شەڕی سێناوە و بەردینا ١٩٦٣

شەڕی سێناوە و بەردینا لە هاوینى ساڵى ١٩٦٣ لە نێوان هێزى پێشمەرگەى کوردستان و سوپاى عێراق ڕوویدا بە پشتیوانى چەکى قورس و تۆپباران و بۆردومانى فڕۆکە لە ناوچەى سپیلکى ڕۆژئاواى شارۆچکەى خەلیفان، کاتێک کە حکومەتى عێراق هه‌وڵی دەستبەسەردا گرتنى دڤەرى بارزانى کرد، دواى شەڕێکى گەورە و شەهیدبوونى ٨ پێشمەرگە، بڕیار درا بە کشانەوەى هێزى پێشمەرگە لەو سەنگەرانەدا.


دواى ئەوەى کەوا بەعسیەکان لە ڕێگاى کودەتایەکى سەربازى دەسەڵاتى عێراقیان گرتە دەست بۆ ماوەى سێ مانگ شەڕ و پەلامارەکانیان لەسەر کوردستاندا وەستاند، بەڵام هێندەى نەخایاند جارێکى دیکە هێرشى بەعسیەکان بۆ سەر کوردستان دەستى پێکردەوە، پلانى ئەو جارەی سوپاى عێراق بە جۆرێک بوو تەواوى قوڕسایی هێزەکانى خستبووە سەر ناوچەى سپیلک بۆ ئەوەى لەوێوە خۆى بگەیەنێتە بارزان و بتوانێ بەتەواوى دەست بەسەر ئەو دەڤەرەدا بگرێ.

هێزەکانى حکومەت لە هێرشى ئەم جارەدا بریتى بوون لە هێزى فیرقەى٢ کە پێکهاتبوون لە لیواى (٢، ٥، ١٩، ٢٥، ٢٧، ٢٩)، بە فەرماندەیى عەقید ڕوکن ئیبراهیم فەیسەل ئەنسارى وەکو سەرپەرشتیارى گشتى ئەو هەڵمەتە سەربازیە دەستنیشان کرابوو، هەروەها ئامر لیوا سەعید حەمۆ دەسەڵاتى تەواى پێدرابوو بەهۆى داخ لە دڵى و ڕق ئەستوورى بەرامبەر بە سەرکردایەتى شۆڕش و گه‌لی كورد.

 لە ٢٩ی حوزەیرانى ١٩٦٣ شەڕێکى گەورە لە دەربەندى کۆڕێ ڕوویدا تا بەرەبەرى ئێوارە بەردەوام بوو، لە ئەنجامدا پێشمەرگە لەو دەربەندە کشانەوە، بەڵام نەیانتوانى لە گەرووى میراوە و دەشتى هەریر و شوێنانى تر هێڵى بەرگرى دانێن تا گەیشتنە بەرزاییەکانى سپیلک، لەوێوە بەسەر شوێنە ستراتیژییەکاندا دابەش بوون و ڕێیان لە پێشڕەوییەکانى سوپاى عێراق گرت، هێزەکانى حکومەتیش گەیشتنە دەشتى هەریر و سەربازگەیان دامەزراند.

فەرماندەیى گشتى هێزى پێشمەرگە لەو داستانەدا بە عەقید ڕوکن کافى نەبەوى سپێردرا و فەرماندەی هێزەکانیش حاجى بێڕۆخى، کەکۆ مێرگە سۆرى، مستەفا نێروەیی، مەلائەمین هۆستانى، جادر گوێزى، حەمەزیاد فەقیانى، عزەت سلێمان بەگ دەرگەڵەیی، حەمید بیرى و عەریف یاسین بوون، کە هەریەکەو لە قۆڵێکى شەڕەکەدا جێگیر کرابوون.

پلانى سوپاى عێراق بۆ هێرشکردنە سەر بارزان لە لایەن دوو فیرقەوە لەیەک کاتدا بە نیاز بوو بەڕێوە بچێ، فیرقەى یەک لە چیاى پیرس و فیرقەى دوو لە سپیلک، ئەویش دواى ئەوەى کە هێزى پێشمەرگە لە هەیبەت سوڵتانەوە پاشە کشەى کرد حکومەت بەشێکى هێزەکانى خزاندە ناو ئەو هێزانەى کە لە دەشتى هەریر بوون، بەڵام لیواى سێ لە خەلیفان و باڵەکیان لەلایەن هێزى پێشمەرگەوە گەمارۆ درابوو ئازووقە و خواردەمەنیان لێ بڕابوو نزیک بوو خۆیان ڕادەست بکەن، بەڵام کە هێزێکى دیکەى سەربازى عێراق گەیشتە دەشتى هەریر هیوایان بۆ گەڕایەوە، هەروەها حسێن سورچى بەرپرسى بەکرێگیراوان (جاش) یارمەتى دان لە ئازووقە و خواردەمەنى.       

