شەڕی چیای سورێن ١٩٨١

ساڵی ١٩٨١ له‌‌ گوندی بانیبنۆك له‌ چیای سورێن و ناوچه‌ی زه‌لم و كه‌رچاڵ، هێزی پێشمه‌رگه‌ به‌ره‌نگاری سوپای عێراق بۆوه‌، له‌ ئه‌نجامدا دوو شەڕی گه‌وره‌ له‌ نێوانیاندا‌ ڕوویاندا، له‌و هه‌ردوو شه‌ڕه‌دا زیانێكی زۆر‌ به‌ر هێزه‌كانی حكومه‌تی عێراق كه‌وت له‌ كوژراو و بریندار له‌گه‌ڵ ‌ده‌ستكه‌وتنی بڕێكی زۆری چه‌ك و تفاقی سه‌ربازی بۆ هێزی پێشمه‌رگه‌.


دوای نسكۆی شۆڕشی ئەیلوول حكومه‌تی به‌عس ته‌واوی به‌رزایی و ته‌پۆلكه ‌و دۆڵ و ڕێگاكانی به‌ ڕه‌بیه‌ی سه‌ربازی ته‌نی بوو، به‌ڵام له‌گه‌ڵ هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕ له‌گه‌ڵ وڵاتی ئێران(١٩٨٠تا١٩٨٨) حكومه‌ت پێویستی زۆری به‌و هێزانه‌ هه‌بوو بۆ به‌كارهێنانیان له‌ شه‌ڕه‌كه‌، ناچار بوو له‌ زۆر شوێندا بیانگوازێته‌وه‌ بۆ به‌ره‌كانی جه‌نگ، دیاره‌ ئه‌و هه‌نگاوه‌ش ده‌رفه‌تی بۆ هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان ڕه‌خساند كه‌ سه‌ربه‌ستی جوڵانه‌وه‌ی زیاتر بێت و ڕووبه‌ری ناوچه‌ ڕزگاركراوه‌كانی فراوانتر بكات، هه‌روه‌ها ڕاسته‌وخۆ په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ جه‌ماوه‌ر ببه‌ستێت و گه‌شه‌ به‌ چاڵاكی سیاسی و پێشمه‌رگانه‌ی بدات،     

     له‌ دیارترین چاڵاكییه‌كان‌ كه‌ له‌و ماوه‌یه‌دا‌ بوونیان هه‌بوو شه‌ڕه‌كانی ساڵی ١٩٨١ بوون كه‌ هێزی پێشمه‌رگه له‌ دوو داستاندا له‌‌ گوندی بانیبنۆك له‌ چیای سورێن و ناوچه‌ی زه‌لم و كه‌رچاڵ دوو گورزی به‌هێزیان له‌ سوپای عێراق وه‌شاند، له‌ شەڕی یه‌كه‌مدا كه‌ پێشمه‌رگه‌ توانیان چاڵاكیه‌كی گه‌وره‌ تۆمار بكه‌ن و زیانی زۆر به‌ سه‌ربازانی سوپای عێراق بگه‌یه‌نن، بریتی بوون له‌ كوژران و بریندار بوونی ژماره‌یه‌كی زۆری سه‌ربازان، هه‌روه‌ها ١٢٤ سه‌ربازیی دیكه‌ش به‌دیل گیران، به‌ سه‌دان پارچه‌ چه‌ك و تفاقی سه‌ربازی كه‌وتنه‌ ده‌ستی پێشمه‌رگه‌، به‌ڵام له‌و داستانه‌دا هێزی پێشمه‌رگه‌ بێ زیان نه‌بوو، به‌ڵكو چوار پێشمه‌رگه‌ شه‌هید بوون به‌ ناوه‌كانی (ئه‌كره‌م حه‌مه‌ڕه‌شید بانیبنۆكی و مامۆستا سلێمان و عوسمان پێنجوێنی و فه‌رمانده‌ی پێشمه‌رگه‌ ئه‌بوبه‌كر مه‌حمود بانیبنۆكی).

