شەڕی زاویتە (کانوونى یەکەمى ١٩٦١)

ناوچەکانى بادینان لە ساڵانى (١٩٦١ – ١٩٦٣) ژمارەیەک شەڕ و چالاکى بچووک و گەورەى بەخۆیەوە بینى، ئەم شەڕانە کاریگەرییان لەسەر ئاراستەى شۆڕش هەبوو و بەرەو قۆناغێکى پێشکەوتووترى گواستەوە، ئەو نیگەرانییەى ڕەواندەوە کە لەلایەن هەندێک کەس لەسەر چارەنووسى شۆڕش هەبوو. هەروەها کاریگەرى ڕاستەوخۆى هەبوو لەسەر وروژاندنى هەستى کوردایەتى و گەڕانەوەى هەندێک لە هێزە خێڵەکییەکان بۆ ڕیزى شۆڕش.


عەبدولکەریم قاسم هەر لەسەرەتاى شۆڕشی ئەیلوولەوە لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەیدا لافى لێدابوو گوایە سەرى شۆڕشى پانکردۆتەوە، بەڵام ئەو سەرکەوتنە بەراییەى شۆڕشگێڕانى کورد لە دەڤەرى بادینان لەلایەک هەموو دەنگوباس و هاشوهوشەکانى حکومەتى بە درۆ خستەوە و ناچار حکومەت لە جاران زیاتر پشتى بە جاش و بەکرێگیراوانى ناوچەکە بەست، ئەم پشت بەستنەى حکومەت لەوەوە هاتبوو کە سوپا شارەزاى سروشت و ڕێگە و پیادەڕێى چیایە سەختەکانى کوردستان نەبوو، هەروەها سوپا ورەى داتەپیبوو و شارەزاى شەڕى پارتیزانى نەبوو.

جگە لەوەش جاشە ڕێکانییەکان ڕوویان لە تورکیا کردبوو لەلایەن حکومەتى تورکییەوە ڕادەستى لایەنى عێراقى کرابوونەوە تا لەڕێگەى کانى ماسى بگەڕێنەوە بۆ موسڵ، ئەوانە بە کرێگیراو بوون مەبەستییان درووستکردنى بەربەستێک بوو لە نێوان شۆڕشگێڕانى کورد و دێهاتە کوردییەکانى باکوورى کوردستان کە هەموویان لەگەڵ شۆڕشى کورد هاوسۆز بوون بە سەر و ماڵ لەگەڵیدا بوون. هەر بۆ نموونە پێشمەرگەیەکى بەشداربوو لە ڕووداوەکانى ئەوکات ئاماژەى کردووە و نووسیویەتى: "ژمارەیەک لە تێکۆشەرانى کوردستانى تورکیاش بۆ پشتگیرکردن لە بارزانى و شۆڕش گەیشتنە ناوچەکە، سادق مارینۆس فەرماندەیان بوو، هێرشى بردە سەر جاشەکان و زەبرێکى کوشندەى لێدان.

حکومەت بە هەموو تواناکانى خۆى ویستى گەلى زاوێتە بگرێت، بەمەبەستى برەودان بە پێشڕەوییەکان ژمارەیەکى زۆر لە سوپا و پۆلیس و جاشەکانى هێنابووە ناوچەکە، ڕەوشى بەرەى شەڕ لەلایەن شۆڕشگێڕانەوە بەم شێوەیە بوو کە لە ڕۆژهەڵاتەوە بەرەکە بە فەرمانداریەتى محەمەدئەمین میرخان، حاجى بێڕۆخى، مەلا شنى بێدارونى، حارس بێدارونى و حادێ حه‌سکۆ بوو کە حسۆ میرخان ژاژوکى یاریدەدەرى بوو. لە بەرەى ڕۆژئاواوە فەرماندەکانى وەک ئەسعەد خۆشەوى، عیسا سوار، عەلى خەلیل، حسۆ میرخان، عەمەر ئاغاى دۆڵەمەرى و سلێمان میرخانى لێ بوو کە ژمارەیەکى زۆر لە پێشمەرگەکانى هۆزە کوردییەکانى بادینان وەکو مزوورى ژێرى، بەروارى ژێرى، دۆسکى ژێرى، گولى، سندى و نێروەیی بەشدار بوون.

دواى ئەوەى سوپاى حکومەت کە پێکهاتبوو لە فەرماندەى ٢ی دهۆک بە هاوکارى جاش و پۆلیس بە مەبەستى گەمارۆدانى ناوچەى زاوێتە بە چەکى قورسەوە بە بەکارهێنانى تانک و زریپۆش و تۆپى جیا جیا کە ببوونە دوو بەشى سەربەخۆ بەشێکیان ڕاستەوخۆ بە ئاراستەى گوندى زاوێتە چوون، بەشەکەى تر کە زۆربەیان جاشەکان بوون بەرەو گوندى ئیمینکێ، بابلۆ، سیرک، تەنیرکا پاشان لە گوندى زاوێتە یەکبگرنەوه‌، ئەم هێزانە دواى ئەوەى ناوچەکەیان تۆپباران کرد هێرشیان دەسپێکرد، مەلا مستەفا بارزانی لە نزیک بەرەى شەڕەکە بوو، پێشمەرگە چاوەڕوانى فەرمانى ئەو بوون، لە سەرەتادا بارزانى فەرمانیدا شەقامى سەرەکى هاتنى سوپا تێکبدەن، بۆ ئەوەى بەر لە پێشڕەوییەکە بگیرێت، ئامانجى بارزانى لەم کارە سەرقاڵکردنى سوپا و ئازادکردنى شارەدێى سەرسەنگ بوو، هەندێ لە ڕەبیەى جاشەکان لە جادەى زاوێتە مابوون.

