هاوکات بارودۆخی ژیان له ناوچه‌ی بارزان زۆر سەختتر ده‌بێت، به شێوه‌یه‌ك برسییه‌تی ده‌گاته ڕاده‌یه‌كی مه‌ترسیدار و به بڕیاری حكومه‌تی ناوه‌ندی ده‌ست ده‌كرێت به زیادكردنی بنكه‌كانی سه‌ربازی له ناوچه‌كه، ئه‌م كاره‌ش ناڕەزایهتی خه‌ڵكی لێدەکەوێتەوە و به‌شێكیان په‌نایان برده به‌ر شاخ و شه‌ڕكردن له‌گه‌ڵ بنكه‌كانی پۆلیسی ئه‌م ناوچه‌یه.
ئه‌و مه‌ینه‌تییانه‌ی بارزانییه‌كان له نێوان ساڵانی ١٩٤٠-١٩٤٢ تووشی ده‌بن و گه‌مارۆی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی كه موته‌سه‌ریفی سلێمانی خستبووه سه‌ر بارزانییه‌كان و ئه‌و قه‌یرانه ئابوورییه‌ی به هۆی شه‌ڕی دووەمی جیهانی و هۆكارەکانی خراپی ڕەوشی ئابووری ناوچه‌ی بارزان، وا له مسته‌فا بارزانی ده‌كات حكومه‌ت له‌وباره‌یه ئاگادار بكاته‌وه كه چاره‌سه‌ری كێشەکانی ئه‌و ناوچه‌یه بكات، به‌ڵام ئه‌و داواكارییه هیچ ئه‌نجامێكی نابێت.
مسته‌فا بارزانی، له پاش كۆمه‌ڵێ په‌یوه‌ندی كه هه‌تا ساڵی ١٩٤٣ درێژەیان ده‌بێت، بۆی ڕوون ده‌بێته‌وه هه‌لومه‌رجی ڕێكخستنی شۆڕشێكی دیكه له‌باره، لە لایەک خه‌ڵك توانای ئه‌م هه‌موو زوڵم و سته‌مه‌ی كه كارمه‌ندان و بنكه‌كانی پۆلیس ده‌رحه‌قی ئه‌وان ده‌ی كرد نه‌مابوو. بۆیه بارزانی له دوای ڕاوێژكردن له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵه‌ی هیوا و ژماره‌یه‌ك له كهسایەتییە نیشتیمانپهروهرەکان، له ڕۆژی (١٢)ی ته‌مووزی ١٩٤٣بڕیاریدا بگه‌ڕێته‌وه بۆ ناوچه‌ی بارزان.
به هۆی ئه‌وه‌ی ڕێگاكانی ناوخۆی عێراق به ته‌واوی له ژێر کۆنترۆڵ و چاودێری تووندی هێزه‌كانی عێراق بوون، مسته‌فا بارزانی و دووكه‌س له هاوڕێیه‌كانی به ناوه‌كانی مسته‌فا عه‌بدوڵڵا ئاكره‌یی و سلێمانهسوور به یارمه‌تی شێخ محه‌مه‌د چكۆڵ ئامۆزای شێخ مه‌حموودی به‌رزنجی له دوای تێپه‌ڕبوون له كێوه‌كانی پشده‌ر و ده‌چنه گوندی تورجال له باكووری ڕۆژئاوای سه‌قز و له‌وێ په‌یوه‌ندی به حاجی بابا شێخ - سه‌رۆك وه‌زیرانی كۆماری كوردستان له ساڵی ١٩٤٦- ده‌كه‌ن، به هۆی ئه‌وه‌ی بۆ گرتنی مسته‌فا بارزانی و هاوڕێیه‌كانی له‌لایه‌ن حكومه‌تی عێراق خه‌ڵات دیاری كرابوو، بارزانی ڕازی ده‌كات بۆ پاراستنی گیانی خۆی و هاوڕێیه‌كانی و بۆ ئه‌وه‌ی كه‌س نه‌زانێت ئه‌و كێیه، به ناوی یه‌كێك له شێخه‌كانی هه‌ورامان و له‌گه‌ڵ كه‌سانی جێی متمانه، بارزانی ڕەوانهی سنووری حاجی ئۆمه‌ران ده‌كرێت.
دوای ئەوەی مستەفا بارزانی له ڕێگه‌ی سه‌رده‌شت و مه‌هاباد خۆی ده‌گه‌ینێته نه‌غه‌ده و له‌وێ ده‌چێته ئاغزه زێوه بۆ ماڵی مامه‌ند شێروانی (مامه‌ند مه‌سێح) كه خۆی بارزانی بوو و له تاوی حكومه‌تی عێراقی هاتبووه نه‌غه‌ده و له‌لایه‌ن كاك مامه‌ند ئاغای قادری كولیچ له سه‌رۆك عه‌شیره‌ته‌كانی مامه‌ش له‌و گونده شوێنێكی بۆ دابین كرابوو. دوای ڕۆیشتنی بارزانی بۆ لای مامه‌ند مه‌سیح پێكه‌وه به ناوچه‌ی شنۆ‌دا له ڕێگه‌ی نه‌ڵۆس و بابخالاوه بۆ گوندی كاك مامه‌ندی ئاغای مامه‌ش كه كولیچ بووه ده‌ڕۆن و بۆ ماوه‌یه‌ك لای ده‌مێنێته‌وه.
ڕۆژیك كه مسته‌فا بارزانی و مامه‌ند ئاغای مامه‌ش و ژماره‌یه‌كی دیكه له كه‌سایه‌تییه‌كانی ناوچه‌كه له دیوه‌خانی ماڵی مامه‌ند ئاغا دانیشتبوون، قه‌ره‌نی ئاغا له ئاغاكانی عه‌شیره‌تی پیران سه‌ردانی لای مامه‌ند ئاغا ده‌كات و پێی ده‌ڵێت: "به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی عێراق له‌سه‌ر سنووری هه‌ردوو وڵات هاتووته لای و پێی وتووه مسته‌فا بارزانی هاتووته ئێران و هه‌ر كه‌س به زیندوویی یان مردوویی بتوانێت ڕاده‌ستی حكومه‌تی عێراقی بكاته‌وه، یه‌ك ئۆتۆمبێلی پڕ له دیناری به خه‌ڵات پێده‌درێت.)) ئه‌وه له‌كاتێكدایه قه‌ره‌نی ئاغا، مسته‌فا بارزانی ناناسێت و نازانێت له‌و مه‌جلیسه ئاماده‌یه و قسه‌كانیشی ده‌بێته هۆی توڕەبوونی مامه‌ند ئاغای مامه‌ش، به‌ڵام له ڕاستیدا ئه‌و بڕە پاره‌یه كه بۆ زیندوو یان مردووی مه‌لامسته‌فا بارزانی له‌لایه‌ن حكومه‌تی عێراقی دیاری كرابوو، په‌نجا هه‌زار دیناری عێراقی بوو كه به شێوه‌ی فه‌رمی له ڕۆژنامه‌ی (فتی العراق)ی له مووسڵ بڵاوكرایه‌وه. دوای ماوه‌یه‌ك كه مسته‌فا بارزانی لای مامه‌ند ئاغای مامه‌ش ده‌مێنێته‌وه، ده‌توانێت له‌و بارزانییانه‌ی كه له ماوه‌ی چه‌ند ساڵدا له عێراق هه‌ڵاتبوون و له‌لایه‌ن كاك مامه‌ند ئاغای مامه‌ش له چه‌ند گوندێكی خۆی په‌نای دابوون به تایبه‌ت له گونده‌كانی كانی ڕەش و ئاغزه زێوه نیشته‌جێ كرابوون هێزێكی ٣٠ كه‌سی پێكبهێنێت.
بارزانی و هێزەکەی له ٢٨/٧/١٩٤٣ دێنه ناو خاكی عێراق و دوای حه‌سانه‌وه له ماڵی مه‌حموود به‌گی خه‌لیفه سه‌مه‌د خۆی ده‌گه‌ینێته گوندی ببێل و له ماڵی كه‌سێك به ناوی محه‌مه‌د مه‌لا نیشته‌جێ ده‌بێت كه یه‌كێك بووه له ڕیش سپیانی ناوچه‌كه. مسته‌فا بارزانی له گوندی ببێل ده‌چێته ناوچه‌ی مهمهندان و پێشوازییەکی گه‌رمی لێدەکرێت.
دوای ئه‌وه‌ی بارزانی دەگاتەوە ناوچه‌ی بارزان، ناوچه‌كه بەسەردەکاتەوە و لەگەڵ خەڵکی کۆدەبێتەوە و ژماره‌یه‌كی زۆر پەیوەندی بە هێزەکەی مسته‌فا بارزانی دەکەن، وه‌ك: محه‌مه‌د سه‌عید بێڕۆخی، مه‌لا شینێ بێدارونی، عه‌زیز ئاغای زراری و ساڵح كانیه‌لنجی. ئه‌م بەسەرکردنەوە و دیدارانە به درێژایی مانگی ئاب و ئه‌یلوولی ١٩٤٣ درێژە ده‌كێشێت.
خۆشه‌ویستی بارزانی لای خه‌ڵكی بارزان له‌لایه‌ك و ئه‌و زوڵم و سته‌مه‌ی كه پۆلیس و فه‌رمانبه‌رانی ناوچه‌كه به‌سه‌ر خه‌ڵكی بارزانیاندا سه‌پاندبوو له‌لایه‌كی دیكه وای له گه‌نج و ئه‌و پیاوانه کرد كه توانای چه‌ك هه‌ڵگرتنیان هه‌بوو به خێرایی په‌یوه‌ندی به بارزانییه‌وه بكه‌ن و له ماوه‌ی دوو هه‌فته‌دا ژماره‌یان ده‌گاته ٧٥٠ كه‌س.
