شەڕی باگێڕا ١٩٨٣

ئەو شەڕە چالاکییەکى دیکەى هێزێکى پێشمەرگەى کوردستان لە سنوورى لێژنەى ناوچەى دهۆکى پارتى دیموکراتى کوردستانە. لەو شەڕەدا ٢٥ پێشمەرگە لە شەوى ١٩ لەسەر٢٠ی نیسانی ١٩٨٣ لەسەر ڕێگاى باگێڕا–سوارەتوکا بۆسەیەکیان بۆ هێزەکانى سوپاى عێراق دانایەوە،...


 ئەو شەڕە چالاکییەکى دیکەى هێزێکى پێشمەرگەى کوردستان لە سنوورى لێژنەى ناوچەى دهۆکى پارتى دیموکراتى کوردستانە. لەو شەڕەدا ٢٥ پێشمەرگە  لە شەوى ١٩ لەسەر٢٠ی نیسانی ١٩٨٣ لەسەر ڕێگاى باگێڕا–سوارەتوکا بۆسەیەکیان بۆ هێزەکانى سوپاى عێراق دانایەوە،  ئەو شەوە تا ڕۆژهەڵات لە ژێر قەنتەرى جادەکە خۆیان حەشار دا لە چاوەڕوانى هاتنى ئۆتۆمبێلى سەربازى تا کاتژمێر ١١:١٥ خولەکى پێش نیوەڕۆ، لە ناکاودا ئۆتۆمبێلێکى جۆرى ئیڤا کە کۆمەڵێک سەربازى تێدا بوو بە ڕێگادا هات و کەوتە بۆسەى پێشمەرگەوە، هەرکە ئۆتۆمبێلەکە لێیان نزیک بووە، تەواوى پێشمەرگەکانى ناو قەنتەرەکە هاتنە سەر جادە و تەقەیان لێ کرد و تێکیان شکاند، دواتر پێشمەرگەکان دەستیان گرت بەسەر لاشەی کوژراوان و چەکەکانیان. هەرچەندە هێزێکى لیواى دهۆکى سوپاى عێراق ڕووبەڕوویان بوونەوە، بەڵام پێشمەرگەکان پاشەکشەیان کرد و مەیدانى شەڕەکەیان بەجێهێشت.          

هێزێکى پێشمەرگەى سەربە لێژنەى ناوچەى دهۆکى پارتى دیموکراتى کوردستان بە فەرماندەیى محەمەد مراد بۆ ئەنجامدانى چالاکى و لێدانى هێزەکانى ڕژێمى بەعس لە شەوى ١٨ی نیسانی ١٩٨٤ دەرچوونێکیان دەستپێکرد، سەرەتا چوون بۆ گوندى تەیێ لە نزیک باگێڕا، بۆ کۆکردنەوەى زانیارى و پشکنینى ناوچەکە بە مەبەستى دیاریکردنى شوێنێکى شیاو بۆ ئەوەى گورزێک لە هێزە سەربازییەکانى ڕژێمى بەعس بدەن، تاکو هێز و بازووى پێشمەرگە پیشانى هێزەکانى حکومەت بدەن و نەهێڵن ئەو هێزانە بەردەوام لە ئاسوودەیی و ئۆقرەییدا بن، دواى گەڕان و پشکنینى ناوچەکە ڕێگاى (باگێڕا–سوارەتوکا) بەرامبەر گوندى سارکێ بە گونجاوترین شوێن دەستنیشان کرا کە بۆسەى لێ دابنێنەوە و چالاکییەکى پێشمەرگەیی لێ ئەنجام بدەن، دواى دیاریکردنى شوێنەکە گەڕانەوە بۆ ئەوەى تەواوى هێزەکە لە چۆنیەتى شوێن و کاتى دەستپێکردنى چالاکییەکە تاوتوێ بکەن. هه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌و شێوازی ئه‌نجامدانی چالاكییه‌، لایه‌نێكی دیکەى شه‌ڕ و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وە‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌ بوو بەرامبەر هێزەکانى سوپاى عێراق، تا ڕادەیەکى بەرچاویش سەرکەوتنى تێدا بەدەست هاتووە و زیانى گەورەى بە هێزەکانى حکومەت گەیاندووە.    

