داستانی هەندرێن

یه‌كێك له‌و شه‌ڕه‌ گرنگانه‌ى سنوورى لیواى هه‌ولێر كه‌وا كاریگه‌رى ڕاسته‌وخۆى له‌سه‌ر گۆڕینى ڕه‌وتى ڕووداوه‌كان و شۆڕشى باشوورى كوردستان هه‌بوو، شه‌ڕى هه‌ندرێن بوو، دیاره‌ ئامانجه‌ ستراتیژییه‌كانى حكومه‌ت بۆ داگیركردنى چیاى هه‌ندرێن، بوونى چه‌قى سه‌ركردایه‌تى شۆڕشى كورد و باره‌گا و بنكه‌ى بڕیاردانى بارزانى له‌ ده‌ڤه‌رى باڵه‌كایەتى بوو.


یه‌كێك له‌و شه‌ڕه‌ گرنگانه‌ى سنوورى لیواى هه‌ولێر كه‌وا كاریگه‌رى ڕاسته‌وخۆى له‌سه‌ر گۆڕینى ڕه‌وتى ڕووداوه‌كان و شۆڕشى باشوورى كوردستان هه‌بوو، شه‌ڕى هه‌ندرێن بوو، دیاره‌ ئامانجه‌ ستراتیژییه‌كانى حكومه‌ت بۆ داگیركردنى چیاى هه‌ندرێن، بوونى چه‌قى سه‌ركردایه‌تى شۆڕشى كورد و باره‌گا و بنكه‌ى بڕیاردانى بارزانى له‌ ده‌ڤه‌رى باڵه‌كایەتى بوو، شەڕی چیاى هه‌ندرێن پارسه‌نگ و ته‌رازووى هێز بوو، له‌ نێوان له‌شكرى شۆڕشى كوردستان و سوپاى عێراقدا، گرتن و وه‌ده‌رنانى هێزى پێشمه‌رگه‌ له‌ چیاكه‌، مه‌ترسى ڕاسته‌وخۆى ده‌بوو له‌سه‌ر باره‌گاكانى بارزانى و باره‌گاكانى حیزبى شیوعى عێراقى، كه‌ باره‌گاى سه‌ره‌كیان له‌ ژێر بنار و سێبه‌رى چیاكه‌ بوو، به‌ هۆى ستراتیژى چیاكه‌، هه‌ر له‌ ساڵى ١٩٦٥ ه‌وه‌ حكومه‌ت له‌ هه‌وڵى ده‌ست به‌سه‌رداگرتنى دابوو.

لەلایەکى دیکەوە داگیركردنى هه‌ندرێن ماناى دابڕكردنى ناوچه‌كانى سۆران و بادینانى ده‌گه‌یاند، كه‌ ئامانجێكى دیاریكراوى حكومه‌ت تێیدا لێكترازاندنى بادینان بوو له‌ سه‌ركردایه‌تى شۆڕشى كورد كه‌ باره‌گاى سه‌ره‌كى لە دەڤەرى باڵەکایەتى بوو.

حكومه‌ت ناكۆكى و دووبه‌ره‌كى ناو پارتى به‌ هه‌ل زانى، کە پێشتر هەر ساڵى ١٩٦٤ ەوە سەرى هەڵدابوو، دواى جیابوونەوەیان خۆیان بەناوى باڵى مەکتەبى سیاسیى حزب ناساند و دواجار پەیوەندییان بە حکومەتەوە کردوو بوونە چەکدار و لایەنگرى حکومەت دژى شۆڕشى کورد بەسەرۆکایەتى بارزانى وەستانەوە. ئەمەش هاندەرێکى تر بوو بۆ ئەوەى حکومەت به‌ وره‌یه‌كى به‌رزتر و پلانێكى تۆكمه‌ هەوڵى كۆتایى هێنانى شۆڕش بدەن، ئه‌وه‌بوو هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاى ساڵى ١٩٦٦ ئاماده‌سازییان كردبوو بۆ ئه‌وه‌ى هێرشێكى چڕ و به‌ربڵاو بۆ سه‌ر كوردستان بکەن، تا ڕۆژانى ١٥ تا ١٦ى نیسانى ١٩٦٦ بۆ جێبه‌جێكردنى دیاری كرا.