     هه‌ر له‌و ساڵه‌دا چاڵاكیه‌كانی پێشمه‌رگه‌ له‌و ناوچه‌یه‌دا درێژه‌ی هه‌بوو دژی دام و ده‌زگاكانی حكومه‌تی به‌عس، به‌ شێوه‌یه‌ك كه‌ له‌ماوه‌ی شه‌ش مانگی یه‌كه‌می ساڵی ١٩٨١ هێزی پێشمه‌رگه‌ زیاتر له‌ دووسه‌د و سی و هه‌شت چالاكی جۆراوجۆریان به‌سه‌ر سوپا و چه‌كدار و دام و ده‌زگاكانی حكومه‌تدا تۆمار كرد، له‌و هه‌موو چاڵاكیانه‌دا زیانی هێزه‌كانی حكومه‌ت بریتی بوون له‌ ١٢٥١ كوژراو و ژماره‌یه‌كی زۆری بریندار، وێڕای ده‌ستكه‌وتێكی زۆری چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی و كه‌ل و په‌ل و تفاقی سه‌ربازی، له‌ ئه‌نجامدانی ئه‌و هه‌موو چاڵاكیانه‌ی پێشمه‌رگه‌ بووه‌ هۆی شه‌هید بوونی ٤٨ پێشمه‌رگه‌.

     شایانی باسه له‌ هه‌ر شۆڕش و سه‌رهه‌ڵدانێكی چه‌كداریدا چاڵاكیه سه‌ربازیه‌كان ڕۆڵێكی كاریگه‌ر ده‌گێڕن له به‌رزكرده‌وه‌ی مۆڕاڵی پێشمه‌رگه‌ و جه‌ماوه‌ر و هه‌وادارانی شۆڕش، له‌ هه‌مان كاتیشدا هیوایه‌ك له‌ ناخیاندا بنیاد ده‌نێـت كه‌ له‌سه‌ركه‌وتن و به‌ده‌ستهینانی ئامانج نزیك ده‌بنه‌وه‌، له‌ به‌رامبه‌ریشدا‌ ترس و دڵه‌ڕاوكێ ده‌خاته‌ ڕیزه‌كانی لایه‌نی به‌رامبه‌ر، ناچار ده‌بێت گوێ له‌ داوا ره‌واكانیان بگرێت و داوای وتووێژ و ڕێكه‌وتن بكات.


سه‌رچاوه‌كان:

  1. مه‌سعود بارزانی: بارزانی و بزوتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی كورد، به‌رگی چواره‌م، ١٩٧٥-١٩٩٠ شۆڕشی گوڵان، به‌شی دووه‌م، چاپی یه‌كه‌م، چاپخانه‌ی ڕوكسانا، ٢٠٢١.

  2. جه‌مال فه‌تحوڵڵا ته‌یب: بزوتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی كورد له‌ باشوری كوردستان (٢١/٣/١٩٧٥ -  ٢٨/١١/١٩٨٠)، چاپی یه‌كه‌م، چاپخانه‌ی شه‌هاب، هه‌ولێر، ٢٠١٢.

  3. عومه‌ر عوسمان: ژیانی كوردێك ، چاپخانه‌ی موكریان، چاپی دووه‌م، هه‌لێر – ٢٠٠٨.


بابەتی پەیوەندیدار

لێدانى ڕەبایەکانى باوەکراوەى پشتى ڕایات ١٩٨١

هێرشکردنە سەر دوو ڕەبایەى پشتى ڕایات چالاکیەکى پێشمەرگەیی پارتیزانى بوو دژى سوپاى عێراق لە دەڤەرى باڵەکایەتى، هێزێکى پێشمەرگەى هاوبەشى پارتی دیموکراتى کوردستان و حزبى سۆسیالیستى کوردستان، لە ڕۆژێکى بەهارى ١٩٨١ هێرشیان کردە سەر هەردوو ڕەبایەکە و زیانى گیانیان پێ گەیاندن لە کوشتیار و بریندار، بە بیانووى ئەوەى کە هەڵسوکەوت و مامەڵەیان توند بوو لەگەڵ خەڵکى ناوچەکەو هەراسانیان دەکردن.

