شەڕی سەرێ سناتێ ١٩٨٥

شەڕى سەری سناتێ چالاکییەکى هێزى پێشمەرگەى کوردستان بوو لە سەرى سناتێ لە ناوچەى مچولیاى دەڤەرى بادینان، هێزى پێشمەرگە هێرشیان کردە سەر بارەگاى سریەیەکى سەربازى سوپاى عێراق و دواى شەڕێکى گەرم بەماوەیەکى کەم، توانیان دەستى بەسەردا بگرن و ژمارەیەک سەرباز بکوژن و بڕێکى زۆرى چەک و تەقەمەنى قوڕس و سوک دەستى بەسەردا بگرن، دواى ئەوەى ئامانجى هێرشەکە پێکرا هێزەکەى پێشمەرگە شوێنەکەیان جێ هێشت و گەڕانەوە شوێنى خۆیان لە حەفتەنینێ.


دواى نسکۆى شۆڕشی ئەیلوول ڕژێمى بەعس هەموو توانا و هەوڵێکى خستە گەڕ لە پێناو ڕێگریکردن لە دووبارە سەرهەلدانەوەى شۆڕش و سنووردارکردنى چالاکییەکانى پێشمەرگە، بۆ ئەوەش چەند ڕێگایەکى گرتە بەر وەک بڵاوکردنەوەى سوپا لە کوردستان و چەکدارکردنى ئەو کوردانەى کە بەکرێگیراوى خۆى بوون و گەڕان بەدواى پێشمەرگە و زۆرەها هەڵوێستى تر، بۆ لە گۆڕنانى ئەو خەونەى بەعس سەرکردایەتى شۆڕش و هێزى پێشمەرگە لەسەردەمى شۆڕشی گوڵان زێدەتر خۆى لە ڕووبەڕووبوونەوەى پارتیزانى دەبینیەوە، کە هێزەکانى پێشمەرگە لە ناوچە جیاوازەکان بە هەر هۆکار و ئامانجێک بێ خۆیان لە بنکە و بارەگا سەربازى و ئەمنیەکانى ڕژێمى بەعس نزیک دەکردەوە و لە ماوەیەکى دیاریکراودا هێرشیان دەرکردنە سەر و چالاکییەکانیان ئەنجام دەدا و پاشان شوێنەکەیان جێ دەهێشت، بەم کریارەش بۆ ماوەیەک دەزگا سەربازى و ئەمنیەکانى حکومەت دووچارى شلەژان و هەراسان دەبوون.

زۆر جاری وا هەبوو بۆ ئامادەکارى و بەڕێوەچوونى چالاکییەکى پێشمەرگە و وەشاندنى گورزی گەورە لە بنکە و بارەگاکانى سەربازى، سەرەتا دەستەیەکى پێشمەرگە بە نهێنى دادەبەزینە ناو قوڵاىى دەسەڵاتى ڕژێمى بەعس بۆ دەستنیشانکردنى شوێنى ئەنجامدانى چالاکییەکە و پاشان دەگەڕانەوە و پلانى هێرشەکیان دادەڕشت و چالاکییەکیان ئەنجام دەدا، وەک ئەوەى کە ڕێکخراوى ڕەنجبەران لە ئایارى ١٩٨٥ دەستەیەکى پێنج کەسی پێشمەرگە بە سەرپەرشتى ئیسماعیل سێڤۆ پێکهێنا و چوون بۆ ناوچەى مچولیا لە سەرێ سناتێ بۆ دەستنیشانکردنى شوێنێکى گونجاو کە چالاکییەکى پێشمەرگەى لێ ئەنجام بدەن، چونکە لە سەردەمى شۆڕشى گوڵاندا هێزى پێشمەرگە لە چوارچێوەى  ڕێکخستنى حزبیدا ڕێکخرابوو وەک لق و ناوچە و ڕێکخراو. دواى تێپەڕینى شەو و ڕۆژێک دەستەکەى پێشمەرگە گەڕانەوە و سەرى سناتێیان دیاریکرد کە بارەگاى سریەى سەربازى سوپاى عێراق بوو، وەک هەنگاوى یەکەم لە پلانى ئەنجامدانى چالاکییەکە بوو.

