ژیاننامە
عه‌زیز حسێن میرخان ساڵی ١٩٢٥ له گوندی بێدارون سه‌ر به ناحیه‌ی گۆڕەتوو له قه‌زای مێرگه‌سۆر له پارێزگای هه‌ولێر له‌دایكبووه، ساڵی ١٩٥٤ له به‌شی كشتوكاڵی زانكۆی تاشكه‌ند وه‌رگێرا، ساڵی ١٩٧٥ دوای نسكۆی شۆڕشی ئهیلوول وه‌ك په‌نابه‌ر ڕوو ده‌كاته شانشینی ئێران و له كۆمه‌ڵگای زێوه نیشته‌جێ ده‌بێت و دواتر گواستراوه‌ته‌وه بۆ شاری كه‌ره‌ج، ساڵی ١٩٩٨ گه‌ڕاوه‌ته‌وه كوردستان.
خەباتنامە
ساڵی ١٩٤٣ په‌یوه‌ندی به ڕیزه‌كانی شۆڕشی دووه‌می بارزان كردووه، به‌شداری گرتنی بنكه‌ی پۆلیسخانه‌كانی بلێ و ڕێزان و بارزان كردووه، له ١٢ی تشرینی یه‌كه‌می ١٩٤٣ به‌شداری گرتنی بنكه‌ی پۆلیسی خێره‌زۆك كردووه، له ١٩ی ئابی ١٩٤٥ به فه‌رمانی دادگای عورفی سه‌ربازی عێراقی ده‌ست به‌سه‌ر گشت موڵك و ماڵه گواستراو و نه‌گواستراوه‌كانیدا گیراوه. له ٥ی ئه‌یلوولی ١٩٤٥ به‌شداری گرتنی بنكه‌ی پۆلیسی مه‌یدان مۆریك كردووه، دوای نسكۆی شۆڕشی دووه‌می بارزان له ١١ی تشرینی یه‌كه‌می ١٩٤٥ ڕووده‌كاته ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان و له گوندی ئیندرقاش نیشته‌جێ ده‌بێت، له ٣١ی ئاداری ١٩٤٦ له هێزی بارزان سه‌ر به سوپای كۆماری دیموكراتی كوردستان له مه‌هاباد خزمه‌تی پێشمه‌رگایه‌تی كردووه، له ٢٩ی نیسانی ١٩٤٦ به‌شداری شه‌ڕی قاراوا له ناوچه‌ی سه‌قز (ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان)، دوای نسكۆی كۆماری دیموكراتی كوردستان له ڕێكه‌وتی ٣ ئاداری ١٩٤٧ به‌شداری شه‌ڕی نه‌لۆس (ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان)ی كردووه.
دوای نسکۆی کۆماری دیموکراتی کوردستان، لەو پێشمەرگانە بووە کە لە ١٩ی نیسانى ١٩٤٧ لە ڕێگاى خواکوڕک و دەشتى بەرازگرەوە بە خاکى باکوورى کوردستانى لە گوندى خواکوڕک بۆ گوندى ئەرگۆش و دەڤەرى هەرکى بنەجێ گەڕاوەتەوە.
دواى گەڕانەوەیان، جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی لە ٦ى ئایارى ١٩٤٧ لە گوندى ئەرگۆش کۆبوونەوەیەک بە هەڤاڵانى دەکات و سەرپشکیان دەکات لە مانەوە، یان چوون بەرەو یەکێتى سۆڤیەت، لەوێدا تەواوى هەڤاڵانى بڕیارى بەردەوامیدان و ڕۆیشتن بەرەو یەکێتى سۆڤیەت دەدەن.
لە ٢٢ی ئایاری ١٩٤٧ یاوەریى جەنەڕاڵ مستەفا بارزانى کردووە به‌ره‌و یه‌كێتی سۆڤیەت و لە شەڕى گه‌لی کۆتۆڵ (قتور) و شەڕى پردی ماكۆ بەشدارییکردووە و دواى سەختى و ماندووبوونێکى زۆر، لە ١٨ی حوزه‌یرانی ١٩٤٧ له ڕووباری ئاراس كه ده‌كه‌وێته سنووری نێوان ئێران و یه‌كێتی سۆڤیەت، بەرەو سۆڤیەت پەڕیوەتەوە.
