لە دواى هەرەسى شۆڕشى ئەیلول ساڵى ١٩٧٥ هێندەى نەخایاند جارێکیتر شۆڕشى کورد سەرى هەڵدایەوە، چالاکیەکانى بە شێوەى پارتیزانى درێژە پێدا، لە ژێر ناوى شۆڕشى ٢٦ى گوڵان، ساڵى ١٩٧٩ هێزى پێشمەرگە لە چوارچێوەى دەستە و مەفرەزەى تایبەت لە وڵاتى ئێرانەوە نێردرانەوە بۆ ناوچەکانى باشورى کوردستان بە مەبەستى چالاکردنەوەى ڕێکخستنى حزبى و پێشمەرگایەتى، بەو پێیەى کە لە دواى هەرەسى شۆڕشى ئەیلوول زۆربەى سەرکردە و پێشمەرگە و بەرپرسانى پێشمەرگە ئاوارەى وڵاتى ئێران بوون. لە گەڕانەوەیاندا ئەرکیان گەڕان بوو بە ناو گوند و لادێکان بۆ بوژاندنەوەى ڕێکخستنى نهێنى و ئەنجامدانى چالاکى پێشمەرگەیی و گەیاندنى دەنگى شۆڕش بۆ ناوە و دەرەوەى وڵات.
یەکێک لەو مەفرەزانەى پێشمەرگە کە لە گەڕان (جەولە)ى ناوچەکان بوون، مەبەستى دەڤەرى بارزانى کرد لە ناحیەى گۆڕەتووى نزیگ قەزاى مێرگەسۆر بە فەرماندەی دکتۆر عبدالرحمن زرارى، وەک لەو سەرچاوەیەدا ئاماژەى بۆ دەکا دیارە لەو شوێنەدا ڕژێمى عێراق تیمێکى ئەندازیارى ڕێگا و بانى جێگیر کردبوو کە پێکهاتبوون لە پێنج ئەندازیار، بۆ دروستکردنى رێگایەکى سەربازى بۆ گوندى زێت و ناوچەکانى دەوروبەر، تاکو بەئاسانى هێزى سەربازى و تانک و زرێپۆشەکانى ڕژێم بگەن بەو ناوچانە بەڵکو بە ئاسانى بتوانن ڕێگری بکەن لە هەڵمەت و چالاکیەکانى پێشمەرگە لە ناوچەکە، ئەندازیارەکان سەربە وڵاتى جیاجیاى وەک (ئۆردنى و مسرى و فەلەستینى و عەرەبێکى بەغدادى و کوردێک) بوون، هەروەها فیرقەیەکى سەربازى هێنابوو بۆ کێوماڵکردنى ناوچەکە و چاودێریکردنى پڕۆژەى ڕێگاکە.
وەکو لە ئاماژەدا هاتووە بەهارى ١٩٧٩ مەفرەزەى پێشمەرگەى ناوبراو بە پلانێکى توکمەى پارتیزانیەوە خۆیان گەیاندە کامپى ئەندایارەکان بە مەبەستى ڕفاندنیان، لە ماوەیەکى کەمدا توانیان تەواوى ئەندازیارەکان بڕفێنن و شوێنەکە جێ بێڵن، بەڵام دواى ماوەیەک هێزە سەربازیەکە لە ڕێگاى یەکێ لە سەربازەکان کە سەردانى کامپى ئەندازیارانى کردبوو لە ونبوونیان ئاگادار بوونەوە و دەستبەجێ هێزیان کۆکردەوەو کەوتنە ئامادەکارى، لە ئان و ساتێکدا هێزەکەى سوپاى عێراق کەوتنە جوولە و گەڕان بە دواى ئەندازیاران، لەبەر ئەوەى هێزەکەى پێشمەرگە بە تەواوى دوو نەکەوتبوونەوە لە ناوچەکە لەگەڵ سەربازان تێکگیران و ڕووبەڕووی یەکتر بوونەوە و شەڕ لەنێوانیاندا دەستى پێکرد.
