شەڕی قاراوه‌

به‌ دامه‌زراندنی كۆماری كوردستان له‌ ساڵی ١٩٤٦دا ده‌بینین ئه‌و كۆماره‌ كوردییه‌ ڕووبه‌ڕووی كۆمه‌ڵێك كێشه‌ و ئاسته‌نگ ده‌بێت كه‌ له‌ لایه‌ن ئێران و هاوپێمانه‌كانی وه‌ك ئینگلیز و ئه‌مریكا كه‌ ئه‌و كاته‌ به‌ هۆی شەڕی نێوده‌وڵه‌تی دووه‌م له‌ ئێران بوون ...


به‌ دامه‌زراندنی كۆماری كوردستان له‌ ساڵی ١٩٤٦دا ده‌بینین ئه‌و كۆماره‌ كوردییه‌ ڕووبه‌ڕووی كۆمه‌ڵێك كێشه‌ و ئاسته‌نگ ده‌بێت كه‌ له‌ لایه‌ن ئێران و هاوپه‌یمانه‌كانی وه‌ك ئینگلیز و ئه‌مریكا كه‌ ئه‌و كاته‌ به‌ هۆی شەڕی نێوده‌وڵه‌تی دووه‌م له‌ ئێران بوون بۆی داڕێژرابوو، نموونه‌ی ئه‌و كێشانه‌ ده‌توانێن له‌و شه‌ڕانه‌ ببێنین كه‌ له‌ ناوچه ‌كوردییه‌كانی ژێر كۆنترۆڵی كۆماری كوردستان له‌ نێوان هێزی پێشمه‌رگه‌ی كۆماری كوردستان و هێزی سوپای ئێران ڕوویده‌دا. یه‌كێك له‌ گرنگترین ئه‌و شه‌ڕانه‌ كه‌ له‌ نێوان ئه‌و دوو هێزه‌ ڕوویدا شەڕی قاراوه‌ بوو كه‌ به‌ هۆی ئه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ی بارزانی له‌و شه‌ڕه‌ به‌شداریان كردبوو و ڕۆڵێكی كارایان بینیبوو وه‌ك هێزی كوردی كه‌ ده‌توانێت سه‌ركه‌وتن به‌ سه‌ر سوپای ئێران به‌ ده‌ست بهێنیت. بۆیه‌ ده‌مانه‌وێت لێره‌ باس له‌و شه‌ڕه‌  بكه‌ین كه‌ تێدا هێزی پێشمه‌رگه‌ی بارزانی له‌ كاره‌كته‌ره‌ سه‌ره‌كییه‌كانی بوون.


دوای دامه‌زراندنی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كۆماری كوردستان و دابه‌شكردنی بۆ سه‌ر چه‌ند به‌ تالیۆن كه‌ تێیدا هێزی پێشمه‌رگه‌ی بارزانی یه‌كێك بوون له‌ به‌هێزترین و به‌ئه‌زموونترین هێزه‌كانی كوردستان بۆ به‌رگریكردن، له‌ شه‌ڕ و پێكدادان ڕه‌وانه‌ی به‌ره‌ی سه‌قز ده‌كرێن، كه‌ زیاترین مه‌ترسی له‌ لایه‌ن هێزی ئێران له‌ سه‌ری بوو. كاتێك هێزه‌ كوردییه‌كان شاره‌كانی میاندواو و سه‌رده‌شت و سه‌قز یان كۆنترۆل كرد، یه‌كه‌م شه‌ڕ كه‌ بارزانییه‌كان له‌ كۆماری كوردستان تێیدا به‌شدارییان كرد شەڕی قاراوە  بوو له‌ ٣٠ی نیسانی ١٩٤٦ به‌تالێونێك له‌ هێزی بارزانی كه فه‌رمانده‌كه‌ی عه‌قید به‌كر عه‌بدولكه‌ریم حه‌وێزی بوو له‌ گه‌ڵ ژماره‌یه‌كی دیكه‌ له‌ ئه‌فسه‌ره‌كانی هێزی  بارزانی وه‌كو حه‌مه‌ده‌مین میرخان و مامه‌ند مه‌سیح و فارس كانی بۆتی و حه‌سه‌ن سلێمان كه‌كشار و عومه‌ر ئاغا خه‌لانه‌یی كه‌ هه‌موویان فه‌رمانده‌ی سریه‌ی ئه‌و به‌تالیۆنه‌ بوون له‌ گه‌ڵ به‌شێك له‌ هێزه‌كانی قادرخانی و فەیزوڵا به‌گی كه‌ فه‌رمانده‌كه‌یان حه‌مه‌ ڕه‌شید خانی بانه‌یی بوو له‌ به‌رزاییه‌كانی گوندی قاراوە له‌ نزیك شاری سه‌قز ڕووبه‌ڕووی هێزه‌كانی سوپای ئێران و هێزی چه‌كداری عه‌شیره‌تی دیبكری له‌ لایه‌نگرانی سوپای ئیران ده‌بنه‌وه‌ كه‌ گه‌یشتبوونه‌ ئاڵتوونی ژێرو و به‌ره‌و قاراوە و سه‌را پێشڕه‌وییان ده‌كرد و خاوه‌نی هێزی سواره‌ و پیاده‌ و چه‌كی قورس بوون. هۆكاری هاتنی ئه‌و هێزانه‌ بۆ قاراوە و ئه‌و سنووره‌ ده‌گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ كه‌ سوپای ئێران ده‌یویست یارمه‌تی خواردن و چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی بگه‌ینێته‌ هه‌ر دوو سه‌ربازخانه‌ی سه‌رده‌شت و بانه‌ كه‌ له‌لایه‌ن هێزه‌كانی كۆماری كوردستان گه‌مارۆ درابوون، به‌ڵام به‌ هۆی ئه‌وه‌ی ڕێگای سه‌قز و بانه‌ و سه‌قز و سه‌رده‌شت له‌ كۆنترۆلی پێشمه‌رگه‌ی كۆماری كوردستان دا بوو و هێزی سوپای ئێرانیش له‌و كاته‌ له‌ ڕووی هێزی ئاسمانی ئه‌وه‌نده‌ به‌هێز نه‌بوو كه‌ له‌ ڕێگای ئاسمانه‌وه‌ خواردن و ته‌قه‌مه‌نی بگه‌ینێته‌ ده‌ستی هێزه‌كانی خۆی، بۆیه‌ په‌نا بۆ هێزی پیاده‌ی خۆی برد و ستونێكی ٦٠٠ كه‌سی به‌ فه‌رمانده‌یی سەرهەنگ كەسرا فه‌رمانده‌ی هێزی ئێران له‌ سه‌قز ڕه‌وانه‌ی ئه‌و ناوچه‌یه‌ كرد. هێزی ئێران و دیبكرییه‌كان وا ڕێككه‌وتبوون كه‌ سوپا له‌ باشوور و ڕۆژهه‌ڵاتی سه‌راوه‌ په‌لاماری هێزی پێشمه‌رگه‌ بدات و دیبكرییه‌كانیش له‌ باكوور و ڕۆژئاوای سه‌راوه‌ په‌لاماری هێزی پێشمه‌رگه‌ بده‌ن.

