داستانی چیای سەفین و قشڵەی گۆمەسپان

دواى ئەوەى کەوا هێزى پێشمەرگە دەستى بەسەر دۆڵى هیراندا گرت، ناحیەى هیران و گوندەکانى دەورو بەرى بوون بە بەشێک لە ناوچە ئازادکراوەکانى کوردستان و کەوتنە ژێر قەڵەمڕەوى شۆڕش لە دەڤەرى خۆشناوەتى، تەنها سەرى چیای سەفین و شەقڵاوە تا کەپکى گەرۆتە لە دەستى سوپاى عێراق و پۆلیس و چەکدارە بەکرێگیراوەکاندا مابوو.


بۆ دەستگرتن بەسەر ئەو چیایەشدا بارزانى ڕێبەرى شۆڕش ڕاوێژ و گفتوگۆى لەگەڵ فەرماندەکانى پێشمەرگە ڕەئیس بەکر و مقەدەم عەزیز ئاکرەیی و حاجى بێڕۆخى و مەحمود کاوانى و شاکر بەگ ئۆغزبەگ زەڕنى و ڕەحمان شێخ وەسانى لەگەڵ میرکە ئاغا خەیلانى کرد، بۆ دانانى نەخشەوپلانى هێرشکردن بۆ ڕەبایەکانى سەر چیاکە. بەو پێیەى ئەم چیایە خاڵیکى گرنگى سەرنەخشەى کوردستان بوو کە دەیڕوانیە سەر دەشتى هەولێر و شوێنێکى ستراتیژى بوو کە دەڤەرەکانى هەولێر و خۆشناوەتى و سۆران و باڵەکایەتى بەیەکەوە دەبەستەوە، هەروەها دەروازەیەکی پەیوەندیش بوو بۆ ناوچەکانى پشدەر و بێتوێن و سلێمانى، بۆیە حکومەت هەمیشە هەوڵى دەدا کە دەستى بەسەر ناوچەکەدا بڕوا، کە پێی وابوو ئەگەر چیای سەفینى لەدەستدابێ دەبێتە هەڕەشە و مەترسیەکى گەورە لەسەر دەڤەرى باڵەکایەتى کە مەڵبەندى سەرکردایەتى شۆڕش بوو.

هێزى پێشمەرگە بۆ ئەنجامدانى هێرشەکە و جێبەجێکردنى پلانى گرتنى چیای سەفین چەند خاڵێکیان بەلاوە گرنگ بوو کە هەڵمەتى بۆ بەرن، وەکو ڕەبایەکانى کانى شیلانە تا کانى گوێز، لەگەڵ دەستپێکردنى هەڵکوتانە سەر ڕەبایەکان کاتژمێر ٥ى بەرەبەیانى ٢٣ ئابى ١٩٦٢ لە ماوەکى زۆر کەمدا هێزى پێشمەرگە توانى دەستبگرێ بەسەر کانى شیلانە و کانى گوێز و بانە نۆک و گوندى خۆران، هەروەها توانیان زیانێکى زۆر بە سوپاى عێراق بگەیەنێ کە بریتى بوو لە کوژرانى ٥٢ سەرباز کە لاشەى زۆربەیان لە مەیدانى شەڕدا بەجێمان و کەوتنە بەر دەستى پێشمەرگە، ڕۆژانى دواتر بۆ وەرگرتنەوەى لاشەى کوژراوەکانیان لە ڕێگاى کەسایەتى و مەلایانى ئایینى ناوچەکە هەوڵیان دەدا.

لەم شەڕەى چیای سەفین کە یەکەم داستانى پێشمەرگە بوو لە دەستپێکى شۆڕشى ئەیلوولدا سێ پێشمەرگە شەهید و سێی دیکەش بریندار بوون.

