سەید عەبدوڵا محەمەد عەلى

عەبدوڵا محەمەد عەلى، ناسراو بە (سەید عەبدوڵا)، لە ساڵى ١٩٣٦لە حاجی ئۆمەران لەدایکبووە، لە شۆڕشى ئەیلوول پێشمەرگە بووە، لە مەفرەزە سەرەتاییەکانى شۆڕشى گوڵان بووە، یەکەمین شەهیدى شۆڕشى گوڵانە.


ژیاننامە

عه‌بدوڵڵا محه‌مه‌د عه‌لی ناسراو به‌ (سه‌ید عه‌بدوڵا) له‌ ساڵی ١٩٣٦  له‌دایك بووه‌، بەهۆى نەبوونى قوتابخانە هاوشێوه‌ی زۆرێك له‌ هاوته‌مه‌نانی، سەید عه‌بدوڵاش بێ به‌شبووە‌ له‌ خوێندن، به‌ڵام ئاره‌زووی ئه‌و بۆ فێربوون، ته‌نیا ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌ی پێدا كه‌ ببێته‌ خاوه‌ن خوێنده‌وارییه‌كی سه‌ره‌تایی و توانای نووسین و خوێندنه‌وه‌ له‌ ڕێگای جۆراوجۆره‌وه‌ به‌ده‌ستبهێنێت.

سه‌ید عه‌بدوڵڵا له‌ كوێستانى سنووری حاجی ئۆمه‌ران چاو ده‌كاته‌وه‌، بژێوی ژیانی له‌ كشتوكاڵ و ئاژه‌ڵداری ده‌بینێته‌وه‌، بۆیه‌ ئه‌ویش ده‌ست به‌و كه‌سابه‌ته‌وه‌ ده‌گرێت و حه‌زوخولیای بۆ سوارچاكی و نیشانشكێنی ده‌یكات به‌ باشترین ئه‌سپ سوار و تفه‌نگچی.

خانه‌واده‌ی سەید عەبدوڵڵا له‌و ماڵباته‌ كوردپه‌روه‌رانه‌ بوونه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر به‌ چه‌كیش نه‌بووبێت به‌ نان و ئاو خزمه‌تی پێشمه‌رگه‌ و دۆزه‌ ڕه‌واكه‌یان كردووه‌، بۆیه‌ له‌ پاڵ ئه‌و دیوه‌خانه‌ گه‌رمه‌ی كه‌ بۆ پێشوازی له‌ میوانان له‌ حاجی ئۆمه‌ران دایان نابوو، باس و خواسی كوردایه‌تی و ئازادی و سه‌ربه‌ستی كوردستان به‌شێك له‌ گفتوگۆی مه‌جلیسه‌كانیان پێكده‌هێنا.


خەباتنامە

كاتێك په‌یوه‌ندییه‌كانی سەرۆک مستەفا بارزانی و حكومه‌تی عێراقی له‌ ساڵی ١٩٦١ تێكده‌چێت، له‌ نیسانی هه‌مان ساڵ ئه‌ندامانی بنه‌ماڵه‌كه‌ی و زۆرێك له‌ دۆست و هاوسه‌نگه‌رانیان كه‌ له‌نێویاندا سه‌ید عه‌بدوڵڵاش ئاماده‌یی هه‌بووه‌، خه‌باتی چه‌كداریی له‌ دژی حكومه‌تی عه‌بدولكه‌ریم قاسم ڕاده‌گه‌یه‌نن و شاخه‌كانی ناوچه‌كه‌ ده‌كه‌ن به‌ سه‌نگه‌ر و جه‌نگ به‌رپاده‌كه‌ن، له‌ به‌رانبه‌ردا قایمقامی ئه‌وكاتی قه‌زای ڕواندز هێزێكی سه‌یار به‌فه‌رمانداریه‌تی نه‌قیب مه‌حمود ده‌نێرێته‌ حاجی ئۆمه‌ران و ماڵی پێشمه‌رگه‌كان ده‌سوتێنن.

ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی حكومه‌تی عێراق هه‌رچه‌نده‌ بۆ چاوترساندن و پاشه‌كشه‌پێكردنی پێشمه‌رگه‌ بووە، به‌ڵام سه‌ید عه‌بدوڵڵا و هاوسه‌نگه‌رانی بڕیارده‌ده‌ن تا یه‌ك سه‌ربازی عێراقی له‌ ناوچه‌كه‌یان ماوه‌ له‌ به‌رگری به‌رده‌وام بن، بۆیه‌ له‌و داستان و قاره‌مانه‌تیانه‌ی كه‌ بوونه‌ هۆی نه‌هێشتنی شوێنپێی دوژمنانی كورد وه‌كو شه‌ڕه‌كانی لێدانی قافڵه‌ی سه‌ربازی له‌ ئۆمه‌راوه‌ و گرتنی مه‌خفه‌ری ڕایات، گه‌رووی بێشێ، شه‌ڕه‌كانی چیای گۆڕه‌ز، گه‌لی عه‌لی به‌گ، دۆڵی شه‌هیدان، شه‌ڕه‌كانی پشده‌ر، قه‌ڵادزه‌، داره‌ قه‌سپ و ده‌یان داستانی تری شۆڕشی ئەیلوول به‌شداری ده‌كات و تا ڕێككه‌وتنه‌ شومه‌كه‌ی جه‌زائیر ١٩٧٥، ئه‌وانیش بڕیاری ژیانی ئاواره‌یی ده‌ده‌ن و له‌ وڵاتی ئێران ده‌گیرسێنه‌وه‌.

ده‌رئەنجامی ئه‌و گوشارانه‌ی كه‌ حكومه‌تی عێراق به‌ هه‌ماهه‌نگی حكومه‌تی ئێران ده‌یخسته‌ سه‌ر په‌نابه‌رانی كورد، زۆرێك له‌ خانه‌واده‌كان گه‌ڕانه‌وه‌ عێراق و خانه‌واده‌ی شه‌هید عه‌بدوڵڵاش له‌نێویان بوون و له‌ حاجی ئۆمه‌ران نیشته‌جێ بوونه‌وه‌، به‌ڵام هه‌ستی شۆڕشگێڕی خانه‌واده‌كه‌یان و ئه‌و سیاسه‌ته‌ توندوتیژه‌ی به‌رانبه‌ر شۆڕشگێڕان له‌لایه‌ن حكومه‌تی عێراقییه‌وه‌ ده‌گیرایه‌ به‌ر، دوای ئه‌وه‌ی له‌ كۆبوونه‌وه‌ی شه‌وی ٢٨ له‌سه‌ر ٢٧ی نیسانی ١٩٧٦ كه‌ به‌سه‌رپه‌رشتی هەڤاڵ مەسعود بارزانی به‌ڕێوه‌چوو و بڕیاردرا ڕۆژی ٢٦ی ئایاری هه‌مان ساڵ جاڕی شۆڕش بدرێت، پێشمه‌رگه‌كانی كوردستان كه‌ به‌ قۆناغ و كاتی جیاواز بۆ شوێن و ناوچه‌ی كوردستان گه‌ڕابوونه‌وه‌، له‌ دامه‌زراوه‌ سه‌ربازیه‌كانی حكومه‌تی عێراقی هاتنه‌ ده‌ست و قوله‌ و ره‌بایه‌ و سه‌ربازگه‌یه‌كیان وه‌كو شوێنی ئارام بۆ نه‌هێشتنه‌وه‌ و به‌ چه‌كه‌ ساده‌ و ساكاره‌كه‌ی خۆیان، كه‌ ته‌نیا ئیراده‌ و هێزی ڕۆحی كوردستانیان له‌ پشت بوو به‌ دروشمی (كوردستان گۆڕه‌پانی ڕاسته‌قینه‌ی خه‌باته‌) شۆڕشی گوڵانیان هه‌ڵگیرساند.