دوای كۆكردنه‌وه‌ی هێز، مسته‌فا بارزانی په‌یوه‌ندی به فه‌رمانده‌ی پۆلیسخانه‌ی شێتنهوه كرد كه كه‌سێك به ناوی موفه‌وه‌ز قادر به‌گ ڕواندزییه، بۆ ئه‌وه‌ی نامه‌ی بۆ بگه‌ێنێته حكوومه‌ت، مسته‌فا بارزانی له‌و نامه‌یه‌دا ئاماده‌یی له پێناو ڕێككه‌وتن و دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ریه‌كی ئاشتییانه پێشاندا، بۆ وه‌رگرتنی وه‌ڵامی نامه‌كه‌ی بارزانی له‌گه‌ڵ قادر به‌گ شوێنێك له نێزیك مه‌زنه‌ی چیای برادۆست دیاری ده‌كه‌ن كه تا سێ ڕۆژی دیكه وه‌ڵامی نوسراوه‌كه وه‌ربگرێت، به‌ڵام حكومه‌تی عێراق هێزێك ڕەوانهی ئه‌و شوێنه دیاریكراوه ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی بارزانی ده‌ست به‌سه‌ر بكه‌ن، به‌م شێوه‌یه نیاز خراپی حكومه‌ت ئاشكرا بوو.
كاتێك مستەفا بارزانی ده‌گاته ئه‌و باوه‌ڕە كه حكوومه‌ت به هیچ شێوه‌یه‌ك نایەوێت كێشه‌ی كورد به ڕێگای ئاشتیانه چاره‌سه‌ر بكات، له ٢/١٠/١٩٤٣دا به‌شێك له هێزه‌كه‌ی بارزانی به سه‌رپه‌رشتی هەر یەک لە محه‌مه‌د ئه‌مین میرخان، مامه‌ند مه‌سیح و عه‌زیز ئاغا زراری هێرش دەکەنە سه‌ر پۆلیسخانه‌ی شانه‌ده‌ر و كۆنترۆڵی دەكه‌ن.
دوای ئه‌و هێرشانە حكومه‌تی عێراقی فه‌وجێكی پۆلیس له‌ژێر فه‌رمانی ئامرفه‌وجی پۆلیس به ناوی جهوادبهگ ڕەوانهی سه‌ر مسته‌فا بارزانی ده‌كات و له شێروان مه‌زن جێگیر ده‌بن، ئه‌وه له‌كاتێكدایه كه مسته‌فا بارزانی چوو بووه سه‌ر مه‌خفه‌ری خێره‌زۆك له گوندی خێره‌زۆك سه‌ربه ناحیه‌ی پیران له قه‌زای مێرگه‌سۆر له ماوه‌یه‌كی زۆر كه‌م ٢١ بنکەی پۆلیس جگه له سێ پۆلیسخانه‌ی مێرگه‌سۆر و بارزان و بله ته‌واوی بنكه‌كانی پۆلیسی ناوچه‌ی بارزان كۆنترۆل ده‌كرێت. به‌و كاره هه‌موو ناوچه‌كانی شێروان مه‌زن و مێرگه‌سۆر چه‌ك و جبه‌خانه‌یه‌كی زۆریش ده‌كه‌وێته ژێرده‌ستی بارزانی. جگه له‌وه‌ش سه‌ركه‌وتنه‌كانی یه‌ك له دوای یه‌كی بارزانی له به‌رامبه‌ر هێزی عێراق ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی كه ئه‌و شۆڕشه ناوبانگ ده‌ربكات، به شێوه‌یه‌ك كه ئه‌و بابه‌ته ده‌بێته باسێكی گه‌رمی دانیشتنه‌كانی په‌رله‌مانی عێراق و هه‌موو دانیشتنه سیاسییه‌كانی عێراق و به گرنگترین سه‌ردێری ڕۆژنامه‌كان جێی خۆی ده‌كاته‌وه.
له ٢٥ی تشرینی یه‌كه‌می ١٩٤٣ دوای شهڕەكانی خێره‌زۆك و شانه‌ده‌ر موته‌سه‌ریفی لیوای مووسڵ له ڕێگه‌ی ئه‌حمه‌د فه‌خری به‌گ و مه‌لا تاهیر ئه‌فه‌ندییه‌وه نامه‌یه‌ك بۆ مسته‌فا بارزانی ده‌نێرێت و تێیدا داوا ده‌كات مسته‌فا بارزانی خۆی بداته ده‌سته‌وه، تا ئه‌ویش بڕیاری لێبووردنی بۆ دابین بكات و حكومه‌تیش ئاماده‌یه گیروگرفتی بارزانییه دوورخراوه‌كان چاره‌سه‌ر بكات.
هه‌ر له‌وكاته حیزبی هیوا كه حیزبێكی كوردی نهێنی بوو له به‌غدا و ئه‌ندامه‌كانی له چینه‌كانی خوێنده‌وار و ئه‌فسه‌ر و سه‌رباز و سه‌رۆك عه‌شیره‌ته‌كان و سه‌رجه‌م چین و توێژەكانی كۆمه‌ڵگا پێكهاتبوون، په‌یوه‌ندی به مسته‌فا بارزانییه‌وه ده‌كه‌ن و له به‌غدا نووسراویان بۆ هه‌موو باڵیۆزخانه بیانییەكانی به‌غدا نارد کە مه‌به‌ست له شۆڕشی بارزانی دامه‌زراندنی حكومه‌تێكی لامهركهزییە بۆ كورد له ژێر سێبه‌ری شۆڕشی بارزان.
هه‌موو ئه‌و ڕووداوانه پێكه‌وه ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی ترس و نیگه‌رانییه‌ك له‌لای ئینگلیزه‌كان و حكومه‌تی عێراق دروست ببێت، چونكه له‌وه ده‌ترسان ئه‌و شۆڕشه‌ی بارزان به‌رفراوانی به خۆیه‌وه ببێنێت و هه‌موو كوردستان بگرێته‌وه، بۆیه له دوای ئه‌و نووسراوه‌ی موته‌سه‌ریفی مووسڵ بۆ بارزانی ده‌نێرێت، له درێژەی هه‌مان هه‌وڵ و كۆششدا له ٢ی تشـرینی دووه‌می ١٩٤٣(سی.جی.ئه‌دمۆندز) كه له‌وكاته ڕاوێژكاری وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراق بووه، نامه‌یه‌ك بۆ مسته‌فا بارزانی ده‌نێریت و داوای لێده‌كات مه‌رجه‌كانی حكومه‌ت قبوڵ بكات و خۆی و چه‌كه‌كانیشی بداته ده‌ست حكومه‌ته‌وه. به‌ڵام مسته‌فا بارزانی له ٦ی تشـرینی دووه‌می ١٩٤٣وهڵامی نووسراوه‌كه‌ی ئه‌دمۆندز ده‌داته‌وه، و تێیدا ئه‌و مه‌رجانه‌ی كه حكومه‌تی عێراق بۆ دانوستاندن دیاری كردبوون ڕەت ده‌كاته‌وه و وای ده‌رخست كه ئه‌و متمانه‌ی به به‌ڵێنه‌كانی حكوومه‌ت نییه، چونكه پاش ڕاپه‌ڕینی ١٩٣٢-١٩٣١ی بارزان و خۆ به ده‌سته‌وه‌دانی بارزانییه‌كان حكوومه‌ت ڕەفتارێكی نا مرۆڤانه‌ی له‌گه‌ڵدا كردن.
شتێك كه پێویسته لێره‌دا باس بكرێت ئه‌وه‌یه حكوومه‌تی ئه‌وكاتی عێراق نه ته‌نیا بۆ دامركاندنی شۆڕشی دووه‌می بارزان كه تازه ده‌ستی پێكردبوو سوودی له هێزی سوپای خۆی و هێزه كوردییه‌كانی لایه‌نگری حكومه‌ت وه‌رده‌گرت، به‌ڵكو سه‌ركردایه‌تی ته‌واوی جووڵانه‌وه سه‌ربازییه‌كانی خۆی بە جهنەڕاڵێكی به‌ریتانیای به ناوی پرۆمیلۆ دەسپێرێت كه به (بێ ده‌ست) به ناوبانگ بوو، به‌ڵام له‌و هێرشانەی كه له نێوان ساڵی ١٩٤٣ و ئایاری ١٩٤٤ بۆ سه‌ر بارزانییه‌كان ئه‌نجام درا هیچ به‌رهه‌مێكیان هه‌ڵنه‌گرت جگه له شكست نه‌بێت.
كاتێك ئه‌و شه‌ڕانه له نێوان سوپای عێراق و هێزی بارزانی ڕووده‌دات و باڵیۆزی به‌ریتانیا دێته لای مسته‌فا بارزانی و داوای لێ ده‌كات كۆتایی به‌و شه‌ڕە بهێنێت، هه‌روه‌ها داوای له حكومه‌تی عێراق كردبوو سیاسه‌تی خۆی به‌رامبه‌ر به كورده‌كان بگۆڕێت و سیاسه‌تێكی نه‌رمتر به‌كار بهێنێت. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش ئاڵوگۆڕییه‌ك له شانوێ سیاسی ساڵی ١٩٤٣ له عێراق ڕووده‌دات، له ٢٥/١٢/١٩٤٣ نووری سه‌عید بۆ جارێكی دیكه حكومه‌تێكی نوێ داده‌مه‌زرێنێت و سێ وه‌زیری كوردی تێیدابوون، كه بریتی بوون له ئه‌حمه‌د موختار بابان بۆ وه‌زاره‌تی داد، عومه‌ر نه‌زمی بۆ وه‌زاره‌تی ناوخۆ، ماجید مسته‌فا بۆ وه‌زیری ده‌وڵه‌ت كه تایبه‌ت بوو به چاره‌كردنی كێشه‌ی كورد.