لە دواى دەست بەسەرداگرتنى چیای سەفین دەستە و قۆڵەکانى پێشمەرگە لە دەوروبەرى چیاکەدا دەستیان بە جووڵە و گەڕان کرد بۆ لێدانى زەبرى تر لە حکومەتى عێراق و ئەنجامدانى چالاکى پێشمەرگانى تر و دەست بەسەرداگرتنى بنکە و ڕەبایەکانى سوپا و پۆلیس و چەکدارانى بەکرێگیراو (جاش)، ئەوە بوو دواى وەرگرتنى ڕەزامەندى سەرکردایەتى شۆڕش هێزى پێشمەرگە مەبەستى گرتنى بنکەى پۆلیسى گۆمەسپانى کرد و گەمارۆى چواردەورى قشڵەکەیان دا، دیارە فەرماندەکان هەر لە سەرەتاوە ویستى ئەوەیان هەبوو شەڕەکە بێ خوێنڕشتن کۆتایی پێ بێ و زیانى گیانى بەهیچ لایەک نەگات، ئەو پۆلیسانەشى کە لە ژوورەوە پەنایان گرتبوو خۆیان ڕادەستى هێزى پێشمەرگە بکەن، بۆ ئەمەش موختارى گوندیان ڕاسپارد کە سەردانى پۆلیسخانەکە بکات و لەم بارەیەوە لەگەڵیاندا بدوێ.

بەڵام دۆخەکە چەند ڕۆژێکى خایاند، بەهۆى ئەوە گەمارۆکە سێ ڕۆژ بەردەوامى هەبوو بەو پێیەى لە چاوەڕوانى ئەوە بوون کە خۆیان بەدەستەوە بدەن، وادیاربوو پۆلیسەکان بە فەرماندەی عەریف فەیزى بڕیاریان دابوو بەرگرى بکەن و خۆبەدەستەوە نەدەن لەگەڵ ئەوەشدا لە پەیوەندیدا بوون لەگەڵ سەرووى خۆیان تاکو بە هانایانەوە بچن، بۆیە لەو ماوەیەدا سوپاى عێراق دووجار هەوڵى دا و هێرشى هێنا بۆ سەر ناوچەکە بۆ ئەوەى گەمارۆى سەر قشلەکە بشکێنێ و پۆلیسەکان ڕزگار بکەن بەڵام هەوڵەکانیان بێ سوود بوون و سەرى نەگرت چونکە هەموو جارێک هێرشەکەیان لەلایەن هێزى پێشمەرگەوە بەرپەرچ دەدرایەوە و تێکدەشکێندرا، بەو پێیەى کە پێشمەرگە پەیمانی دابوو کە ئەو بنکەى پۆلیسە بە هەر نرخێک بێ دەستى بەسەردا بگیرێ.

سوپاى عێراق بۆ جارى سێەمیش خۆى تاقیکردەوە و ویستی پلانێکى فێڵئامێز بگرنەبەر کە پشتى هێزى پێشمەرگە بگرن و لەوێوە خۆیان بگەیەننە بنکەی پۆلیسەکە و گەمارۆیەکە بشکێنن، بەڵام هێزى پێشمەرگە زۆر بە وریایی توانیان ئەو فێڵ و تاکتیکەى ئەمجارەى سوپاى عێراق پووچەڵ بکەنەوە و لە پشتى ئەوانەوە تەقەیان لێ بەکەن و پیلانەکەیان هەڵوەشێننەوە و لە ناوچەکە ڕاویان بنێن.

