شەڕى دۆڵی ئاڵانە ١٩٦٩

داستانێکى دیارى شۆڕشی ئەیلوول بوو لە ١٣ى تەممووزى ١٩٦٩ لە بنارى چیاى کۆڕەک لە ڕۆژهەڵاتى خەلیفان ڕوویدا، سوپاى عێراق بۆ داگیرکردنى گوندى ئاڵانە و دەست ڕۆیشتن بەسەر، دۆڵەکە ئەو هێرشەى دەست پێکرد، بەڵام بەتالیۆنى بێتواتەى هێزى پێشمەرگە زۆر بەتوندى بەرەو ڕوویان بوونەوە و هێرشەکەیان تێکشکاندن، ناچار بە پاشەکشە بوون بۆ خەلیفان.


حکومەتى عێراق هەر لە سەرەتاوە تا کۆتایی ساڵى ١٩٦٩ بە هەموو هێزوتوانا سەربازییەکانیەوە کە ٦ فیرقەى هەبوو چواریان لە ناوچەکانى کوردستان بوون، بە هاوکارى و هەماهەنگى هێزى ئاسمانى و چەکدارانى بەکرێگیراو (جاش) لە هێرش و پەلاماردانى سەر ناوچەکانى ژێر دەسەڵاتى شۆڕشى کورد درێغیان نەکرد، هێرش و پەلامارەکانیان زۆربەى ناوچەکانى کوردستانى تەنى بوو، یەکێک لەو هێرشانەى کە لەو ساتەدا ئەنجامیدا شەڕى دۆڵی ئاڵانە بوو لە ١٣ى تەممووزى ١٩٦٩.      

ئاڵانە دۆڵێکە دەکەوێتە دامێنى چیاى کۆڕەک لە ڕۆژهەڵاتى خەلیفان، هەر لە دۆڵەکەدا گوندى ئاڵانە هەیە، دیارە ئەو ناوچەیە هەر لە سەرەتاى شۆڕشی ئەیلوولەوە بۆتە جێگاى چاوتێبڕینى حکومەت، بەو پێیەى کە شوێنێکى ستراتیژى گرنگ بووە بۆ بەیەک بەستنەوەى خەلیفان و دۆڵی بالیسان و بێتواتە، ئەمەش بۆتە هۆى ئەوەى کە چەندین شەڕى تێدا ڕوویداوە، یەکێک لەو شەڕانەى کە لەو دۆڵەدا ڕوویاندا، ئەو داستانە بوو کە لە ١٣ى تەممووزى ١٩٦٩ لە کاتژمێر ٦ى بەیانى هێزێکى سەربازى لیواى ٢١ى سوپاى عێراق بە پاڵپشتى فڕۆکە و تانک و تۆپەوە لە خەلیفانەوە هەڵمەتێکى سەربازی دەست پێکرد بەرەو دۆڵەکە پێشکەوتن بۆ داگیرکردنى گوندى ئاڵانە. 

وادیارە بەتالیۆنى بێتواتەى هێزى پێشمەرگەى کوردستان بەو پێشکەوتنە سەربازییەى سوپاى عێراق ئاگادار بوون، بۆیە ئەوانیش لای خۆیان ئامادەسازیان کردبوو، کاتێک کە نزیک بوونەوە بەرسینگیان گرتن و بەرەنگاریان بوونەوە، دواى شەڕێکى ١٣ کاتژمێری هێزەکەى حکومەت تێکشکا و بەرەو دواوە کشایەوە، لە ئەنجامدا زیانێکى زۆرى گیانى و ماددیان  پێ گەیاندن، وەک لە ئاماژەکەدا هاتووە زیاتر لە ٥٠ سەربازیان کوژران و بریندار بوون، لەم شەڕەدا دەستکەوتەکانى پێشمەرگە بریتى بوون لە ژمارەیەک چەکى جۆراوجۆرى وەک شەست تیرێکى دکتاریۆف، ٣ تفەنگى سەمینۆف و تۆپێکى دوو گرێ لەگەڵ بڕێک فیشەک و کەلوپەلى سەربازى. 

بۆ ڕۆژى دوای فەرماندەی بەتالیۆنى بێتواتەى هێزى پێشمەرگە نامەیەکی بۆ فەرماندارى لیواکەى سوپاى حکومەت نارد، بۆ ئەوەى  کەسانێک بنێرن تاکو لاشە کوژراوەکانیان ببەنەوە کە لەمەیدانى شەڕدا بەجێ مابوون. لاوازى حکومەت لەم شەڕە و چەند شەڕێکى دیکەدا دەرکەوت، کە پێشمەرگە کۆمەڵێک سەرکەوتنى گەورەى بەسەر سوپاى عێراقدا تۆمار کردبوو، هەروەها زیانى گیانى و ماددى زۆریش بەر هێزەکانى حکومەت کەوتبوو، تا واى لێهات کە تواناى ڕووبەڕووبوونەوەى هێزى پێشمەرگەى نەمێنێ، بۆیە بە ناچارى پەناى بردە بەر ڕێگا چارەیەکى دیکە کە گفتوگۆ و ڕێککەوتن بوو، بۆ ئەوەى هەناسەیەک هەڵمژێ و دەرفەتێک بقۆزێتەوە کە جارێکى دیکە خۆی ڕێکبخاتەوە، ئینجا ھێزەکانى پڕ چەک بکات بۆ گەڕێکى دیکەى شەڕى کورد.                             


سەرچاوەکان:

١- ئارى کەریم، چەند لاپەڕەیەکى زیندوو لە شۆڕشی ئەیلوولدا، چاپخانەى خەبات، دهۆک ١٩٩٩.