له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و پلانه‌ سه‌ربازییه‌ی سوپای ئێران، هێزه‌كه‌ی لقی چواری بارزانی به‌ فه‌رمانده‌یی به‌كر ئاغای حه‌وێزی، بارزانییه‌كان له‌ سێ جێگا داده‌مه‌زرێنیت یه‌كێك له‌و هێزانه‌ به‌ فه‌رمانده‌یی مامه‌ند مه‌سیح له‌ لای ڕۆژهه‌ڵاتی قاراوە جێگیر ده‌كات و به‌شی دووه‌م به‌ سه‌رپه‌رشتی حه‌مه‌د ئه‌مین میرخان له‌ سه‌ر به‌رزاییه‌كانی به‌رامبه‌ر گردێكی خوارووی قاراوە به‌ لای سه‌قز جێگیر ده‌كرێت، خودی به‌كر ئاغایش له‌ گه‌ڵ چوار چه‌كدار له‌ نێوان ئه‌و دوو هێزه‌ی كه‌ باسمان كرد له‌ سه‌ر گردێكی به‌رامبه‌ر قاراوە داده‌مه‌زرێت.  به‌ پێی قسه‌ی نجفقلی پسیان ژماره‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ له‌و شه‌ڕه‌ نزیكه‌ی ٥٠٠ كه‌س بووه‌! سێ ڕۆژ پێش ده‌ستپێكردنی ئه‌و شه‌ڕه‌‌یش هێزی دیبكرییه‌كانیش كه‌ له‌ گه‌ڵ سوپای ئێران بوون، هه‌ڵده‌ستن به‌ سوتاندنی پردی میراوای بۆكان، به‌و كاره‌ ده‌توانن هێڵی هاتوچۆ له‌ نێوان مه‌هاباد و بۆكان ببڕن. هه‌روه‌ها له‌كاتی ڕوودانی شەڕی قاراوە مستەفا خۆشناو كه‌ له‌ گه‌لی باڵوقای ئه‌حمه‌د ئاوا بوو ده‌یویست بچێت بۆ یارمه‌تیدانی هێزی عه‌قید به‌كر ئاغای حه‌وێزی، به‌ڵام حه‌مه‌ ڕه‌شید خانی بانه‌ ڕێگری لێ ده‌كات، بۆ ئه‌وه‌ی بڕواته‌ قاراوە، منگوڕی بۆ به‌رگریكردن له‌و هه‌ڵوێسته‌ی حەمه‌ ڕه‌شید خانی بانه‌ بیانو ده‌هێنێت و ده‌ڵێت: (( ئه‌گه‌ر مستەفا خۆشناو ئه‌و شاخه‌ی چوڵ بكردایه‌ به‌ ئاسانی دیبكرییه‌كان ده‌یانتوانی بێنه‌ ناو سه‌را)). به‌كر ئاغای حه‌وێزیش باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ دوای ده‌ستپێكردنی شه‌ڕه‌كه‌ و له‌ گه‌رمه‌ی شه‌ڕ حەمه‌ ڕه‌شید خان كاتێك گوێی له‌ ده‌نگی تۆپ و فڕۆكه‌ ده‌بێت هه‌وڵی ئه‌وه‌ ده‌دات كه‌ گوندی سه‌را به‌ جێ بهێڵیت و به‌ره‌و دواپاشه‌كشه‌ بكات، به‌ڵام میرحاج چوو بووه‌ لای و نه‌یهێشتووه‌ په‌له‌ بكات و شوێنی خۆی چۆل بكات!.  دوای سێ كاتژمێر شه‌ڕكردن هه‌ر یه‌كه‌ له‌ مامه‌ند مه‌سیح و حه‌مه‌د ئه‌مین میرخان و عه‌قید به‌كرئاغای حه‌وێزی له‌ لای خۆیان له‌و گردانه‌ كه‌ له‌ سه‌ری بوون، هێرش ده‌كه‌نه‌ سه‌ر گوندی قاراوە كه‌ له‌ نێوان ئه‌و گونده‌ و بارزانییه‌كان ده‌شتێك هه‌بوو و چه‌ند پێشمه‌رگه‌یه‌ك به‌ خێرا ده‌توانن به‌ ڕا كردن خۆیان له‌و ده‌شته‌ بگه‌یننه‌ ناو گونده‌كه‌ و ئه‌و ڕه‌شاشانه‌ی كه‌ له‌ دژی پێشمه‌رگه‌كان به‌كار ده‌هاتن له‌ كار بخه‌ن و له‌ دوای ئه‌وه‌ زۆربه‌ی پێشمه‌رگه‌كان هێرش ده‌كه‌نه‌ سه‌ر قاراوە و له‌ سه‌ر یه‌كێك له‌ گرده‌كانی ئه‌و گونده‌ كه‌ هێزی ئێرانی لێ بوو ١٦ سه‌ربازی ئێران ده‌كوژن. دوای ئه‌وه‌ عه‌بدوڵڵا خۆشناو و دوو پێشمه‌رگه‌ی بارزانی هێرش ده‌كه‌نه‌ سه‌ر دوو توپ كه‌ له‌و به‌ری چه‌می ئاڵتون دا بوون، به‌ڵام ئێرانییه‌كان ئه‌و تۆپانه‌ ده‌گوازنه‌وه‌ چیای مه‌لقه‌ره‌نی. له‌ ئێواره‌ی هه‌مان ڕۆژ هێزی بارزانی ده‌توانێت ئابڵۆقه‌ی گوندی ئاڵتونی خواروو بدات و ده‌ست به‌ سه‌ر مه‌خفه‌رێكی پۆلیسی ئه‌و گونده‌ بگرن كه‌ پڕ بوو له‌ ئازووقه‌ و دوو ئه‌سپ. جگه‌ له‌وه‌ ده‌ستكه‌وته‌كانی هێزی بارزانی له‌و شه‌ڕه‌ بریتی بوو له ٤٢ دیل و ١٦٠ تفه‌نگی برنۆ و ١٤سندوق فیشه‌ك و ته‌له‌فۆنیك و جیهازێكی لاسلكی و چوار ڕه‌شاشی برنۆ، گه‌نم و جۆیێكی زۆر كه‌ له‌ مه‌خفه‌ری ئاڵتونی خواروو بوو، له‌گه‌ڵ دوو ئه‌سپ و به‌تانی و كه‌لوپه‌لێكی زۆر، زیاتر له‌ ١٠٠ سه‌رباز له‌ سوپای ئێران ده‌كوژرێت. له‌ ئه‌نجامی شه‌ڕێكی سه‌خت هێزی بارزانی ده‌توانێت سه‌ركه‌وتن تۆمار بكات،‌ توانیان هێزێك كه‌ به‌ مه‌زه‌نده‌ ٨٠٠  كه‌س ده‌بوون تووشی شكست بكه‌ن. له‌و شه‌ڕه‌ ده‌توانرێت ژماره‌یه‌ك سه‌ربازی ئێرانی ده‌ست به‌ سه‌ر بكه‌ن و ڕه‌وانه‌ی مه‌هابادیان بكه‌ن، له‌به‌رامبه‌ر هه‌موو ئه‌و ده‌سكه‌وتانه‌ هێزی پێشمه‌رگه له‌و شه‌ڕه‌ هیچ زیانێكی به‌ر نه‌كه‌وت.

