ئیسماعیل ئایگۆن )شڤان پەروەر) لە ٢٣ى ئەیلوولى ١٩٥٥ لە گوندى سورى سەر بە قەزاى سوروجى پارێزگاى ئۆرفای باکوورى کوردستان لەدایک بووە، خوێندنى سەرەتایی و ناوەندى و ئامادەیی لە ئۆرفا خوێندووە، بەشى ماتماتیکى لە زانکۆى ئەنقەرە خوێندووە، هاوسەرگیرى لەگەڵ خانمە گۆرانیبێژ گولستان پەروەر کردووە.
لەتەمەنى منداڵى دەستى بە گۆرانى گووتن کردووە، کە قوتابى قۆناغى شەشەمى سەرەتایی بووە لە شارى ئۆرفا بۆیەکەم جار چووەتە سەر ستەیج و گۆرانى گوتووە، دواتر لە قۆناغى زانکۆش لە شارى ئەنقەرە بەردەوام بووە لە گۆرانى گووتن، ساڵى ١٩٧٥ نسکۆى شۆڕشی ئەیلوول کاریگەری نەرێنى کردۆتە سەر شڤان پەروەر و هانى داوە کەوا گۆرانى شۆڕشگێڕی بۆ بەرزکردنەوەى ورەى پێشمەرگە و خەڵکى باشوورى کوردستان بڵێت.
شڤان پەروەر دەڵێت: من هەرگیز نەمدەویست ببمە گۆرانیبێژ، بەڵکو حەزم دەکرد زیاتر بخوێنم بۆ ئەوەى پلەى زانستى پرۆفیسۆر لە بوارى ماتماتیک وەدەست بێنم و لەو بوارەوە خزمەتى مرۆڤایەتى بکەم. گۆرانیبێژی کورد لە وڵاتى تورکیا لە جیاتى ئەوەى پێشوازی لێبکرێت، زیندانى دەکرا و ئەشکەنجە دەدرا، هونەرى تورکی و گۆرانى گووتن بەزمانى تورکى بەلاى منەوە کلتور و رەسەنایەتی فرۆشتن و خیانەت بوو لەنەتەوەکەم، بۆیە ڕەتمکردەوە بە تورکى گۆرانى بڵێم. بەڵام کاتێک لەوە تێگەیشتم مللەتى کورد عاشقى موزیک و سترانە، بۆیە مرۆڤ دەتوانێ لەڕێگەى موزیک خزمەت بە نەتەوەکەى بکات، سێ ئامانجم گرتەبەر ئەویش لەگۆرانى کوردی ناوى کوردستان ببێتە ئەوین و هونەرى کوردى جێگەى خۆى لە نێو هونەر و میوزیکى جیهان بکاتەوە، تاوەکو قەدرى لێبگرن، هەوڵمدا هونەر بخەمە خزمەت کورد و کوردستان و دۆزە ڕەواکەى، بڕیارم دا ببمە هونەرمەند، بەڵام بوونە هونەرمەند و گۆرانى گووتن بەزمانى کوردى لە تورکیا جێگەى لەو وڵاتە نەدەما، بەناچارى تورکیام جێهێشت و ئاوارەى هەندەران بووم.
ساڵى ١٩٧٦ شڤان پەروەر وڵاتى تورکیاى جێهێشتووە و کۆچى بۆ وڵاتى ئەڵمانیا کردووە، لەو وڵاتە نیشتەجێ بووە، یەکەم ئەلبومى گۆرانى خۆی بەفەرمى لەوێ تۆمارکرد، لەوێشەوە چۆتە وڵاتى سوید و ماوەى ١٢ ساڵ لەو وڵاتە ماوەتەوە، پاشان ماوەى چوار ساڵ چووەتە وڵاتى بەریتانیا و دوو ساڵیش چووەتە وڵاتى فەڕەنسا و ساڵێکیش لە بەلژیکا ژیاوە، کۆتا جار گەڕاوەتەوە ئەڵمانیا و درێژەى بە هونەرى گۆرانى گووتن داوە، سروودەکانى (هەڤاڵى بارگرانم، پێشمەرگە، ئەى ڕەقیب، کینە ئەم)، بە شێوەیەکى زۆر فراوان لەلایەن خەڵکى هەر چوار پارچەى کوردستان پێشوازیان لێکراوە، کاسێتە گۆرانییەکانى شڤان پەروەر بە شێوەیەکى نهێنى لە نێو خەڵک دەستاودەستى کردووە، لە دەستێکەوە بۆ دەستێکی تر دەگوازرانەوە، سەرەڕای مەترسی زیندانیکردن یان مردن. بەهۆى کاریگەری گۆرانییەکانى چەندان لاوى کورد پەیوەندییان بە شۆڕشە کوردییەکان لەهەر چوار پارچەى کوردستان کردووە، چەندى تریش لەنێو زیندانەکانى وڵاتە داگیرکارەکان ئەشکەنجە دراون تاوەکو گیانیان سپاردووە. بۆ ماوەی ٢٥ ساڵ گۆرانییەکانی شڤان پەروەر لە عێراق و سوریا و تورکیا و ئێران قەدەغە کران، چونکە بە زمانی کوردی دەیگووتن و زۆرجاریش لە گۆرانییەکانى ئاماژەی بەو زوڵم و ستەمانەی لە دژی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکرێت دیارترینیان تورکیایە دەدا.
