لە کۆتایی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا، بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کورد لە باشووری کوردستان قۆناغێکی نوێی لە خەباتی چەکداری و ڕێکخستنی نهێنی دەستپێکردبوو. ساڵى ١٩٧٩ وەک ساڵێکی وەرچەرخان لە مێژووی شۆڕشی گوڵاندا دەژمێردرێت، چالاکیەکانى شۆڕش بە جۆرێک ڕووى لە فراوانى کردبوو زۆربەى ناوچەکانى باشوورى کوردستانى گرتبۆوە، پلانى شۆڕش لەو هێرش و پەلامارە لە ناکاوانە بۆ سەر دام و دەزگا سەربازى و سیخوڕیەکانى ڕژێمى بەعس ئامانجى ستراتیژى لە پشت بوو، هەڵبەتە دیارترین ئامانج بە ئاگا هێنانەوەى ڕژێمى عێراق لە دووبارە سەرهەڵدانەوەى شۆڕش و پیشاندانى هێز و تواناى پێشمەرگە و تۆقاندنى هێزەکانى حکومەت بوو بەوەى کە هێزى پێشمەرگە هەرکات و لە هەر شوێنێ بێ دەستى پێڕادەگا کەوا گورزى کەمەر شکێن لەو هێزانە بوەشێنێ.
هێزى پێشمەرگەى کوردستان لە شێوەى دەستە و تاقمى تایبەت لە ڕۆژهەڵاتى کوردستانەوە پەیتا پەیتا بەرەو باشورى کوردستان سنوریان دەبڕی و خۆیان دەخزاندە قوڵایی ناوچەکانى ژێر دەسەڵاتى حکومەت، پلانى توکمەى چالاکی پارتیزانیان دادەڕشت و لە ناکاو پەلامارى هێزەکانى حکومەتیان دەدا، هێزێک کە لە نۆ پێشمەگە پێکهاتبوون بە فەرماندەی دکتۆر عەبدولڕەحمان زرارى لە زستانى ١٩٧٩ خۆیان گەیاندە ناوچەى دۆڵەمەریان، لە گوندەکانى دێرانە و کەونەگوند و کونەمار گیرسانەوە، بۆ دانانى پلانێک و ئەنجامدانى چالاکیەکى پارتیزانى لە ناحیەى دیانا، دواى ئەوەى سێ ڕۆژ لە گوندى دێرانە مانەوە ئافەرەتێکیان ڕاسپارد کە سەردانى شارۆچکەى دیانا بکات بۆ زانینى دۆخى سەربازى و ئاسایشى ناوچەکە، دواى ئەوەى کە ئافرەتەکە سەردانى شارۆچکەى ناوبراوى کرد ئەرکەکەى جێبەجێ کرد گەڕایەوەو دۆخى ناوچەکەى بۆ پێشمەرگەکان شیکردەوە، هێزەکەى پێشمەرگە دەستبەجێ خۆیان ئامادەکردو لە ڕێگەى گوندى کونەمارەوە خۆیان گەیاندە بازگەى دێڵزیان کە چەند کیلۆمەترێک لە دیاناوە دوورە، پاشان بە چاوساغى کەسێک لە ڕێکخستنە نهێنیەکان بە ناوى (حاجى فەتاح بەگ) دێڵزى.
هێزەکەى پێشمەرگە سەرەتا کە گەیشتنە شارۆچکەکە ڕوویان لە شوێنێک کرد بە ناوى گۆڕستانى مەسیحیان بەو پێیەى کە شوێنێکى گونجاو بوو بۆ خۆ حەشاردان ، پاشان زۆر بە وریایی خۆیان خزاندە یەکێک لە گەڕەکەکانى شارۆچکە بەناوى کۆنە دیانا، بۆ ماوەى نیو کاتژمێر لەو ناوە وەستان و باسیان لە چۆنیەتى جێبەجێکردنى پلانى چالاکیەکە کرد، شوێنى ئەنجامدانى چالاکیەکە بریتى بوو لە هێرشکردنە سەر ماڵی خیانەت کارێکى بەکرێگیراوى حکومەت، بەڵام لە ڕێگادا بازگەیەکى سەربازى هێزەکانى حکومەت دانرابوو لە کەندى دیانا، کاتێ کە هێزەکەى پێشمەرگە دەستیان بە جوولە کرد بە ئاراستەى شوێنى چالاکى و بوون بە دوو قۆڵ، قۆڵێکیان بە سەرەوەى جادەکە و قۆڵەکەى تریش بە خوارەوەى جادە ملی ڕێگایان گرت، هەرکە نزیک بوونەوە هێزەکەى حکومەت دەستیان بە تەقە کردو پێشمەرگەکانیش بەرپەرچیان دانەوە، شەڕەکە گەرم بوو بۆ ماوەیەک درێژەى کێشا پاشان دوو تانک بە ئاراستەى شەڕەکە هاتن و ئەوانیش دەستیان بە شەڕ کرد، بەڵام پێشمەرگەکان زانیان مانەوەیان بۆ ماوەیەکى زۆر لە شوێنەکە ئاکامى باشى نابێت چونکە حکومەت بە هێزى زیاترەوە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە بۆیە بڕیاریاندا کە شوێنەکە جێ بهێڵن، بەپێی زانیارى کە ڕۆژانى دوایی دەست پێشمەرگە کەوت هێزەکەى حکومەت کوژراو و بریندارى هەبوو کە لە ناویاندا ئەفسەرى پلەداریش هەبوو، بەڵام نەتوانرا ژمارەیان بزاندرێ، هێزەکەى پێشمەرگەش یەکێکیان شەهید بوو تەرمەکەى کەوتە دەستى حکومەت.
ئەم چالاکییە، هەرچەندە بە شەهیدبوونی پێشمەرگەیەک کۆتایی هات، بەڵام ترس و دڵەڕاوکێیەکی گەورەی خستە دڵی دامودەزگاکانی بەعس لە ناوچەی سۆران و دیانا، و جارێکی تر سەلماندی کە دیانا و ناوچەکانی تری کوردستان هەرگیز بۆ داگیرکەر نابنە شوێنێکی ئارام.
سەرچاوەکان:
١- مهسعود بارزانی، بارزانی و بزوتنهوەی ڕزگاریخوازی كورد، بهرگی چوارم، ١٩٩٧٥- ١٩٩٠ شۆڕشی گوڵان، بهشی دووەم، چاپی یهكهم، (چاپخانهی ڕوكسانا- ٢٠٢١).
٢- سەفەر یوسف میرحاج ژاژۆکى، شەهید دکتۆر عبدولڕەحمان زرارى(بەرکۆلێک لە ژیان و پیشمەرگایەتى)، (چاپخانەی دانیشفەڕ- هەولێر- ٢٠٢٢).