ماجید مسته‌فا دوای ئه‌وه‌ی له‌لایه‌ن حكوومه‌ت ده‌سه‌ڵاتی ته‌واوی پێده‌درێت بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی بارزانییه‌كان خۆی له حیزبی هیوا نزیك ده‌كاته‌وه و داوا له حكومه‌ت ده‌كات سێ ئه‌فسه‌ری كورد به ناوی ئه‌فسه‌ری په‌یوه‌ندییه‌وه بنێرێت بۆ ناوچه‌ی بارزان، حكوومه‌تیش ئه‌و داوایه په‌سند ده‌كات و به حیزبی هیوا ڕاده‌گه‌ینن خۆیان ئه‌و ئه‌فسه‌رانه هه‌ڵبژێرن، حیزبی هیواش ئه‌مین ڕواندزی و عیزه‌ت عه‌بدولعه‌زیز و سه‌ید عه‌زیز سه‌ید عه‌بدوڵڵا دیاری ده‌كات و ڕەوانهی لای ماجید مسته‌فا ده‌كات، ئه‌و ئه‌فسه‌رانه له دوای گفتوگۆ له‌گه‌ڵ ماجید مسته‌فا ڕەوانهی مێرگه‌سۆر ده‌كرێن بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ مسته‌فا بارزانی قسه بكه‌ن، ئه‌مه له كاتێك دایه كه پێش وه‌خت حیزبی هیوا ئاگاداری بارزانی كردبوو كه ئه‌و كه‌سانه له ئه‌ندامانی ئه‌و حیزبه‌ن.
كاتێك ئه‌و سێ ئه‌فسه‌ره كورده‌ی سه‌ربه حیزبی هیوا و له هه‌مان كاتیش نوێنه‌ری حكوومه‌ت بوون له‌گه‌ڵ ماجید مسته‌فا له ٧/١/١٩٤٤ بۆ قسه‌كردن له‌گه‌ڵ بارزانی و وازهێنانی له چالاكی چه‌كداری، ده‌چنه بارزان، مسته‌فا بارزانی چه‌ند داواكارییه‌ك پێشكه‌ش به‌و لێژنه‌یه ده‌كات كه بیگه‌ینه ده‌ستی حكومه‌ت و ئه‌گه‌ر جێبه‌جێ كران ئه‌ویش واز له چالاكی چه‌كداری ده‌هێنێت، داواكارییه‌كان بریتی بوون له:
- ڕاگواستن و ده‌ركردنی ئه‌و كارمه‌ندانه‌ی به به‌رتیلخۆری و خراپ به‌كارهێنانی ده‌سه‌ڵاتی خۆیان ناسراون.
- پێكهێنانی هه‌رێمی كوردستان له لیوایهكانی (كه‌ركووك، سلێمانی، هه‌ولێر و قه‌زاكانی كوردی لیوای مووسڵ كه بریتییه له زاخۆ، ئامێدی، دهۆك، ئاكرێ، شێخان، شه‌نگال، له‌گه‌ڵ هه‌ر دوو قه‌زای خانه‌قین و مه‌نده‌لی له لیوای دیاله.).
- له‌م لیوایه‌دا زمانی كوردی ده‌بێته زمانی فه‌رمی.
- مه‌عاون وه‌زیرێكی كورد بۆ هه‌موو وه‌زاره‌تێك دێته دانان.
- داهێنانی وه‌زاره‌تێك كه وه‌زیره‌كه‌ی كورد بێ و كاروباری ئه‌م هه‌رێمی كوردستانه‌ی پێ بێته سپاردن.
- ئه‌وانه‌ی زیانیان پێ گه‌یشتووه بۆیان بێته بژاردنه‌وه.
- كردنه‌وه‌ی قوتابخانه و نه‌خۆشخانه و ته‌ختكردنی ڕێگه و ئاوه‌دانكاری ناوچه.
- له ویلایه‌تی كوردستاندا كاروباری سه‌ربازی و دارایی و ده‌ره‌وه تایبه‌ت ده‌بێ به حكوومه‌تی ناوه‌ندی.
- گێڕانه‌وه‌ی دوورخراوه‌كان بۆ ناوچه و به‌ردانی گیراوه‌كان.
دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی ماجید مسته‌فا بۆ به‌غدا گه‌یاندنی داواكارییه‌كانی مسته‌فا بارزانی به ده‌ستی ده‌سه‌ڵاتدارانی به‌غدا، ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراق له ٢٥/١/١٩٤٤ له وه‌ڵامی داواكارییه‌كانی بارزانی ئه‌م بڕیاره هه‌شت خاڵیه‌ی ده‌ركرد:
- به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كی نوێ له قه‌زاكانی زێبار، ڕواندز، ئامێدی و ده‌ورووبه‌ری مێرگه‌سۆر، شێروان مه‌زن و بارزان دروست بکرێ و كاربه‌ده‌ستی باشی بۆ دابندرێن، ئه‌گه‌ر كرا به ناوی ئه‌فسه‌ری په‌یوه‌ندییه‌كان ئه‌و ئه‌فسه‌رانه‌یان بۆ بنێرێ.
- دروستكردنی نوخته‌ی پۆلیس له هه‌موو ئه‌و ناوچانه‌دا له خه‌لیفان و ڕێزانه‌وه تا دیانه و كانی ڕەش.
- كردنه‌وه‌ی ڕێگا له نێوان نوختهكان.
- دوورخستنه‌وه‌ی مسته‌فا بارزانی له ناوچه‌ی بارزان.
- گێڕانه‌وه‌ی شێخ ئه‌حمه‌دی بارزان و بارزانییه دوورخراوه‌كان بۆ بارزان و ڕۆیشتنی مسته‌فا بارزانی بۆ به‌غدا بۆ خۆ به ده‌سته‌وه‌دان، به‌ڵام بڕیار له سەر ئه‌م دوو بابه‌ته له ده‌ستی وه‌زیری ناوخۆ یان ماجید مسته‌فا بوو كه هه‌ركات ویستیان بڕیار له‌سه‌ری بده‌ن.
- ئه‌و شتانه‌ی مسته‌فا بارزانی و هاوڕێیه‌كانی له حكوومه‌ت داگیریان كردبوو له‌گه‌ڵ چه‌كه‌كانی خۆیان بیده‌نه ده‌ستی حكوومه‌ت.
- حكوومه‌ت ڕازی بێت بۆ لێخۆشبوونی گشتی له بارزانییه‌كان بێجگه له چه‌كداره‌كان و ئه‌و كاربه‌ده‌ستانه‌ی له حكوومه‌ت بوون و پاشان چوونه ڕیزه‌كانی مسته‌فا بارزانی، هه‌روه‌ها حكوومه‌ت ڕایگه‌یاند ئه‌و بڕیاره لێخوشبوونه هه‌ركات ئاره‌زووی حكوومه‌ت بوو ئه‌وكات بڵاوی ده‌كاته‌وه.
- هه‌ر وه‌زاره‌تێك چی له ئه‌ستۆ دایه ئه‌نجامی بدات.
دوای ده‌رچوونی ئه‌م بڕیاره حكومه‌تی عێراق ژماره‌یه‌ك ئه‌فسه‌ری كوردی سوپای عێراق هه‌ڵده‌بژێرێت بۆ ئه‌وه‌ی بچنه ناوچه كوردییه‌كان و وه‌كو ئه‌فسه‌ری په‌یوه‌ندی له‌وێ خه‌ریكی جێبه‌جێ كردنی كاره‌كانی حكوومه‌ت بن. ئه‌و ئه‌فسه‌رانه‌ش ناوه‌كانیان بریتی بوو له:
- عه‌قید ئه‌مین ڕواندزی بۆ ڕواندز.
- لیوا به‌هائه‌دین شێخ نووری بۆ سلێمانی.
- نه‌قیب سه‌ید عه‌زیز سه‌ید عه‌بدوڵڵا بۆ مێرگه‌سۆر.
- نه‌قیب میرحاج ئەحمەد بۆ ئاكرێ.
- ڕائید عیزه‌ت عه‌بدولعه‌زیز بۆ بلێ.
- نه‌قیب مستەفا خۆشناو بۆ بارزان.
- نه‌قیب مه‌جید عه‌لی بۆ ئامێدی.
- نه‌قیب فوئاد عارف بۆ پشده‌ر.
دوای ده‌رچوونی ئه‌و بڕیاره‌ی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراق، به‌غدا بۆ ئاسایی كردنه‌وه‌ی بارودۆخه‌كه یه‌كێك له به‌ڵێنه‌كانی خۆی كه ڕزگاركردنی بارزانییه دوورخراوه‌كان بوو جێبه‌جێ ده‌كات، بۆیه شێخ ئه‌حمه‌دی بارزان و بارزانییه دوورخراوه‌كان له ١٢/٢/١٩٤٤ ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ ناوچه‌ی بارزان. دوای ئه‌نجامدانی ئه‌م كاره مسته‌فا بارزانی له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك له سه‌رۆك هۆزه‌كانی ناوچه‌كه له ٢٢/٢/١٩٤٤ سه‌ردانی به‌غدا ده‌كات، له‌وێ له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق و باڵیۆزی به‌ریتانیا كۆده‌بێته‌وه و دوای یه‌ك هه‌فته مانه‌وه له به‌غدا ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ بارزان.