 ئه‌و ئازایه‌تی و قاره‌مانێتییه‌ی‌ بارزانییه‌كان له‌و شه‌ڕه‌ تۆماریان كرد، له‌ ڕاپۆرتێك‌ حه‌مه‌ ڕه‌شید خانی بانه‌ فه‌رمانده‌ی به‌ڕه‌ی بۆكان بۆ قازی محه‌مه‌د ده‌نووسێت و باس له‌ ئازایه‌تی بارزانی و ئه‌فسه‌ر و سه‌ركرده‌كانیان ده‌كات، حه‌مه‌ڕه‌شید خانی بانه‌ به‌م شێوه‌یه‌ باس له‌ بارزانی و هێزی بارزانی له‌ شەڕی قاراوه‌ ده‌كات.

بۆ/ پێشه‌وای به‌رزی جمهوریه‌تی كوردستان معظم

 موضوع/ تقدیری كرده‌وه‌ی ئازایه‌تی بارزانی و ئه‌فسه‌ر و سه‌ركرده‌كانیان

١- به‌ كەمالی روسووری و سه‌ربه‌ستی و سه‌ربه‌رزی كرده‌وه‌ی خارقه‌ی عیلی بارزانی و ئه‌فسه‌ر و سه‌ركرده‌كانیانت به‌ عرض ده‌گه‌یه‌نم هه‌رچه‌نده‌ به‌ نوسینی ژماره‌ (١٢٦)و ڕۆژی 12/2/325مختصری ئه‌م معروچاتم تقدیم به‌ شادیكل كردووه‌ به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ پێشه‌وای به‌رزیش له‌ ڕه‌شاوه‌تی ئه‌م برایه‌ به‌ قیمه‌تانم ئاگادار بكه‌م ئه‌و نمونه‌یه‌كی قابیلت یان له‌ خواره‌وه‌ عرض ده‌كری.

2. له‌ ڕۆژی 9/2/325سه‌عات 11/15ده‌قیقه‌ پێش نێوه‌روی موسكو دوژمن بۆ جیبهه‌تی سه‌را له‌ ناكاو هجومی كرده‌ سه‌ر استمكانات مه‌ل قه‌ره‌نی كه‌ له‌ ژیر نظاره‌تی أغای بكر أغای حوێزی دابوو له‌ جهه‌تی سه‌را هجومی كرده‌ سه‌ر استمكاناتی كه‌لی سه‌را كه‌ له‌ ژێر نضاره‌ت و مسئولیه‌تی أغای میرحاجدا بوو و جهتی تریش یان ڕوی كردبووه‌ ئه‌و شانه‌ی.