عەبدولڕەحمان حاجى کە یەکێکە لە پێشمەرگەکانى بەشداربووى چالاکیەکە لەسەر چۆنیەتى ڕفاندنى ئەندازیاران و پاشان ڕووبەڕوونەوەى هێزى سەربازى بۆمان هاتە دوان، ووتى: ئێمە مەفرەزەیەکى پێشمەرگە بە فەرماندەى دکتۆر عەبدولڕەحمان زرارى لە گەڕان (جەولە)یەکى پارتیزانیدا بووین لە ناوچەکە، پلانى ڕفاندنى ئەندازیارانى کامپی گۆڕەتوومان داڕشت، ئامانجى ئەنجامدانى چالاکیەکەش پەکخستنى پڕۆژەى ڕێگاى ناوبراو بوو، چونکە ئەگەر ڕێگاکە وەک چۆن حکومەت پلانى بۆ دانابوو جێ بەجێ بوایە دەبوو بە بەربەستێکى گەورە لەبەردەم جوولە و چالاکیەکانى هێزى پێشمەرگە لە ناوچەکە، لە درێژەى گێڕانەوەیدا ناوبراو ووتى: لە شەوێکى بەهارى ١٩٧٩ بە بنارى چیاى پیراندا هەڵگەراین تاکو گەیشتینە بەرامبەر مێرگەسۆر، ئینجا شۆڕبووینەوە بە ئاراستەى کامپى ئەندازیاران لە گۆڕەتوو، ناوبراو ئاماژەى بەوە کرد کە بە هۆى ئەوەى شارەزایی هەبوو لە زمانى عەرەبى خۆى یەکێک بوو لەو پێشمەرگانەى کە چووە ناو ژوورى ئەندازیارن و یەک بە یەک لە خەوى هەستاندن و هەر پێنجیان ڕاپیچ کردن، بەرەو چیاى پیران هەڵکشان کە دەڕوانێتە سەر ناحیەى گۆڕەتوو قەزاى مێرگەسۆر لە باکورى ڕۆژهەڵاتەوە، کاتێک گەیشتنە سەر چیاکە لیێان دەبێتە ڕۆژ بۆیە ناتوانن درێژە بە ڕۆیشتن بدەن تا دەبێتەوە شەو لەسەر چیاکە دەمێننەوە و خۆیان حەشار دەدەن.
هێزى سەربازى سوپاى عێراق بۆ دۆزینەوەى ئەندازیاران بە جۆرێک ناوچەکەى تەنى بوو بە چڕی دەگەڕان و ڕێگاو تولە ڕێگایان داخستبوو، بە درێژایی ڕۆژیش لە ئاسمانەوە بە هەلیکۆپتەر بە دواى سۆراغی ئەندازیاران لە گەڕان و پشکنین بەردەوام بوون، کە تاریکى شەو داکەوت هێزەکەى پێشمەرگە دەستیان کرد بە ڕۆیشتن لە سەرى چیا بە دیوى دەشتە هێرت بۆ بنارى چیا شۆر بوونەوە، ناوبراو ووتى: لەبنارى چیا لەگەڵ هێزى سەربازى سوپا بە یەک گەیشتین و ڕووبەڕووی یەکتر بووینەوە بۆ ماوە دوو کاتژمێر شەڕێکى گەرم لە نێوانماندا دروست بوو، لە دواى شەڕێکى سەخت پێشمەرگەکان توانیان هێلى سەنگەرەکانى سوپاى عێراق بشکێنن و خۆیان ڕزگار بکەن، بەڵام لە گەرمەى شەڕەکەدا لە نێوان هەردوو هێز چوار لە ئەندازیارن دەکوژرێن و یەکێک دەمێنیتەوە دەیگەیەننە سەرکردایەتى شۆڕش ، بەپێی زانیارى کە دەست پێشمەرگە کەوتووە سوپا زیانى گیانى هەبووە لە کوژراوو بریندار بەڵام ژمارەیان نەهاتە زانین، لە هێزەکەى پێشمەرگەش تەنها یەکێک بەسوکى بریندا بوو.
سەرچاوەکان:
١-مهسعود بارزانی، بارزانی و بزوتنهوەی ڕزگاریخوازی كورد، بهرگی چوارم، ١٩٧٥- ١٩٩٠ شۆڕشی گوڵان، بهشی دووەم، چاپی یهكهم، (چاپخانهی ڕوكسانا- ٢٠٢١).
٢-غازی عادل گهردی، پێشمهرگهیهك له خزمهت بارزانیدا، بهرگی دووهم، چاپی دووهم، توركیا- ٢٠٢١.
٣- سەفەر یوسف میرحاج ژاژۆکى، شەهید دکتۆر عبدولڕەحمان زرارى(بەرکۆلێک لە ژیان و پێشمەرگایەتى)، (چاپخانەی دانیشفەڕ- هەولێر-٢٠٢٢).
٤-دیمانە لەگەڵ عەبدولڕەحمان حاجى، خەڵکى باڵەکایەتى، پێشمەرگەى شۆڕشى گوڵان، بەشداربووى شەڕەکە، سۆران. ٢ى شوباتى ٢٠٢٦.