دواى وەرگرتنى زانیارى دەستبەجێ ڕێکخراوى ناوبراو بە فەرماندەیى محەمەد مراد لەگەڵ پێشمەرگەکانى کۆببووە، پلانى ئەنجامدانى چالاکییەکەى پێ ڕاگەیاندن، پاشان دەستیان بە ئامادەسازى کرد و بەرەو شوێنى مەبەست بەڕێکەوتن، لە ماوەى ١٢ کاتژمێر ڕێگابڕین بە نهێنى و بێ ئەوەى هیچ دەزگایەکى سەربازى و هەواڵگرى ڕژێمى بەعس پێی بزانێ خۆیان گەیاندە سەرێ سناتێ نزیک بارەگاى سریەکەى سەربازى سوپاى عێراق، کە تاریکایی شەو باڵی کێشا بەسەر زەویدا کاتى ئەوە دەستى پێکرد کە پێشمەرگە ئەوەى کە نەخشەى بۆ کێشابوو جێبەجێی بکات، ئەویش پلانى دووەمى چالاکییەکە بوو، تەرخانکردنى چەند پێشمەرگەیەکى شارەزا لە هەڵگرتنەوەى مین کە دەوروبەرى ڕەبایەکەى پێ تەندرا بوو،  تاکو هەستن بە هەڵگرتنەوە و پوچەڵکردنەوەى مینەکان بۆ کردنەوەى ڕێگای پێشمەرگەکان کە بێ زیان خۆیان بگەیەننە ڕەبایەى سەربازى، دواى ماوەی زیاتر لە کاتژمێرێک کارەکەیان بە سەرکەوتووى ئەنجامدا و گەڕانەوە لاى فەرماندە و هاوەڵانیان.

پلانى سێیەمى چالاکییەکە دابەشکردنى هێزى پێشمەرگە بوو بەسەر چەند دەستە یان کۆمەڵێک کە هەر کۆمەڵە لە خاڵێکەوە هەڵمەت بەرنە سەر بارەگا سەربازیەکە، دەستەى یەکەم بریتى بوون لە حەوت پێشمەرگە لە ژێر سەرپەرشتى محەمەد مراد لە لاى ڕۆژهەڵاتەوە هێرش بکەن، دەستەى دووەم پێکهاتبوون لە پێنج پێشمەرگە بە سەرپەرشتى ئیسماعیل سێڤۆ کە لە بەشى سەرەوە هێرش بکەن، دەستەى سێیەمیش حەوت پێشمەرگە بوون لەگەڵ عەبدولکەریم فەرحان بەشى خوارەوەیان بۆ دانرا کە خۆیان لە ڕەبایەکە نزیک بکەنەوە و لە یەک کاتدا هێرشەکە دەست پێبکەن، هەر دەستەیەکى پێشمەرگە یەک (ئار. پی. جى) و پێنج گوللەیان پێدرا لەگەڵ چەکى سووکى خۆیان کە پێیان بوو، کاتژمێر ١١:٣٠ خولەک گەیشتنە شوێنەکانیان کە بۆیان دیارى کرابوو.

سەرەتاى هێرشەکە بەو شێوە دەستى پێکرد لە لایەن پێشمەرگەکانى باڵی ڕۆژهەڵاتەوە یەکەم گوللەى (ئاڕ. پی. جی) ئاراستەى ڕەبایەکە کرا کە بەشێکى دیوارى خانووەکەى ڕووخاند، پاشان لە هەردوو باڵی سەروو خواروو هێزى پێشمەرگە هێرش دەستى پێکرد، لە سێ لایەوە پێشمەرگەکان هەڵیانکوتایە سەر ڕەبایەکە و بە نارنجۆک و ئەو چەکەى دەستیان شەڕێکى گەرمى ڕووبەڕوو بۆ ماوەى نیو کاتژمێر بەردەوام بوو، پێشمەرگەکان توانیان لە ماوەیەکى کەمدا دەست بەسەر ڕەبایەکەدا بگرن و ژمارەیەک سەرباز بکوژن. لە بەرامبەردا زیانەکانى پێشمەرگەش بریتى بوون لە ١٠ بریندار. دواى ئەوەى کە کارەکەیان جێبەجێ کرد و سەرکەوتنیان بەدەست هێنا لە چالاکییەکە بڕیارى پاشەکشەیان دا و گەڕانەوە بۆ بارەگایان لە حەفتەنینێ، بۆ تیمارکردن و چارەسەرى بریندارەکانیش لە لایەن لێژنەى ناوچەى زاخۆوە دکتۆر و دەرمان بۆیان دابین کرا.

 لەو چالاکییەدا دەستکەوتەکانى پێشمەرگە بریتى بوون لە گرتنى تۆپێکى ٨٢ملم و تۆپێکى دیکەى ٦٠ملم لەگەڵ ٢٠ سندوقى گوللەى هەردوو جۆر، یەک ڕەشاشى (بی. کەی. سی) لەگەڵ ٥ سندوق لە گوللەى هەمان جۆر، ٧ پارچە چەکى بچوکى جۆرى کلاشینکۆف لەگەڵ ژمارەیەکى زۆرى فیشەک و ٤ (ئاڕ. پی. جى) و ١٥ گوللە، دەمانچەیەکى جۆرى تارق و بڕێکى زۆرى نارنجۆک و کەلوپەلى سەربازى دەستى بەسەردا گیرا و بوون بە دەستکەوتى شۆڕش.

سەرچاوەکان:

١-مه‌سعود بارزانی، بارزانی و بزوتنه‌وەی ڕزگاریخوازی كورد، به‌رگی چوار‌م، 1975-1990 شۆڕشی گوڵان، به‌شی دووە‌م، چاپی یه‌كه‌م، چاپخانه‌ی ڕوكسانا، 2021.