وەکو دیاربوو تا دەهات بارودۆخی پۆلیسەکانیش بەرەو شپرزەیی دەڕۆیشت، بۆ ڕۆژى سێیەم کە لە بەهاناوە هاتنى سوپاى عێراق بێ ئومێد بوون ئەمجارە ویستیان خۆیان دەرباز بکەن و لە تاریکى شەودا سوود وەربگرن، بەڵام پێشمەرگە درکى بەمەش کرد بۆیە زیاتر لە قشلەکە نزیک بوونەوە و گەمارۆکەیان  توندتر کرد، لەگەڵ دواکەوتنى تاریکى شەو پۆلیسەکان دەرگاى قشلەیان کردەوە و ڕیزیان بەست ویستیان لە قشلەکە دەرکەون و خۆیان دەرباز بکەن، لەوساتەدا پێشمەرگەکان دەستڕیژى گوللەیان لێکردن، لەگەڵ ئەوەى کە یەکێک لە پۆلیسەکان بریندار بوو ئەوانى دیکە هەموویان دەستیان بەرزکردەوە و خۆیان دا بەدەستەوە، پاشان پێشمەرگەکان کۆنترۆڵى قشلەکەیان کرد و چوونە ناو بنکەى پۆلیس و دەستیان بەسەر تەواوى چەک و جبەخانە و هەموو ئەو کەلوپەلەکاندا گرت کە لە بنکەکەدا هەبوون.

لەو شەڕەى گرتنى قشلەى بنکەى پۆلیسى گۆمەسپان ئەم فەرماندە سەربازیانە بەشدار بوون بریتی بوون لە ڕەشید بێشونى و فکرى بێڕۆخى هەروەها سەرقۆڵەکان  ئەحمەد مستێ کانیەلنجی و مەلائەمین هۆستانى.             

ئیتر سەرانسەرى دەڤەرى خۆشناوەتى کەوتە دەسەڵاتى شۆڕش و ئەو ڕێکخستن و کارانەى کە لە بادینان و برادۆست و باڵەکایەتى ئەنجام دران لە ڕووى ڕێکخستن و حزبایەتى و دامەزراندنى بنکە و بارەگاکانى پێشمەرگە لەوێش بەهەمانشێوە بەڕێوەچوو، بارزانى بۆ بەڕێوەبردنى کاروبارى شۆڕش و ناوچەکە بەرپرسیاریەتى خۆشناوەتى بە بەکر عەبدولکەریم سپارد و مەحمود کاوانیشى وەک یاریدەدەرى دەستنیشان کرد، لێرەوە خۆشناوەتى بوو بە یەکێ لە قەڵا سەختەکانى شۆڕش لە سایەى هەڵوێستى دانیشتوانى ناوچەکە، لە ئاست شۆڕشگێڕی و بەخشش و دڵسۆزى و یارمەتیدەریان، بەڵام تەمەنى کەسایەتى ناوچەکە و فەرماندەى ئازاى پێشمەرگە مەحمود کاوانى هێندەى نەخایاند کەوتە بەر بۆردومانى فڕۆکە و بە خەستى بریندار بوو دواى چەند ڕۆژێک لە گواستنەوەى بۆ نەخۆشخانەى شۆڕش لە بێتواتە لەبەر سەختى برینەکەى لە ١ى ئەیلوولى ساڵى ١٩٦٢ ماڵئاوایی لە شۆڕش و نیشتمان کرد.           


سه‌رچاوه‌كان:

١- مسعود بارزانی، بارزانی و بزوتنەوەى ڕزگاریخوازی کورد، بەرگی سێیەم، بەشی یەکەم، شۆڕسی ئەیلوول ١٩٦١-١٩٧٥، چاپی یەکەم ٢٠٠٤.

٢- خورشید شێرە، خەبات و خوێن، بیرەوەریەکانی ساڵانی خەباتی پێشمەرگایەتی، چاپی سێیەم، هەولێر، ٢٠١٥.

٣- غازى عادل گەردى، پێشمەرگەیەک لە خزمەت ڕێبازى غازى عادل گەردى، پێشمەرگەیەک لە خزمەت ڕێبازى بارزانیدا حەجى بیڕۆخى، بەرگى یەکەم چاپى دووەم، تورکیا، ٢٠٢١.

٤- ئارى کەریم، چەند لاپەڕەیەکى زیندوو لە شۆرشى ئەیلوولدا، چاپخانەى خەبات، دهۆک ١٩٩٩.

٥- شەوکەت مەلا ئیسماعیل حسن، ڕۆژانێ لە مێژووى شۆرشى ئەیلوول، چاحى یەکەم، هەولێر، ٢٠٠٧.