ئه‌و كردارانه كه له‌و ماوه‌یه ئه‌نجامدران و هه‌ر دوولا له جیاتی شه‌ڕ و خوێن ڕشتن ڕێگای ئاشتی و دانیشتن و گفتگوگۆكردنیان هه‌ڵبژارد، بەڵام به‌ریتانیا ده‌ستی كرد به دروستكردنی ژماره‌یه‌ك پلان له دژی كورده‌كان بۆ نموونه:
- چاندنی تۆی دوو به‌ره‌كایه‌تی له ناو لاوانی كورد له‌سه‌ر ده‌ستی كه‌سانی به كرێگیراو.
- ههڕەشه و به‌ڵێنه‌كانی باڵیۆزی به‌ریتانیا بۆ مسته‌فا بارزانی كه له ڕێگه‌ی نامه ڕەوانه ده‌كرا.
- ده‌ست له كاركێشانه‌وه‌ی كابینه‌ی وه‌زاره‌تی نووری سه‌عید له (٣/٦/١٩٤٤) به بیانۆی پێكهێنانی وه‌زاره‌تێكی ئینتیقالی بۆ ئاسته‌نگ دانان له به‌رده‌م جێبه‌جێ كردنی ئه‌و چاكسازییانه‌ی بوو كه ئه‌م كابینه‌یه ڕایگه‌یاندبوو.
- پێكهینانی كابینه‌ی وه‌زاره‌ت له‌لایه‌ن حه‌مدی پاچهچییهوه له (٣/٦/١٩٤٤) و هاتنی هه‌ركام له مسته‌فا العمری به وه‌زیری ناوخۆ، له كورده‌كانیش ئه‌حمه‌د موختار بابان به وه‌زیری داد و تۆفیق وه‌هبی به وه‌زیری ئابووری دانران. له‌سه‌رده‌می ئه‌و وه‌زیرانه‌دا ئه‌ركی ئه‌فسه‌رانی په‌یوه‌ندی لابرا و هه‌ندێكیشیان خانه‌نشین كران.
- دانانی بڕیاره‌كانی كابینه‌ی نووری سه‌عید، كه هێشتا هیچی جێبه‌جێ نه‌كرابوو، له‌گه‌ڵ هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی كابینه‌كه‌ی، ئه‌مه‌ش پهیڕەوكردنی سیاسه‌تێكی تایبه‌ت بوو به‌رامبه‌ر به بارزانییه‌كان.
به هاتنه سه‌ركاری کابینەی نوێ جارێكی دیكه سیاسه‌تی دژایه‌تیكردنی كورده‌كان پهیڕەو كرا، هه‌ر له‌و پێناوه‌دا وه‌زاره‌تی به‌رگری به بڕیارێك داوا له ئه‌فسه‌ره كورده‌كان ده‌كات كه پێشتر وه‌كو ئه‌فسه‌ری په‌یوه‌ندی نێردرابوون بۆ ناوچه‌كانی كوردستان بگه‌ڕێنه‌وه بۆ به‌غدا، ئه‌و ئه‌فسه‌رانه كاتێك ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ به‌غدا، میرحاج و مسته‌فا خۆشناو ده‌بینن بارودۆخی حیزبی هیوا له‌و په‌ڕی خراپی دایه. بۆیه له‌گه‌ڵ عیزه‌ت عه‌بدولعه‌زیز هه‌ریه‌كه بۆ ماوه‌ی دوو مانگ مۆڵه‌ت وه‌رده‌گرن و میرحاج و مسته‌فا خۆشناو ده‌چن بۆ مه‌هاباد بۆ چاوپێكه‌وتن له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵه‌ی ژ.ك، كه له‌وكاته له ئێران زۆر ناوبانگی ده‌ركردبوو، عیزه‌ت عه‌بدولعه‌زیزیش ده‌ڕواته سوریا بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵه‌ی (خۆیی بوون) دا په‌یوه‌ندییه‌ك دروست بكات، دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی میرحاج و مسته‌فا خۆشناو به هۆی ئه‌وه كه له حكومه‌ت به گومان بوون میرحاج ده‌ڕواته به‌غدا و مسته‌فا ده‌ڕواته بارزان بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر مه‌ترسی هه‌بوو هه‌ردووكیان تووشی نه‌بن.
دوای یه‌ك مانگ میرحاج ئاگاداری خۆشناو ده‌كاته‌وه بگه‌ڕێته‌وه سه‌ر كاره‌كه‌ی خۆی، به‌ڵام له دوای یه‌ك مانگ هه‌ردووكیان له سه‌ر كاره‌كانیان لاده‌درێن و میرحاج ده‌ستگیر ده‌كرێت و ڕەوانهی شاری عه‌ماره ده‌كرێت، مسته‌فا خۆشناویش كه له‌وكاته له مووسڵ بوو كاتێك ده‌زانێت بڕیاری گرتنی ده‌رچووه ده‌چێته بێتواته، سه‌باره‌ت به عیزه‌ت عه‌بدولعه‌زیزیش پێویسته بگوترێت له سوریا ده‌چێته میسـر و كاتێك ده‌گه‌ڕێته‌وه به‌غدا و له بارودۆخه‌كه تێده‌گات یه‌كسه‌ر به‌غدا جێ ده‌هێڵێت و خۆی ده‌گه‌ینێته بارزان و ئاگاداری مسته‌فا خۆشناویش ده‌كات كه ئه‌ویش بچێته بارزان.
له ئه‌نجامدانی زیادبوونی دژایه‌تی كورده‌كان له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌كه‌ی پاچه‌چی و دوای ئه‌وه‌ی بۆ مسته‌فا بارزانی ساخ ده‌بێته‌وه كه په‌رله‌مانی عێراق و حكومه‌تی حه‌مدی پاچه‌چی به‌ڵێنه‌كانی حكومه‌تی پێشووی خۆی هه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه، ئه‌وانیش بۆ دژایه‌تی كردنی حكومه‌ت هه‌ڵوێست وه‌رده‌گرن و خۆیان بۆ ئه‌م بارودۆخه ئاماده ده‌كه‌ن و ڕیزه‌كانی خۆیان ڕێك ده‌خه‌ن و په‌یوه‌ندی به ناودارانی كوردی به‌غدا، كه‌ركووك، هه‌ولێر، سلێمانی، مووسڵ و ڕواندز ده‌كه‌ن، له‌لایه‌كی دیكه‌وه داخوازییه‌كانی خۆیان له ناو ڕیزی سه‌رباز و ئه‌فسه‌ره كورده‌كانی سوپای عێراق بڵاوكرده‌وه و داوایان كرد بێنه ڕیزی شۆڕشه‌وه، هه‌روه‌ها سه‌ركردایه‌تی شۆڕش په‌یوه‌ندی به حیزب و گروپه سیاسی پێشكه‌وتنخوازه‌كانی عێراقه‌وه كرد داواكارییه‌كانی گه‌لی كورد بۆ عه‌ره‌به‌كان ڕوون كرانه‌وه و ئه‌و پروپاگه‌نده‌ی عه‌ره‌به‌كان كه ده‌یان گوت كورده‌كان لایه‌نگری سۆڤیه‌ت ده‌كه‌ن و ده‌یانه‌وێت بیری كۆمۆنیزم و ده‌سه‌ڵاتی ڕووسه‌كان له عێراق بڵاوبكه‌نه‌وه ڕەت ده‌كردنه‌وه.
له دوای ئه‌وه‌ی حكومه‌تی حه‌مدی پاچه‌چی داوا ده‌كات ئه‌فسه‌ره‌كان بگه‌ڕێنه‌وه بۆ به‌غدا، هه‌روه‌ها دوای ده‌ستگیركردنی میرحاج، له نیوه‌ی دووه‌می ساڵی ١٩٤٤ بارزانی زۆر هه‌وڵیدا شه‌ڕ له نێوان هێزه‌كانی و سوپای عێراق ڕوو نه‌دات، به‌ڵام حكوومه‌ت به هیچ شێوه‌یه‌ك هه‌نگاوی باشی نههاوێشتبوو، بۆیه له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك له ئه‌فسه‌ره كورده‌كان له بارزان كه بریتی بوون له : مسته‌فا خۆشناو، عیزه‌ت عه‌بدولعه‌زیز، عه‌بدولحه‌مید باقر، محه‌مه‌د مه‌حموود، شه‌وكه‌ت نه‌عمان، ئه‌حمه‌د ئیسماعیل، به‌كر عه‌بدولكه‌ریم و حفزوڵڵا ئیسماعیل. ئه‌و ئه‌فسه‌رانه جگه له محه‌مه‌د مه‌حموود له ڕێككهوتی ١٥/١/١٩٤٥ لێژنه‌یه‌ك به ناوی (لێژنه‌ی ئازادی) داده‌مه‌زرێنن كه سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی له ئه‌ستۆی مسته‌فا بارزانییه‌وه ده‌بێت و به‌یاننامه‌یه‌كیان ده‌ركرد و تێیدا ئاماژە به به‌رنامه‌كانیان كرد كه بریتی بوون له:
- ڕزگاری كوردستان و ئازادكردنی له زوڵم و زۆرداری.
- پێكهێنانی ده‌سته‌ی چه‌كدار بۆ پاراستنی كوردستان.
- هه‌وڵدان بۆ ئاشتی گشتی نیشتمانی.
- پێكهێنانی په‌یوه‌ندی برایانه له‌گه‌ڵ هه‌موو حیزب و ڕێكخراوه نیشتمانی و ئازادیخوازه‌كانی گشت ناوچه‌كانی كوردستاندا.
- گه‌یاندنی ده‌نگی كورد و زۆرلێكراوییهكانی به هه‌موو ڕای گشتی دونیا و ده‌وڵه‌تان به هۆی باڵیۆزخانه‌كانی وڵاتان له به‌غدا.