هێزەکەى حکومەت کە لە ٥ تا ٦ی کانوونى یەکەمى ١٩٦١ گەیشتبووە گەلى زاوێتە لەلایەن هێزى پێشمەرگەوە لە هەموو لایەکەوە گەمارۆ درابوون و هێرشیان کرایە سەر، لە ئەنجامدا هێزەکانى حکومەت پاشکشەیان کرد و جاشەکانییان بۆ ئامێدى ڕاونا، مەلا مستەفا بارزانی بڕیارى دا شارەدێى سەرسەنگ ڕزگار بکرێت، بەمەش وروەى پێشمەرگە بەرز بووەوە، هێزەکانى بەرەو سەرسەنگ چوون و پەیوەندییان بە هێزى حکومەت و خەڵکى ناوچەکە کرد، دەستییان بەسەر بنکەى پۆلیسى سەرسەنگ داگرتوو، بەبێ شەڕ لە ١٠ى کانوونى یەکەم شارەدێى ناوبراو ئازادکرا. ئیتر پێشمەرگە بە تەواوى دەستییان بەسەر دۆڵى زاویتەدا گرت کە گرنگى هەبوو لە ڕووى ستراتیجییەوە، ناوچەى سەرسنگ دەروازەیەکى گرنگ بوو بۆ گەیشتن بە گەلى زاوێتە، هەروەها ئەو ناوچەیە بەسەر شارى دهۆکى دەڕوانێ و لە هەمانکاتدا ئەو ناوچەیە نزیک بوو کە بارەگاى بارزانى کە لە گوندى گر بەراسکێ بوو، لەلایەکى دیکەشەوە زۆر نزیک بوو لە ناوچەى قەدش کە شۆڕش نەخۆشخانەیەکى لە ئەشکەوتى ئینیشکێ کردبووە، بۆ گەیاندنى خێراى بریندارەکان و پاراستنى نەخۆشخانەکە لە مەترسى تۆپبارانکردنى دوژمن.

دەستکەوتەکانى ئەم شەڕە لە ڕووى مینۆکییەوە گەورە بوون، چونکە پێشمەرگە سەرسنگى ئازاد کرد، جاشە ڕێکانییەکانى ڕاونا، تەکانێکى باش بوو کە تەنها سێ مانگ بوو بەسەر هەڵگیرسانى شۆڕشەکە تێپەڕببوو، هەروەها دەنگدانەوەیەکی مەزنى هەبوو خەڵک ئەو ڕاستییەى بۆ دەرکەوت کە دەکرێت بە خۆ بەختکردنى پێشمەرگە ئەو واقعە تاڵەى کوردستان بگۆڕدرێت و سەرکەوتن بەسەر سوپاى گەورەى دەوڵەت بەدەست بێت و حکومەتیش لە دواى ئەو شەڕە تەواو لە توانا و بوێریى و بیروباوەڕى شۆڕشگێڕان گەیشت.

لە ئەنجامى ئەو زنجیرە شەڕانەدا لەگەڵ هەوڵە زۆرەکانى حکومەت بۆ بەرەنگاربوونەوەى شۆڕشگێڕان و کۆکردنەوەى هێزەکانى خۆیان بۆ ئەوەى پێگەکانى خۆیان بگەڕێنەوە دەڤەرەکە و ناوچەکان داگیر بکەنەوە، بەڵام لە دواى شەڕى گەلى زاویتە حکومەت لە داستانى لۆمانا تووشى شکستێکى گەورەتر بوویەوە، بەو هۆیەوە ناچارى پەنا بردنە بەر دانوستان بوو.


سه‌رچاوه‌كان:

١- عبدالفتاح علي البوتاني، منطقة بادينان 1925 – 1970، ج 2، مطبعة جامعة صلاح الدين، اربيل، 2017، ص 159.

٢- هاوکار کەریم حمە شریف، شۆڕشى ئەیلوول، چاپخانەى زانکۆى سەلاحەددین، هەولێر، 2012، ل 147.

٣- مەسعود بارزانى، بارزانى و بزووتنەوەى ڕزگاریخوازى کورد، بەرگى سێیەم، بەشى یەکەم، چاپخانەى وەزارەتى پەروەردە، 2004، ل 57.