3. كه‌ جناحی ڕاستی كیوی بالوقانی پی ده‌لێن و له‌ ژیر نظاره‌ت أغای مصطفی خۆشناودا واقع بوو له‌ وه‌خته‌كه‌ دوژمن له‌هه‌موو لایه‌كه‌وه‌ خه‌ریكی تقدم وئاگر باران بوو پێشمه‌رگه‌كانی هێزی بارزانی یه‌ك به‌ یه‌ك به‌ نهایه‌تی حه‌ماسه‌ت و به‌شله‌ژان گوییان له‌ ئه‌وامری فه‌رمانده‌ و قیاده‌ی خۆیان ڕائه‌گرت به‌ وینه‌ی نظامی مدرب ده‌وله‌تی و حرفیا تطبیقی ئه‌و پروگرامه‌یان اكرد لطرف قیاده‌ و سه‌ركرده‌ و أفسران پی یان ئه‌بینرا له‌ أقوام فنونی جه‌نگ و شان گرتن و هه‌ڵمه‌ت بردن شاره‌زا بوون كه‌ قله‌م له‌ تعریفی عاجزه‌.

4. سه‌ركرده‌ی ده‌سته‌ی بارزانی أغای میرحاج و أغای بكرأغای حویزی و مصطفی خوشناو و وه‌هاب أغا، فه‌وق العاده‌ سه‌ربه‌رزیان كردم حقیقتآ خزمه‌تی ئه‌و چوار ضابطه‌ گنجانه‌ به‌ هه‌موو معنایه‌كه‌وه‌ تقدیر أكری ئه‌وه‌ له‌ شه‌رتێكی اساسیه‌ كه‌ ئه‌م زاته‌ خاوه‌ن حسیات و أدابی عسكری زانانه‌ بخریته‌  به‌ر نظری باره‌گای به‌رزی جمهوریتی كوردستان و همیشه‌ برامبه‌ر به‌ قابلیه‌ت  و شجاعه‌تی خویان دلداری و تلطیف بكرێن.

جابه‌ و مناسبه‌ته‌وه‌ تكایه‌ كه‌ علاوه‌ی ئه‌وه‌ی اثاری خزمه‌تیان بخرێته‌ ناو ده‌فته‌ری خزمه‌ت یانه‌وه‌ به‌ پێویستی ئه‌زانم كه‌ رسمان تقدیری عملیات و مكافاتی خوانه‌یان تبلیغ بفه‌رموویت.

5. و معاونی ظابطانی ناوبراو (أغانی محمد أمیر میرخان و مامه‌ند مه‌سیح و ساكوره‌ و خۆشه‌وی خلیل) فوق العاده‌ نشانه‌ی قاره‌مانیه‌ت و مسلكی نیشتمان په‌روه‌ریان به‌ خه‌رج دا حقیقه‌ته‌ن بۆ له‌شكرێكی تازه‌ ته‌مه‌ن كاری كوردستان پێویسته‌ هه‌میشه‌ به‌م زاتانه‌ احترامات و تزیناتی پی بدری،جا تكایه‌ ئه‌م زاتانه‌ مقابل به‌ عملیات و حماسه‌تی مردانه‌گی خویان به‌ ده‌ره‌جاتی لائقه‌ مسرور و تشجیع بفرموون أیتر أیجابی متوقفی اراده‌ی باره‌گای به‌رزی پیشه‌وامانه‌.

6. نظریه‌ی زه‌عیم محترم(مه‌لا مصطفی)ش هه‌ر له‌ سه‌ر ئه‌م تقدیره‌یه‌ وه‌ ته‌فصیلات هه‌ر ئه‌وه‌یه‌كی عرضتان كراوه‌.

ئیمزا

فه‌رمانده‌ی هێزی بوكان و منطقه‌ له‌ سه‌را)).

له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و سه‌ركه‌وتنه‌ قازی محه‌مه‌د وه‌ك دیاری ٩٠٠٠ تومه‌ن و غه‌داری كۆلتی بۆ ئه‌و به‌تالیۆنه‌ ده‌نێرێت  و مستەفا بارزانیش له‌ لایه‌نی خۆی وه‌كو سوپاس ده‌مانچه‌ و بڕنۆیه‌ك پێشكه‌ش به‌ عه‌قید به‌كر عه‌بدولكه‌ریم حه‌وێزی ده‌كات. به‌و شێوه‌یه‌ بۆمان ڕوون ده‌بێته‌وه‌ ئه‌و شاره‌زاییه‌ی كه‌ هێزی بارزانی له‌ بواری شه‌ڕكردن هه‌یان بوو و ئه‌و ئه‌فسه‌ره‌ كوردانه‌ی كه‌ له‌ ناو هێزه‌كه‌ی بوون، زۆربه‌یان خاوه‌ن بڕوانامه‌ی ئاكادیمی بوون، هه‌رده‌م مایه‌ی سه‌رفه‌رازی و سه‌ربڵندی مسته‌فا بارزانی به‌ تایبه‌ت و هێزی پێشمه‌رگه‌ی كۆماری كوردستان به‌گشتی بوون، هه‌ر ئه‌و هێز و چه‌كدارانه‌ی كه‌ له‌ ژێر فه‌رمانی مسته‌فا بارزانی چه‌كیان هه‌ڵگرتبوو خاڵێكی زۆر به‌ هێز بوون بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ په‌یوه‌ندی نێوان بارزانی و سه‌ركرده‌كانی سه‌ربازی دیكه‌ی كۆمار و سه‌رۆك هۆزه‌كانی كوردی ناوچه‌كه‌ هه‌ر ده‌م پته‌وتر بێت و كوردانی ناوچه‌كه‌ حیسابێكی جیاواز بۆ هێزی بارزانی بكه‌ن. له‌ لایه‌كی دیكه‌ش بوونی ئه‌و هێزه‌ له‌گه‌ڵ بارزانی ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی به‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌و كاته‌ی كه‌ تازه‌ ڕوویان كردبووه‌ كۆمار و زۆر له‌ بارودۆخیكی ناله‌ بار خۆیان گه‌یاندبووه‌ كۆماری كوردستان، هه‌تا ڕاده‌یه‌ك له‌ ڕووی ئابوریش بارودۆخیان باشتر بێت.

