ژیاننامە
سلێمان حه‌دۆ زراری، ساڵی ١٩٣٠ له گوندی زراراى سه‌ر به ناحیه‌ی گۆڕه‌توو له قه‌زای مێرگه‌سۆر له پارێزگای هه‌ولێر له‌دایكبووه، له یه‌كێتی سۆڤیەت خوێندوویه‌تی، ساڵی ١٩٥٤ بڕوانامه‌ی به‌كالۆریۆسى له به‌شی كشتوكاڵی یه‌كێتی سۆڤیەت وه‌رگرتووه، هه‌ر له یه‌كێتی سۆڤیەت ژیانی هاوسه‌ری له‌گه‌ڵ ڤالانیا پێكهێناوه، شاره‌زایی له زمانه‌كانی كوردی، عه‌ره‌بی و ڕووسی هه‌بووه، له ٤ی كانوونی یه‌كه‌می ٢٠١٤ كۆچی دوایی كردووه.
خەباتنامە
سلێمان حه‌دۆ زراری، ساڵی ١٩٤٣ په‌یوه‌ندی به ڕیزه‌كانی شۆڕشی دووه‌می بارزان كردووه و له شه‌ڕه‌كان به‌شدار بووه، له ١٩ی ئابی ١٩٤٥ به فه‌رمانی دادگای عورفیی سه‌ربازی عێراقی ده‌ست به‌سه‌ر گشت موڵك و ماڵه گواستراوە و نه‌گواستراوه‌كانیدا گیراوه. دوای نسكۆی شۆڕشی دووه‌می بارزان له ١١ی تشرینی یه‌كه‌می ١٩٤٥ ڕووده‌كاته ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان، له ٣١ی ئاداری ١٩٤٦ له هێزی بارزان سه‌ر به سوپای كۆماری دیموكراتی كوردستان له مه‌هاباد بووەتە پێشمەرگە، له ٢٩ی نیسانی ١٩٤٦ به‌شداریی شه‌ڕی قاراواى له ناوچه‌ی سه‌قز کردووە.
دوای نسكۆی كۆماری دیموكراتی كوردستان له ڕێكه‌وتی ١٩ ئاداری ١٩٤٧ به‌شداریی شه‌ڕی نه‌غه‌ده و شنۆی كردووه، لەو پێشمەرگانە بووە کە لە ١٩ نیسانی ١٩٤٧ لە ڕێگاى (خواکوڕک و دەشتى بەرازگرەوە) بە خاکى کوردستانى باکووردا گەڕاوەتەوە ناوچەى شێروان و مزورى.
دواى گەڕانەوەیان، جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی لە ٦ی ئایاری ١٩٤٧ لە گوندى ئەرگۆش کۆبوونەوەیەک بە هەڤاڵانى دەکات و سەرپشکیان دەکات لە مانەوە، یان چوون بەرەو یەکێتى سۆڤیەت، لەوێدا تەواوى هەڤاڵانى بڕیارى بەردەوامیدان و ڕۆیشتن بەرەو یەکێتى سۆڤیەت دەدەن، له ٢٣ی ئایاری ١٩٤٧ یاوەریى جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی کردووە به‌ره‌و یه‌كێتی سۆڤیەت و لە شەڕى گه‌لی قتور و شەڕى پردی ماكۆ بەشدارییکردووە و دواى سەختى و ماندووبوونێکى زۆر، لە ١٨ی حوزه‌یرانی ١٩٤٧ له ڕووباری ئاراس كه ده‌كه‌وێته سنووری نێوان ئێران و یه‌كێتی سۆڤیەت، بەرەو سۆڤیەت پەڕیوەتەوە.
دوای گەیشتنیان بە یەکێتی سۆڤیەت، لە ١٩ی حوزه‌یرانی ١٩٤٧ له‌گه‌ڵ گشت هه‌ڤاڵانی لە شاری "نه‌خچه‌وان"ی کۆماری ئازه‌ربایجان بۆ ماوه‌ی چل ڕۆژ له كۆمه‌ڵگایه‌كی سه‌رئاوەڵا كه به ته‌لی دڕكاوی ده‌ورەدرابوو، دانران و له‌لایه‌ن کۆمەڵێک سه‌ربازه‌وە پاسه‌وانییان لێده‌كرا و له ڕووی خۆراك و پۆشاك و هاتوچۆوە وه‌كو دیلی شه‌ڕ مامه‌ڵەیان له‌گه‌ڵدا كراوە. دواتر له‌سه‌ر بڕیاری حکوومەتی سۆڤیەت به‌سه‌ر ناوچه‌كانی ئاغدام و لاچین و ئایولاخ و کەلبەجەر له كۆماری ئازه‌ربایجان دابەشکران. له ١٠ی كانوونی یه‌كه‌می ١٩٤٧ گواستراونه‌ته‌وه بۆ سەربازگەیەک لەسەر دەریاى خەزەر لە باكۆى پایتەختى كۆماری ئازه‌ربایجان و له ٢٣ی هەمان مانگدا جلوبەرگی سه‌ربازییان پێدراوه و به سه‌رپه‌رشتی ئه‌فسه‌رانی كۆماری ئازه‌ربایجان ڕۆژانه هه‌شت كاتژمێر مه‌شقی سه‌ربازییان پێ کراوە. لەهەمان کاتدا ڕۆژانە بۆ ماوەی چوار کاتژمێر لە لایەن هەندێک لە هەڤاڵەکانیانەوە کە خوێندەواریان هەبوو وانەی فێربوونی زمانی کوردی‌یان پێگوتراوەتەوە.