سه‌ید عه‌بدوڵڵا و ٢٢ له‌ هه‌ڤاڵانی پاش به‌ده‌ستهێنانی چه‌ند پارچه‌ چه‌كێك، له‌ شه‌وی ٢٤ له‌سه‌ر ٢٥ی ئایاری ١٩٧٦ ناوچه‌ شاخاوییه‌كانی سنووری حاجی ئۆمه‌ران ده‌كه‌نه‌ مۆڵگه‌ی به‌رگریكردن، به‌ڵام چاودێری به‌رده‌وامی فڕۆكه‌كانی دوژمن ناچاریان ده‌كه‌ن هه‌ر ساته‌ و له‌ شوێنێك بگیرسێنه‌وه‌، بۆیه‌ له‌ به‌رەبه‌یانی ڕۆژی ٢٦ی ئایار له‌و ده‌مه‌ی هه‌واڵی هه‌ڵگیرسانی شۆڕشی گوڵانیان پێده‌گات، ده‌كه‌ونه‌ ناو بۆسه‌ی دوژمن و له‌گه‌ڵ برینداربوونی دوو له‌ هه‌ڤاڵانی سه‌ید عه‌بدوڵڵا شه‌هید ده‌بێ  و له‌ گردی لاوان له‌ گۆڕستانی حاجی ئۆمه‌ران به‌خاك دەسپێردرێ.


سەرچاوەکان

١- ئەرشیفى دەستەى ئینسکلۆپیدیاى پارتى دیموکراتى کوردستان.

٢- ڕۆژنامەى خەبات.

٣- مه‌سعود بارزانی، بارزانی و بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی كورد 1975-1990 به‌رگی چواره‌م، به‌شی یه‌كه‌م (هه‌ولێر، چاپخانه‌ی رۆكسانا 2021).


بابەتی پەیوەندیدار

عومەر عەزیز محەمەد وەسمان

عومەر عەزیز محەمەد وەسمان، ساڵی ١٩٤٢ لە گوندی ناوەندی سەربە قەزای چۆمان پارێزگاى هەولێر لە دایکبووە، ساڵی ١٩٨١ پەیوەندى بەهێزى پێشمەرگەى شۆڕشی گوڵان، ساڵى ١٩٨٨ بە هۆى تۆپبارانى ڕژێمى بەعس بۆ سەر سەنگەرەکانى پێشمەرگە لە گوندى وەرتێی قەزاى ڕواندز شەهید بووە.

زانیاری زیاتر

عوسمان حەسەن مستەفا فاخیر

شەهید عوسمان حەسەن مستەفا، ساڵی ١٩٥٠ لە گوندی ئاریانەی سەربە ناحیەی شۆڕشی قەزای کۆیەی پارێزگاى هەولێر لە دایکبووە، ساڵى ١٩٦٩ پەیوەندی بەهێزى پێشمەرگەى شۆڕشی ئەیلوول کردووە، ساڵی ١٩٧٤ بەهۆی بۆمبارانى سەنگەرەکانى پێشمەرگە لەلایەن فڕۆکەى سوپاى عێراق لە گوندى بندایزان شەهید بووە.

زانیاری زیاتر

حەمەد ئیبراهیم عەوڵا

حەمەد ئیبراهیم عەوڵا لە ساڵی ١٩٥٥ لە گوندى وەسمانى قەزاى چۆمان لەدایک بووە، ساڵی ١٩٧٤ پەیوەندى بەهێزى پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلوول کردووە، لە مانگی ئاداری ١٩٧٥ بە هۆى تۆپبارانى ڕژێمى عێراق بۆسەر هێزى پێشمەرگە شەهید بووە.

زانیاری زیاتر

حاجی ساڵح حاجی سونێ

حاجی ساڵح حاجی سونێ، ساڵی ١٩٣٤ لە گوندی شاوەیسی سەربە پارێزگای هەولیر لە دایکبووە، ساڵی ١٩٦٥ پەیوەندى بەهێزى پێشمەرگەى شۆڕشى ئەیلوول کردووە و لە هێزى سەفین بۆتە پێشمەرگە، ساڵی ١٩٧٤ لە سەنگەری بەرگری هێزی پێشمەرگە لە چیای سەفین شەهید بووە.

زانیاری زیاتر

محەمەد عەوڵا حەمەد عەبدی

محەمەد عەوڵا لە ساڵی ١٩٤٢ لە گوندی سیقوجانی سەربە ناحیەی دیبەگەی دەڤەری کەندێناوەی قەزای مەخمور لە دایکبووە. ساڵی ١٩٦٨ پەیوەندى بە هێزى پێشمەرگەى شۆڕشی ئەیلوول کردووە. لە کۆتاییەکانی مانگی ٧ی ١٩٧٤ دواى دەسگیرکردنی سزای لە سێدارەدانی سەربازی بۆ دەرچووە و لە سێدارە دراوە و شەهید بووە.

زانیاری زیاتر