شەڕى چیاى بەڕانشێ ١٩٨٦

شەڕى بەڕانشێ چالاکییەکى پارتیزانى هێزى پێشمەرگە بوو لەسەر ڕێگاى سەرەکى چیاى بەڕانشێ نزیک گوندى گرێ بیێ، لەو چالاکییەدا هێزێکى پێشمەرگەى ناوچەى زاخۆى پارتى دیموکراتى کوردستان لە ١٥ى تشرینى دووەمى ١٩٨٦ بۆسەیەکیان لەسەر ڕێگاى سەرەکى دانایەوە، بۆ لێدان لە ئۆتۆمبێلە سەربازییەکانى هێزەکانى ڕژێمى بەعسى داگیرکەر.


 لە سەردەمى شۆڕشى گوڵاندا، هێزى پێشمەرگە لە چوارچێوەى ڕێکخستنى حزبى وەکو لق و ناوچە و ڕێکخراو ڕێکخرابوون (گەردى، ٢٠٢١، ٢٦٩). لە تشرینى دووەمى ساڵى ١٩٨٦ هێزێکى پێشمەرگەى سەر بە لێژنەى ناوچەى زاخۆى پارتى دیموکراتى کوردستان جەولەیەکیان بۆ دەڤەرى گولیا ئەنجام دا بۆ هەندێک کارى ڕێکخستن و پتەوکردنى ڕیزەکانى ئەندام و لایەنگرانى شۆڕش. لەو جەولەیەدا سەردانى گوندەکانى بارهۆڵێ و بلێجانێ و کۆرکایان کرد، هەرکە گەیشتنە ناوچەکە، کۆبوونەوەیەکیان گرێدا، لەو کۆبوونەوەیەدا بڕیار درا، هەر لەو جەولەیەدا چالاکییەکى پارتیزانى بەڕێوەبچێ و پێشمەرگە هێرش بکاتە سەر هێزەکانى سوپاى ڕژێمى بەعس، لە لایەکى دیکەشەوە دەنگ و ڕەنگى شۆڕش لە ناوچەکە و ناو دامودەزگاکانى حکومەت زیاتر بڵاوببێتەوە، لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا، کەسێکى شارەزا ڕابسپێردرێ بۆ دیاریکردنى شوێنێکی گونجاو کە چالاکییەکەى لێ ئەنجام بدەن، بۆ ئەم مەبەستە سەعدۆ کۆرکى و چەند پێشمەرگەیەک ڕاسپێردران تا ئەم چالاکییە گرنگە ڕاپەڕێنن (مراد، ٢٠٠٧، ١٦٧).

 کۆبوونەوەکە کۆتایی هات، دەستەى ئەو پێشمەرگانەى بۆ دیاریکردنى شوێنى چالاکى ڕاسپێردرابوون، کارەکەى خۆیان جێبەجێ کرد، بەو تاریکە شەوە بەرەو گوندى گرێ بیێ بەڕێکەوتن و خۆیان گەیاندە سەر ڕێگاى گشتى چیاى بەڕانشێ، پیێان وابوو شوێنێکى زۆر گونجاوە، بەو پێیەى سەر جادەى گشتییە، بەردەوام ئۆتۆمبێلى سەربازى سوپاى عێراقی پێدا دەڕوات، بۆسەیەک دابنێنەوە دەتوانن گورزیان لێ بوەشێنن و زیانیان پێ بگەیەنن، دواى ئەوەى شوێنەکەیان دیاریکرد، گەڕانەوە لاى هێزەکەى خۆیان و تەواوى زانیاریان پێ ڕاگەیاندن، دواى تاوتوێکردنى شوێنى دیاریکراو، لەلایەن بەرپرسانى پێشمەرگەوە کۆدەنگى لەسەر وەرگیرا، چونکە سەعدۆ کۆرکى شارەزا بوو و پێیان وابوو چالاکییەکى سەرکەوتوو و بەرهەمدار دەبێ، ئینجا لەبارەى چۆنیەتى دانانى نەخشە و دانانەوەى بۆسە و بەڕێوەچوونى هێرشەکە کۆبوونەوە (مراد، ٢٠٠٧، ١٦٧).