جێگاى ئاماژه‌یه‌ داڕێژه‌رى پلانه‌كه‌ وه‌زیرى به‌رگرى لیوا عه‌بدولعه‌زیز عوقه‌یلی بوو، پلانه‌ سه‌ربازییه‌كه‌ش ناوى (توكلت على الله)ى لێنرابوو بوو، شایانى باسە حکومەت لە سەرکەوتنى ئەم پلانە تەواو پشتڕاست بوو هیچ گومانێکى لە ئەنجامى نەخشەکە نەبوو، تەنانەت  باڵوێزى عێڕاق لە تاران لە ڕۆژى (ج) دا کە ڕۆژى دەسپێکردنى هێرش بوو، یاداشتێکى دابوو بە حکومەتى ئێرانى، تێیدا داوا دەکا کە ڕێگا بە پاشماوەى هێزە یاخیبووەکان نەدا پاش تێشکاندنیان بێنە ناو خاکى وڵاتەکەیانەوە، بە شێوەیەکى تایبەتیش داواى کردبوو کە مافى پەنابەریەتى بە مەلا مستەفا بارزانى نەدرێت.

ئەمەش ئەوە دەگەینێ کە حکومەت بە هۆى پلانەکەیەوە لە خۆبایی ببوو، چونکە ئەو نەخشەیە کەسانى پسپۆڕ بە داڕشتنى هەڵستابوون و بەو پەڕى وردەکارییەوە تا دەگاتە بچوکترین خاڵ ڕێکیان خستبوو، ئەم هێرشەى کرا سەر چیاى هەندرێن تا ئەو ساتە حکومەت هێرشى وا بەرفراوانى بۆ سەر ناوچە ئازاد کراوەکان ئەنجام نەدابوو.

 پلانە سەربازییەکەیان بە شێوەیەک داڕشتبوو ڕۆڵى گرنگ بدرێته‌ باڵى مه‌كته‌بى سیاسیى جیابووه‌وه‌، هەروەها سوپا هێرش ده‌كاته‌ سه‌ر هه‌ردوو چیاى زۆزك و هه‌ندرێن له‌ ناوچه‌ى ڕواندز، به‌وه‌ش ناوچه‌كانى هه‌ولێر، سلێمانى و كه‌ركوك له‌ ناوچه‌كانى موسڵ، زاخۆ و دهۆك داده‌بڕێت. لە هەمان کات لێدانى هێزەکانى شۆڕش له‌ پشته‌وه‌ ده‌بێت له‌لایه‌ن باڵى مه‌كته‌بى سیاسیى جیابووه‌وه‌ و ئاغاكانى سه‌ر به‌ حكومه‌تى ناوچه‌كه‌ و پێشڕه‌وى كردنیان به‌ره‌و باره‌گاكانى بارزانى، هاوکات سه‌رۆكایه‌تى و سوپاسالارى عێراق له‌ ناو دوو فیرقه‌دا شه‌ش لیواى هه‌ڵبژارده‌ى بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ ئاماده‌ كردبوو.

ئه‌و پلانه‌ كارى بۆكرا و ڕۆژى ١٥ى نیسانى ١٩٦٦ دیاریكرا بۆ ئه‌نجامدانى هه‌ڵمه‌ت و هێرشه‌ به‌رفراوانه‌كه‌، به‌ڵام پلانه‌كه‌ دواخرا دواى ئه‌وه‌ى دوو ڕۆژ به‌ر له‌ واده‌ى جێبه‌جێكردنى پلانه‌كه‌ له‌ ١٣ى نیسانى ١٩٦٦عه‌بدولسه‌لام عارف له‌ كۆپته‌ره‌كه‌ى كه‌وته‌ خواره‌وه‌، مه‌رگى ناوبراویش بووه‌ هۆى دواخستنى پلانه‌كه‌، هه‌رچه‌نده‌ سه‌ركۆمارى نوێ عەبدولڕەحمان عارف کە دواى مەرگى براکەى حوکمڕانى عێراقى گرتە دەست، هه‌وڵى دانوستان و ڕێككه‌وتنى دا، به‌ڵام نه‌یتوانى به‌سه‌ر گه‌وره‌ ئه‌فسه‌رانى سوپا زاڵ بێت، ئه‌وان سووربوون له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنى پلانه‌ داڕێژراوه‌كه‌ كه‌ به‌ هه‌ڵواسراوى مابووه‌وه‌، له‌ ئاكامى گوشاره‌كان سەرۆک کۆمار به‌ جێبه‌جێكردنى پلانه‌كه‌ ڕازى کرا.