پاش مامەڵەى خراپى جەعفەر باقرۆڤ لەگەڵ هەڤاڵانى، بارزانى بڕیاردەدات کەمپە سەربازییەکەى له ٢٩ی ئابی ١٩٤٨ له كۆماری ئازه‌ربایجانەوە بگوازێتەوە بۆ كۆمه‌ڵگای چرچوك لە نزیك "تاشكه‌ند"ی پایته‌ختی كۆماری ئۆزبه‌كستان و له‌وێش لە مه‌شقی سه‌ربازی بەردەوام دەبن.
لە ئاداری ١٩٤٩ له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵانی به شێوه‌ی ده‌سته و تاخم به شه‌مه‌نده‌فه‌ر به‌سه‌ر گونده هه‌ره‌وه‌زییه‌كانی یەكێتی سۆڤیەتدا دابه‌شكران و له كێڵگه‌ی كۆلخۆزه‌كان (ئەو زەویانەى خەڵک بە کرێ لە حکومەت دەیگرتنەوە و دواتر بەشى حکومەتیان دەدایەوە) كاریان ده‌كرد.
دواى هەوڵێکى زۆر و ناردنى چەندین نامە لەلایەن جەنەڕاڵ بارزانییەوە بۆ ستالین، دواجار نامەیەک دەگاتە دەست ستالین کە تێیدا بارزانى باسى دەردەسەرییەکانى هەڤاڵانى خۆی تێدادەکات و ئەویش دەستبەجێ بڕیارى پێکهێنانى لێژنەیەک دەدات بۆ لێکۆڵینەوە لە بارودۆخى هەڤاڵانى بارزانى و دواجار بڕیارى لێژنە ئەوە دەبێت کە هەموویان لە شارى ڤریڤیسکى کۆبکرێنەوە، بۆیە ناوبراو لە مانگی تشرینی دووه‌می ١٩٥١ دەچێتە شاری ڤریڤیسكی لە سۆڤیەت.
دواى شۆڕشى ١٤ى تەموزى ١٩٥٨ لە عێراق و گەڕانەوەى جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی، لە ٢٥ى شوباتى ١٩٥٩ و بەپێى هەردوو ماددەى سێیەم و حەوتەم و بڕگەى (أ) لە ماددەى دەیەم و کارکردن بە ماددەى (١١) بە پشت بەستن بە یاساى هەموارکراوى ژمارە ١٩ لە ساڵى ١٩٥٩ دا، خۆى و هەڤاڵانى بەر لێبوردنى گشتى کەوتوون.
لە ساڵى ١٩٥٨ کۆمارى عێراق بە سەرۆکایەتى عەبدولکەریم قاسم دادەمەزرێت، ناوبراو له ١٦ی نیسانی ١٩٥٩ له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵانی به که‌شتیی گرۆزیا له ڕێی به‌نده‌ری به‌سڕەوە له باشووری كۆماری عێراق گه‌ڕاوه‌ته‌وه كوردستان.