٢- مسعود بارزانی، بارزانی و بزوتنەوەى ڕزگاریخوازی کورد، بەرگی سێیەم، بەشی دووەم، شۆڕسی ئەیلوول ١٩٦١-١٩٧٥، چاپخانەى وەزارەتى ڕۆشنبیرى، چاپى یەکەم، هەولێر، ٢٠٠٤.

٣- سه‌نگه‌ر ئيبراهيم خۆشناو،  ڕوداوه‌ سه‌ربازيه‌كانى شۆڕشى ئه‌يلوول١٩٧٠-١٩٧٥، چاپى يه‌كه‌م، هه‌ولێر، ٢٠٢٢.

٤- خۆشەوى عەلى کانیەلنجى، بیرەوەریەکانى عەزیز قازى حەمەد سورچى، چاپخانەى دانیشفەر، هەولێر، ٢٠٢٣.


بابەتی پەیوەندیدار

داستانى دووەمى چياى زۆزك ١٩٧٤

داستانى دووەمى زۆزک لە ئەیلوولى ١٩٧٤ ڕوویدا، سوپاى عێراق بۆ دەستگرتن بەسەر چیاى زۆزک، بە پاڵپشتى تانک و تۆپ و فڕۆکەى جەنگى ژمارەیەک هێرشى گەورە و بەربڵاوى کردە سەر سەنگەرەکانى هێزى پێشمەرگە لە دامێن و بەرزاییەکانى چیاکە، دواى دەیان ڕۆژ لە شەڕ و پێکدادان و تێکشکاندنى چەند هێرشێک و پێگەیاندى زیانى زۆرى گیانى و ماددى بە سوپاى عێراق، توانیان لە تشرینى یەکەمى ١٩٧٤ دەستى بەسەردا بگرن.

زانیاری زیاتر

چالاکى پشت منجەل ١٩٨٢

چالاکى پشت منجەلان بۆسەیەکى پێشمەرگە بوو بۆ هێزە سەربازیەکانى سوپاى عێراق، لە شەوێکى کۆتاییەکانى پاییزى ١٩٨٢ لە چوارچێوەی خەباتی پارتیزانی شۆڕشی گوڵاندا، هێزێکى پێشمەرگەى کوردستان چوونە سەر ڕێگاى سەرەکى سۆران- چۆمان (ڕێگاى هاملتۆن) لە پشت منجەلان بۆسەیەکیان دانایەوە، ئۆتۆمبێلێکى سەربازى کە ژمارەیەکى زۆرى سەربازى هەڵگرتبوو کەوتە بۆسەکەوە، هێزەکەى پێشمەرگە ڕووبەڕووى بوونەوەو دایانە بەر دەستڕیژى گوللە، لە ئەنجامدا ئۆتۆمبێلەکەیان تێکشکاند و بە تەواوى سەربازەوە لە هەڵدێرى جاددەکەوە کەوتە خوارەوە...

زانیاری زیاتر

تۆپبارانى سەربازگەى سیدەکان ١٩٧٩

تۆپبارانى سەربازگەى سیدەکان چالاکیەکى پارتیزانى بوو لە لایەن یەکێک لە مەفرەزەکانى پێشمەرگە بە فەرماندەى مەحمود شێخۆ، کە هەستان بە گواستنەوەى تۆپێکى ٥٧ملم لەگەڵ ژمارەیەک گوللە بۆ سەر بەرزاییەکى نزیک شارۆچکەى سیدەکان، ئێوارەیەکى پێش خۆر ئاوابوونی هاوینى ١٩٧٩ بۆ ماویەک تۆپبارانى سەربازگەیان کرد و ئاڵوزى و پشێویان خستە ناو سەربازگە و پاشان شوێنەکەیان جێ هێشت.

زانیاری زیاتر

بۆسەى گوندى مجێسەر ١٩٨٠

بۆسەى گوندى مجێسەر چالاکیەکى پارتیزانى هێزى پێشمەرگە بۆ لێدان و گەیاندنى زیان بە هێزە سەربازیەکانى سوپاى عێراق بوو، ئێوارەیەکى بەهارى ١٩٨٠ مەفرەزەیەکى پێشمەرگە خۆیان گەیاندە نزیگ گوندى مجێسەر لە دەڤەرى برادۆست سەر ڕێگاى سەرەکى بۆسەیان دانایەوە، هێرشیان کردە سەر ئۆتۆمبیلێکى سەربازى و تێکیان شکاند و تەواوى سەرنیشانیان کوشتن کە حەوت سەرباز بوون پێشمەرگەکانیش بێ زیان گەڕانەوەو شوێنەکەیان جێهێشت.

زانیاری زیاتر

شەڕى پردەکەى چۆمى دەرەدوینە لە تەمووزى ١٩٦٣

ئه‌و شەڕە لە سەر ڕێگاى نێوان مەیدان و دەربەندیخان لە کاتێکدا ڕوویدا، کە هێزى پێشمەرگە ویستى ڕێگا لە کاروانێکى سەربازى سوپاى عێراق بگرێت کە بە ڕێگاى جەلەولا- دەربەندیخان بەرەو بەغدا تێدەپەڕی، لە شەڕەکەدا سوپاى عێراق و چەکدارانى بەکرێگیراو زیانێکى گیانى زۆریان پێکەوت، کاروانە سەربازیەکەش ڕۆژی یەکەم نەیتوانى تێپەڕێ بەڵکو بۆ ڕۆژى دوایی دەرباز بوو.

زانیاری زیاتر