زانیاری زیاتر

شەڕى دەربەند ١٩٨٣

شەڕى دەربەند چالاکیەکى پارتیزانى هێزى پێشمەرگەى کوردستان بوو دژى سوپاى عێراق، کە لە شەوێکى بەهارى ١٩٨٣ هێرشیان کردە سەر سەربازگەى دەربەندى نزیک شارۆچکە چۆمان لە دەڤەرى باڵەکایتى، بە ئامانجى پیشاندانى هێز و بازووى شۆڕش و درێژەدان بە چالاکى پارتیزانى، دواى شەڕێکى نیو کاتژمێری و دروستکردنى پشێوى و ئاڵۆزى لە ناو سەربازگە دەستیان لە شەڕەکە هەڵگرت و شوێنەکەیان جێ هێشت.

زانیاری زیاتر

شەڕی هەریر ١٩٨٢

شەڕى هەریر چالاکیەکى پارتیزانى هێزى پێشمەگەى لیژنە ناوچەى باڵەکى سەربە لقى دووی پارتى دیموکراتى کوردستان بوو، کە لە شەوێکى هاوینى ساڵى ١٩٨٢ لە دۆڵی بالیسانەوە دابەزینە ناو شارۆچکەى هەریر و هێرشیان کردە سەر بنکەى ڕێکخستنی حزبى بەعس، دواى شەڕێکى زیاتر لە نیو کاتژمێر توانیان زیانى گیانى و ماددى بە ئەندام و پاسەوانانى ڕێکخراوکە بگەیەنن، پاشان شوێنەکەیان جێ هێشت و گەڕانەوە بنکە و بارەگاکانیان لە دۆڵی بالیسان.

زانیاری زیاتر

چالاکى گەرووى سیتکان ١٩٨٣

چالاکى گەرووى سیتکان بریتى بوو لە ڕووبەڕوو بوونەوەى هێزێکى پێشمەرگەى کوردستان لەگەڵ هێزێکى سەربازى سوپاى عێراق، لە ئێوارەیەکى بەهارى ١٩٨٣ لە گەرووى سیتکانى نزیک چیاى زۆزک، لەماوەیەکى کورتدا هێزەکەى پێشمەرگە هێرشیان کردە سەر هێزە سەربازیەکە و تێکیان شکاندن و زیانی زۆریان پێ گەیاندن لە کوشتن و بریندار، پاشان شوێنەکەیان جێ هیشت.

زانیاری زیاتر

شەڕى دیانا ١٩٧٩

شەڕی دیانا، ڕووبەڕوو بوونەوەى مەفرەزەیەکى پێشمەرگە لەگەڵ هێزێکى سەربازى سوپاى عێراق لە شارۆچکەى دیانا، کاتێ کە مەفرەزەکەى پێشمەرگە بەمەستى ئەنجامدانى چالاکیەک کە هێرشکردنە سەر ماڵی خیانەتکارێکى بەکرێگیراوى ڕژێم بە هاوکارى ڕێکخستنە نهێنیەکانى ناوشار، لە ڕێگاى رۆیشتنیان بۆ شوێنى مەبەست دووچارى هێزێکى سەربازى حکومەت بوونەوە کە بازگەیان دنابوو لە شوێنێک بەناوى کەندى دیانا، دواى ماوەیەک لە شەڕ و پێکدادان پێشمەرگە بڕیارى کشانەویاندا لە شوێنەکە دوور کەوتنەوە.

زانیاری زیاتر