شەوى ١٩ لەسەر ٢٠ی نیسانی ١٩٨٣ هێزەکەى پێشمەرگە بەرەو شوێنى دەستنیشانکراو کەوتنە ڕێ و چوون بۆ گوندى سارکێ، لەو گوندەدا پشوویەکیان دا تا کاتژمێر ٣ى شەو، پاشان دەستیان بە جووڵە کرد، هێزێک کە لە ١٥ پێشمەرگە پێکهاتبوو لەژێر سەرپەرشتى محەمەد مراد چوون بۆ سەر جادەکە و خۆیان لە ناو قەنتەرەى ژێر جادەکە حەشار دا، هێزێکى دیکەش کە لە ١٠ پێشمەرگە پێکهاتبوو لە چەکى دۆشکە و بیکەیسیان پێ بوو لەژێر سەرپەرشتى جۆرج ئیسحاق چوون بۆ سەر بەرزاییەکى نزیک شوێنەکە، بۆ بەرپەرچدانەوەى ڕەبایەکانى دەوروبەر لە كاتی ده‌ستپێكردنی شه‌ڕ، هەروەها پارێزگارى هێزى یەکەم بن لەو هێزانەى ئەگەر لە باگێڕا و سوارەتوکاوە هێرش بکەنە سەریان.

ئەو شەوە تا ڕۆژهەڵات لە شوێنى بۆسەکە خۆیان حەشار دا لە چاوەڕوانى هاتنى ئۆتۆمبێلى سەربازیدا، هیچ دەرفەتیان بۆ هەڵنەکەوت تا کاتژمێر  ١٥ :١١ خولەکى پێش نیوەڕۆ، لە کاتێکدا لەلایەن یەکێک لە پێشمەرگەکان ئاگادار کرانەوە کە لە سەرووى بۆسەکە لەناو درەختەکان خۆى حەشار دابوو و دەیڕوانیە جادەکە بۆ ئەوەى لە هاتنى ئۆتۆمبێلى سەربازى ئاگاداریان بکاتەوە، لەگەڵ بیستنى دەنگى پێشمەرگەکە (وا ئۆتۆمبیلى سەربازى هات)، تەواوى پێشمەرگەکانى ناو قەنتەرەکە هاتنە سەر جادە و تەقەیان لێ کرد، یەکێک لە پێشمەرگەکان نارجۆکێکی فڕێدایە ناو ئۆتۆمبێلەکە و تێکشکا، پاشان پێشمەرگەکان دەستیان بەسەردا گرت و تەواوى سەربازەکانی نێو ئۆتۆمۆبیلەکە کوژران و دەستیان بەسەر چەکەکانیاندا گرتن کە ١٢ پارچە چەک بوون، لەگەڵ بڕێکى زۆری کاڵا و کەلوپەلى سەربازى.

دواى ئەوەى کە حکومەت پێی زانى ئۆتۆمبێلێکى سەربازى کەوتۆتە بۆسەى پێشمەرگەوە، هێزێکى گەورەى سەربازى سەربە لیواى دهۆک لە هەموو لایەکەوە ڕووبەڕووى هێزى پێشمەرگە بوونەوە، بەڵام هێزى پێشمەرگە ئەوەى مەبەستیان بوو نەخشەیان بۆ کێشابوو کە ئەنجامدانى بۆسەکە بوو جێبەجییان کرد، بۆیە بڕیاریاندا بکشێنەوە، هاوکات لەگەڵ کشانەوشدا ناوە ناوە بەرپەرچى سوپاى عێراقیان دەدایەوە، تەواوى هێزەکەى پێشمەرگە یەکیان گرتەوە و هەوڵى دوورکەوتنەوەیان دا، سوپاى عێراقیش بە دوایانەوە بوو هەر لەو ڕووبەڕووبوونەوەیەدا پێشمەرگەیەک بریندار بوو، جگە لەو پێشمەرگە زیانى دیکەیان نەبوو و بۆ شەو هێزى پێشمەرگە گەیشتنە گوندى ستو کورکوخرابیا، پاشان حکومەت ئەو ڕۆژە هەتا شەو تۆپبارانی گوندەکانى کرد، لە ئەنجامى ئەو تۆپبارانەدا هەندێک هاوڵاتى بریندار بوون لەگەڵ سوتانى ڕەز و باغ و بێستانى گوندنشینەکان. ئەوە لە کاتێکدا بوو کە هێزە سەربازییەکانى حکومەت دووچارى شکست دەبوون لە بەرامبەر هێزى پێشمەرگەدا و بۆ پڕکردنەوەى شکست و ڕەواندنەوەى مەترسى لەسەر هێزەکانیان، پەنایان دەبردە بەر بۆردومان و تۆپبارانى ئەو شوێنانەى کەوا لە ژێر جموجۆڵى پێشمەرگە و دەسەڵات و شۆڕشدا بوون.                             


سەرچاوەکان:

١- محەمەد مراد، خەباتا چیا، بیرهاتن و سەرهاتیێن شۆڕەشا گولانێ دناڤبەرا ساڵین (١٧٦- ١٩٨٩) دا، (چاپخانا کوردستانێ-  زاخۆ- ٢٠٠٧). 