ساڵى ١٩٩١ شڤان پەروەر کۆنسێرتێکى بۆ پشتیوانى ئاوارەکانى باشوورى کوردستان بەهاوکارى هەریەکێک لە گۆرانیبێژە ناودارەکان وەک: کریس دی بێرگ و مادۆنا و ڕۆد ستیورات و چەند هونەرمەندێکى ترى نێودەوڵەتى تۆمارکرد و داهاتەکەشى کردە هاوکارى بۆ ئاوارەکانى کوردستان. ساڵى ١٩٩٩ بانگهێشتى عەبدوڵا ئۆجەلانی کرد بۆ ئەوەى بچێتە ئیتاڵیا و لەوێ دەست بەخەباتى مەدەنى بکات.
شڤان پەروەر ساڵى ٢٠٠٤ دەزگایەکى ڕۆشنبیرى و هونەرى لە ئەڵمانیا دامەزراند و هەمان کات دەیویست لە سویدیش دایمەزرێنێت، بەڵام لەو هەوڵەى سەرنەکەوت، لە ١٥ى ئەیلوولى ٢٠٠٩ لە پاریسى وڵاتى فەڕەنسا بەهاوکارى کەندال نەزان و ئەنستیتیوتى کوردى تەلەفزیۆنێکییان بەزمانى کوردى دامەزراند، ماوەى سێ ساڵ ئەو تەلەفزیۆنە کارى کرد و بەردەوام بوو، شڤان پەروەر لەسەدان فیستڤاڵى گۆرانى کوردى لەوڵاتانى ئەوڕوپا و ئەمریکا و کەنەدا و ئەفریقا و ئوسترالیا و باشوورى کوردستان گۆرانى گوتووە. لەسەروبەندى کرانەوەى تورکیا بە ڕووى پرسی کورد، گۆرانییەکانى شڤان پەروەریش ئازاد کران، داوایان لە خۆیشى کرد بگەڕێتەوە بۆ تورکیا و سەردانى کوردستان بکات، بەڵام شڤان پەروەر وەڵامى حکومەتى تورکیاى نەدایەوە. شڤان دەڵێت ماوەى ١٠ ساڵ بوو حکومەتى تورکیا هەوڵى گەڕانەوەى منى دەدا و دەیانگوت سیستەمێکى نوێ دادەمەزرێنین، بۆیە پێویستە تۆش بگەڕێیتەوە و خزمەتى وڵات بکەى، من باوەڕم نەبوو، پێم وابوو تاکو مافى کورد لە دەستورى تورکیا جێگیر نەکرێت نابێت بگەڕێمەوە، لە ١٦ى کانوونى دووەمى ٢٠١٣ لەسەر فەرمانى سەرۆک مەسعود بارزانى پاش ٣٠ ساڵ جێهێشتنى تورکیا گەڕایەوە، ئەوە بوو بەفەرمى لەلایەن ئەردۆغان و بەرپرسانى حکومەتى تورکیا پێشوازی کرا و لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان کۆبوویەوە. لەشارى ئامەد لەگەڵ ئیبراهیم تاتلیساس و بە ئامادەبوونى سەرۆک بارزانى و ئەردۆغان بۆ ئاهەنگى هاوسەرگیرى ٣٠٠ بوک و زاوا ڕێکخرابوو گۆرانى گوت.