٢-محەمەد مراد، خەباتا چیا، بیرهاتن و سەرهاتیێن شۆڕەشا گولانێ دناڤبەرا ساڵین (١٩٧٦-١٩٨٩) دا، چاپخانا کوردستانێ – زاخۆ، ٢٠٠٧.

٣-غازى عادل گەردی، پێشمەرگەیەک لە خزمەت ڕێبازى بارزانیدا حەجى بێڕۆخى بەرگى دووەم، چاپى دووەم، تورکیا- ٢٠٢١.


بابەتی پەیوەندیدار

چالاکى گەرووى سیتکان ١٩٨٣

چالاکى گەرووى سیتکان بریتى بوو لە ڕووبەڕوو بوونەوەى هێزێکى پێشمەرگەى کوردستان لەگەڵ هێزێکى سەربازى سوپاى عێراق، لە ئێوارەیەکى بەهارى ١٩٨٣ لە گەرووى سیتکانى نزیک چیاى زۆزک، لەماوەیەکى کورتدا هێزەکەى پێشمەرگە هێرشیان کردە سەر هێزە سەربازیەکە و تێکیان شکاندن و زیانی زۆریان پێ گەیاندن لە کوشتن و بریندار، پاشان شوێنەکەیان جێ هیشت.

زانیاری زیاتر

شەڕى دیانا ١٩٧٩

شەڕی دیانا، ڕووبەڕوو بوونەوەى مەفرەزەیەکى پێشمەرگە لەگەڵ هێزێکى سەربازى سوپاى عێراق لە شارۆچکەى دیانا، کاتێ کە مەفرەزەکەى پێشمەرگە بەمەستى ئەنجامدانى چالاکیەک کە هێرشکردنە سەر ماڵی خیانەتکارێکى بەکرێگیراوى ڕژێم بە هاوکارى ڕێکخستنە نهێنیەکانى ناوشار، لە ڕێگاى رۆیشتنیان بۆ شوێنى مەبەست دووچارى هێزێکى سەربازى حکومەت بوونەوە کە بازگەیان دنابوو لە شوێنێک بەناوى کەندى دیانا، دواى ماوەیەک لە شەڕ و پێکدادان پێشمەرگە بڕیارى کشانەویاندا لە شوێنەکە دوور کەوتنەوە.

زانیاری زیاتر

شەڕی دەشتى بەرازگر ١٩٧٩

شەڕى دەشتى بەرازگر، ڕووبەڕوو بوونەوەى هێزێکى سوپاى عێراق لەگەڵ هێزێکى پێشمەرگە لەسەر ڕوبارى دەشتى بەرازگر لە دەڤەرى برادۆست، کاتێ کە هێزەکەى پێشمەرگە لە جەولەدا بوو بۆ چەند گوندێکى سنورى ناوچەکە بە مەبەستى بەسەرکردنەوەى ڕێخستنەکانیان، دواى ماویەکى کورت لە شەڕ و ڕووبوڕوو بوونەوە هێزەکەى سوپاى عێراق شکستیان خواردو بە ژمارەیەک کوژرا و بریندار مەیدانى شەڕەکەیان چۆلکرد و ڕایانکرد.

زانیاری زیاتر

شەڕی بنارى چیاى پیران ١٩٧٩

شەڕى بنارى چیاى پیران، ڕووبەڕوو بوونەوەى هێزێکى پێشمەرگە لەگەڵ هێزێکى سەربازى سوپاى عێراق لە بەهارى ١٩٧٩، کاتێ کە هێزەکەی پێشمەرگە لە چالاکیەکى پارتیزانى ڕفاندنى پێنج ئەندازیارى پڕۆژەیەکى ڕێگاوبان دەگەڕانەوە، لە بنارى چیاى پیران نزیک مێرگەسۆر لەگەڵ هێزێکى سەربازى سوپا بە یەک گەیشتن، شەڕێکى گەرم بۆ ماوەى دوو کاتژمێر لە نێوانیاند دروست بوو، ئەنجامى شەڕەکە کوژرانى چوار لە ئەندازیاران و ژمارەیەک کوژرا و بریندارى سەربازانى سوپاى لێ کەوتەوە هێزەکەى پێشمەرگەش بێ زیان لێى دەرچوون تەنها یەکێک بە سو

زانیاری زیاتر

شەڕى گوندى هەسنان ١٩٧٥

شەڕى گوندى هەسنان، ڕووبەڕوو بوونەوى هێزى پێشمەرگە و سوپاى عێراق لە ١٣ى ئازارى ١٩٧٥ لە گوندى هەسنان لە بنارى چیاى حەسەن بەگ، کاتێ کە سوپاى عێراق هێرشیکى بەربڵاوى کردە سەر سەنگەرەکانى پێشمەرگە بە پشتیوانى تانک و تۆپ و فڕۆکەى جەنگى بە مەبەستى دەستگرتن بە سەر گەرووى بێشەو چیاى حەسەن بەگ، کە دوو خاڵى ستراتیژى ناوچەکە بوون.

زانیاری زیاتر