- ڕیسواكردنی سیاسه‌تی دوژمن به گه‌لی كورد له ناو چینه‌كانی گه‌لدا له ڕێگای كه‌ره‌سته‌كانی ڕاگه‌یاندنه‌كانه‌وه، داوای لێ بكرێت به‌نده‌كانی ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌ی ساڵی ١٩٤٣ جێبه‌جێ بكات كه شه‌ڕی پێ ڕاگیرا.
له دوای دامه‌زراندنی لێژنه‌ی ئازادی له‌لایه‌ن بارزانی و ئه‌فسه‌ره كورده‌كانی سه‌ربه حیزبی هیوا له ڕێككهوتی ٣٠/١/١٩٤٥ڕەفیق حیلمی سه‌رۆكی حیزبی هیوا داوا له بارزانی ده‌كات كه هه‌ر دوولا یه‌ك بگرنه‌وه و باره‌گای حیزبی هیوا له به‌غدا بێته بارزان، به‌ڵام بارزانی له وه‌ڵامی ئه‌م داواكارییه ڕاده‌گه‌ینێت له‌وكاته به باشی نازانێت بنكه‌ی هیوا له به‌غداوه بگوازرێته‌وه بۆ بارزان، به‌ڵكو وا باشتره له هه‌ر شارێك یه‌ك كه‌س بكرێته به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌كان، له سه‌ره‌تای مانگی ٣ی ساڵی ١٩٤٥یش مسته‌فا بارزانی له‌لایه‌ن حیزبی هیوا ئاگادار ده‌كرێته‌وه كه سوپای عێراق ده‌یه‌وێت به بیانۆی ڕاهێنانی سه‌ربازی له ڕێككهوتی ٥/٣/١٩٤٥ تا ١٤/٣/١٩٤٥ ده‌ست بگرێته سه‌ر شوێنه ستراتیژ و گرنگه‌كان، وه‌ك چیای قه‌ندیل و برادۆست، بۆیه مسته‌فا بارزانی به دابه‌شكردنی هێزه‌كانی خۆی به‌سه‌ر به‌ره‌كانی مێرگه‌سۆر و برادۆست و ڕۆژئاوای ئاكرێ خۆیان ئاماده‌ی شه‌ڕكردن له‌گه‌ڵ سوپای عێراق ده‌كه‌ن. كاتێك به‌ریتانیا به‌و كاره ده‌زانێت ڕاوێژكاری سیاسی باڵیۆزخانه‌ی خۆی له به‌غدا به ناوی (كاپتان ستۆكس) ڕەوانهی ناوچه‌ی بارزان ده‌كات و له گوندی شاوراو كۆده‌بنه‌وه و له كۆبوونه‌وه‌كه ستۆكس باسی ئه‌وه ده‌كات به هۆی ئه‌وه‌ی كه هێزی سوپای عێراق له ڕووی شه‌ڕكردن ناشاره‌زان، هێزی به‌ریتانیا بڕیاری داوه كه بۆ ئه‌وه‌ی فێری شێوازی شه‌ڕكردنی نوێ ببن مانۆڕ و ڕاهێنانێكیان بۆ ڕێك بخرێت و هیچ مه‌ترسییه‌ك له‌سه‌ر كوردانی بارزانی و ناوچه‌كه‌یان نییه.
هه‌وڵه دیپلۆماسییه‌كانی بارزانی و حكومه‌تی عێراق به درێژایی مانگه‌كانی سێ و چواری ساڵی ١٩٤٥ به‌رده‌وامی هه‌بوو، یه‌كێك له‌لایه‌نه‌كانی ئه‌و گفتوگۆیانه كه خۆی به خاوه‌نی كێشه‌كه ده‌زانی هه‌ر وه‌ك پێشتریش باس كرا له ترسی بهرژەوهندییهكانی خۆی ده‌بینین باڵیۆزی ئه‌و وڵاته به ناوی كیناهان كۆرنوالیس له مایسی ١٩٤٥ نامه‌یه‌ك بۆ مسته‌فا بارزانی ده‌نووسێت و تێیدا داوای لێ ده‌كات واز له شه‌ڕ بهێنێت، له‌و نامه‌یه بۆ بارزانی نووسی بووی :
((وه‌ك ده‌زانی من بۆ ماوه‌ی زۆر به كاروباری توهوه خه‌ریك بووم، تۆ ئێستاش هه‌ر كێشه‌یه‌كت هه‌یه... ده‌زانم كه ده‌ته‌وێ كارێكی زیاتر بۆ خه‌ڵكه‌كه‌ت بكرێت، ئه‌و مه‌سه‌له‌یه له به‌غدا به باشی ناسراوه و دۆستانی به‌ریتانی و عێراقیت هه‌میشه له هه‌وڵی ئه‌وه‌دان یارمه‌تیت بده‌ن، به‌ڵام تۆ ده‌بێ ئه‌وه بزانی كه یه‌كه‌م هه‌نگاو پێویسته له‌لای توهوه ههڵبنرێتهوه، ئه‌وه‌ش نابێت له شێوازی ههڕەشهكردن بۆ ئاژاوه‌نانه‌وه بێت، ئه‌و چه‌شنه هه‌نگاوه هیچ كه‌س خۆشحاڵ ناكات نه به‌ریتانی و نه عێراقییه‌كان، و ده‌یانگه‌ینێته ئه‌نجامی ئه‌وه‌ی لایان وابێت كه تۆ كه‌سێكی ده‌ته‌وێ ئاشتی بشێوێنێت و كاتی ئه‌وان به فیڕۆ بده‌ی.)) جگه له‌و نووسراوه‌ی باڵیۆزی به‌ریتانیا له ڕێككهوتی ٢/٤/١٩٤٥ نووسراوێك له‌لایه‌ن ئامرفه‌وجی ڕواندز ده‌گاته ده‌ست بارزانی كه ڕاوێژكاری سیاسی به‌ریتانیا له مووسڵ به ناوی میجه‌ر مۆر ده‌یه‌وێت له ڕێككهوتی ٥/٤/١٩٤٥ له ناوچه‌ی بلێ له‌گه‌ڵ مسته‌فا بارزانی و شێخ ئه‌حمه‌دی بارزان و ئه‌فسه‌ره‌كان كۆ ببێته‌وه، به‌ڵام كاتێك له‌كاتی دیاری كرا و بارزانییه‌كان ده‌ڕۆنه بلێ میجه‌ر مۆر ئاماده نابێت.
جارێكی دیكه‌ش له ٢٠/٤/١٩٤٥ له‌لایه‌ن موتسهریفی هه‌ولێر نووسراوێك ده‌درێته مسته‌فا بارزانی میجه‌ر مۆر ده‌یه‌وێت له هه‌ریر له‌گه‌ڵ عیزه‌ت عه‌بدولعه‌زیز كۆببێته‌وه، بۆیه عیزه‌ت عه‌بدولعه‌زیز و محه‌مه‌د مه‌حموود ده‌چنه هه‌ریر، به‌ڵام ئه‌م جاره‌ش تا ئه‌وان ده‌چن میجه‌ر مۆر ده‌گه‌ڕێته‌وه، له كۆتایی له ٢٥/٤/١٩٤٥میجهر مۆر و عیزه‌ت عه‌بدولعه‌زیز و محەمەد مەحمود قودسی ده‌چنه بارزان و مۆر له‌گه‌ڵ شێخ ئه‌حمه‌دی بارزان كۆده‌بێته‌وه و ده‌ڵێت :"باڵیۆزی ئینگلیز له به‌غدا داوا ده‌كات كه فه‌رمانه‌كانی حكومه‌تی عێراق به جێ بگه‌ینین و چه‌كه‌كانیان بده‌نه ده‌سته‌وه و به كشتوكاڵه‌وه خه‌ریك بن "شێخ ئه‌حمه‌دیش له وه‌ڵامدا ده‌ڵێت :"كاتێك له ئاشوورییه‌كانی دراوسێمان و عهشێرهتهكانی تر چه‌ك وه‌رگیرایه‌وه ئێمه‌ش ئاماده‌ین بۆ دانانی چه‌كه‌كانمان، "و به‌م شێوه‌یه‌ش ئه‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌ش به بێ ده‌رئه‌نجام كۆتایی دێت.
بارودۆخی سیاسی عێراق له ساڵی ١٩٤٥ به شێوه‌یه‌كی یه‌كجار زۆر ئاڵۆزی به‌خۆیه‌وه بینیبوو، ئه‌و ئاڵۆزییه ده‌گاته ئاستێك كه له ڕێككهوتی ٧/٥/١٩٤٥ به بڕیاری شێخ ئه‌حمه‌دی بارزان نوێنه‌ری خۆی كه مامه‌ند مه‌سیح بوو پاش چاوپێكه‌وتنی خۆی له‌گه‌ڵ ڕووسه‌كاندا دوو ئه‌فسه‌ری ڕووس به ناوه‌كانی عه‌بدوڵڵا تیپۆ و ڤۆقاسۆڤ كه جلوبه‌رگی كوردی‌یان له‌به‌ردابوو له‌گه‌ڵ خۆی ده‌یانهێنێته ناوچه‌ی بارزان، شایانی باسه ئه‌و دوو ئه‌فسه‌ره له‌و ئازه‌رییانه بوون كه كوردی‌یان به باشی ده‌زانی، ئه‌و دوو ئه‌فسه‌ره به‌ڵێنی ئه‌وه‌یان دابووه مسته‌فا بارزانی و شێخ ئه‌حمه‌دی بارزان كه ئه‌گه‌ر شه‌ڕ له‌گه‌ڵ به‌غدا ده‌ست پێ بكات ئه‌وكات له هه‌موو بواره‌كان هاوكاری كورده‌كان ده‌كه‌ن. بڕیاریش ده‌درێت هاوده‌نگی له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵه‌ی (ژ- ك) دابكرێ و ڕێگه‌ی خرێنه_ ده‌شته هێرت _ مێرگه‌سۆر بۆ پێداڕۆیشتنی یارمه‌تی دابندرێ، هه‌روه‌ها ڕێككه‌وتن ئه‌گه‌ر هاتوو بارزانییه‌كان شكستیان خوارد ئه‌وكاته ده‌توانن به‌ره‌و ئێران پاشه‌كشێ بكه‌ن. دوای ماوهیهكێش مسته‌فا بارزانی چاوی به جنهراڵ سیامه‌ندۆڤ له سوپای سوڤیه‌ت ده‌كه‌وێت.