شڤان پەروەر زیاتر لە سى ئەلبوم و کلیپ و فیلمى دیکۆمێنتارى بەرهەمهێناوە، چەندین کتێبى نووسیون و چەندین بڵاوکراوەى دیکەی بڵاوکردووەتەوە، شڤان پەروەر ماوەى زیاتر لە چڵ ساڵە خەریکى کارى هونەرى گۆرانى گووتنە، چەندین دکتۆراى فەخرى و خەڵاتى میوزیکى جیهانى وەرگرتوون، شعرەکانى شاعیرى گەورەى کورد جگەرخوێن شعرى گۆرانییەکانى بوونە، چونکە جگەرخوێن یەکێکە لە شاعیرە مەزنەکانى کورد، شعرەکانى نەتەوەیی و ناسراو بوون، شڤان پەروەر لەلایەن جگەرخوێنى شاعر بە پارێزەرى کلتور و مێژووى کورد دادەنرا. شڤان پەروەر نزیکایەتیەکى زۆرى لەگەڵ حەسەن عەبدولڕەحمان سوارى هەبوو، سوارى یەکێک بووە لەنەتەوەییەکانى کورد و پەیوەندییەکى نزیکى لەگەڵ زۆربەى سیاسى و کەسایەتییەکانى هەموو پارچەکانى کوردستان هەبووە.
لە بەرانبەر ئەو خزمەتانەى شڤان پەروەر پێشکێشى هونەر و میوزیکى کوردى کردوون، یەکێک بووە لەو گۆرانیبێژانەى ڕۆڵ و کاریگەرى زۆری لە بزووتنەوەى ڕزگاریخوازى کوردستان هەبووە، لە ٣ى حوزەیرانى ٢٠٠١ لەلایەن سەرۆک مەسعود بارزانى میدالیاى بارزانى پێ بەخشراوە.
ئەلبومە گۆرانییەکان:
١- گۆڤەندا ئازادیخوازان ١٩٧٥
٢- هەڤاڵێ بارگرانم ١٩٧٦
٣- هەرنە پێش ١٩٧٧
٤- ئەى فرات ١٩٧٨
٥- کینە ئەم ١٩٧٩
٦-هاى دڵ ژ١٩٨٠
٧- گەلێ کوردا ڕابە ١٩٨١
٨- ئاگرى ١٩٨٢
٩- بلبلۆ فەرزێ ١٩٨٣
١٠- دۆتمام ١٩٨٥
١١- لێ دلبەرێ ١٩٨٦
١٢- هەڵەبجە ١٩٨٨
١٣- بلبلا دلشادى، هەڵەبجە ١٩٨٨
١٤- خەونا من ١٩٩١
١٥- زەمبیلفرۆش ١٩٩٢
١٦- یا ستار ١٩٩٥
١٧- نازێ ١٩٩٦
١٨- هێڤیاتە ١٩٩٩
١٩- ڕۆژ و هەیڤ ٢٠٠٠
٢٠- سارێ ٢٠٠١
٢١- هەڵبەستێن بژارتیێن ١ کریڤێ ٢٠٠٢
٢٢- هەڵبەستێن بژارتیێن ٢ کریڤێ٢٠٠٣
٢٣- هەڵبەستێن بژارتیێن ٣ ، ٢٠٠٤
٢٤- من بیریا تە کریە ٢٠٠٤
٢٥- داستانا ڕۆژئاڤا ٢٠٠١
٢٦- شڤاننامە، گازند٢٠١٣
سەرچاوەی کوردی:
- ئەرشیفى دەستەی ئینسکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.
سەرچاوە بە زمانیتر:
- ^ Jump up to:a b "Med-Music on the move: Music of immigrants in Europe". Retrieved 7 January 2009.
- ^ "Iconic Kurdish musician returns to Turkey after 38 years of exile to 'sing for peace'". Hurriyet Daily News. 16 November 2013. Retrieved 30 August 2020.
- ^ Jump up to:a b Gazeteci, İrfan Aktan. "Lo şivano, 'kîne em?' - Ey şivan, biz kimiz?". BBC News Türkçe (in Turkish). Retrieved 26 September 2019.
- ^ MusicMoz - Bands and Artists: P: Perwer, Sivan: Biographies
- ^ Kiyak, Mely (27 October 2014). "Essay: Ihr werdet nie in Sicherheit sein". Spiegel Online. Vol. 44. Retrieved 26 September 2019.
- ^ "Sivan Perwer - PRI's The World". Retrieved 7 January 2009.
- ^ Jump up to:a b Reynolds, James (18 November 2013). "Returning hero divides Kurds". Retrieved 26 September 2019