حكومه‌تى عێراقى بۆ هێرش کردنە سەر ناوچەى ڕواندز دوو فرقەى سەربازى ئامادە کردبوو، فیرقه‌ى یه‌ك پێكهاتبوو له‌ لیواكانى (١، ١٤، ١٥) و به‌ فه‌رماندارێتى زه‌كى حوسێن حیلمى بوو هێرشیان بۆ چیاى زۆزك برد، فیرقه‌ى دووش كه‌ هه‌ڵبژارده‌ بوو باره‌گاكه‌ى له‌ كه‌ركووك بوو، پێكهاتبوو له‌ لیواكانى (٣، ٤، ٥) به‌ فه‌رماندارێتى لیوا ڕوكن ئیبراهیم فه‌یسه‌ل ئه‌نسارى بوو له‌ سه‌ره‌تاى مانگى ئایار و له‌ شه‌وى ٢ لەسەر ٣دا، هێرشه‌ به‌رفراوانه‌كه‌یان به‌ هاوكارى ژماره‌یه‌كى زۆرى جاشه‌كان و پاڵپشتى تۆپخانه‌ و باڵه‌فڕه‌كان ده‌ستپێكرد سوپاى عێراق لە هەریەک لە بەرەکانى کۆڕەک، دۆڵى ئاکۆیان، زۆزک و هەندرێن پێشڕەوییان کرد، لەو هێرشانەدا توانیان چیاى هه‌ندرێن داگیربكه‌ن، ئه‌وسا ئه‌ركى پاراستنى ناوچه‌كه‌ هه‌مووى له‌سه‌ر له‌شكرى شۆڕشگێڕى كوردستان بوو، به‌ڵام چیاى هه‌ندرێن زۆرتر له‌ ئه‌ستۆى پێشمه‌رگه‌كانى حیزبى شیوعى عێراقى دابوو، له‌ به‌رانبه‌ردا چیاى زۆزك له‌ ئه‌ستۆى پارتى دا بوو، هێزه‌كانى خۆشناوه‌تى و ده‌شتى هه‌ولێر و هێزى بارزان و پێشمه‌رگه‌كانى ناوچه‌كه‌ به‌خوێن زۆزكیان پاراست دواى ئه‌وه‌ى شه‌ڕێكى قورس و به‌رگرییه‌كى سه‌ختیان له‌ چیاكه‌ كرد، سوپا نه‌یتوانى زۆزك داگیربكات، بە هۆى بەرگریکردنى چەند فەرماندەیەکى پێشمەرگە لەوانە حاجى بێڕۆخى و عەزیز خانى مهاجر لە گەرووى عومەر ئاغا و بنارى زۆزکەوە، هەروەها تۆپخانەى شۆڕش کە هەریەک لە حالى دۆلەمەرى و عومەر عوسمان پاڵپشتى هێزەکانى پێشمەرگە بوون.