دوای ئه‌وه‌ی كه‌ شه‌ڕه‌كه‌ به‌ سه‌ركه‌وتنی هێزی پێشمه‌رگه‌ كۆتایی دێت، ئه‌و سه‌ربازانه‌ی سوپای ئێران كه‌ به‌دیل گیرا بوون سه‌ره‌تا ڕه‌وانه‌ی شاری مه‌هاباد ده‌كرێن و له‌ له‌وێشه‌وه‌ له‌ لایه‌ن ڕێبه‌رانی كۆماری كوردستان ئازاد ده‌كرێن و ڕه‌وانه‌ی تارانیان ده‌كه‌نه‌وه‌. ایگلتن سه‌باره‌ت به‌ شەڕی قاراوە به‌م شێوه‌یه‌ ڕاوبۆچوونی خۆی ده‌رده‌بڕێت و ده‌ڵێت: ((بابه‌تی قاراوە زیاتر شێوه‌ی داوێكی كۆن و له‌ مۆدیل كه‌وتووی شه‌ڕه‌كانی كوردی هه‌بوو تا شه‌ڕێك كه‌ به‌ شێوه‌ی نوێ و مودێرنی سه‌رده‌میانه‌، به‌ڵام له‌ گه‌ڵ هه‌موو ئه‌وانه‌شدا نیشانی ده‌دا كه‌ هێزی سه‌ربازی و به‌رگری له‌ ناوچه‌كه‌ دا هه‌یه‌، هێزی ئێرانی له‌و شوێنه‌ به‌ ته‌واوی تێكشكێندرا. به‌ هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت ئه‌و سه‌ركه‌وتنه‌ی كورده‌كان بۆ كۆماری تازه‌‌ دڵگه‌رمی و شادییه‌كی زۆری دروست كرد)). به‌ وردبوونه‌وه‌ له‌و شه‌ڕه‌ بۆمان ڕوون ده‌بێته‌وه‌ شەڕی قاراوه‌ له‌ چه‌ند لایه‌ن گرنگ بووه‌ بۆ هێزی بارزانی، یه‌كه‌م ئه‌و هێزه‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌موو كێشانه‌ی كه‌ هه‌یان بوو و دژایه‌تییه‌ی كه‌ له‌ لایه‌ن به‌شێك له‌ هێزی عه‌شیره‌ته‌كانی كۆماری كوردستان له‌ دژیان ده‌كرا توانیان ئه‌وه‌ بسلمێنن كه‌ ئه‌وشتانه‌ی كه‌ سه‌باره‌ت به‌ شاره‌زاییان له‌ بواری شه‌ڕ له‌ ئارادا بوو ته‌نیا باسێك نیه‌ كه‌ تیۆری بێت به‌ڵكو به‌ شێوه‌یه‌كی كرده‌وه‌، به‌رزی ئاست و شاره‌زایی خۆیان له‌ بواری شه‌ڕكردن نیشانی سوپای كۆماری كوردستان دا. له‌ لایه‌كی دیكه‌یش حكومه‌تی تاران ئه‌وه‌ی بۆی ڕوون بووه‌وه‌ كه‌ بارزانییه‌كان ئه‌و هێزه‌ نین‌ له‌و بارودۆخه‌ی ئه‌و كاتی ئێران بخرێنه‌ په‌راوێز و گرنگی زۆریان پێ نه‌درێت، چونكه‌ ده‌بینین له‌ دوای ئه‌و شه‌ڕه‌‌‌ هێزی ئێران له‌و پێكدادانه‌ی كه‌ له‌گه‌ڵ بارزانییه‌كان ئه‌نجامی ده‌دات به‌ هێزیكی زیاتر و پلانێكی وردتر دێته‌ مه‌یدانی شه‌ڕ، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت سه‌ركه‌وتن به‌ سه‌ر بارزانییه‌كان به‌ ده‌ست بهێنیت. خالێكی دیكه‌ی شەڕی قاراوە كه‌ په‌یوه‌ندی به‌ بارزانییه‌كان هه‌یه‌ ئه‌وه‌یه‌ زۆربه‌ی پێشمه‌رگه‌كانی هێزی بارزانی كه‌ به‌شداری ئه‌و شه‌ڕه‌ بوون له‌ ڕووی ته‌ندروستی له‌ بارودۆخێكی خراپ  بوون و تووشی نه‌خۆشی تیفوس و مه‌لاریا بوون و به‌شێكیشیان تازه‌ له‌ نه‌خۆشانه‌ ده‌رچو بووبوون و خۆیان گه‌یاندبووه‌ مه‌یدانی شه‌ڕ، هۆكاره‌كه‌یشی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی جگه‌ له‌وه‌ی كه‌  بارزانییه‌كان له‌و كاته‌ خواردنێكی باشیان نه‌بووه‌ كه‌ بیخۆن، له‌ لایه‌كی دیكه‌ش له‌ لایه‌ن به‌رپرسانی كۆماری كوردستان له‌ هه‌ندێك ناوچه‌ وه‌ك سه‌را و قاراوە نێشته‌جێ ده‌كرێن كه‌ هه‌رچه‌نده‌ له‌ ڕووی به‌رگریكردن له‌ كۆمار خاڵێكی زۆر كاریگه‌ر بوون به‌ڵام ئه‌و ناوچانه‌ له‌و ساڵانه‌ یه‌كێك له‌و شوێنانه‌ بوونه‌ كه‌ نه‌خۆشی مه‌لاریا تێدا به‌ربڵاو بووه‌ و مه‌ترسی له‌ سه‌ر ته‌ندروستی دانیشتوانی ناوچه‌كه‌ دروست كردبوو.