دوای گەیشتنیان بە یەکێتی سۆڤیەت، لە ١٩ی حوزه‌یرانی ١٩٤٧ له‌گه‌ڵ گشت هه‌ڤاڵانی لە شاری نه‌خچه‌وانی کۆماری ئازه‌ربایجان بۆ ماوه‌ی چل ڕۆژ له كۆمه‌ڵگایه‌كی سه‌رئاوەڵا كه به ته‌لی دڕكاوی ده‌ورەدرابوو، دانران و له‌لایه‌ن کۆمەڵێک سه‌ربازه‌وە پاسه‌وانییان لێده‌كرا و له ڕووی خۆراك و پۆشاك و هاتوچۆوە وه‌كو دیلی شه‌ڕ مامه‌ڵەیان له‌گه‌ڵدا كراوە. دواتر له‌سه‌ر بڕیاری حکومەتی سۆڤیەت به‌سه‌ر ناوچه‌كانی ئاغدام و لاچین و ئایولاخ و کەلبەجەر له كۆماری ئازه‌ربایجان دابەشکران. له ١٠ی كانوونی یه‌كه‌می ١٩٤٧ گواستراونه‌ته‌وه بۆ سەربازگەیەک لەسەر دەریاى خەزەر لە باكۆى پایتەختى كۆماری ئازه‌ربایجان و له ڕێكه‌وتی ٢٣ی هەمان مانگدا جلوبەرگی سه‌ربازییان پێدراوه و به سه‌رپه‌رشتی ئه‌فسه‌رانی كۆماری ئازه‌ربایجان ڕۆژانه هه‌شت كاتژمێر مه‌شقی سه‌ربازییان پێ کراوە. لەهەمان کاتدا ڕۆژانە بۆ ماوەی چوار کاتژمێر لە لایەن هەندێک لە هەڤاڵەکانیانەوە کە خوێندەواریان هەبوو، وانەی فێربوونی زمانی کوردی‌یان پێگوتراوەتەوە.
پاش مامەڵەى خراپى جەعفەر باقرۆڤ لەگەڵ هەڤاڵانى بارزانى، بڕیاردەدرێ کەمپە سەربازییەکە له ٢٩ی ئابی ١٩٤٨ له كۆماری ئازه‌ربایجانەوە بگوازرێتەوە بۆ كۆمه‌ڵگای چرچوك لە نزیك تاشكه‌ندی پایته‌ختی كۆماری ئۆزبه‌كستان و له‌وێش لە مه‌شقی سه‌ربازی بەردەوام دەبن.
لە ئاداری ١٩٤٩ له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵانی به شێوه‌ی ده‌سته و تاخم به شه‌مه‌نده‌فه‌ر به‌سه‌ر گونده هه‌ره‌وه‌زییه‌كانی یەكێتی سۆڤیەتدا دابه‌شكران و له كێڵگه‌ی كۆلخۆزه‌كان (ئەو زەویانەى خەڵک بە کرێ لە حکومەت دەیگرتنەوە و دواتر بەشى حکومەتیان دەدایەوە) كاریان ده‌كرد.
دواى هەوڵێکى زۆر و ناردنى چەندین نامە لەلایەن جەنەڕاڵ بارزانییەوە بۆ ستالین، دواجار نامەیەک دەگاتە دەست ستالین کە تێیدا بارزانى باسى دەردەسەرییەکانى هەڤاڵانى خۆی دەکات و ئەویش دەستبەجێ بڕیارى پێکهێنانى لێژنەیەک دەدات بۆ لێکۆڵینەوە لە بارودۆخى هەڤاڵانى بارزانى و دواجار بڕیارى لێژنە ئەوە دەبێت کە هەموویان لە شارى ڤریڤیسکى کۆبکرێنەوە، بۆیە عه‌زیز حسێن لە مانگی تشرینی دووه‌می ١٩٥١ دەچێتە شاری ڤریڤیسكی لە سۆڤیەت.
لە ساڵى ١٩٥٨ کۆمارى عێراق بە سەرۆکایەتى عەبدولکەریم قاسم دادەمەزرێت، عه‌زیز حسێن له ١٦ی نیسانی ١٩٥٩ له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵانی به که‌شتیی گرۆزیا له ڕێی به‌نده‌ری به‌سڕەوە له باشووری كۆماری عێراق گه‌ڕاوه‌ته‌وه كوردستان.
ساڵی ١٩٦١ به‌شداری شۆڕشی ئه‌یلوولی كردووه، ساڵی ١٩٦٢ به‌شداری شهڕەكانی حاجی ئۆمه‌ران، گه‌لی شه‌هیدان و دیلمان كردووه، له ١١ی ته‌مووزی ١٩٦٢ به‌شداری گرتنی بنكه‌ی پۆلیسی ڕایات و ساڵی ١٩٦٣ به‌شداری شه‌ڕی سه‌ری پیرسی كردووه، ساڵی ١٩٨٠ به‌شداری شۆڕشی گوڵانی كردووه و له شهڕەكان به‌شدار بووه. ١٦ی كانوونی یه‌كه‌می ٢٠١٠ له كۆنگره‌ی سێزده‌یه‌می پارتی دیموكراتی كوردستان له‌به‌ر خه‌بات و به‌رخودانی له شۆڕشی دووه‌می بارزان، كۆماری مه‌هاباد، ڕێڕەوی به‌ره‌و یه‌كێتی سۆڤێت، شۆڕشی ئهیلوول و شۆڕشی گوڵان له‌لایه‌ن سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی میدالیای بارزانی نه‌مری پێبه‌خشراوه.
سه‌رچاوه‌كان:
١- حامید گه‌وهه‌ری، میدالیای بارزانی به‌رزترین خه‌ڵاتی ڕێزلێنان، به‌رگی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر- چاپخانه‌ی حاجی هاشم- ٢٠١٥ز)، ل ل ٤٦٢-٤٦٤.