هەر سەبارەت بەم شەڕە له‌ نامه‌یه‌كى ئیدریس بارزانى له‌ شه‌وى ١١ لەسەر ١٢ى ئایارى ١٩٦٦ بۆ مه‌سعود بارزانى ناردووه‌، ئاماژه‌ به‌وه ‌ده‌كات یه‌كێك له‌وانه‌ى ڕۆڵى گه‌وره‌ى بینى له‌ به‌رگریكردن له‌ چیاى زۆزك هێزه‌كه‌ى مام وسو دزه‌یی و فه‌رمانده‌ى به‌تالیۆنى هێزى سه‌فین مسته‌فا حاجى ئه‌مین بوو، كه‌ توانیان سه‌ره‌ڕاى هێرشه‌ گه‌وره‌كه‌ى سوپاى حكومه‌ت به‌ سه‌ختى داكۆكى بكه‌ن هاوكات بۆ به‌رپه‌چدانه‌وه‌ى هێرشه‌كه‌ هه‌ردوو فه‌رمانده‌ى به‌تالیۆنى هێزى ده‌شتى هه‌ولێر، هه‌ریه‌ك له‌ عه‌ریف عوسمان یوسف و حه‌سه‌ن عه‌لى، هەروەها هێزێک لە لەشکرى یەک بە سەرکردایەتى فارس کورەمارکى به‌شداریان كرد و ڕۆڵى دیارییان بینى، به‌مجۆره‌ توانرا به‌رگرى له‌ چیاى زۆزك بكرێ، به‌ڵام بێ به‌رگرییه‌كى وا سوپا توانی چه‌ندین شوێنى ستراتیژى سه‌ربازى له‌ چیاى هه‌ندرێن داگیربكا، له‌م سه‌ركه‌وتنه‌ به‌راییه‌ى حكومه‌ت له‌ هه‌ندرێن به‌ده‌ستى هێنا فەرماندەى لیوا سەعید حەمۆ گوتبووى:"ڕیشم به‌رده‌ده‌مه‌وه‌ و نایتاشم تا ده‌گه‌مه‌ گه‌ڵاڵه".

شایانى باسە ئیدریس بارزانى دواى ئەوەى لەلایەن مەلا مستەفاى بارزانى سەرپشک کرا و کرا سەرپەرشتیارى گشتى بەرەى شەڕ، ئەمە لەچەند نامەیەکى تایبەتى ئاڵوگۆڕکراو لەلایەن خۆى و فەرماندەکانى پێشمەرگە لە بەرەکانى شەڕ دەردەکەوێت، وەک لە نامەیەکى عزت سلێمان بەگى دەرگەڵە کە ئاراستەى ئیدریس بارزانى کردووە، نامەکە ڕێکەوتى (٥ى ئایارى ١٩٦٦) لەسەرە، تیایدا ئاگادارى دەکاتەوە لە بارودۆخى نالەبارى پێشمەرگەکان، داواى هەندێ پێویستى دەکات کە بۆیانى جێبەجێبکات، هەر ڕۆژى دواتر ئیدریس بارزانى وەڵامى دەداتەوە هەموو داواکارییەکانى کردبووى بۆیان جێبەجێدەکات، لە نامەیەکى ترى ئیدریس بارزانى کە بۆ هەر یەک لە ڕەئیس کەمال، ملازم ڕەحمان، سەعید ئەحمەد ئاغا مێرگەسۆرى، عەریف یونس، مام ئەلیاس، مام سەدیق و عزەت سلێمان بەگ دەگات، تیایدا داوایان لێدەکات: "هەرچى لە توانادا بێ و بەخوێنیش بێت، دەبێ هەندرێن وەربگیرێتەوە، چونکە هیچ ڕێگەیەکى دیکە لەبەردەمدا نییە"، لەلایەکى دیکەوە ئیدریس بارزانى بەهۆى ئەو بارودۆخە لە ناکاو و کتوپڕەى کە بە هۆى دەست بەسەرداگرتنى چیاى هەندرێنەوە هاتبووە پێشەوە، فاخیر حەمەد ئاغا مێرگەسۆرى وەکو بەرپرسى گشتى هێزى پێشمەرگە لە چیاى هەندرێن دەست نیشان دەکات و داوا لە هەموو فەرماندەکان دەکات بە هەموو ئیمکانیەتێکەوە پابەندى تەواوى ڕێنماییەکانى بن.

دواى چەند کۆبوونەوەیەک لە نێوان فەرماندەکانى لەشکرى شۆڕشگێڕى کوردستان، بڕیار دەدرێت بەرەى جەنگ بەو شێوەیە دابەشبکرێت کە پەلى عیسمەت دینۆ زاخۆیی بۆ بەرەى پشت گوندى بێشووک، لقى چوارى حزبى شیوعى بۆ بەرەى ئەشکەوتى شەهیدان، پەلێکى پێشمەرگە بە سەرکردایەتى ملازم ڕەحمان بۆ بەرەى قەڵاتگە و چەقەلى میر برایم، کۆتا بەرە لقى یازدەى حزبى شیوعى لەگەڵ بەتالێۆنى چوار کە یەکەمیان لەلایەن مام سەدیق و دووەمیان لەلایەن عزەت سلێمان بەگ دەرگەڵە سەرپەرشتى دەکران، لەگەڵیشیان دەستەیەک بە سەرپەرشتى ساڵح ئاکۆیی هاوکارى دەکردن.     