له دوای سه‌ردانی بارزانی بۆ لای فه‌رمانده سه‌ربازییه‌كانی یه‌كێتی سۆڤیه‌ت و پاڵپشتی ئه‌وان له بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی كوردی به‌ریتانیا و حكومه‌تی عێراقی زۆر پێیان ناخۆش ده‌بێت و ڕاوێژكاری سیاسی به‌ریتانیا له مووسڵ به ناوی (مید) به نامه ئاگاداری بارزانی ده‌كاته‌وه كه هه‌ڵسوكه‌وته‌كه‌ی بگۆڕێت و واز له كرداری چه‌كداری بهێنێت، جگه له‌وه حكومه‌تی عێراق ئیسماعیل نامیق وه‌زیری به‌رگری ڕاده‌سپێرێت كه هێز ئاماده بكات بۆ هێرشكردنه سه‌ر بارزان و له‌و بهینه جەنهراڵی به‌ریتانیا به ناوی ڕنتۆن كه سه‌رۆكی هێزی به‌ریتانیا له عێراق بوو و به (مشكی بیابان) ناسراو بوو و كه‌سێكی شاره‌زا له بواری شه‌ڕكردن بوو و له شه‌ڕی دووه‌می جیهانی له شهڕەكانی باكووری ئه‌فریقادا به‌شداری كردبوو دێته ناو بابه‌ته‌كه و سوپای عێراق به پێی پیلانی ئه‌و له ئاسمان و زه‌وی جووڵه‌یان ده‌كرد.
كاتێك بارزانی ده‌بینێت حكومه‌تی به‌غدا هیچ هه‌نگاوێك بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان نه‌هاوێشتووه و له جیاتی ئه‌وه‌ی به‌ڵێنه‌كانی خۆی كه له دانوستاندنه‌كانی پێشوتر دابووی، ده‌ست ده‌كات به دژایه‌تیكردنی بارزانییه‌كان و كوشتنی كه‌سایه‌تییه‌كانی ئه‌و هۆزه و كوشتنی كه‌سانێك وه‌كو (وه‌لی به‌گ) كه ده‌كاته سه‌رۆك هۆزی شێروانی و به هۆی فرۆكه جه‌نگییه‌كانیان بۆمبه‌بارانی گونده‌كانیان ده‌كه‌ن و كێلگه كشتوكاڵییه‌كانیان له نێو ده‌به‌ن، بۆیه هه‌ڵده‌ستێت به نووسینی نامه بۆ گشت باڵێوزخانهكانی وڵاتان كه له به‌غدابوون و ئاگاداریان ده‌كاته‌وه له كاره‌كانی به‌غدا به‌رامبه‌ر به بارزانییه‌كان و داوا له باڵێوزخانه‌ی وڵاتانی بێگانه ده‌كات كه هاوكاری كورده‌كان بن له‌و كێشه‌یه، بۆ ئه‌وه‌ی جارێكی دیكه شه‌ڕ دروست نه‌بێت و هه‌مدیسان داوا ده‌كات له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق دابنیشێت و له‌م ڕێگه‌یه كێشه‌كه چاره‌سه‌ر بكه‌ن، به‌ڵام هیچ كام له‌م كارانه ده‌رئه‌نجامێكی نابێت.
له دوای بێ سوودبوونی ئه‌و هه‌وڵانه‌ی بارزانی بۆ ده‌ست پێ نه‌كردنی شه‌ڕ له نێوان حكومه‌تی ناوه‌ندی و بارزانییه‌كان، حكومه‌تی عێراق خۆی بۆ ده‌ست پێكردنی شه‌ڕ ئاماده ده‌كات و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش ٣٠ هه‌زار سه‌رباز و ١٢ هه‌زار پۆلیس و ژماره‌یه‌كی زۆر له چه‌كداره‌كانی هۆزه‌كانی لایه‌نگری حكومه‌ت پێكه‌وه كۆده‌بنه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی له چه‌ند لایه‌كه‌وه كه پێشتر دیاری‌یان كردبوو هێرش بكه‌نه سه‌ر بارزانییه‌كان، ئه‌و شوێنانه‌ش كه دیاری كرابوون بۆ هێرشكردن بریتی بوون له زاخۆ، ئامێدی، ئاكرێ و ڕواندز، له‌لایه‌كی دیكه‌ش به هۆی ئه‌وه‌ی بارزانییه‌كان له‌سه‌ر زه‌وی جه‌نگاوه‌رێكی زۆر شاره‌زابوون و ناوچه‌ی بارزانیش ناوچه‌یه‌كی كوێستانی و شاخاوی بوو و شه‌ڕكردن تێیدا بۆ سه‌ربازه‌كانی حكومه‌تی عێراق سه‌خت بوو، بۆیه هێزی ئاسمانی عێراق ته‌واوی فرۆكه شه‌ڕكه‌ره‌كانی خۆی له فرۆكه‌خانه‌كانی هه‌ولێر و مووسڵ كۆده‌كاته‌وه.
كاتێك مسته‌فا بارزانی و هێزه‌كه‌ی ئاگاداری ئه‌و كرداره ده‌بن هێڵێكی به‌رگری دروست ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی خۆیان له هێرشی دوژمن بپارێزن، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش مسته‌فا بارزانی خۆی به‌رپرسیاریه‌تی به‌ره‌ی ئاكرێ ده‌گرێته ئه‌ستۆو له ٢١/٨/١٩٤٥ ده‌گاته ئه‌و شوێنه و له دوای ئه‌وه كه له ٢٤/٨/١٩٤٥ مه‌حموود ئاغای زێباری و پیاوه‌كانی په‌یوه‌ندی به بارزانی ده‌كه‌ن ده‌توانن چیای پیرس كۆنترۆل بكه‌ن. ژماره‌ی پێشمه‌رگه‌كان له‌وكاته ده‌گاته نزیكه‌ی پێنج هه‌زار چه‌كدار كه له مانه‌ش سێ هه‌زاریان بارزانی بوون و ئه‌وانه‌ی تریش له هۆزه كوردییه‌كان بوون كه په‌یوه‌ندیان به شۆڕشه‌وه كردبوو. خه‌تی ڕۆژهەڵاتیش له ژێر فه‌رمانده‌یی شێخ محه‌مه‌د سه‌دیق و به یارمه‌تیدانی عیزه‌ت عه‌بدولعه‌زیز بوو كه له‌و خه‌ته له ٢٥/٨/١٩٤٥شهڕ ده‌ست پێی ده‌كات كه شێخ محه‌مه‌د سه‌دیق به گولله‌ی تۆپ به سه‌ختی بریندار ده‌بێت. هێڵی به‌رگری ڕۆژئاوا_ باڵنده_ یش له ژێر فه‌رمانده‌یی ساڵح عه‌بدولعه‌زیز برای عیزه‌ت عه‌بدولعه‌زیز بوو.
به هۆی ئه‌وه‌ی هێزی عێراق ئاسانتر بتوانێت هێرشی زه‌مینی بكاته سه‌ر ناوچه شاخاوییه‌كانی بارزان بڕیار ده‌ده‌ن كه سه‌ره‌تا به یارمه‌تی وه‌رگرتن له هێزی ئاسمانی عێراق و هێزی ئاسمانی به‌ریتانیا ناسراو به (R.A.F) ناوچه‌ی بارزان بۆردومان بكه‌ن و جگه له‌مه‌ش به هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌م شۆڕشه پێویستی به‌وه بوو كه له‌لایه‌ن وڵاتێكی زڵهێز پاڵپشتی بكرێت و كوردیش له ڕووی ماددی و هه‌روه‌ها شه‌ڕكردن پڕ چه‌ك بكرێت، بۆیه مسته‌فا بارزانی هه‌ڵده‌ستێت به نووسینی نامه‌یه‌ك بۆ ستالین سه‌ركرده‌ی یه‌كێتی سۆڤیه‌ت و تێیدا داوا ده‌كات كه یارمه‌تی ماددی و چه‌كداری به كورد بدات و شۆڕشی كورد به شۆڕشێكی پیرۆزی نه‌ته‌وه‌یی بناسرێت، له به‌رامبه‌ردا كوردیش ئاماده‌یه له ژێر یارمه‌تییه‌كانی ڕووسیا دابێت و له‌گه‌ڵ ڕووسیا له ئاماده‌باشی ده‌بێت له په‌یوه‌ندی سیاسی، ئابووری، كه‌لتووری، كشتوكاڵی و سوپایی، بۆ ئه‌وه‌ی ڕووسیا یارمه‌تیده‌ری كورد بێت له سیاسه‌تی ده‌ره‌كیدا.
