شەڕی گوندى بانە سوور ١٩٨٤

چالاکییەکى هێزى پێشمەرگەى کوردستانە لە نزیک گوندى بانەسوورى دەوروبەرى دهۆک لە دەڤەرى بادینان، کاتێک کە هێزێکى پێشمەرگەى سەربە ڕێکخراوى ڕێنجبەران بۆسەیەکیان لەسەر جاددەى سەرەکى مانگێشکێ دانایەوە، ئۆتۆمبێلێکى چەکدارانى بەکرێگیراو(جاش) کەوتە بۆسەکەوە و بە ماوەیەکى کەم دەستى بەسەردا گیرا و تەواوى سەرنشینانى کوژران و دەست بەسەر تەواوى چەکەکانیاندا گرت.


      چالاکییەکانى پێشمەرگە لە ساڵى ١٩٨٤ بە جۆرێک تەشەنەى سەندبوو کە لەماوەى دوو مانگدا سەد و سی چالاکى تێپەڕاندبوو دژ بە بنکە و دامەزراوەکانى بەعس. پێشمەرگە توانی زیانى زۆر بە بەعس بگەیەنێ لە کوژراو و بریندار و تێکشکاندنى ئۆتۆمبێلى سەربازى (بارزانى، ٢٠٢١، ٩٤).

  هاوینى ساڵى ١٩٨٤ هێزێکى پێشمەرگەى سەر بە ڕێکخراوى ڕێنجبەران لە ناوچەکانى دەوروبەرى دهۆک نزیک گوندى بانەسوور لە جەولەدا بوون، هەر لەو دەرچوونەدا بڕیاریان دا گورزێکى گەورە بسرەوێننە هێزە سەربازى و چەکدارى و ئەمنییەکانى ڕژێمى بەعس، هەر لە جەولەکەدا شوێنى چالاکییەکەیان دەستنیشان کرد کە دانانەوەى بۆسە بوو لە سەر جادەى گشتى مانگێشکێ بۆ کاروانى ئۆتۆمبێلى هێزەکانى حکومەت.

       دواى دەستنیشانکردنى شوێنى چالاکی، لێژنەى ناوچەى دهۆکیان ئاگادارکردەوە کە پلانى هێرشێکى لە ناکاویان داڕشتووە بۆ سەر هێزەکانى ڕژێمى بەعس، هێزەکەى شۆڕش ١٥ پێشمەرگە بوون، کاتژمێر ٣ى شەو خۆیان گەیاندە شوێنى دەستنیشان کراو  لە سەر جادەى سەرەکى مانگێشکێ، هێزەکەى پێشمەرگە لەبەر جادە لە ناو درەخت و جەنگەڵی شوێنەکە خۆیان حەشار دا و چاوەڕوانى هاتنى ئۆتۆمبێلى سەربازى بوون، یەکێک لە پێشمەرگەکانیان وەک پاسەوانى ڕێگا لە شوێنێکى بەرز جێگیر کرد، تاکو زوو هەر ئۆتومبێلێکى سەربازى  یان چەکدارى بە ڕێگادا بڕوات بە ئاسانى بیبینێ و هاوەڵە پێشمەرگەکانى لێ ئاگاداربکاتەوە (مراد، ٢٠٠٧، ١٤٧).