دواجار له‌ ١١ى ئایاردا مەلا مستەفاى بارزانى له‌گه‌ڵ فه‌رمانده‌كانى به‌ره‌ى شه‌ڕ كۆبوونه‌وه‌ى كرد، دواى دڵنیابوون له‌ سه‌ركه‌وتن، كاتژمێر چوارى دواى نیوه‌ڕۆى ڕۆژى دواتر، كاتژمێرى سفر بوو، هه‌ریه‌ك له‌ فاخیر حه‌مه‌د ئاغا مێرگه‌سورى و كه‌مال نوعمان و نوعمان علوان ناسراو به‌ ملازم خدر و عیزه‌تى سلێمان به‌گ فه‌رماندارێتى هێرشه‌كه‌یان كرد، دواى تۆپبارانكردنى خه‌ستى مۆڵگه‌كانى سوپاى عێراقى، هێرشه‌كه‌ ده‌ستپێكرا، پێشمه‌رگه‌ سه‌ركه‌وتنێكى گه‌وره‌ى تۆماركرد و زیانى سوپا تێكڕا ده‌وروبه‌رى ٤٠٠ كوژراو و ٦٠٠ بریندار بوو، له‌گه‌ڵ ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنى ڕێژه‌یه‌كى زۆرى چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نى به‌ هۆى زۆرى ژماره‌ى پێكراوانى سوپا، نەخۆشخانە مه‌ده‌نیه‌كانى هه‌ولێر و موسڵ و كه‌ركووك و سلێمانى پڕببوون له‌ ته‌رم و بریندارى شه‌ڕه‌كه‌ و هه‌ندێك له‌ قوتابخانه‌كانیش به‌مه‌به‌ستى خه‌واندنى زامداره‌كان چۆلكرابوون. شیاوى ئاماژەیە لەگەڵ ئەوەى پێشمەرگە سەرکەوتنێکى مەزنى تۆمارکرد، بەڵام بەهۆى ئەو ژمارەى زۆرەى کە لە ڕیزى سوپاى عێراقى کوژران و بوونە قوربانى سیاسەتى حکومەتى بەغدا، بارزانى پێى دڵخۆش نەبوو، چونکە ئارەزوى ئەوەى نەدەکرد خوێنى زۆر بڕژێت، هەروەها لەو باوەڕە دابوو چارەسەرى پرسى کورد لەگەڵ حکومەتى عێراقى لەڕێگەى دانوستان و گفتوگۆوە دەبێت.

زیانەکانى پێشمەرگە لە داستانى هەندرێن و زۆزکدا گیان لە دەستدانى ژمارەیەک فەرماندەو پێشمەرگە بوو لەوانە ناجى بێڕۆخى، ئەحمەد حاجى محەمەد، میخائیل...، عەریف یونس هەولێرى (سەرلق)، خدر عەوڵا بەگ دەرگەڵەیى (سەرلق) و ساڵح مام الیاس ڕەواندزى (سەرپەل) بوون. لەگەڵ بریندابوونى ٨ پێشمەرگە ئەوانیش عەلى هەینى دەرگەڵەیی، مستەفا قادر چاوڕەش، ئیسماعیل نەسڕوڵڵا ناسراو بە مەحمود دیکتاریۆف، حەسەنە شل قەرەچەتانى، حوسێن مەحمود کەلێتەیی، عومەر قەرەچەتانى، سەعید عەبدولڕەزاق دەرگەڵەیی و سەعید حەمەداغا مێرگەسۆرى... چەندانى تر.

