داستانی کانی ماسێ ١٩٨٧

ئه‌یلوولی ١٩٨٧ له‌ ناوچه‌ی کانی ماسێ ده‌ڤه‌ری بادینان شه‌ڕێكی گه‌وره‌ له‌ نێوان هیزی پێشمه‌رگه‌ و سوپای عێراق ڕوویدا، به‌ داستانی کانی ماسێ ناسرا، هێزی پێشمه‌رگه‌ هێرشی كرده‌ سه‌ر ژماره‌یه‌ك بنكه ‌و باره‌گای سه‌ربازی سوپای عێراق، دوای شه‌ڕێكی گه‌رم و خوێناوی پێشمه‌رگه‌ توانی ده‌ست به‌سه‌ر ته‌واوی خاڵه‌ سه‌ربازییه‌كاندا بگرێت و زیانێكی گه‌وره‌ به‌ هێزه‌ سه‌ربازییه‌كانی سوپای عێراق بگه‌یه‌نێ له‌ كوژراو و بریندار و به‌دیل گرتن.


کانی ماسێ یەکێکە لە شاره‌دێکانی دەڤەری بەرواری باڵا له‌ قەزای ئامێدی، سەر بە پارێزگای دھۆک. دەکەوێتە سەر ڕێگای زاخۆ - سەرزێرێ - دانیشتووانی شارۆچکەکە له‌ موسوڵمان و كریستیان پێكهاتوون([1]). دیاره‌ له‌ ڕووی شۆڕش و به‌رخودانیشه‌وه‌ وه‌كو ته‌واوی ناوچه‌كانی دیكه‌ی كوردستان کانی ماسێ به‌شداری كارا و ڕۆڵی به‌رچاوی هه‌بووه‌ له‌ نواندنی چالاكی و تۆماركردنی داستانی مێژوویی بۆ داكۆكیكردن له‌ ئازادی و دیموكراسی.

یه‌كێك له‌و داستانانه‌ی كه‌ له‌و ناوچه‌یه‌ له‌سه‌ر ده‌ستی هێزی پێشمه‌رگه‌ تۆمار كراون و ده‌مانه‌وێ له‌ باره‌یه‌وه‌ بدوێین داستانی کانی ماسێیه‌، كه‌‌ به‌ سه‌رپه‌رشتی ڕاسته‌وخۆی سەرۆک مەسعود بارزانی  و به‌ فه‌رمانده‌یی دكتۆر ڕۆژ نوری شاوێس به‌ڕێوه‌چوو، هۆكاری ڕوودانی داستانه‌كه‌ش بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كاتێك كه‌ حكومه‌تی عێراق یاخود بڵیین سه‌رانی حزبی به‌عس كه‌ به‌ زه‌بری هێز ده‌سه‌ڵاتیان به‌سه‌ر‌ حوكمڕانی ئه‌و وڵاته‌دا گرتبوو، بانگه‌شه‌ی لاوازی شۆڕشی كوردیان به‌ناو خه‌ڵكی كوردستاندا بڵاو كرده‌وه‌ به‌تایبه‌تی له‌ ده‌ڤه‌ری بادینان، وایان پیشانی دانیشتووان ده‌دا كه‌ شۆڕش ئه‌و هێز و توانایه‌ی‌ نه‌ماوه‌ ڕووبه‌ڕووی هێزه‌ سه‌ربازییه‌كانی به‌عس ببێته‌وه ‌و چالاكییه‌ پێشمه‌رگه‌ییه‌كانی درێژه‌ پێ بدات.

هه‌ڵبه‌ته‌ بۆ ڕه‌تكردنه‌وه‌ی ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی حكومه‌تی به‌عس سه‌ركردایه‌تی شۆڕش بڕیاری دا كه‌وا هه‌ستێ به‌ ئه‌نجامدانی چالاكییه‌كی گه‌وره‌ی سه‌ربازی، تاكو‌ بۆ حكومه‌تی به‌عس بسه‌لمێنێ‌ كه‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ هه‌ر كاتێ مه‌به‌ستی بێ و له‌ هه‌ر شوێنێك بێ داستانی گه‌وره‌ تۆمار ده‌كات و زیانی زۆر به‌ داموده‌زگا و هێزه‌ سه‌ربازی و ئه‌منیه‌كانی به‌عس ده‌گه‌یه‌نێ، هه‌روه‌ها بۆ ڕایی گشتیش دوپات بكاته‌وه‌ كه‌وا شۆڕش به‌رده‌وامه‌ و ئه‌وه‌ی حكومه‌تی عێراق پێی هه‌ستاوه‌ ته‌نها پڕوپاگه‌نده‌ و وته‌ی بێ بنه‌مان([2]).