ساڵی ١٩٦١ به‌شداریی شۆڕشی ئەیلوولی كردووه، لە شه‌ڕه‌كانی سه‌ری پیرس، گۆڕه‌ز و چیای هه‌ندرێن بەشداربووە، ساڵی ١٩٦٣ به‌شداریی شه‌ڕه‌كانی شوش و شه‌رمنا و له ١٤ له‌سه‌ر ١٥ی حوزه‌یرانی ١٩٦٣ به‌شداری شه‌ڕی سه‌ری ئاكرێی كردووه، ساڵی ١٩٧٤ له یه‌كه‌ی تۆپخانه‌ی شۆڕش بووه، ساڵی ١٩٧٥ دوای نسكۆی شۆڕشی ئەیلوول ده‌گه‌ڕێته‌وه زیدی خۆی، ساڵی ١٩٨١ ڕژێمی عێراق گونده‌كه‌یانی سوتاندووە و وه‌ك په‌نابه‌ر ڕوویکردووەتە كۆماری ئیسلامی ئێران و له كۆمه‌ڵگای زێوه نیشته‌جێ بووه، ساڵی ١٩٨٣ به‌شداریی شۆڕشی گوڵانی كردووه، ساڵی ١٩٩١ گه‌ڕاوه‌ته‌وه كوردستان له گوندی زرارا نیشته‌جێ ده‌بێت، ساڵی ١٩٩٣ خانه‌نشین كراوه، له ١٦ی كانوونی یه‌كه‌می ٢٠١٠ له كۆنگره‌ی سێزده‌یه‌می پارتی دیموكراتی كوردستان له‌به‌ر خه‌بات و به‌رخودانی له شۆڕشی دووه‌می بارزان، كۆماری دیموكراتی كوردستان ڕێڕه‌وی به‌ره‌و یه‌كێتی سۆڤێت، شۆڕشی ئەیلوول و شۆڕشی گوڵان له‌لایه‌ن سه‌رۆك مەسعود بارزانی میدالیای بارزانی پێ به‌خشراوه.
سه‌رچاوه‌كان:
-
حامید گه‌وهه‌ری، میدالیای بارزانی به‌رزترین خه‌ڵاتی ڕێزلێنان، به‌رگی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی حاجی هاشم - ٢٠١٥ز).
-
حیدر فاروق السامرائي، ضیا‌ء جعفر ودوره السیاسي و الاقتصادي في العراق، (لندن – دار الحكمة - 2016م).
-
شه‌عبان عه‌لی شه‌عبان، هه‌ندێك زانیاری سیاسی و مێژوویی، چاپی سێیه‌م، (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی رۆژهه‌ڵات - 2013ز).
-
عمر فاروقی، سردار دانا زندگی و مبارزات مرحوم ملا مصطفی بارزانی، چاپ دوم، (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی وزارت آموزش و پرورش - 2002ز).
-
عه‌بدولڕه‌حمان مه‌لا حه‌بیب ئه‌بوبه‌كر، عه‌شیره‌تی بارزان له نێوان 1931 - 1991، چاپی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی رۆشنبیری - 2001ز).
-
عه‌بدولڵا غه‌فور، فه‌رهه‌نگی جوگرافیای هه‌ولێر، (هه‌ولێر - بڵاوكراوه‌كانی ئه‌كادیمیای كوردی - چاپخانه‌ی حاجی هاشم - 2015ز).
-
كاروان محه‌مه‌د مه‌جید، بارزانییه‌كان له مه‌هاباده‌وه بۆ سۆڤێت، چاپی یه‌كه‌م، (سلێمانی - چاپخانه‌ی په‌یوه‌ند - 2011ز).
-
گۆڤاری هه‌تاو، ژماره 154، ساڵی شه‌شه‌م، هه‌ولێر، چاپخانه‌ی كوردستان، هه‌ینی، 15 نیسانی 1959.
-
له یادداشتی فه‌رمانده‌ی شه‌هید حه‌سۆ میرخان ژاژۆكی، 62 رۆژ له‌گه‌ڵ بارزانی دا چوونی بارزانییه‌كان بۆ یه‌كێتی سۆڤێت، چاپی یه‌كه‌م (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی رۆشنبیری - 1997ز).
-
لیث عبدالمحسن جواد الزبیدي، ثورة 14 تموز 1958 في العراق، (بغداد - دارالرشید للنشر - 1979م).
-
مسعود بارزانی، بارزانی و بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كورد 1931 - 1958، (دهۆك - چاپخانه‌ی خه‌بات - 1998ز).
-
مسعود بارزانی، بارزانی و بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كورد 1961 - 1975، به‌رگی سێیه‌م، به‌شی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده - 2004ز).
-
ئـ.د.ئـ، فایلی ژماره AI-10، لیستی هه‌ڤاڵانی مسته‌فا بارزانی بۆ یه‌كێتی سۆڤێت، به‌ڵگه‌نامه له‌لایه‌ن سه‌گڤان هاڵۆ پێشكه‌ش كراوه، 2016ز.
-
ئـ.د.ئـ، فایلی ژماره AN-4، بەڵگەنامەى ژیاننامه‌ی سلێمان حەدۆ شینۆ زراری، له‌لایه‌ن عادل سلێمان حه‌دۆ پێشكه‌ش كراوه، پیرمام، 18 شوباتی 2019ز.
-
ئـ.د.ئـ، فایلی ژماره HB-426، پارتی دیموكراتی كوردستان، باره‌گای بارزانی، لێژنه‌ی باڵای ناوچه‌ی بارزان، فۆرمی سلێمان حەدۆ شینۆ، پیرمام، 1 تشرینی دووه‌می 2018ز.
-
ئەرشیفی دەستەی ئینسکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.