بۆماوەیەک هێزەکان لە بەرامبەر یەکترى سەنگەریان  گرتبوو، لە بەنى هەریریش هێزێکى پێشمەرگە جێگیر کرابوو بە هەموویان نەیانهێشت سوپاى عێراق لە دەشتى هەریر پێشڕەوى بکات، ڕۆژێکیان فڕۆکەیەکى هێلیکۆپتەرى جەنگى بەسەر سەنگەرەکانى پێشمەرگەدا دەفڕی لە بەرزاییەکانى سپیلک، پێشمەرگەکانیش هەریەکەو لە شوێنى خۆیانەوە دایانە بەر ڕێژنەى گوللە، فڕۆکەکە بە پەلە پڕووز ناوچەکەى بەجێ هێشت و لە دەشتى هەریر نیشتەوە، دواى ئەمە سوپاى عێراق بۆردومانێکى چڕى سەنگەرەکانى پێشمەرگەی دەست پێکرد و ئاگرى لەناوچەکە بەردا. 

هەندێ جار بەهۆى ناتەبایی فەرماندەکانى پێشمەرگە و نەگەڕانەوەیان بۆ هەماهەنگى و ڕاوێژ بۆ یەکترى کاریگەرى نەرێنى لەسەر باڵانسى هێز و سەرهەڵدانى شڵۆقى لەناو ڕیزەکان و داتەپینى ورە لە سەنگەرەکانی پێشمه‌رگه‌ دێتە کایەوە.

هێزێکى پێشمەرگە لەلایەن مقەدەم عەزیز ئاکرەیی ڕەوانە دەکرێ بۆ سپیلک بۆ پاڵپشتى ئەو بەرەى شەڕ کە ناوبراو هیچ بەرپرسیاریەتى لەو میحوەرەدا نەبوو، شەوێکیان هێزێکى پێشمەرگە بە فەرماندەیی سلێمان شاولى شانەدەرى بەبێ هەماهەنگى لەگەڵ عەقید ڕوکن کافى نەبەوى دەنێرێ بۆ گوندى بەردین لە باشوورى سپیلک، بە بیانووی چەک داماڵین لە دانیشتوانى گوندەکە، لەوەدەچێ گومانى هاوکارى سوپاى عێراقیان لێ کرابێ، خەڵکى گوندەکەش بەرەنگارى پێشمەرگە ده‌بنه‌وه‌ و شەڕێکى گەورەیان لە نێواندا دروست بوو، بەرپرسى پێشمەرگەرگەکان سلێمان شاولى شانەدەرى و سێ پێشمەرگە شەهید بوون و تەرمەکانیان لە مەیدانى شەڕەکە بەجێمان، کاتێ هەواڵەکە بە هێزى پێشمەرگە گەیشت هێزێکى دیکە بە فەرماندەیى حاجى بێرۆخى بۆ بەهاناوەچوونى هێزی یەکەم لە هێڵى سێناوە هێرش دەکەنە سەر چەکدارانى گوندەکە، هەرچەندە بەسەریاندا سەردەکەون، بەڵام لە هێزەکەى ئەوانیش چوار پێشمەرگە شەهید دەبن و دووش بریندا دەبن دواتر پاشەکشە بە هێزەکانیان دەکەن.

دواى ئەو ناکۆکى و پشێویەى کە لە ناو هێزى پێشمەرگەدا دروست بوو سوپاى عێراق لە ١٥ى تەموزى ١٩٦٣ هێرشێکى بەربڵاوى بۆ سەر بەرەى سپیلک دەست پێکرد، هاوکات دەنگۆى ئەوەش لە ناو پێشمەرگە پەیدابوو کە گەمارۆى سەر لیواى ٣ لە خەلیفان هەڵگیراوە و دەستیان بەسەر گەڵى عەلی بەگدا گرتووە، بۆیە دواى شەڕێکى چەند سەعاتى هێزى پێشمەرگە لە ١٦ى تەمموز لە بەرزاییەکانى سپیلک کشایەوە و سوپاى عێراق دەستى بەسەردا گرت.


سەرچاوەکان: 

١- مسعود بارزانی، بارزانی و بزوتنەوەى ڕزگاریخوازی کورد، بەرگی سێیەم، بەشی یەکەم، شۆڕسی ئەیلوول ١٩٦١-١٩٧٥، چاپی یەکەم ٢٠٠٤.

٢- غازى عادل گەردى، پێشمەرگەیەک لە خزمەت ڕێبازى بارزانیدا حەجى بیڕۆخى، بەرگى یەکەم چاپى دووەم، تورکیا، ٢٠٢١.

