حکومەتى بەعس بۆ باڵادەستى و دەستڕاگەیشتن بە تەواوى ناوچە جیاوازەکانى کوردستان و کپکردنى دەنگى شۆڕش، بەردەوام لە هێرش و پەلاماردا بوو بۆ سەر ئەو دەڤەرانەى کە شۆڕش تێیاندا باڵادەست بوو، چونکە دەستە و تاقمەکانى هێزى پێشمەرگە لەو ناوچانەوە ئاراستە دەکران بۆ ئەنجامدانى چالاکى پارتیزانى و وەشاندنى گورزى بەهێز لە هێزە سەربازى و چەکدارییەکانى حکومەت، کە بەو هۆیەوە هێزەکانى حکومەت دووچارى زیانى زۆرى گیانى و ماددى و داڕمانى دەروونى دەبوونەوە کە ترس و تۆقاندن واى بەسەر هێنابوون لە زۆر شوێن لە توانایاندا نەبوو تەنانەت پارێزگارى لە بنکە و ڕەبایە سەربازییەکانى خۆشیان بکەن، بۆیە بە هەموو شێوازێک ڕووبەڕووى هێزى پێشمەرگە دەبوونەوە، تاکو پارێزگارى لە دەسەڵات و دەستکەوتەکانیان بکەن.
لە ٥ى نیسانى ١٩٨٧ هێزە سەربازى و چەکدارییەکانى بەعس بە پاڵپشتى تانک و تۆپ و فڕۆکەى جەنگى و دوو بلدۆزەرى گەورە هێرشێکى بەربڵاویان کردە سەر دەڤەرا سندیا، بۆ دەستبەسەرداگرتنى ناوچەکە و ڕوخاندن و وێرانکردنى گوندەکان و دوورخستنەوى مەترسییەکانى هێزى پێشمەرگە، کە گوشارێکى زۆریان لەسەر هێزەکانى حکومەت هەبوو، بووبوونە مایەى ترس و دڵەڕاوکێى زۆر. هێرشەکە لە چەند میحوەرێکەوە ئەنجام درا لەوانە: میحوەرى گوندەکانى خواکێ و لێڤۆ و میحوەرى گوندەکانى ناڤکەندالا، زێوکێ، مێرگەسورا و میحوەرى گوندى سەرێ سێلاڤکێ .
کاتێک هەواڵی هێرشەکەى حکومەت بۆ سەر دەڤەرەکە گەیشتە سەرکردایەتى شۆڕش لە بادینان، دەستبەجێ بۆ بەرپەرچدانەوە و تێکشکاندنى هێرشى هێزەکانى حکومەت، هێزێکى پێشمەرگەى ئامادە نێردرایە دەڤەرەکە کە پێکهاتبوون لە هێزەکانى سەر بە لێژنەى ناوچەى دهۆک بە فەرماندەیى عەلى قادر و ڕێکخراوى ڕێنجبەرانى پارتى دیموکراتى کوردستان بە فەرماندەیى محەمەد مراد و هێزێکى حزبى شیوعی عێراق. هێزى پێشمەرگە لەو شوێنانەى بۆیان دیاریکرابوو، جێگیربوون و چاودێریی دۆخەکەیان دەکرد، بینیان هێزەکانى حکومەت لەو شوێنانەى پێى دەگەیشتن، دەستیان لە هیچ شتێک نەدەپاراست، لە گوندەکانى لێڤۆ و مێرگە سورا و زێوکێ و سەرێ سێلاڤکا و ناڤکەندالا ئاگریان لە خانووەکانى گوند بەردا و دەستیان بە وێرانکارى و کاولکارى کرد، هێزەکەى پێشمەرگە کە بەهیچ شێوەیەک لە ڕووى ژمارە و چەکەوە لەگەڵ هێزە گەورە و زەبەلاحە پڕ چەک و تەقەمەنى و تانک و تۆپ و فڕۆکەکەى عێراق بەراورد نەدەکرا، بەرەنگاریان بوونەوە و شەڕى گەرم دەستىپێکرد .