له‌ ڕووی سیاسیشه‌وه‌ ئه‌و شه‌ڕه‌ بۆ هه‌موو لایه‌نێك گرنگی تایبه‌تی خۆی هه‌بوو، چونكه‌ له‌ ڕووی سیاسییه‌وه‌ هه‌ماهه‌نگ بوونی شەڕی قاراوە له‌ گه‌ڵ به‌رده‌وامبوونی گفتوگۆ له‌ نێوان حكومه‌ت و نوێنه‌رانی كورد و ئازه‌ردا خزمه‌تی دوو مه‌سه‌له‌ی كرد:

1. ئه‌گه‌ر سه‌ركه‌وتن بۆ ئه‌و هێرشه‌ مسۆگه‌ر كرا، ئه‌وا هێزی سوپای ئێران ده‌یتوانی هه‌لێك بقۆزێته‌وه‌ به‌ره‌و قوڵایی هه‌رێمی ئازه‌ربایجانی ڕۆژئاوا بروات و به‌ ئاسانی شاری مه‌هاباد و ناوچه‌ی موكریان داگیر بكاته‌وه‌. ئه‌وه‌ش له‌ ڕووی سیاسی و سه‌ربازییه‌وه‌ ده‌بووه‌ كارتێكی به‌هێز به‌ ده‌ست لێپرسراوانی تارانه‌وه‌ و چییان بویستایه‌ له‌ تاران به‌ سه‌ر نوێنه‌رانی كورد و ئازه‌ردا ده‌یانسپاند و قه‌وام ئه‌لسلته‌نه‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی ئێران له‌ به‌رده‌م یه‌كێتی سۆڤیه‌ت تووشی شه‌رمه‌زاری نه‌ده‌بوو، چونكه‌ كێشه‌ی كورد و كۆماری كوردستان ناوه‌كه‌یشی له‌ ناو ڕێككه‌وتنی قه‌وام و سادچییۆكۆفدا نه‌هاتبوو. له‌ لایه‌كی دیكه‌یش حكومه‌تی عێراق ئاگاداری ئه‌و هێره‌شه‌ی سوپای ئێران بوو چونكه هه‌ر ئه‌و كاته‌ی كه‌ سوپای ئێرانی په‌لاماره‌كه‌ی ده‌ست پێكرد هێزه‌كانی سوپای عێراقیش له‌ سه‌ر سنووری كوردستانی عێراق و ئێران ئاماده‌یی ته‌واوی خۆیان وه‌رگرت.

2. ئه‌گه‌ر هاتوو ئه‌و هێرشه‌ به‌ شكست كۆتایی هات (كه‌ له‌ ڕاستیشدا وابوو)، ئه‌و كات حكومه‌تی ئێران ده‌یتوانی وه‌كو فاكته‌رێكی خۆ بواردن له‌ ڕێكه‌وتن، له‌ گه‌ڵ فاكته‌ره‌كانی دیكه‌ سوودی لێ وه‌ربگرێت بۆ درێژكردنه‌وه‌ی مامه‌له‌ی چاره‌سه‌ری ئاشتی خوازانه‌ی قه‌یرانه‌كه‌ی ئازه‌ربایجان به‌ كاری بهێنیت. به‌وه‌ش هه‌م حكومه‌تی‌ ئێران به‌ ته‌واوه‌تی له‌ شكانه‌وه‌ی سوپای سوور و كۆتایی هێنانی مه‌سه‌له‌كه‌ له‌ ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان دڵنیا ده‌بوو هه‌م یه‌كێتی سۆڤیه‌تیش ده‌كه‌وته‌ خانه‌ی چاوه‌ڕێییه‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ به‌ڵێنه‌كانی قه‌وام له‌ سه‌ر دامه‌زراندنی كۆمپانیایه‌كی هاوبه‌شی نه‌وتی سۆڤیه‌ت و ئێران، بۆ ئه‌وه‌ی موسكۆ كاریگه‌ری خۆی وه‌ك فشارێك له‌ سه‌ر ئازه‌رییه‌كان به‌ كار بێنێت بۆ ئه‌وه‌ی نه‌رمتر بن به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندی له‌ هه‌ر خۆلێكی دیكه‌ی گفتوگۆدا.