دووباره‌ گرتنه‌وه‌ى ناوچه‌كان له‌ هێرشى پێشمه‌رگه‌دا به‌ شێوه‌یه‌كى سه‌رسوڕهێنه‌ر و به‌و زیانه‌ گه‌وره‌ مادى و گیانییه‌ى حكومه‌تى عێراقى له‌ شه‌ڕى هه‌ندرێن بەرى کەوت، کە كرده‌یه‌كى سه‌ربازى ناوازه‌ بوو. ته‌نانه‌ت نووسه‌رى فه‌ره‌نسى ڕێنیه‌ مۆرێس كه‌ خۆى له‌ ناوجه‌رگه‌ى شه‌ڕه‌كه‌ ژیابوو، به‌شێكى تایبه‌تى كتێبه‌كه‌ى بۆ ڕۆژى سه‌ركه‌وتنه‌كه‌ى پێشمه‌رگه‌ى ته‌رخان كردووه‌ و به‌ (ڕۆژى قیامه‌ت)ى ناوزه‌ند كردووە.

لە دواى تەواوبوونى شەڕى هەندرێن بە مەبەستى ڕێگەدان بە ناشتن و گواستنەوەى تەرمى کوژراوانى سوپاى عێراق، بارزانى پێشنیارى کرد بۆ ماوەى ٢٤ کاتژمێر ئاگر بەست ڕابگەیەنرێ، تاکو خاچى سوورى نێودەوڵەتى ئەو ئەرکە بەجێبگەیەنێ، ئەم بانگەوازەى بارزانى ڕووى ڕاستەقینەى شۆڕشى کوردستان دەردەخات کە شۆڕش پابەندى یاساى جەنگ و پەیمانە نێودەوڵەتییەکان دەبێت، ئەم بانگەوازەش جوانترین کاردانەوەى لە جنێف لێکەوتەوە.

سه‌ركه‌وتنه‌كه‌ بووه‌ هۆى ئه‌وه‌ى فه‌رمانده‌ باڵاكانى سوپا دانى پێدابنێن، بۆ نموونه‌ عه‌بدولعه‌زیز عوقه‌یلى وه‌زیرى به‌رگرى پێشوو، له‌ یه‌كه‌م كابینه‌ى عه‌بدولڕه‌حمان به‌زاز، كاتێك له‌ ٢١ لەسەر٢٢ى تشرینى یه‌كه‌مى ١٩٦٦ له‌ كۆبوونه‌وه‌كانى كۆشكى كۆمارى وتارێكى دوورودرێژى دا، سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى بارزانى و بزووتنه‌وه‌ى ڕزگاریخوازى كوردى و پێواژۆكه‌ مێژووییه‌كانى شۆڕشى كوردى به‌ چه‌ندین شێوه‌ تۆمه‌تبار كرد، له‌ به‌شێكى وتاره‌كه‌دا گووتى: "كاتێك پلانى هه‌ڵمه‌تى (به‌هار)مان داڕشت به‌ ئامانجى پێشڕه‌وى كردن بۆ ناوچه‌ى بارزان، سه‌ركه‌وتن مسۆگه‌ر بوو له‌ ماوه‌ى سێ مانگدا، ئه‌گه‌ر ڕه‌وشه‌كه‌ به‌رده‌وام بووایه‌ و له‌ به‌رپرسیارێتى مابووامه‌وه‌، له‌ ١٣ى نیسانى ١٩٦٦ كرده‌ى پێشڕه‌وى به‌ره‌و ناوچه‌ى بارزان سه‌ركه‌وتوو بوو، به‌ڵام مردنى سه‌ركۆمار عه‌بدولسه‌لام عارف ڕه‌وشه‌كه‌ى ئاوه‌ژوو كرده‌وه‌، به‌رپرسیارێتیمان ڕاده‌ستى خه‌ڵكانێكى تر كرد، سوپا شه‌ڕى هه‌ندرێنى به‌ شێوه‌یه‌كى زۆر نامۆ و چاوه‌ڕوان نه‌كراو دۆڕاند. ئه‌و شكسته‌ ئابڕوبه‌ره‌ وایكرد سه‌رۆك وه‌زیرانى پێشوو به‌یانى دوانزده‌ خاڵى ٢٩ى حوزه‌یرانى ١٩٦٦ ڕابگه‌یه‌نێ، له‌ ڕاستیدا به‌یانه‌كه‌ خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دانى ته‌واوى لایه‌نى حكومه‌ت بوو بێ ئه‌وه‌ى یاخیگه‌ران پابه‌ند بن پێى.