دانیشتوانى ئەو گوندانەى کەوتبوونە بەر شاڵاوى هێرشى سوپاى عێراق، لەبەر ڕوخاندن و تۆپباران و بۆمبارانى هێزەکانى حکومەت، بۆ پاراستنى گیانیان، گوندەکانیان چۆل کرد. هێرشەکانى حکومەت لە زەوی و ئاسمان درێژەى هەبوو، هێزى پێشمەرگە بە هەموو توانایەوە بەو چەکە سوکەى دەستى و تەقەمەنیەى کە پێى بوو بەردەوام دەستى پێوە دەگرت تا لێی نەبڕێ، هەروەها برسیەتى و تێنوێتى و بێ خواردن و خۆراکى لە تەواوى میحوەرەکانى شەڕ بەرسینگى گرتبوون و ڕووبەڕوویان بووەوە، بەردەوامى خۆڕاگرى هێزى پێشمەرگە وەک بەربەستێکى بەهێز دۆخى شەڕەکەى گۆڕی لە بەرگریەوە بۆ هێرشبردن دواى ئەوەى هێزێکى پێشمەرگەى ڕێکخراوى جوتیاران بۆ پشتیوانى گەیشتنە بەرەى شەڕ، هێرشى پێچەوانەیان بۆ سەر پێشڕەوییەکانى هێزەکانى حکومەت دەستپێکرد و تەنگیان پێ هەڵچنین .
هێرشەکانى پێشمەرگە تا کاتژمێر سێى ئێوارە لە گوندەکانى لێڤۆ و زێوکێ و مێرگەسورا بەردەوام بوون و توانیان گوشارێکى زۆر بخەنە سەر هێزەکانى حکومەت، تا لە هەرسێ گوندەکە دەریان کردن و دوایان کەوتن تا سەر ڕێگاى سەرەکى زاخۆ – باتیفا. ئەنجامى ئەم هێرشەى حکومەت بۆ سەر دەڤەرا سندیا، بە شکستێکى گەورەى هێزە سەربازى و چەکدارییەکانیان کۆتایی هات، وێڕاى کوشتار و بریندارێکى زۆر و بەدیلگیرانى سێ جاش. زیانەکانى پێشمەرگەش بریتى بوون لە شەهیدبوونى یەک پێشمەرگە و برینداربوونى یەکێکى دیکە، وێڕای سوتان و وێرانبوونى ڕەز و باغی هاوڵاتیان لە ئەنجامى تۆپباران و بۆمبارانى چڕى فڕۆکەى جەنگى ).
دواى کۆتاییهاتنى شەڕەکە مەسعود بارازانى ڕێبەری بزوتنەوەى ڕزگاریخوازى کورد، بانگهێشتى بەرپرسى ڕێکخراوى ڕێنجبەران و کادرى ڕێکخراو محەمەد مراد و عەبدولعەزیز ئیسماعیلى کرد بۆ ناوچەى نێروە و ڕێکان، سوپاس و پێزانینى ئاراستە کردن بە بۆنەى خۆڕاگرى و سەرکەوتنیان لە تێکشکاندنى هێرشى سوپا و هێزە چەکدارییەکانى عێراق، هەروەها دیارییەکى پێ بەخشین کە بریتى بوو لە چەکێکى جۆرى ڕەشاش (بی. کەی. سى) .
سەرچاوەکان:
١- مەسعود بارزانی، بارزانی و بزوتنهوەی ڕزگاریخوازی كورد، بهرگی چوارم، ١٩٧٥- ١٩٩٠ شۆڕشی گوڵان، بهشی دووەم، چاپی یهكهم، (چاپخانهی ڕوكسانا- 2021).
٢- محەمەد مراد، خەباتا چیا، بیرهاتن و سەرهاتیێن شۆڕەشا گولانێ دناڤبەرا ساڵین (١٧٦-١٩٨٩) دا، (چاپخانا کوردستانێ – زاخۆ- ٢٠٠٧).