٢- مه‌سعود بارزانی، بارزانی و بزوتنه‌وەی ڕزگاریخوازی كورد، به‌رگی چوار‌م، ١٩٧٥- ١٩٩٠ شۆڕشی گوڵان، به‌شی دووە‌م، چاپی یه‌كه‌م، (چاپخانه‌ی ڕوكسانا- هەولێر- ٢٠٢١).


بابەتی پەیوەندیدار

چالاکى گەرووى سیتکان ١٩٨٣

چالاکى گەرووى سیتکان بریتى بوو لە ڕووبەڕوو بوونەوەى هێزێکى پێشمەرگەى کوردستان لەگەڵ هێزێکى سەربازى سوپاى عێراق، لە ئێوارەیەکى بەهارى ١٩٨٣ لە گەرووى سیتکانى نزیک چیاى زۆزک، لەماوەیەکى کورتدا هێزەکەى پێشمەرگە هێرشیان کردە سەر هێزە سەربازیەکە و تێکیان شکاندن و زیانی زۆریان پێ گەیاندن لە کوشتن و بریندار، پاشان شوێنەکەیان جێ هیشت.

زانیاری زیاتر

شەڕى دیانا ١٩٧٩

شەڕی دیانا، ڕووبەڕوو بوونەوەى مەفرەزەیەکى پێشمەرگە لەگەڵ هێزێکى سەربازى سوپاى عێراق لە شارۆچکەى دیانا، کاتێ کە مەفرەزەکەى پێشمەرگە بەمەستى ئەنجامدانى چالاکیەک کە هێرشکردنە سەر ماڵی خیانەتکارێکى بەکرێگیراوى ڕژێم بە هاوکارى ڕێکخستنە نهێنیەکانى ناوشار، لە ڕێگاى رۆیشتنیان بۆ شوێنى مەبەست دووچارى هێزێکى سەربازى حکومەت بوونەوە کە بازگەیان دنابوو لە شوێنێک بەناوى کەندى دیانا، دواى ماوەیەک لە شەڕ و پێکدادان پێشمەرگە بڕیارى کشانەویاندا لە شوێنەکە دوور کەوتنەوە.

زانیاری زیاتر

شەڕی دەشتى بەرازگر ١٩٧٩

شەڕى دەشتى بەرازگر، ڕووبەڕوو بوونەوەى هێزێکى سوپاى عێراق لەگەڵ هێزێکى پێشمەرگە لەسەر ڕوبارى دەشتى بەرازگر لە دەڤەرى برادۆست، کاتێ کە هێزەکەى پێشمەرگە لە جەولەدا بوو بۆ چەند گوندێکى سنورى ناوچەکە بە مەبەستى بەسەرکردنەوەى ڕێخستنەکانیان، دواى ماویەکى کورت لە شەڕ و ڕووبوڕوو بوونەوە هێزەکەى سوپاى عێراق شکستیان خواردو بە ژمارەیەک کوژرا و بریندار مەیدانى شەڕەکەیان چۆلکرد و ڕایانکرد.

زانیاری زیاتر

شەڕی بنارى چیاى پیران ١٩٧٩

شەڕى بنارى چیاى پیران، ڕووبەڕوو بوونەوەى هێزێکى پێشمەرگە لەگەڵ هێزێکى سەربازى سوپاى عێراق لە بەهارى ١٩٧٩، کاتێ کە هێزەکەی پێشمەرگە لە چالاکیەکى پارتیزانى ڕفاندنى پێنج ئەندازیارى پڕۆژەیەکى ڕێگاوبان دەگەڕانەوە، لە بنارى چیاى پیران نزیک مێرگەسۆر لەگەڵ هێزێکى سەربازى سوپا بە یەک گەیشتن، شەڕێکى گەرم بۆ ماوەى دوو کاتژمێر لە نێوانیاند دروست بوو، ئەنجامى شەڕەکە کوژرانى چوار لە ئەندازیاران و ژمارەیەک کوژرا و بریندارى سەربازانى سوپاى لێ کەوتەوە هێزەکەى پێشمەرگەش بێ زیان لێى دەرچوون تەنها یەکێک بە سو

زانیاری زیاتر

شەڕى گوندى هەسنان ١٩٧٥

شەڕى گوندى هەسنان، ڕووبەڕوو بوونەوى هێزى پێشمەرگە و سوپاى عێراق لە ١٣ى ئازارى ١٩٧٥ لە گوندى هەسنان لە بنارى چیاى حەسەن بەگ، کاتێ کە سوپاى عێراق هێرشیکى بەربڵاوى کردە سەر سەنگەرەکانى پێشمەرگە بە پشتیوانى تانک و تۆپ و فڕۆکەى جەنگى بە مەبەستى دەستگرتن بە سەر گەرووى بێشەو چیاى حەسەن بەگ، کە دوو خاڵى ستراتیژى ناوچەکە بوون.

زانیاری زیاتر