ئه‌و داستانه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان له‌ ده‌ڤه‌ری بادینانی سنووری لقی (١)ی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌لایه‌ن لێژنه‌ ناوچه‌كانی ئامێدی و زاخۆ و شێخان و هێزی به‌رگری میللی ئه‌نجام درا، هێرشیان كرده‌ سه‌ر بنكه ‌و باره‌گای هێزه سه‌ربازییه‌كانی حكومه‌ت له‌ چه‌ند میحوه‌رێكی ناوچه‌ی کانی ماسێ([3])، له‌ شه‌وی ١٣ لەسەر١٤ی ئه‌یلوولی ١٩٨٧ به‌ پێی به‌رنامه ‌و پلانێكی سه‌ربازی توكمه‌ و پێشكه‌وتوو، دوای شه‌ڕێكی گه‌رمی خوێناوی توانیان له‌ ماوه‌یه‌كی كورتدا ده‌ست به‌سه‌ر هه‌موو خاڵه‌ سه‌ربازییانه‌دا بگرن كه‌ هه‌ڵمه‌تیان بۆی برد.

له‌و هه‌ڵمه‌ته‌دا هێزی پێشمه‌رگه‌ توانی ده‌ست به‌سه‌ر زیاتر له‌ پێنج باره‌گای فه‌وج و حه‌فتا كیلۆمه‌تر ڕووبه‌ری چوارگۆشه‌دا بگرێت، له‌ ئه‌نجامدا زیانێكی گه‌وره‌ به‌ر هێزه‌كانی عێراق كه‌وت له‌ كوژراو و بریندار كه‌ به‌ سه‌رووی سه‌د سه‌رباز مه‌زه‌نده‌ ده‌كرا، هاوكات ژماره‌یه‌ك سه‌ربازی تریش له‌لایه‌ن پێشمه‌رگه‌وه‌ به‌دیل گیران، وێڕای ئه‌وه‌ش ژماره‌یه‌ك ئۆتۆمبێلی سه‌ربازی تێك شكێندران و چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی زۆر كه‌وته‌ ده‌ستی هێزی پێشمه‌رگه‌، له‌و هه‌ڵمه‌ته‌ی‌ پێشمه‌رگه‌ و تۆماركردنی ئه‌و داستانه‌ حه‌وت پێشمه‌رگه‌ و دوو كه‌سی به‌رگری میللی شه‌هید بوون([4])

داستانی کانی ماسێ به‌ یه‌كێك له‌ سه‌روه‌رییه‌كانی شۆڕشی گوڵان هه‌ژمار ده‌كرێ، چونكه‌ داستانێك بوو له‌ ئاست شه‌ڕی نێوان دوو وڵات و له‌ ڕووی قه‌باره‌ و هێز و چه‌ك و ته‌كنه‌لۆژیای سه‌ربازی سه‌رده‌مه‌وه‌، كه‌ به‌هیچ شێوه‌یەك هاوسه‌نگی له‌ نێوان هێزی پێشمه‌رگه ‌و سوپادا نه‌بوو، به‌ڵام ئه‌وه‌ی هاوسه‌نگی هێزی گۆڕی هێزی بیروباوه‌ڕ و خه‌بات له‌ پێناوی ئازادی و به‌رگری له‌ مافه‌كانی نه‌ته‌وه‌یه‌ك بوو، دوای سه‌ركه‌وتنی پێشمه‌رگه‌ له‌و داستانه‌دا له‌لایه‌ن مه‌سعود بارزانی پیرۆزبایی و ده‌ست خۆشی ئاراسته‌‌ی گشت پێشمه‌رگه‌ و به‌شداربووانی داستانه‌كه‌دا كرا([5]).

له‌ كۆتایی ئه‌و داستانه‌دا ده‌ركه‌وت كه‌وا هێزی پێشمه‌رگه‌ له‌ ئه‌نجامدانی چالاكی و تۆماركردنی داستانی مێژوویی له‌ هه‌ر كات و شوێنی مه‌به‌ستی بێ ته‌نانه‌ت له‌ قوڵایی جه‌رگه‌ی ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌تیش، چالاكی ئه‌نجام ده‌دا و گورزی گه‌وره‌ له‌ دوژمنه‌كه‌ی ده‌وه‌شێنێ و زیانی گه‌وره‌ی پێ ده‌گه‌یه‌نێ.‌                     


سه‌رچاوه‌كان:

  1. مه‌سعود بارزانی، بارزانی و بزوتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی كورد، به‌رگی چواره‌م، ١٩٧٥-١٩٩٠ شۆڕشی گوڵان، به‌شی دووه‌م، چاپی یه‌كه‌م، چاپخانه‌ی ڕوكسانا، ٢٠٢١.
  2. کانی ماسێ https://ckb.wikipedia.org/wiki/ 
  3. داستانی کانی ماسێ =https://www.google.com/search?q
  4. https://www.facebook.com/watch/?v=٢٩٤٩١٩٩٠٣٥١٥٨٠٦٩

[1] - کانی ماسێ https://ckb.wikipedia.org/wiki/ 

[2] - داستانی کانی ماسێ =https://www.google.com/search?q

[3] - https://www.facebook.com/watch/?v=٢٩٤٩١٩٩٠٣٥١٥٨٠٦٩

[4] - مه‌سعود بارزانی، بارزانی و بزوتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی كورد، به‌رگی چواره‌م، ١٩٧٥-١٩٩٠ شۆڕشی گوڵان، به‌شی دووه‌م، چاپی یه‌كه‌م، چاپخانه‌ی ڕوكسانا، ٢٠٢١، ل٧١.