     هێزەكه‌ی پێشمه‌رگه لەو شوێنەدا مانەوە تا ڕۆژى دوایی کاتژمێر ١٠:٣٠ خولەکى پێش نیوەڕۆ، لە چاوەڕوانى هاتنى ئۆتۆمبێلى هێزەکانى حکومەت، ‌تاکو گورزی خۆیانى لێ بوەشێنن و قارەمانییەک تۆمار بکەن، لەناکاو لە لایەن پاسەوانى ڕێگاکە ئاگادارکرانەوە کە ئۆتۆمبێلێکى سەربازیى جۆرى ئیڤا لە لاى مانگێشکەوە بەرەو بۆسەکە دێ، پێشمەرگەکان خۆیان ئامادە کرد و هەر کە ئۆتۆمبێلەکە گەیشتە لایان و کەوتە بۆسەیان، لە یەککاتدا دایانە بەر دەستڕێژى گولە، لە ماوەى ١٠ خولەکدا ئۆتۆمبێلەکەیان تێکشکاند کە ژمارەیەکى زۆرى جاشى تێدا بوون و هەموویان کوژران، لە کاتى شەڕەکەدا ئەو هێزە پشتیوانیەى پێشمەرگە کە لە شوێنێکدا جێگیر کرابوو بۆ پارێزگارى هێزى پێشمەرگە لە شوێنى دانانەوەى بۆسە، ڕۆڵێکى گەورەى بینى لە ڕووبەڕووبوونەوەى ڕەبایەکانى دەوروبەر، بە چەکى دۆشکە و ڕەشاش و بیکەیسى و هاوەنى (٨٢ ملم) تاکو چالاکییەکە بە سەرکەوتوویى تەواو بوو و پێشمەرگەکان بە سەلامەتى دەرچوون (مراد، ٢٠٠٧، ١٤٨).

      دواى کۆتاییهاتنى شەڕەکە، پێشمەرگەکان کشانەوە و شوێنەکەیان بەجێهێشت، هێزێکى گەورەى سەربازیى حکومەت لە مانگێشکەوە و هێزێکى دیکەش ویستیان بێنە شوێنى ڕووداوەکە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى هێزەکەى پێشمەرگە، بەڵام هێزەکەى پێشمەرگە لە هەموو لایەکەوە ڕووبەڕوویان بوونەوە و تەقەیان لێ کردن، نەیانهێشت بێنە پێشەوە دواى ئەوەى زیانیان لێ کەوت، بەرەو دواوە گەڕانەوە، بەڵام گوند و ئاواییەکانى ناوچەکەیان تۆپباران کرد، وێڕاى ئەوەى تۆپیارانەکە چڕ و پڕ بوو، بەڵام بێ زیان بوو (مراد، ٢٠٠٧، ١٤٨).

      دەستکەوتى پێشمەرگە لەم چالاکییەدا بریتى بوو لە دەستبەسەرداگرتنى هەشت چەکى جۆرى کلاشینکۆف و تفەنگێکى بڕنۆ و یەک (ئاڕ. پی. جی) لەگەڵ بڕێکى زۆرى فیشەک و کەلوپەلی سەربازى، شایانى باسە هێزەکەى پێشمەرگە لەو چالاکییەدا بێ زیان بوون، تەنیا یەک پێشمەرگە بریندار بوو(مراد، ٢٠٠٧، ١٤٨).  


سەرچاوەکان:

١- مه‌سعود بارزانی، بارزانی و بزوتنه‌وەی ڕزگاریخوازی كورد، به‌رگی چوار‌م، ١٩٧٥- ١٩٩٠ شۆڕشی گوڵان، به‌شی دووە‌م، چاپی یه‌كه‌م، (چاپخانه‌ی ڕوكسانا- ٢٠٢١).

 ٢- محەمەد مراد، خەباتا چیا، بیرهاتن و سەرهاتیێن شۆڕەشا گولانێ دناڤبەرا ساڵین (١٧٦-١٩٨٩) دا، (چاپخانا کوردستانێ- زاخۆ- ٢٠٠٧).        

         


بابەتی پەیوەندیدار

چالاکى گەرووى سیتکان ١٩٨٣

چالاکى گەرووى سیتکان بریتى بوو لە ڕووبەڕوو بوونەوەى هێزێکى پێشمەرگەى کوردستان لەگەڵ هێزێکى سەربازى سوپاى عێراق، لە ئێوارەیەکى بەهارى ١٩٨٣ لە گەرووى سیتکانى نزیک چیاى زۆزک، لەماوەیەکى کورتدا هێزەکەى پێشمەرگە هێرشیان کردە سەر هێزە سەربازیەکە و تێکیان شکاندن و زیانی زۆریان پێ گەیاندن لە کوشتن و بریندار، پاشان شوێنەکەیان جێ هیشت.

