لە دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول پێشمەرگە و سەرکردە سەربازییەکانی شۆڕش ئاوارەی وڵاتی ئێران بوون بەڵام ئەمە هەرگیز بەواتای کۆتایی خەبات لە پێناوی ئازادی و سەربەخۆیی بۆ کوردستان نەبوو و جارێکیتر لە ئاوارەییەوە دەست بە ئامادەکارییەکانی سەرهەڵدانەوەی شۆڕش کرایەوە. لە ئابى ١٩٧٩ هێزى پێشمەرگە بە مەبەستى چالاککردنەوەى ڕێکخستنەکانی حزب بۆ بادینان نێردرایەوە. لە گەڕانەوەیاندا ئەرکیان گەڕان بوو بە ناو گوند و لادێکاندا بۆ بوژاندنەوەى ڕێکخستنى نهێنى و ئەنجامدانى چالاکیى پێشمەرگانە(١)، وەکو دیارە لەو ماوەیەدا هێزى پێشمەرگە لە چوارچێوەى ڕێکخستنى حزبیدا وەک لق و ناوچە و ڕێکخراو، ڕێکخرابوو(٢).
لە مانگى ئایارى ١٩٨١ هێزێکى پێشمەرگەى هەردوو ڕێکخراوى شەهید شهیاز ساڵح و شەهید مەحمود یوسف کە سەربە لیژنەى ناوچەى زاخۆ بوون، لە گەڕانێکدا(جولە) لە گوندەکانى ناوچەى باتیفا بۆ ئەنجامدانى چەند ئەرکێکى شۆڕش، لە ٢٥ى مانگ گەیشتنە گوندى منینێ، کە شەویان بەسەرداهات بەشێک لە هێزەکەى پێشمەرگە بەرەو گوندى خیزاڤا چوون بە مەبەستی کڕینى ئازوقە و پێداویستیی ڕۆژانە. ئەو گوندە لە نزیک چاودێریى هێزە سەربازییەکانى ڕژێمى بەعس بوو، بۆیە هێزەکەى پێشمەرگە زۆر بە وشیارییەوە دابەشى سەر سێ دەستە بوون، تاکو بتوانن پارێزگارى لە خۆیان بکەن ئەگەر هێزى سەربازیی ڕژێم ڕووبوڕوویان ببێتەوە. بۆ ئەمەش دەستەیەکیان بۆ شوێنێک بە ناوى چەم جهور و دەستەی دووەمیان بۆ شوێنێکىتر بە ناوى فەرامۆک و دەستەى سێیەمیان بۆ دوکانى گوندەکە بۆ کڕینى کەل و پەل و پێداویستی ڕۆیشتن، پێشمەرگەکانی دەستەی سێیەم لە دەوروبەرى دوکانەکە پەرت و بڵاو بوون و هەندێکیشیان سەرقاڵى کڕینى شتومەک بوون(٣).
لەم ئان و ساتەدا بینیان کەوا چواردەوریان لەلایەن هێزێکى سەربازیى سوپاى عێراقەوە گیراوە بۆیە هەر فریاى ئەوە کەوتن کە یەکترى لە دۆخەکە ئاگادار بکەنەوە و زۆرى نەخایاند سەربازانى سوپاى عێراق پێشمەرگەکانیان دایە بەر دەسترێژى گولە و شەڕێکى سەخت لەنێوانیاندا ڕوویدا. سەربازان هێرشیان کردە سەر پێشمەرگەکان کە لە دوکانەکە ئابلۆقە درابوون، نزیکەى چوار تا پێنج سەرباز کەوتنە بەر سێرەى لوولەى تفەنگەکانى پێشمەرگە و هەموویان پێکران و کەوتنە خوارەوە، لەگەڵ تەقەی سەربازان، ئاگر لە خانووى هاوڵاتیان بەربوو. دیارە پێکرانى ئەو سەربازانەى کە هێرشیان کردە سەر دوکانەکە دەرفەتى دایە پێشمەرگەکان تاکو خۆیان کۆ بکەنەوە و بەرگرى بەهێز بکەن، بەڵام لەم کاتەدا هەموو ئەو هێزەى کە گوندەکەیان ئابۆقەدابوو هێرشیان کردە سەر پێشمەرگەکان. هاوکات هێزى دیکەى سەربازیى سەربە لیواى باتیفا و دەشتى چیێ بەرە و شوێنى ڕوداوەکە بۆ پشتیوانى و هاوکاریى هیزەکەیان هاتن.
کاتێک هێزى پێشمەرگە دۆخەکەیان بەو شێوەیە بینى کە هێزێکى زۆرى سەربازان لە گوندەکە هەبوون و هێزێکى دیکەش بەهانایانەوە دێن، بیرىان لەوە کردەوە کە ئابلوقەکە بشکێنن و خۆیان ڕزگار بکەن. لەم کاتەدا بە سەربانی ماڵەکان و لە کۆڵانەکانى گوندەکەدا خۆیان دەربازکرد و گەیشتنەوە هاوڵەکانى دیکەیان کە پێشتر لە دوو شوێندا جێگیر بووبوون. دواتر هەموو بەیەکەوە خۆیان ڕزگارکرد و بەبێ زیان گەڕانەوە بۆ شوێنەکانی خۆیان(٤).
سەرچاوەکان:
١- مهسعود بارزانی: بارزانی و بزوتنهوەی ڕزگاریخوازی كورد، بهرگی چوارم، ١٩٧٥-١٩٩٠ شۆڕشی گوڵان، بهشی دووەم، چاپی یهكهم، چاپخانهی ڕوكسانا، ٢٠٢١.
٢- محەمەد مراد: خەباتا چیا، بیرهاتن و سەرهاتیێن شۆڕەشا گولانێ دناڤبەرا ساڵین (١٧٦-١٩٨٩)دا، چاپخانا کوردستانێ – زاخۆ، ٢٠٠٧.
٣- غازى عادل گەردی: پێشمەرگەیەک لە خزمەت ڕیبازى بارزانیدا حەجى بێڕۆخى، بەرگى دووەم، چاپى دووەم، تورکیا- ٢٠٢١.