[5] - مه‌سعود بارزانی، هه‌مان سه‌رچاوه‌، ل ٧٢


بابەتی پەیوەندیدار

شەڕى ڕەبایەى گرێ ئیسفکا ١٩٨١

چالاکییەکى پارتیزانى بوو کە هێزێکى پێشمەرگە لە شەوێکى تشرینى دووەمى ١٩٨١ هێرشیان کردە سەر ڕەبایەى گرێ ئیسفکا لە دەڤەرى بەروارى باڵا، لە ماوەیەکى کەمدا توانیان دەستى بەسەردا بگرن و ژمارەیەک سەربازى ڕەبایەکەیان کوشت و دەستیان بەسەر چەک و تەقەمەنى و کەلوپەلى سەربازیدا گرت، پاشان شوێنەکەیان بەجێهێشت و گەڕانەوە بنکەکانیان.

زانیاری زیاتر

شەڕی دەڤەری سندیا ١٩٨٧

ئەم شەڕە لە ئەنجامى هێرشێکى بەربڵاوى سوپاى عێراق بە پاڵپشتى تانک و تۆپ و فڕۆکەى جەنگى و جاشەکان بۆ سەر دەڤەرا سندیا ڕوویدا، هێزى پێشمەرگەى کوردستان بۆ پاراستنى ناوچەکە لە ڕوخان و وێرانکارى گوندەکان، لە ٥ى نیسانى ١٩٨٧ ڕووبەڕووى هێزەکانى حکومەت بووەوە، ئەنجامى شەڕەکە بە سەرکەوتنى هێزى پێشمەرگە و شکستى هێزە عێراقیەکان کۆتایی هات.

زانیاری زیاتر

شەڕی گوندى بانە سوور ١٩٨٤

چالاکییەکى هێزى پێشمەرگەى کوردستانە لە نزیک گوندى بانەسوورى دەوروبەرى دهۆک لە دەڤەرى بادینان، کاتێک کە هێزێکى پێشمەرگەى سەربە ڕێکخراوى ڕێنجبەران بۆسەیەکیان لەسەر جاددەى سەرەکى مانگێشکێ دانایەوە، ئۆتۆمبێلێکى چەکدارانى بەکرێگیراو(جاش) کەوتە بۆسەکەوە و بە ماوەیەکى کەم دەستى بەسەردا گیرا و تەواوى سەرنشینانى کوژران و دەست بەسەر تەواوى چەکەکانیاندا گرت.

زانیاری زیاتر

شەڕى گەلنازکێ

شەڕى گەلنازکێ ڕووبەڕووبوونەوەى هێزى پێشمەرگە لەگەڵ هێزێکى گەورەى سوپاى عێراق و چەکدارانى بەکرێگیراو بوو، بە پاڵپشتى تانک و تۆپ و فڕۆکەى جەنگى لە ٢٤ ئابى ١٩٨٤، لە ئەنجامى هێرشێک کە حکومەتى بەعس کردیە سەر چەند ناوچەیەکى زاخۆ لە دەڤەرى بادینان، دواى هەشت ڕۆژ هێرش و پەلامارى بەردەوام، هێزەکانى حکومەت دووچارى شکستى گەورە بوون و زیانێکى زۆرى گیانى و ماددیان پێگەیشت.

زانیاری زیاتر

شەڕى ڕەبایەى دوازدە ملانێ

شەڕى ڕەبایەى دوازدە ملانێ شەڕى ڕەبایەى دوازدە ملانێ چالاکییەکى پارتیزانیى هێزى پێشمەرگەى سنوورى دەڤەرى بادینان بوو، هێزێکى هاوبەشى هەردوو ڕێکخراوى ڕێنجبەران و شەهید حەمید، سەربە لێژنەى ناوچەى زاخۆى پارتى دیموکراتى کوردستان، لە نزیک زاخۆ هێرشیان کردە سەر ڕەبایەکى سەربازى و لە ماوەیەکى کەمدا توانیان دەستی بەسەردا بگرن و گورزێکى گەورە بە سەربازانى ڕەبایەکە بگەیەنن، پاشان دەست بەسەر چەک و جبەخانە و بڕێکى زۆر کەلوپەلى سەربازیدا گیرا و دواتر گەڕانەوە شوێنەکانی خۆیان.

زانیاری زیاتر