زانیاری زیاتر

شەڕى دیانا ١٩٧٩

شەڕی دیانا، ڕووبەڕوو بوونەوەى مەفرەزەیەکى پێشمەرگە لەگەڵ هێزێکى سەربازى سوپاى عێراق لە شارۆچکەى دیانا، کاتێ کە مەفرەزەکەى پێشمەرگە بەمەستى ئەنجامدانى چالاکیەک کە هێرشکردنە سەر ماڵی خیانەتکارێکى بەکرێگیراوى ڕژێم بە هاوکارى ڕێکخستنە نهێنیەکانى ناوشار، لە ڕێگاى رۆیشتنیان بۆ شوێنى مەبەست دووچارى هێزێکى سەربازى حکومەت بوونەوە کە بازگەیان دنابوو لە شوێنێک بەناوى کەندى دیانا، دواى ماوەیەک لە شەڕ و پێکدادان پێشمەرگە بڕیارى کشانەویاندا لە شوێنەکە دوور کەوتنەوە.

زانیاری زیاتر

شەڕی دەشتى بەرازگر ١٩٧٩

شەڕى دەشتى بەرازگر، ڕووبەڕوو بوونەوەى هێزێکى سوپاى عێراق لەگەڵ هێزێکى پێشمەرگە لەسەر ڕوبارى دەشتى بەرازگر لە دەڤەرى برادۆست، کاتێ کە هێزەکەى پێشمەرگە لە جەولەدا بوو بۆ چەند گوندێکى سنورى ناوچەکە بە مەبەستى بەسەرکردنەوەى ڕێخستنەکانیان، دواى ماویەکى کورت لە شەڕ و ڕووبوڕوو بوونەوە هێزەکەى سوپاى عێراق شکستیان خواردو بە ژمارەیەک کوژرا و بریندار مەیدانى شەڕەکەیان چۆلکرد و ڕایانکرد.

زانیاری زیاتر

شەڕی بنارى چیاى پیران ١٩٧٩

شەڕى بنارى چیاى پیران، ڕووبەڕوو بوونەوەى هێزێکى پێشمەرگە لەگەڵ هێزێکى سەربازى سوپاى عێراق لە بەهارى ١٩٧٩، کاتێ کە هێزەکەی پێشمەرگە لە چالاکیەکى پارتیزانى ڕفاندنى پێنج ئەندازیارى پڕۆژەیەکى ڕێگاوبان دەگەڕانەوە، لە بنارى چیاى پیران نزیک مێرگەسۆر لەگەڵ هێزێکى سەربازى سوپا بە یەک گەیشتن، شەڕێکى گەرم بۆ ماوەى دوو کاتژمێر لە نێوانیاند دروست بوو، ئەنجامى شەڕەکە کوژرانى چوار لە ئەندازیاران و ژمارەیەک کوژرا و بریندارى سەربازانى سوپاى لێ کەوتەوە هێزەکەى پێشمەرگەش بێ زیان لێى دەرچوون تەنها یەکێک بە سو

زانیاری زیاتر

شەڕى گوندى هەسنان ١٩٧٥

شەڕى گوندى هەسنان، ڕووبەڕوو بوونەوى هێزى پێشمەرگە و سوپاى عێراق لە ١٣ى ئازارى ١٩٧٥ لە گوندى هەسنان لە بنارى چیاى حەسەن بەگ، کاتێ کە سوپاى عێراق هێرشیکى بەربڵاوى کردە سەر سەنگەرەکانى پێشمەرگە بە پشتیوانى تانک و تۆپ و فڕۆکەى جەنگى بە مەبەستى دەستگرتن بە سەر گەرووى بێشەو چیاى حەسەن بەگ، کە دوو خاڵى ستراتیژى ناوچەکە بوون.

زانیاری زیاتر