 هێزى شۆڕش لە ٧٥ پێشمەرگە پێکهاتبوون، نەخشەى شەڕەکەیان بە جۆرێک داڕشت کە پێویست بوو لە چەند قۆڵێکەوە هێزى بەرگریکار و ڕووبەڕووبوونەوە جێگیر بکەن، بۆ بەرپەرچدانەوەى ئەو هێزانەى حکومەت ئەگەر نیازى هێرشیان هەبێ بۆ شوێنى ڕووداو، هەروەها ئەو هێزەى پێشمەرگە کە بۆسە دادەنێنەوە دووچارى هیچ گرفت و ڕووبەڕووبوونەوە نەبن. بۆ جێبەجێکردنى ئەو پلانە، هێزێک دیاریکرا کە لە سەرەوەى جادەى گشتى چاودێرى ڕەبایەى سەرى بەرانشێ و ڕەبایەکى دیکە بە ناوى سیارکا سپی بکەن، تاکو لە هەر ئەگەرێکى جووڵەى ئەو دوو ڕەبایە ئەو هێزە بەرپەرچیان بداتەوە و نەهێڵن شوێنى بۆسەکە هەراسان بکەن، قۆڵێکى تر بریتى بوو لە هێزێک کە پێش شوێنی دانانەوەى بۆسەکە، ئەگەر ئۆتۆمبێلێکى هێزەکانى حکومەت هات، سەرەتا ئەوان تەقەى لێ بکەن و کە گەیشتنە شوێنى بۆسە شپرزەى بکەن، قۆڵێکى دیکە بریتى بوو لە دامەزراندنى دەستەیەکى پێشمەرگە لە بەرامبەر ڕەبایەى بنی بەڕانشێ، بۆ ئەوەى کاتێک شەڕ دەستى پێکرد، نەهێڵن سەربازان لە ڕەبایە بێنە دەر و تەقە بەڕووى شوێنى بۆسەکەوە بکەن، قۆڵی سێیەم هێزێکى دیکەى پێشمەرگە تەرخانکرا بەرامبەر بارەگاى سریەى سەرابزى ناوچەکە کە کەوتبووە ڕۆژهەڵاتى گوندى گرێ بیێ، تاکو ئەوانیش نەتوانن لە ڕەبایە دەرکەون، نەبادا گوشار بخەنە سەر شوێنى دانانەوەى بۆسە، بەو شێوەیە نەخشەى شەڕەکە بەڕێوەچوو (مراد، ٢٠٠٧، ١٦٨).

 هێزى پێشمەرگە لە ئێوارەى ١٤ى تشرینى دووەمى ١٩٧٦ بەرەو گوندى کانیاتا بەڕێکەوتن، خەڵکى گوند بە گەرمى پێشوازیان لێ کردن، پێشمەرگەکان بۆ خواردنى نانى ئێوارە بەسەر ماڵاندا دابەش بوون و ئەوکاتیش هەر بەمشێوەیە بوو، چونکە نانى پێشمەرگە لەسەر خەڵکى گوندنشین بوو و خەڵکى لادێکانى کوردستان بە هەموو شێوەیەک هاوکارى پێشمەرگە بوون.

پێشمەرگەکان تا کاتژمێر ٢:١٥ خولەکى شەو لە گوندەکە مانەوە، ئینجا چوونە گوندى شیڤێ و لەسەر (کانیا ئاڤا تیکا) کۆبوونەوە، پاشان هەر دەستە و تاقمە بەرەو خاڵی دیاریکراوى خۆى بەڕێکەوت، وەک چۆن لە نەخشەکەدا لەسەرى ڕێککەوتبوون، هەر دەستە و تاقم کە گەیشتنە شوێنى خۆیان، دەستیانکرد بە ئامادەکارى و قایمکردنى شوێنەکەیان، لە چاوەڕوانی هاتنى ئۆتۆمبێلى سەربازیدا مانەوە، تا ئاسۆ ڕووناک بوو، ڕۆژ هەڵات، هەر پێشمەرگەیەک لە شوێنى دیاریکراوى خۆی، خۆى قایمکردبوو. کاتژمێر٨:٣٠ خولەکى بەیانى ١٥ى تشرینى دووەمى ١٩٨٦ ئۆتۆمبێلێکى سەربازى جۆرى جێب قیادە لە لیواى باتیفەوە هات و گەیشتە ناو بۆسەى پێشمەرگەوە، لە ناکاو لە هەر چوار قۆڵەوە شەڕ دەستیپێکرد، لە ماوەیەکى کەمدا ئۆتۆمبێلەکە تێکشکا و دەستى بەسەردا گیرا، ئەفسەرێک و دوو سەربازى تێدابوون هەرسێکیان کوژران و ئۆتۆمبێلەکەش گڕی گرت (مراد، ٢٠٠٧، ١٦٨)، لە زۆربەى چالاکییەکانى پێشمەرگەدا کە بە بۆسە بەڕێودەچوون، زیانى گیانى و ماددى زۆر بەر هێزەکانى حکومەت دەکەوت لە کوژرانى سەربازان و سوتانى ئۆتۆمبێلەکانیان (بارزانى، ٢٠٢١، ٩٦).

 دەستکەوتەکانى پێشمەرگە لەو شەڕەدا بریتى بوون لە دەستبەسەرداگرتنى  سێ چەکى جۆرى کلاشینکۆف و بڕێک کەلوپەلى سەربازى، بۆ ماوەى دوو کاتژمێر و نیو شەڕ درێژەى کێشا و جادەى سەرەکى داخرا و هاتوچۆى تێدا وەستا، هێزى پێشمەرگە لەو چالاکییەدا بێ زیان بوو، چالاکییەکەیان بە سەرکەوتوویى کۆتایی هات، ئینجا شوێنەکەیان جێهێشت و کشانەوە بۆ گوندى کانیاتا (مراد، ٢٠٠٧، ١٦٨).  