 دوای كۆتایی هاتنی شەڕی قاراوە حكومه‌تی تاران به‌ ناوی لێكۆلێنه‌وه‌ له‌ شه‌ڕه‌كه‌ی قاراوە لێژنه‌یه‌كی سه‌ربازیی به‌ سه‌رپه‌رشتی سه‌رله‌شكر شقاقی له‌ تارانه‌وه‌ ڕه‌وانه‌ی سه‌قز كرد و له‌ گه‌ڵ وه‌فدێكی كۆماری كوردستان به‌ سه‌رپه‌رشتی عزه‌ت عه‌بدولعه‌زیز دانیشتن. ناردنی ئه‌و لێژنه‌یه‌‌ له‌ ٧ی مایسی ١٩٤٦ دا گه‌یشته‌ سه‌را جگه‌ له‌وه‌ی بۆ چاو به‌ست بوو به‌ ئامانجی دۆزینه‌وه‌ی ڕێگایه‌ك بۆ فریاكه‌وتنی پاسگا گه‌مارۆ دراوه‌كانی سوپای ئێران له‌و ناوچه‌یه‌ و كردنه‌وه‌ی جاده‌ی سه‌قز- بانه‌ و بانه‌ - سه‌رده‌شت كه‌ له‌ لایه‌ن هێزی پێشمه‌رگه‌وه‌ گه‌مارۆ درا بوو. جگه‌ له‌وه‌ ئه‌و لیژنه‌یه‌ دوای به‌ سه‌ركردنه‌وه‌ی سه‌ربازگه‌كانی ناوچه‌كه‌ ڕاپۆرتێكی پێشكه‌شی وه‌زاره‌تی جه‌نگ كرد و تێیدا به‌ وردی هه‌لومه‌رجی سه‌ربازیی ناوچه‌كه‌ و چۆنیه‌تی به‌هێزكردنی جه‌بهه‌ی ئێران وه‌ك پێویستییه‌ك بۆ هه‌ر مانۆرێكی سه‌ربازیی ئاینده‌یی له‌ ناوچه‌كه‌دا خسته‌ به‌رچاو و پێشنیازه‌كانی خۆی له‌ سه‌ر پێشكه‌ش كرد.

ده‌رئه‌نجام:

١- شەڕی قاراوه‌ بۆ هێزی بارزانی به‌ شێوه‌یه‌كی تایبه‌ت گرنگ بووه‌ چونكه‌ به‌و شه‌ڕه‌ سه‌لماندیان كه‌ له‌ ڕووی شه‌ڕكردن له‌ به‌رامبه‌ر دوژمنه‌كانی كۆماری كوردستان هه‌تا ڕاده‌یه‌كی زۆر له‌ هێزه‌ چه‌كداره‌كانی دیكه‌ی ناو كۆماری كوردستان شاره‌زاتر و دڵسۆزترن.

٢- هێزی بارزانی له‌ كاتێك خۆی ئاماده‌ی شه‌ڕكردن له‌ قاراوه‌ كردبوو كه‌ به‌شێكی زۆر له‌ هێزه‌كه‌ به‌ هۆی تووشبوون به‌ نه‌خۆشی تیفوس و مالاریا هیچ هێز و توانایه‌كیان له‌ له‌شدا نه‌ما بوو، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌و نه‌خۆشییه‌ش توانیان سه‌ركه‌وتنێكی گه‌وره‌ و مێژوویی بۆ كۆماری كوردستان تومار بكه‌ن، چونكه‌ هێزی سوپای ئێران به‌ هێزێكی زۆر هاتبوو كه‌ هێرش بكاته‌ سه‌ر بنكه‌ سه‌ربازییه‌كانی پێشمه‌رگه‌كانی كۆماری كوردستان، به‌ڵام نه‌یزانی كه‌ ڕووبه‌ڕووی ئه‌و به‌رخودان و به‌رگرییه‌ی هێزی بارزانی ده‌بن.

٣- له‌ دوای ئه‌و شه‌ڕه‌ بوو كه‌ سه‌ركرده‌كانی كۆماری كوردستان زۆرتر له‌ ڕابردوو باوه‌ڕیان به‌ هێز و توانای شه‌ڕكردنی پێشمه‌رگه‌ بارزانییه‌كان هات هه‌ر به‌و بۆنه‌یه‌ش بوو كه‌ له‌ لایه‌ن قازی محه‌مه‌د فه‌رمانده‌كانی بارزانی كه‌ له‌و شه‌ڕه‌ به‌شدارییان كردبوو خه‌ڵات كران.

٤- شەڕی قاراوه‌ له‌ ڕووی سیاسیشه‌وه‌ بۆ كۆماری كوردستان زۆر گرنگ بووه‌ به‌ شێوه‌یه‌ك ده‌بینین كه‌ له‌ دوای ئه‌و سه‌ركه‌وتنه‌یه‌ كه‌ لیژنه‌یه‌كی پله‌ به‌رز له‌ وه‌زاره‌تی به‌رگری ئێران بۆ كۆبوونه‌وه‌ و دانوستاندن له‌ گه‌ڵ به‌رپرسان و فه‌رمانده‌كانی سه‌ربازی كۆماری كوردستان ڕه‌وانه‌ی ناوچه‌كه‌ ده‌كرێن.

٥- له‌و دانوستاندنانه‌ی كه‌ له‌ دوای شەڕی قاراوه‌ له‌ نێوان لیژنه‌ی سه‌ربازی ئێران و لیژنه‌ی دانوستاندن كاری كۆماری كوردستان ده‌ستی پێكرا بۆ جارێكی دیكه‌ ڕۆڵی گرنگ و كاریگه‌ری هێزی بارزانی بۆمان ڕونتر ده‌بێت، به‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ ئه‌و دانوستاندنانه‌ به‌ هۆی ئه‌و شاره‌زاییه‌ی كه‌ عزه‌ت عه‌بدولعه‌زیز له‌ بواری سه‌ربازی هه‌یبووو وه‌ك سه‌رۆكی لیژنه‌ی دانوستاندنكاری كۆماری كوردستان له‌ گه‌ڵ وه‌فدی سه‌ربازی ئێران دیاری ده‌كرێت.


سه‌رچاوه‌كان:

١- حسین علی رزم آرا، فرهنگ جغرافیایی ایران(آبادیها)استان 3و4آذربایجان،(تهران، انتشارات دایره‌ جغرافیایی ستاد ارتش،1330.

٢- علاءالدین سجادی، شۆرشه‌كانی كورد،به‌غدا،چاپخانه‌ی مه‌عارف،1959.

٣- د.فه‌ره‌یدوون نووری ، بزاڤی بارزانی، هه‌ولێر، ده‌زگای چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئاراس،2007.