٣- زرار سلیمان بەگ دەرگەڵەیی، بیروەریەکانم لە ساڵانى ١٩٤٣-١٩٧٧دا.

٤- شەوکەت مەلا ئیسماعیل حسن، ڕۆژانێ لە مێژووى شۆرشى ئەیلوول، چاحى یەکەم، هەولێر، ٢٠٠٧

٥- ئارى کەریم، چەند لاپەڕەیەکى زیندوو لە شۆرشى ئەیلوولدا، چاپخانەى خەبات، دهۆک ١٩٩٩.

٦- حاجى میرخان دۆڵەمەرى، گەڕان بەدواى دادپەروەریدا، بەرگى یەکەم، چاپى دووەم، چاپخانەى اسراء، تاران، ٢٠٢١.


بابەتی پەیوەندیدار

شەڕى چیاى بەڕانشێ ١٩٨٦

شەڕى بەڕانشێ چالاکییەکى پارتیزانى هێزى پێشمەرگە بوو لەسەر ڕێگاى سەرەکى چیاى بەڕانشێ نزیک گوندى گرێ بیێ، لەو چالاکییەدا هێزێکى پێشمەرگەى ناوچەى زاخۆى پارتى دیموکراتى کوردستان لە ١٥ى تشرینى دووەمى ١٩٨٦ بۆسەیەکیان لەسەر ڕێگاى سەرەکى دانایەوە، بۆ لێدان لە ئۆتۆمبێلە سەربازییەکانى هێزەکانى ڕژێمى بەعسى داگیرکەر.

زانیاری زیاتر

شەڕى شیڤێ ١٩٨٧

شەڕى شیڤێ ڕووبەڕووبوونەوەى هێزى پێشمەرگە و هێزى چەکدارانى بەکرێگیراوى ڕژێمى بەعس لە ٢٥ى ئایارى ١٩٨٧، کە بە نیازى وێرانکارى و ڕوخاندنى گوندى شیڤێ هێرشیان کردە سەر گوندەکە، هێزى پێشمەرگەش بەرەنگاریان بووەوە و لە ماوەى دوو کاتژمێرى شەڕدا هێزى چەکدارانى بەکرێگیراو شکستیان خوارد و ڕایانکرد، چوار لاشەیان لە مەیدانى شەڕ بەجێهێشت.

زانیاری زیاتر

شەڕى گوندى بادێ ١٩٨٣

چالاکییەکى پارتیزانى هێزى پێشمەرگە دژى هێزەکانى ڕژێمى بەعسە، هێزێکى پێشمەرگەى لێژنەى ناوچەى دهۆک و ڕێکخراوەکانى هورمز مەلیک و تاهر زێوەیی لە شەوى ١١ لەسەر ١٢ى کانوونى یەکەمى ١٩٨٣ هێرشیان کردە سەر ڕەبایەى گوندى بادێ، لە ماوەیەکى کەمدا دەستیان بەسەرداگرت و ئاگریان تێبەردا، تەواوى سەربازانیان کوشت و چواریشیان بەدیل گرتن، پاشان شوێنەکەیان جێهێشت.

زانیاری زیاتر

شەڕى ڕەبایەى گرێ ئیسفکا ١٩٨١

چالاکییەکى پارتیزانى بوو کە هێزێکى پێشمەرگە لە شەوێکى تشرینى دووەمى ١٩٨١ هێرشیان کردە سەر ڕەبایەى گرێ ئیسفکا لە دەڤەرى بەروارى باڵا، لە ماوەیەکى کەمدا توانیان دەستى بەسەردا بگرن و ژمارەیەک سەربازى ڕەبایەکەیان کوشت و دەستیان بەسەر چەک و تەقەمەنى و کەلوپەلى سەربازیدا گرت، پاشان شوێنەکەیان بەجێهێشت و گەڕانەوە بنکەکانیان.

زانیاری زیاتر

شەڕی دەڤەری سندیا ١٩٨٧

ئەم شەڕە لە ئەنجامى هێرشێکى بەربڵاوى سوپاى عێراق بە پاڵپشتى تانک و تۆپ و فڕۆکەى جەنگى و جاشەکان بۆ سەر دەڤەرا سندیا ڕوویدا، هێزى پێشمەرگەى کوردستان بۆ پاراستنى ناوچەکە لە ڕوخان و وێرانکارى گوندەکان، لە ٥ى نیسانى ١٩٨٧ ڕووبەڕووى هێزەکانى حکومەت بووەوە، ئەنجامى شەڕەکە بە سەرکەوتنى هێزى پێشمەرگە و شکستى هێزە عێراقیەکان کۆتایی هات.

زانیاری زیاتر