سەرچاوەکان:

١- بارزانی، مه‌سعود، بارزانی و بزوتنه‌وەی ڕزگاریخوازی كورد، به‌رگی چوار‌م، ١٩٧٥-١٩٩٠ شۆڕشی گوڵان، به‌شی دووە‌م، چاپی یه‌كه‌م، چاپخانه‌ی ڕوكسانا، ٢٠٢١.  

٢- مراد، محەمەد، خەباتا چیا، بیرهاتن و سەرهاتیێن شۆڕەشا گولانێ دناڤبەرا ساڵین (١٧٦-١٩٨٩) دا، چاپخانا کوردستانێ – زاخۆ، ٢٠٠٧.

٢- گەردی، غازى عادل، پێشمەرگەیەک لە خزمەت ڕێبازى بارزانیدا حەجى بێڕۆخى بەرگى دووەم، چاپى دووەم، تورکیا- ٢٠٢١.      


بابەتی پەیوەندیدار

شەڕى پردەکەى چۆمى دەرەدوینە لە تەمووزى ١٩٦٣

ئه‌و شەڕە لە سەر ڕێگاى نێوان مەیدان و دەربەندیخان لە کاتێکدا ڕوویدا، کە هێزى پێشمەرگە ویستى ڕێگا لە کاروانێکى سەربازى سوپاى عێراق بگرێت کە بە ڕێگاى جەلەولا- دەربەندیخان بەرەو بەغدا تێدەپەڕی، لە شەڕەکەدا سوپاى عێراق و چەکدارانى بەکرێگیراو زیانێکى گیانى زۆریان پێکەوت، کاروانە سەربازیەکەش ڕۆژی یەکەم نەیتوانى تێپەڕێ بەڵکو بۆ ڕۆژى دوایی دەرباز بوو.

زانیاری زیاتر

شەڕی مەندیل

شەڕى مەندیل، هێرشێکى هێزى پێشمەرگەى کوردستان بۆ سەر بارەگاى فەوجى تایبەتى ٦ لە مەندیلى دوورى ٥ کم لە شارى چەمچەمال بوو کە لە شەوى ١٠ لەسەر١١ى کانوونى دووەمى ١٩٨٨، دواى شەڕێکى گەرم توانیان دەست بەسەر بارەگاى فەوجدا بگرن و ژمارەیەک چەکدار بکوژن و ژمارەیەکیش بەدیل بگرن هەروەها بڕێکى زۆرى چەک و تەقەمەنى و کەلوپەل و تفاقى سەربازى دەستکەوتى هێزى پێشمەرگە بوون.

زانیاری زیاتر

شەڕی بەرۆشکێ

شەڕى بەڕۆشکێ چالاکییەکى دیکەى هێزى پێشمەرگە بوو دژ بە دامودەزگا ئەمنیەکانى ڕژێمى بەعس، هێزێکى پێشمەرگەى لێژنەى ناوچەى دهۆک بە فەرماندەى محەمەد مراد، لە یەکێک لە شەوەکانى بەهارى ١٩٨٣ لە ناو شارى دهۆک بۆسەیەکیان دانایەوە،

زانیاری زیاتر

شەڕی باگێڕا ١٩٨٣

ئەو شەڕە چالاکییەکى دیکەى هێزێکى پێشمەرگەى کوردستان لە سنوورى لێژنەى ناوچەى دهۆکى پارتى دیموکراتى کوردستانە. لەو شەڕەدا ٢٥ پێشمەرگە لە شەوى ١٩ لەسەر٢٠ی نیسانی ١٩٨٣ لەسەر ڕێگاى باگێڕا–سوارەتوکا بۆسەیەکیان بۆ هێزەکانى سوپاى عێراق دانایەوە،...

زانیاری زیاتر

لێدانى ڕەبایەى گردى بیێ ١٩٨٥

لێدانى ڕەبایەى گردى بیێ چالاکییەکى هێزى پێشمەرگەى کوردستان بوو دژ بە هێزى سەربازی ڕژێمى بەعس، لە ٢٨ی ئابی١٩٨٥ هێزێکى پێشمەرگەى سەربە لێژنەى ناوچەى زاخۆى پارتى دیموکراتى کوردستان، هێرشیان کردە سەر بنکەى سەربازى گردی بیێ لە ناوچەى گولیاى دەڤەرى بادینا، بەڵام نەیانتوانى دەستى بەسەردا بگرن بەهۆى بوونى مینێکى زۆر لە دەوروبەری ڕەبایەکە و تەقینەوەی بە ژمارەیەک پێشمەرگەدا، زیانى زۆرى پێگەیاندن لە شەهید و بریندار، بەو هۆیەوە دەستیان لە گرتنى ڕەبایەکە هەڵگرت و تەرمى شەهید و بریندارەکانیان دەربازکردن.

زانیاری زیاتر