٤- ئەرشیفی دەستەی ئینسکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.

٥- نجفقلی پسیان،از مهاباد خونین تا كرانه‌های ارس،تهران،شركت سهامی چاپ،1328.

٦- دوكتۆر عه‌بدولڕه‌حمان قاسملوو، كورته‌ مێژووی حیزبی دیمۆكراتی كوردستانی ئێران(چل ساڵ خه‌بات ،له‌ پێناوئازادی)، كۆمیسیونی چاپه‌مه‌نیی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران، 2003.

٧- ویلیام ایگلتون جونیر، جمهوری 1946كردستان،سید محمد صمدی، مهاباد،1361.

٨- میرزا محمد امین مه‌نگوری، به‌سه‌رهاتی سیاسی كورد 1914وه‌ هه‌تا 1958،به‌شی یه‌كه‌م، سلێمانی،چاپخانه‌ی روون،چاپی دووه‌م،2000.

٩- عه‌قید به‌كر عه‌بدولكه‌ریم حه‌وێزی، گه‌شتێك به‌ كۆماری مه‌هاباد دا ، هه‌ولێر، ده‌زگای چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئاراس، چاپی دووه‌م، 2001.

١٠- كه‌یوان ئازاد ئه‌نوه‌ر، حه‌مه‌ ڕه‌شید خانی بانه‌، هه‌ولێر، له‌ بڵاو كراوه‌كانی وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری/چاپخانه‌ی به‌ده‌رخان،2001.

١١- د.یاسین سه‌رده‌شتی،كوردستانی ئیران لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی مێژوویی له‌ جوڵانه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی نه‌ته‌وه‌یی كورد(1939-1979)،سلێمانی،چاپخانه‌ی سیما،چاپی دووه‌م،2011.

 

 


 


بابەتی پەیوەندیدار

شەڕى چیاى بەڕانشێ ١٩٨٦

شەڕى بەڕانشێ چالاکییەکى پارتیزانى هێزى پێشمەرگە بوو لەسەر ڕێگاى سەرەکى چیاى بەڕانشێ نزیک گوندى گرێ بیێ، لەو چالاکییەدا هێزێکى پێشمەرگەى ناوچەى زاخۆى پارتى دیموکراتى کوردستان لە ١٥ى تشرینى دووەمى ١٩٨٦ بۆسەیەکیان لەسەر ڕێگاى سەرەکى دانایەوە، بۆ لێدان لە ئۆتۆمبێلە سەربازییەکانى هێزەکانى ڕژێمى بەعسى داگیرکەر.

زانیاری زیاتر

شەڕى شیڤێ ١٩٨٧

شەڕى شیڤێ ڕووبەڕووبوونەوەى هێزى پێشمەرگە و هێزى چەکدارانى بەکرێگیراوى ڕژێمى بەعس لە ٢٥ى ئایارى ١٩٨٧، کە بە نیازى وێرانکارى و ڕوخاندنى گوندى شیڤێ هێرشیان کردە سەر گوندەکە، هێزى پێشمەرگەش بەرەنگاریان بووەوە و لە ماوەى دوو کاتژمێرى شەڕدا هێزى چەکدارانى بەکرێگیراو شکستیان خوارد و ڕایانکرد، چوار لاشەیان لە مەیدانى شەڕ بەجێهێشت.

زانیاری زیاتر

شەڕى گوندى بادێ ١٩٨٣

چالاکییەکى پارتیزانى هێزى پێشمەرگە دژى هێزەکانى ڕژێمى بەعسە، هێزێکى پێشمەرگەى لێژنەى ناوچەى دهۆک و ڕێکخراوەکانى هورمز مەلیک و تاهر زێوەیی لە شەوى ١١ لەسەر ١٢ى کانوونى یەکەمى ١٩٨٣ هێرشیان کردە سەر ڕەبایەى گوندى بادێ، لە ماوەیەکى کەمدا دەستیان بەسەرداگرت و ئاگریان تێبەردا، تەواوى سەربازانیان کوشت و چواریشیان بەدیل گرتن، پاشان شوێنەکەیان جێهێشت.

زانیاری زیاتر

شەڕى ڕەبایەى گرێ ئیسفکا ١٩٨١

چالاکییەکى پارتیزانى بوو کە هێزێکى پێشمەرگە لە شەوێکى تشرینى دووەمى ١٩٨١ هێرشیان کردە سەر ڕەبایەى گرێ ئیسفکا لە دەڤەرى بەروارى باڵا، لە ماوەیەکى کەمدا توانیان دەستى بەسەردا بگرن و ژمارەیەک سەربازى ڕەبایەکەیان کوشت و دەستیان بەسەر چەک و تەقەمەنى و کەلوپەلى سەربازیدا گرت، پاشان شوێنەکەیان بەجێهێشت و گەڕانەوە بنکەکانیان.

زانیاری زیاتر

شەڕی دەڤەری سندیا ١٩٨٧

ئەم شەڕە لە ئەنجامى هێرشێکى بەربڵاوى سوپاى عێراق بە پاڵپشتى تانک و تۆپ و فڕۆکەى جەنگى و جاشەکان بۆ سەر دەڤەرا سندیا ڕوویدا، هێزى پێشمەرگەى کوردستان بۆ پاراستنى ناوچەکە لە ڕوخان و وێرانکارى گوندەکان، لە ٥ى نیسانى ١٩٨٧ ڕووبەڕووى هێزەکانى حکومەت بووەوە، ئەنجامى شەڕەکە بە سەرکەوتنى هێزى پێشمەرگە و شکستى هێزە عێراقیەکان کۆتایی هات.

زانیاری زیاتر