٢- حه‌مید گه‌ردی، پوخته‌ی مێژوونامه، چاپی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر- ده‌زگای چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئاراس- چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده - ٢٠٠٤ز)، ل ل ٣٤، ٥١، ٦٠، ٦٢، ٦٧، ٨٠، ٩٥، ١٣٣، ١٥٥.
٣- حیدر فاروق السامرئي، ضیا‌ء جعفر ودوره السیاسي و الاقتصادي في العراق، (لندن- دارالحكمة- ٢٠١٦م)، ص ٢٠٣.
٤- شه‌عبان عه‌لی شه‌عبان، هه‌ندێك زانیاری سیاسی و مێژوویی، چاپی سێیه‌م، (هه‌ولێر- چاپخانه‌ی ڕۆژهه‌ڵات- ٢٠١٣ز)، ل ٤٣.
٥- شه‌وكه‌ت شێخ یه‌زدین، یۆبیلی زێڕینی پێشمه‌رگه، (پیرمام- چاپخانه خه‌بات- ١٩٩٦ز)، ل ٢٧.
٦- صالح یوسف صوفی، كرۆنۆلۆژیا كوردستانێ و جیهانێ، چاپا ئێكێ، به‌رگێ دووێ، (دهۆك- چاپخانا پارێزگه‌ها دهۆكێ- ٢٠١٣ز)، ل ل ٦٠٧، ٨٥٦.
٧- صالح یوسف صوفی، كرۆنۆلۆژیا كوردستانێ و جیهانێ، چاپا ئێكێ، به‌رگێ سێ، (دهۆك- چاپخانا پارێزگه‌ها دهۆكێ- ٢٠١٣ز)، ل ١٠٠٥.
٨- عمر فاروقی، سردار دانا زندگی و مبارزات مرحوم ملا مصطفی بارزانی، چاپ دوم، (هه‌ولێر- چاپخانه‌ی وزارت آموزش و پرورش- ٢٠٠٢ز)، ص ٣٩.
٩- عهبدولڕەحمان مه‌لا حه‌بیب ئه‌بوبه‌كر، عه‌شیره‌تی بارزان له نێوان ١٩٣١-١٩٩١، چاپی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر- چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی رۆشنبیری- ٢٠٠١ز)، ل ل ١٢١، ١٢٦-١٢٧.
١٠- عه‌بدولڵا غه‌فور، فه‌رهه‌نگی جوگرافیای هه‌ولێر، (هه‌ولێر-بڵاوكراوه‌كانی ئه‌كادیمیای كوردی- چاپخانه‌ی حاجی هاشم- ٢٠١٥ز)، ل ل ٤٥، ٨١، ١٠٠، ١٧٤، ٢٠٣، ٢٣٤، ٢٤١، ٢٥١.
١١- كاروان محه‌مه‌د مه‌جید، بارزانییه‌كان له مه‌هاباده‌وه بۆ سۆڤێت، چاپی یه‌كه‌م، (سلێمانی- چاپخانه‌ی په‌یوه‌ند- ٢٠١١ز)، ل ل ٨٤، ٩٤-٩٦.
١٢- گۆڤاری هه‌تاو، ژماره ١٥٤، ساڵی شه‌شه‌م، هه‌ولێر، چاپخانه‌ی كوردستان، هه‌ینی، ١٥ نیسانی ١٩٥٩، ل ل ٢، ٤.
١٣- له یادداشتی فه‌رمانده‌ی شه‌هید حه‌سۆ میرخان ژاژۆكی، ٦٢ رۆژ له‌گه‌ڵ بارزانی دا چوونی بارزانییه‌كان بۆ یه‌كێتی سۆڤێت، چاپی یه‌كه‌م (هه‌ولێر- چاپخانه‌ی رۆشنبیری- ١٩٩٧ز)، ل ١١٨.
١٤- لیث عبدالمحسن جواد الزبیدي، ثورة ١٤ تموز ١٩٥٨ في العراق، (بغداد- دارالرشید للنشر- ١٩٧٩م)، ص ٢٨٨.
١٥- مسعود بارزانی، بارزانی و بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كورد ١٩٣١ - ١٩٥٨، (دهۆك- چاپخانه‌ی خه‌بات- ١٩٩٨ز)، ل ل ٩١، ١٣١، ١٣٩، ١٥٣، ١٨٤، ١٨٨، ١٩٤-١٩٧، ٢٠٠-٢٠١، ٢٠٥، ٤٦٤.
١٦- نه‌جه‌ف قولی پسیان، له مهابادی خوێناوییه‌وه هه‌تا لێواره‌كانی ئاراس، و. شه‌وكه‌ت شێخ یه‌زدین، چاپی یه‌كه‌م، (پیرمام- یۆبیلی زێڕینی پارتی دیموكراتی كوردستان- ١٩٩٦ز)، ل ٢٧١.
١٧- ئەرشیفی دەستەی ئینسکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.