیای پارتی دیموكراتی كوردستان. 

  2. محمد عبدالرحمن زه‌نگنه‌، مێژووی عه‌شیره‌تی زه‌نگنه‌، چاپی دووه‌م، (سلێمانی ـ چاپخانه‌ی ڕوون ـ ٢٠١٢ز)، ل ٧.

  3. عه‌قیله‌ ڕواندزی، یاد و ئافه‌رین، (هه‌ولێر ـ سه‌نته‌ری شاووشكا بۆ چالاكی ڕۆشنبیری ـ چاپخانه‌ی په‌روه‌رده‌ ـ ٢٠٠٥ز)، ل ٤٣.

  4. حبیب محمد كریم، كركوك و ثورة أیلول المجیدة، مجلة گولان العربي، مركز گولان الثقافي، العدد ٧٠، السنة السادسة، أربیل، مطبعة وزارة التربیة، ٣١ آذار ٢٠٠٢م، ص ٣٩.

  5. محمد علی سلطانی، ایلات و طوایف كرمانشاهان، جلد سوم، (تهران ـ چاپ موفق ـ ١٣٧٢ھ . ش)، ص ص ٦٤١ ـ ٦٤٢، ٦٤٧ ـ ٦٤٨، ٦٥٠.

  6. دیڤید مكدول، تاریخ الأكراد الحدیث، (بیروت ـ دار الفارابي ـ ٢٠٠٤م)، ص ٤٨٤.

  7. تۆفیقی مه‌لا سدیق، بیره‌وه‌ریه‌كانی ڕۆژانی حیزبایه‌تی و پێشمه‌رگایه‌تی و دوور خرانه‌وه‌م، چاپی دووه‌م،  (هه‌ولێر ـ چاپخانه‌ی شه‌هاب ـ ١٩٩٦ز)، ل ٩٢.

  8. شكیب عقراوي، سنوات المحنة في كوردستان أهم الحوادث السیاسیة والعسكریة في كوردستان والعراق من ١٩٥٨ الی ١٩٨٠، الطبعة الثانیة، (أربیل ـ مطبعة منارة ـ ٢٠٠٧م)، ص ١٥٧.

  9. شه‌هید عومەر شەریف زه‌نگه‌نه‌، ڕۆژنامه‌ی خه‌بات، ئۆرگانی پارتی دیموكراتی كوردستان، ژماره‌ ٦٣٢، هه‌ولێر، یه‌كشه‌مه‌،‌ ١٦ ئابی ١٩٩٢ز، ل ٥.

  10. شه‌هید كاكه‌ "عومەر شەریف"ی سه‌ركرده‌، ڕۆژنامه‌ی برایه‌تی، ئۆرگانی پارتی دیموكراتی كوردستان ـ یه‌كگرتوو، ژماره‌ ٢٣٣٤، هه‌ولێر، چوارشه‌مه‌،‌ ٢١ ئایاری ١٩٩٧ز، ل ٦.


 


بابەتی پەیوەندیدار

چیا هەرکی

لە ٦ی تشرینى دووەمى ساڵى ٢٠٢٢ لە کۆنگرەى ١٤یەمى پارتی دیموکراتی کوردستان لە شاری دهۆک لەلایەن ئەندامانى کۆنگرە بە ئەندامى کۆمیتەى ناوەندى هەلبژێردرا.

زانیاری زیاتر

حەمید عەلی

لە ٦ی تشرینى دووەمى ساڵى ٢٠٢٢ لە کۆنگرەی چواردەیەمی پارتی دیموکراتی کوردستان لە شاری دهۆک لەلایەن ئەندامانى کۆنگرە بە ئەندامى کۆمیتەى ناوەندى هەلبژێردرا. 

زانیاری زیاتر

نوری عوسمان شنگالی

لە ٦ی تشرینى دووەمى ساڵى ٢٠٢٢ لە کۆنگرەى ١٤یەمى پارتی دیموکراتی کوردستان لە شاری دهۆک لەلایەن ئەندامانى کۆنگرە بە ئەندامى کۆمیتەى ناوەندى هەلبژێردرا.

زانیاری زیاتر

موحسین کەمال

لە ٦ی تشرینى دووەمى ساڵى ٢٠٢٢ لە کۆنگرەى ١٤یەمى پارتی دیموکراتی کوردستان لە شاری دهۆک لەلایەن ئەندامانى کۆنگرە بە ئەندامى کۆمیتەى ناوەندى هەلبژێردرا.

زانیاری زیاتر

گوهدار شێخۆ

لە ٦ی تشرینى دووەمى ساڵى ٢٠٢٢ لە کۆنگرەى ١٤یەمى پارتی دیموکراتی کوردستان لە شاری دهۆک لەلایەن ئەندامانى کۆنگرە بە ئەندامى کۆمیتەى ناوەندى هەلبژێردرا.

زانیاری زیاتر