دوای خۆ ئاماده‌كردنی هه‌ر دوولا بۆ ده‌ستپێكردنی شه‌ڕ، له‌سه‌ره‌تای مانگی ئووتی ١٩٤٥حكوومهتی عێراق بڕیار ده‌دات هێرش بكاته سه‌ر ناوچه كوردییه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی بارزانییه‌كان، به‌ڵام جه‌نه‌راڵ ڕەنتۆن كه سه‌رۆكی ده‌سته‌ی سه‌ربازی به‌ریتانیا له عێراق بوو به هۆی ئامادهنهبووونی ڕێگا و بانه‌كان داوا له حكوومه‌تی عێراق ده‌كات جارێ ده‌ست نه‌كه‌ن به هێرشكردن، چونكه سوپای عێراق هێشتا ئاماده‌كارییه‌كی وای نیه، به‌ڵام كاتێك به‌غدا گوێی به قسه‌كانی ئه‌و نادات، ئه‌ویش ناوه‌نده‌كانی فه‌رمانده‌یی خۆی له هه‌ولێر به جێ ده‌هێڵێت و ڕاوێژكارهكانیشی كه له سوپای عێراق ئاماده كرابوون بۆ شه‌ڕكردن ده‌هێنێته ده‌ره‌وه.
به ده‌ستپێكردنی شهڕەكانی سوپای عێراق كه له مانگی ٨ی ١٩٤٥ له دژی بارزانییه‌كان ده‌ستی پێكرد و به هێزێكی ته‌واو و هه‌روه‌ها به سوود وه‌رگرتن له ژماره‌یه‌ك له عه‌شیره‌ته كورده‌كانی لایه‌نگری حكومه‌ت كه به پاره و به‌ڵێنی وه‌رگرتنی پله و پایه له حكومه‌تی ناوه‌ندی له دژی بارزانییه‌كان ئه‌نجامی دا، به هۆی ئه‌وه‌ی كه هێزه‌كانی شاره‌زاییان نه‌بوو له شه‌ڕكردن له ناوچه كوێستانی و شاخاوییه‌كانی بارزان و به پێچه‌وانه‌ی ئه‌وان بارزانییه‌كان شاره‌زاییه‌كی ته‌واویان هه‌بوو له شه‌ڕی شاخ و پارتیزانی، سوپای عێراق تووشی زه‌ره‌ر و زیانێكی زۆر ده‌بێت و ئه‌وه‌ش ده‌بێته هۆی سه‌رسوورمانی به‌رپرسانی عێراقی و ئینگلیز، كه چۆن ده‌بێت هێزێك كه هه‌م له ڕووی كه‌ره‌سته‌ی شه‌ڕكردن و هه‌میش له ڕووی نه‌فه‌رات له سوپای عێراق لاوازتره، له‌كاتی شه‌ڕكردن بتوانێت به شێوه‌یه‌ك شه‌ڕ بكات كه به كه‌مترین نه‌فه‌رات و زیان بۆ خۆی، سوپای عێراق تووشی زیانی گه‌وره بكات؟ به تایبه‌ت دوای شه‌ڕی نه‌هله له نێوان چیای ئاكرێ و چیای پیرس كه له ٨/٩/١٩٤٥ ڕوویدا و هێزه‌كه‌ی مسته‌فا بارزانی ده‌توانن فه‌وجی پێنجی سوپای عێراق تووشی شكست بكه‌ن و تا ئه‌و ده‌مه‌ی كه هێزه عه‌شایرییه‌كانی كوردی ناوچه‌كه نه‌هاتبوون بۆ یارمه‌تی ئه‌و فه‌وجه، سوپای عێراقی نه‌یتوانی له نه‌هله ڕزگاری ببێت.
به هۆی ئه‌وه‌ی كه هێزی عێراقی ناتوانێت له شه‌ڕی دژ به بارزانییه‌كان له ناوچه شاخاوی و كوێستانییه‌كان سه‌ركه‌وتن به ده‌ست بهێنێت، به‌ریتانیا خۆی پێ ڕاناگیرێت و به پێچه‌وانه‌ی ئه‌وكاته‌ی كه جنهراڵ ڕەنتۆن سه‌ره‌تا هه‌موو ڕاوێژكاره سه‌ربازییه ئینگلیزییهكانی له به‌ره‌كانی شه‌ڕ كشاندبووه‌وه، ناچار ده‌بێت ئه‌و بابه‌ته یه‌كلایی بكاته‌وه، بۆیه به بێ گوێدان به سه‌روه‌ری خاكی عێراق ده‌ست ده‌خاته ناو كێشه‌یه‌كی ناوخۆیی و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش سه‌ره‌تا له جیاتی كۆنوالیس باڵیۆزێكی نوێ بۆ عێراق دیاری ده‌كات، دوای ئه‌وه ده‌ست ده‌كات به دروستكردنی پڕۆپاگه‌نده كه گوایه به‌رپرسانی شۆڕشی بارزانی لایه‌نگری كۆمۆنیزم و لایه‌نگری مۆسكۆن، له قۆناغی دیكه‌ی چالاكییه‌كانیان ده‌توانن ژماره‌یه‌ك له‌سه‌رۆك هۆزه‌كانی كوردی ناوچه‌كه وه‌ك : شێخ ڕەشیدی لۆلان و ڕەشید به‌گی برادۆست و ئه‌حمه‌د ئاغا و مه‌حموود ئاغای زێباری و به‌شێكی خێڵی سورچی و كهلحێ ئاغای ڕێكانی بۆ لای خۆیان ڕابكێشن، بۆ ئه‌وه‌ی له دژی شۆڕشی گه‌لی كورد ڕاوه‌ستن. هه‌روه‌ها حكوومه‌تی ئینگلیز كه ترسی ئه‌وه‌ی هه‌بوو كێلگه نه‌وتییه‌كانی مووسڵ و كه‌ركووك بكه‌ونه ده‌ستی كورده‌كان و به‌م شێوه‌یه تووشی مه‌ترسی ده‌بێت ژماره‌ی ٣١ فڕۆکەی شه‌ڕكه‌ر پێشكه‌ش به سوپای عێراق ده‌كات و به‌شداری له سه‌ركوتكردنی ئه‌و شۆڕشه‌ی كرد.
هه‌ر وه‌ك باسكرا له دوای ئه‌وه‌ی هێزی عێراقی ناتوانێت به هێرشی سه‌ر زه‌وی سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر بارزانییه‌كان به‌ده‌ست بهێنێت، سوود له هێرشی ئاسمانی كه له‌لایه‌ن فرۆكه‌كانی خۆی و فرۆكه شه‌ڕكه‌ره‌كانی به‌ریتانیا بوو وه‌رده‌گرێت، و له‌و هێرشانە به هیچ شێوه‌یه‌ك ڕەچاوی یاساكانی نێوده‌وڵه‌تی شه‌ڕكردنی نه‌كرد و به خه‌ستی گوند و لادێ و كێڵگه كشتوكالییه‌كانی ناوچه‌ی بارزان ده‌كاته ئامانجی هێرشەكانی خۆی. ئه‌و هێرشانە به شێوه‌یه‌ك بووه كه هه‌ر ڕۆژ ١٤ فرۆكه ٨ یان ١٠ جار هێرشیان ده‌كرده سه‌ر ناوچه‌كه، له ئاكامی ئه‌و بوردومانانهیش ٥٠ شوێنی نیشته‌جێ بوونی خه‌ڵك له ناوچه‌كه خاپور ده‌كرێت و پێنج شوێنی نیشته‌جێ بوونیش به ته‌واوی له‌سه‌ر نه‌خشه ڕەش ده‌كرێنه‌وه. به‌ڵام له‌م شه‌ڕانه‌ش هێزی بارزانی به شێوه‌یه‌كی گشتی ده‌توانێت ٩ فڕۆکەی دوژمن بخاته خواره‌وه.
له كۆتایی ئه‌یلوولی ١٩٤٥ ئه‌وكاته كه مسته‌فا بارزانی بڕیاری پاشه‌كشه‌كردن به‌ره‌و كوردستانی ڕۆژهەڵات ده‌ر ده‌كات، به هۆی ئه‌وه‌ی له پاش بینینی هه‌ڵسوكه‌وتی هۆزه كورده‌كان له پاشگه‌ز بوونه‌وه له‌و به‌ڵێنانه‌ی كه به شۆڕش دابوویان و چوونیان بۆ پاڵ حكوومه‌ت، ئیتر شه‌ڕكردن له‌گه‌ڵ حكوومه‌تێك كه له‌لایه‌ن زڵهێزێكی وه‌كو ئینگلیز پاڵپشتی ده‌كرا، كارێكی ئه‌سته‌م ده‌بێت. بۆیه به پشت به‌ستن به‌و ڕێككه‌وتنه‌ی كه پێشتر له‌گه‌ڵ یه‌كێتی سۆڤیه‌ت به‌ستبووی و هه‌روه‌ها هاوكاری كۆمه‌ڵه‌ی (ژ- ك) كاتێك كه توانای به‌رگریان نه‌ما ئه‌وكات سنووره‌كانی كوردستانی ڕۆژهەڵات به‌ڕوویان كراوه ده‌بێت. بۆیه له كۆتایی ئه‌یلوولی هه‌مان ساڵ بارزانییه‌كان به پێی نه‌خشه‌یه‌كی له پێش دارێژراو ده‌ست ده‌كه‌ن به كشانه‌وه به‌ره‌و كوردستانی ڕۆژهەڵات. ئه‌و بڕیاره كه بارزانییه‌كان به‌ره‌و كوردستانی ڕۆژهەڵات پاشه‌كشه بكه‌ن له دوای ئه‌وه ده‌درێت كه مسته‌فا بارزانی له‌گه‌ڵ لێژنه‌ی ئازادی و شێخ ئه‌حمه‌دی بارزان كۆده‌بێته‌وه و له‌سه‌ر ئه‌و بڕیاره ڕێك ده‌كه‌ون و نه‌خشه‌یه‌كی ورد داده‌نرێت بۆ ئه‌وه‌ی كه بارزانییه‌كان به كه‌مترین زیان خۆیان له‌م بارودۆخه خه‌راپ و ناڵه‌باره ڕزگار بكه‌ن و دوای كوبوونه‌وه‌ی هه‌موو بارزانییه‌كان و خێزانه‌كانیان له كانی ڕەشدا بڕۆنه ناو خاكی ئێران، ئه‌م نه‌خشه‌یه به‌م شێوه‌یه بوو: ((١- هێزێكی ته‌واو به‌ره‌و كانی ڕەش له‌سه‌ر سنووری ئێران بچێت بۆ پاراستنی ڕێگه‌ی دۆڵی خواكوڕك و نه‌هێڵن برادۆسته‌كان ڕێیان لێ بگرن، هێزی به‌ره‌ی ڕواندزیش هێڵێكی به‌رگری قایم پێك بێنێت له قه‌له‌نده‌ر و تا چیای پیران و ڕێ له هاتنه پێشه‌وه‌ی دوژمن بگرێت. ٢- هێزێكیش بچێت بۆ دۆڵی بیاو بۆ پاراستنی دواوه‌ی خیزانه‌كان و نه‌هێڵن جاشی سورچی دوایان بكه‌ون. ٣- هێزی باڵنده بكشێته‌وه بۆ چیای شیرین و ناوچه‌ی وڵاتی ژێری و پاشماوه‌ی خێزانه‌كانی ئه‌و گوندانه، له جاش و ڕێكانییهكان بپارێزن. ٤- پارێزگاری ڕێگای پیرس _ بلێ بكات و نه‌هێڵن جاشه زێبارییه‌كان بیگرن.))