بابەتی پەیوەندیدار

شەڕى پردەکەى چۆمى دەرەدوینە لە تەمووزى ١٩٦٣

ئه‌و شەڕە لە سەر ڕێگاى نێوان مەیدان و دەربەندیخان لە کاتێکدا ڕوویدا، کە هێزى پێشمەرگە ویستى ڕێگا لە کاروانێکى سەربازى سوپاى عێراق بگرێت کە بە ڕێگاى جەلەولا- دەربەندیخان بەرەو بەغدا تێدەپەڕی، لە شەڕەکەدا سوپاى عێراق و چەکدارانى بەکرێگیراو زیانێکى گیانى زۆریان پێکەوت، کاروانە سەربازیەکەش ڕۆژی یەکەم نەیتوانى تێپەڕێ بەڵکو بۆ ڕۆژى دوایی دەرباز بوو.

زانیاری زیاتر

شەڕی مەندیل

شەڕى مەندیل، هێرشێکى هێزى پێشمەرگەى کوردستان بۆ سەر بارەگاى فەوجى تایبەتى ٦ لە مەندیلى دوورى ٥ کم لە شارى چەمچەمال بوو کە لە شەوى ١٠ لەسەر١١ى کانوونى دووەمى ١٩٨٨، دواى شەڕێکى گەرم توانیان دەست بەسەر بارەگاى فەوجدا بگرن و ژمارەیەک چەکدار بکوژن و ژمارەیەکیش بەدیل بگرن هەروەها بڕێکى زۆرى چەک و تەقەمەنى و کەلوپەل و تفاقى سەربازى دەستکەوتى هێزى پێشمەرگە بوون.

زانیاری زیاتر

شەڕی بەرۆشکێ

شەڕى بەڕۆشکێ چالاکییەکى دیکەى هێزى پێشمەرگە بوو دژ بە دامودەزگا ئەمنیەکانى ڕژێمى بەعس، هێزێکى پێشمەرگەى لێژنەى ناوچەى دهۆک بە فەرماندەى محەمەد مراد، لە یەکێک لە شەوەکانى بەهارى ١٩٨٣ لە ناو شارى دهۆک بۆسەیەکیان دانایەوە،

زانیاری زیاتر

شەڕی باگێڕا ١٩٨٣

ئەو شەڕە چالاکییەکى دیکەى هێزێکى پێشمەرگەى کوردستان لە سنوورى لێژنەى ناوچەى دهۆکى پارتى دیموکراتى کوردستانە. لەو شەڕەدا ٢٥ پێشمەرگە لە شەوى ١٩ لەسەر٢٠ی نیسانی ١٩٨٣ لەسەر ڕێگاى باگێڕا–سوارەتوکا بۆسەیەکیان بۆ هێزەکانى سوپاى عێراق دانایەوە،...

زانیاری زیاتر

لێدانى ڕەبایەى گردى بیێ ١٩٨٥

لێدانى ڕەبایەى گردى بیێ چالاکییەکى هێزى پێشمەرگەى کوردستان بوو دژ بە هێزى سەربازی ڕژێمى بەعس، لە ٢٨ی ئابی١٩٨٥ هێزێکى پێشمەرگەى سەربە لێژنەى ناوچەى زاخۆى پارتى دیموکراتى کوردستان، هێرشیان کردە سەر بنکەى سەربازى گردی بیێ لە ناوچەى گولیاى دەڤەرى بادینا، بەڵام نەیانتوانى دەستى بەسەردا بگرن بەهۆى بوونى مینێکى زۆر لە دەوروبەری ڕەبایەکە و تەقینەوەی بە ژمارەیەک پێشمەرگەدا، زیانى زۆرى پێگەیاندن لە شەهید و بریندار، بەو هۆیەوە دەستیان لە گرتنى ڕەبایەکە هەڵگرت و تەرمى شەهید و بریندارەکانیان دەربازکردن.

زانیاری زیاتر