٤- رجب جمیل حبیب، ئامێدى (العمادیة) 1921 – 1975، مطبعة هەوار، دهۆک، 2012، ص 236.

٥- شیرزاد زکریا محمد، الحرکة القومیة الکردیة في كوردستان العراق 8 شباط 1963 – 17 تموز 1968، دار سپيريز للطباعة والنشر، دهوك، 2006، ص 129.

٦- حاجى میرخان دۆڵەمەرى، گەڕان بە دواى دادپەروەرییدا دیوێکى ترى مێژووی شۆڕش لە کوردستان دا 1943 – 1991، بەرگى یەکەم، بێ شوێنى چاپ، 2021، ل 238.

٧- هوژین مسعود سەرنى، شورەشا ئیلونێ ل دەڤەرا بەهدینان 1961 – 1975، سەنتەرى زاخۆ بۆ ڤەکۆلینێن کوردى، 2018، ل 72.

٨- غازى عادل گەردى، پێشمەرگەیەک لە خزمەت ڕێبازى بارزانی دا... حاجى بێڕۆخى 1916 – 1975، بەرگى یەکەم، تورکیا، ل 185.


بابەتی پەیوەندیدار

شەڕى پردەکەى چۆمى دەرەدوینە لە تەمووزى ١٩٦٣

ئه‌و شەڕە لە سەر ڕێگاى نێوان مەیدان و دەربەندیخان لە کاتێکدا ڕوویدا، کە هێزى پێشمەرگە ویستى ڕێگا لە کاروانێکى سەربازى سوپاى عێراق بگرێت کە بە ڕێگاى جەلەولا- دەربەندیخان بەرەو بەغدا تێدەپەڕی، لە شەڕەکەدا سوپاى عێراق و چەکدارانى بەکرێگیراو زیانێکى گیانى زۆریان پێکەوت، کاروانە سەربازیەکەش ڕۆژی یەکەم نەیتوانى تێپەڕێ بەڵکو بۆ ڕۆژى دوایی دەرباز بوو.

زانیاری زیاتر

شەڕی مەندیل

شەڕى مەندیل، هێرشێکى هێزى پێشمەرگەى کوردستان بۆ سەر بارەگاى فەوجى تایبەتى ٦ لە مەندیلى دوورى ٥ کم لە شارى چەمچەمال بوو کە لە شەوى ١٠ لەسەر١١ى کانوونى دووەمى ١٩٨٨، دواى شەڕێکى گەرم توانیان دەست بەسەر بارەگاى فەوجدا بگرن و ژمارەیەک چەکدار بکوژن و ژمارەیەکیش بەدیل بگرن هەروەها بڕێکى زۆرى چەک و تەقەمەنى و کەلوپەل و تفاقى سەربازى دەستکەوتى هێزى پێشمەرگە بوون.

زانیاری زیاتر

شەڕی بەرۆشکێ

شەڕى بەڕۆشکێ چالاکییەکى دیکەى هێزى پێشمەرگە بوو دژ بە دامودەزگا ئەمنیەکانى ڕژێمى بەعس، هێزێکى پێشمەرگەى لێژنەى ناوچەى دهۆک بە فەرماندەى محەمەد مراد، لە یەکێک لە شەوەکانى بەهارى ١٩٨٣ لە ناو شارى دهۆک بۆسەیەکیان دانایەوە،

زانیاری زیاتر

شەڕی باگێڕا ١٩٨٣

ئەو شەڕە چالاکییەکى دیکەى هێزێکى پێشمەرگەى کوردستان لە سنوورى لێژنەى ناوچەى دهۆکى پارتى دیموکراتى کوردستانە. لەو شەڕەدا ٢٥ پێشمەرگە لە شەوى ١٩ لەسەر٢٠ی نیسانی ١٩٨٣ لەسەر ڕێگاى باگێڕا–سوارەتوکا بۆسەیەکیان بۆ هێزەکانى سوپاى عێراق دانایەوە،...

زانیاری زیاتر

لێدانى ڕەبایەى گردى بیێ ١٩٨٥

لێدانى ڕەبایەى گردى بیێ چالاکییەکى هێزى پێشمەرگەى کوردستان بوو دژ بە هێزى سەربازی ڕژێمى بەعس، لە ٢٨ی ئابی١٩٨٥ هێزێکى پێشمەرگەى سەربە لێژنەى ناوچەى زاخۆى پارتى دیموکراتى کوردستان، هێرشیان کردە سەر بنکەى سەربازى گردی بیێ لە ناوچەى گولیاى دەڤەرى بادینا، بەڵام نەیانتوانى دەستى بەسەردا بگرن بەهۆى بوونى مینێکى زۆر لە دەوروبەری ڕەبایەکە و تەقینەوەی بە ژمارەیەک پێشمەرگەدا، زیانى زۆرى پێگەیاندن لە شەهید و بریندار، بەو هۆیەوە دەستیان لە گرتنى ڕەبایەکە هەڵگرت و تەرمى شەهید و بریندارەکانیان دەربازکردن.

زانیاری زیاتر