ڕۆیشتنی بارزانییه‌كان بۆ كوردستانی ئێران ئاسان نه‌بوو، گرفتی زۆری هه‌بوو كه گرنگترینیان ئه‌و شه‌ڕانه بوون كه هێزی بارزان ناچاربوون له‌گه‌ڵ سوپای عێراق و جاشه‌كان له‌لایه‌ك و خۆپاراستنی خێرانهكانیان و هێزه‌كانیان له بۆمبارانكردنی فرۆكه‌كانی به‌ریتانیا و عێراق له‌لایه‌كی دیكه تووشی بوون، هه‌ر له‌و پێناوه‌دا له ٢٦/٩/١٩٤٥حكوومهتی عێراق له به‌ره‌ی ڕواندز به هاوكاری جاشه برادۆسته‌كان به‌ره‌و چیای برادۆست و قه‌له‌نده‌ر هاتنه پێشه‌وه، به‌ڵام بارزانییه‌كان توانییان به‌رگری بكه‌ن و برادۆسته‌كان له چیای قه‌له‌نده‌ر ڕاماڵی تا ئۆردۆگای دیانا و ژماره‌یه‌كی زۆر له برادۆسته‌كان كوژران، له به‌ره‌ی ئاكرێش سورچییهكان وه‌كو جاشی حكوومه‌ت به‌رامبه‌ر بارزانییه‌كان ڕاده‌وه‌ستن و حكومه‌ت و هێزه كوردییه‌كان دژی بارزانی له هه‌وڵی ئه‌وه‌دا بوون چیای پیرس بگرن، به‌ڵام به هۆی به‌رگری بارزانییه‌كان پێیان نه‌كرا. دواتر له ڕێككهوتی ٣٠/٩/١٩٤٥ ئه‌و چیایه چۆل ده‌كرێت، به‌ڵام له ڕێگا تووشی شه‌ڕ له‌گه‌ڵ سورچییهكان ده‌بن. مسته‌فا بارزانی له ٢/١٠/١٩٤٥ ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ بارزان و له‌وێشه‌وه بۆ كانی ڕەش ده‌چێت، ئێنجا له ١١/١٠/١٩٤٥ له ڕێگه‌ی كێله‌شین بارزانی و هێزه‌كه‌ی و خێزانه‌كانیان و ئه‌فسه‌ره كورده‌كان ده‌چنه ناو خاكی كوردستانی ئێران.
سەرچاوەکان:
- مه‌نسور شێخ ڕەئووف به‌رزنجی، چه‌ند ڕاستییه‌كی مێژوویی له باره‌ی شۆڕشی شێخ عه‌بدولسه‌لامی بارزانی و شۆڕشه‌كانی دیكه‌ی بارزان تا 1945، هه‌ولێر،2001.
- ڕۆژ عه‌بدوڵڵا عادل ئه‌رگۆشی،ناوچه‌ی بارزان له نێوان ساڵانی (1931-1946)،نامه‌ی ماسته‌ر،زانكۆی سه‌لاحه‌دین، هه‌ولێر،2010.
- مه‌سعود بارزانی، بارزانی و بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی كورد (1931-1958)، به‌رگی یه‌كه‌م.
- علا‌ءالدین سجادی، شۆڕشه‌كانی كورد، به‌غدا، چاپخانه‌ی مه‌عارف، 1959.
- حوسێن حوزنی موكریانی،هه‌ڵكه‌وتی دیریكی له كوردستاندا،هه‌ولێر،ده‌زگای ئاراس بۆ چاپ و بڵاوكردنه‌وه،1999.
- عومه‌ر فارووقی، حاجی بابا شێخ سه‌رۆك وه‌زیرانی حكومه‌تی میللی كوردستان، سلێمانی، چاپخانه‌ی كوردستان، 2008.
- كاوه قادری كولیچ، كۆمه‌ڵه‌ی ژ- ك تا كۆمار (بیره‌وه‌رییه‌كانی محه‌مه‌د ئه‌مین قادری كولیچ) باس نه‌كراوه‌كانی كۆماری كوردستان- مه‌هاباد نهێنیه‌كانی دروست بوونی ژ-ك، هه‌ولێر، چاپخانه‌ی ڕۆژهەڵات، 2008.
- حسینعلی رزم آرا، فرهنگ جغرافیایی ایران (آبادیها) استان 3و4 آذربایجان، از انتشارات دایره جغرافیایی ستاد ارتش، 1330.
- ئه‌حمه‌د باوه‌ڕ،دۆزی كورد له په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان عێراق و ئیران‌دا،سلێمانی،ده‌زگای چاپ و په‌خشی سه‌رده‌م، 2014 .
- عومه‌ر فارووقی، سه‌ركرده‌ی كارێزما ژیان و خه‌باتی 77 ساڵه‌ی بارزانی نه‌مر باوكی ڕۆحی نه‌ته‌وه‌یی كورد.
- هاشم شیروانی، دڤه‌ری بارزان (جوگرافیاـ دیرۆكـ كه‌لتوور)، هه‌ولێر، چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری، 2008.
- لازاریف، مێژووی كوردستان، عه‌بدوڵڵا سه‌نگاوی، هه‌ولێر، چاپخانه‌ی ڕۆژهەڵات، 2008.
- فه‌یسه‌ل ده‌باغ، حزبی هیوا و شۆڕشی (1942-1945)ی بارزانییه‌كان، سلێمانی، ده‌زگای ڕاگه‌یاندنی گۆلان،1997
- دكتۆر عه‌زیز شه‌مزینی،جولانه‌وه‌ی ڕزگاریی نیشتمانی كوردستان، و: فه‌رید ئه‌سه سه‌رد،چاپی سێیه‌م،بڵاوكراوه‌كانی سه‌نته‌ری لێكۆلێنه‌وه‌ی ستراتیجی كوردستان،سلێمانی،1998.
- زرار سلێمان به‌گ ده‌رگه‌ڵه‌یی، بیره‌وه‌رییه‌كانم له ساڵانی (1943-1977)، سلێمانی، چاپخانه‌ی ڕەههند،2002.
- مه‌عروف چیاووك، كاره‌ساتی (بارزان)ی زۆڵملێكراو، وه‌رگێران: ئه‌بوبه‌كر ساڵح ئیسماعیل، هه‌ولێر،چاپخانه‌ی ڕۆشنبیری ولاوان، چاپی دووه‌م، 2009،
- پاوڵ شیسمهن،د.خۆشه‌وی مه‌لا ئیبراهیم،له ژێر ئاڵای كوردستاندا ژیان و و ڕێبازی مه‌لا مسته‌فا بارزانی،ئه‌رده‌لان گوران،هه‌ولێر،چاپخانه‌ی موكریانی،2014.
- كاروان محه‌مه‌د مه‌جید،بارزانییه‌كان له مه‌هاباده‌وه بۆ سۆڤیه‌ت،(سلێمانی،چاپخانه‌ی په‌یوه‌ند،2011).
- د. واحد عومه‌ر محیه‌دین، دانوستانه‌كانی بزوتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی نه‌ته‌وه‌یی ی كورد و حكومه‌ته‌كانی عێراق (1921-1968)" لێكۆلینه‌وه‌یه‌كی مێژووی سیاسی" ،سلێمانی، بڵاوكراوه‌كانی سه‌نته‌ری لێكۆلێنه‌وه‌ی ستراتیجی كوردستان، 2006.
- د. ئه‌فراسیاو هه‌ورامی، مسته‌فا بارزانی له هه‌ندێك به‌ڵگه‌نامه و دیكیومێنتی سۆڤیه‌تدا. (1945-1958) تۆمارێكی زێڕین له میژووی گه‌لی كورد، هه‌ولێر، ده‌زگای چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئاراس، 2002.
- مومتاز حه‌یده‌ری و نه‌ژاد عه‌زیز سورمێ ، تێكسته‌كانی كۆنگره‌ی 90ساڵه‌ی له دایك بوونی بارزانیی نه‌مر سه‌لاحه‌ددین14-17/9/1993،(دهۆك، چاپخانه‌ی خه‌بات، 1997).
- آرچیبالد روزولت،شوق آموختن،صهبا سعیدی،(تهران،انتشارات اطلاعات،چاپ دوم،1374).
- كریس كوچێرا،مێژووی كورد له سه‌ده‌ی 20 و 19دا،محمد ریانی،( تهران،چاپخانه كارون،1369).