ئه‌گه‌رچى ناواخنى وتاره‌كه‌ له‌ سۆنگه‌ى به‌رگرى له‌ خۆكرنه‌وه‌ دێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ش داننانێكى ڕاشكاوانه‌یه‌ به‌ شكستى گه‌وره‌ى سوپاى عێراقى له‌ زمانى یه‌كێك له‌ دوژمنه‌ سه‌رسه‌خته‌كانى بزووتنه‌وه‌ى ڕزگاریخوازى كورد و چاره‌سه‌رى ئاشتیانه‌ى دۆزه‌ ڕه‌واكه‌ى.

شەڕى هەندرێن لە گرنگترین ئەو شەڕانە بوو، کە هێزى پێشمەرگەى کوردستان سەرکەوتنى باڵاى تیایدا بە دەست هێنا، لە درێژەى پێنج ساڵى شەڕى چەکدارانە لەگەڵ ڕژێمە جۆربەجۆرەکانى عێراقدا، کە ئەمە سەلماندى بزووتنەوەى ڕزگاریخوازى گەلى کورد توانیویەتى دەسەڵاتى خۆى لە جاران زیاتر بسەپێنێ بەو پێودانگەى هێزێکى سوپاییە و هۆکارێکە کە حکومەت ناتوانێ بەچاوى بایەخەوە لێى نەڕوانێ.

به‌مشێوه‌یه‌ به‌رگرى و هێرشى هاوبه‌شى حیزبى شیوعى و پارتى له‌ شه‌ڕى هه‌ندرێن نموونه‌یه‌كى جوانى خه‌باتى هاوبه‌شى  نیشتمانى بە کورد و عەرەبەوە نیشانى خه‌ڵكى كوردستاندا، چونکە به‌كردەوه‌ سوود له‌ هێزەکانى حیزبى شیوعى لە ناوچەکە وه‌رگیرا، وەک بەشێک لە بزووتنەوەى شۆڕشگێڕى کوردستان ڕۆڵى کارایان گێڕا، له‌ كاتێكدا پێشتر له‌ دواى ڕووخانى دەسەڵاتى عەبدولکەریم قاسم بنكه‌ و باره‌گاكانیان له‌لایه‌ن بارزانى و سه‌ركردایه‌تى سیاسیى كورد بۆ كرایه‌وه‌ و داڵده‌یان درا.


سه‌رچاوه‌كان:

١. شوان محەمەدئەمین تەها خۆشناو، هەولێر لە نێوان ساڵانى ١٩٦٣ – ١٩٧٠، چاپخانەى زانکۆى سەلاحەددین، هەولێر، ٢٠١٦، ل ٢١١.

٢. عه‌بدوڵا ئه‌حمه‌د ره‌سول پشده‌رى، یاداشته‌كانم، ب:٣، بڵاونه‌كراوه‌، ل٢٠٠ .

٣. گوینته‌ر دیشنه‌ر، كورد گه‌لى له‌ خشته‌براوى غه‌در لێ كراو، و: حه‌مه‌كه‌ریم عارف، ده‌زگاى ئاراس، هه‌ولێر، ٢٠٠٤، ل ل ٢٠٩-٢١٠؛ هاوکار کەریم حمە شریف، شۆڕشى ئەیلوول، چاپخانەى زانکۆى سەلاحەددین، هەولێر، ٢٠١٢، ل ١٩٥-١٩٨.

٤. عەبدولفەتاح عەلى بۆتانى، ڕۆژنامەى ئەڤرۆ، ژ:٥١، دهۆک، تەموزى ٢٠٠٤.

 ٥. ڕێنیە موریس، کوردستان یان نەمان، و: ئەبوبەکر ساڵح ئیسماعیل، چاپخانەى خانى، دهۆک، لە بڵاوکراوەکانى دەزگاى موکریانى، هەولێر، ٢٠٠٨، ل ١٨٧.

 ٦. مه‌سعود بارزانى، داستانى هه‌ندرێن سه‌ركه‌وتنى بێوێنه‌، رۆژنامه‌ى خه‌بات، ژ: ٣٤٦٥، ١٢/٥/٢٠١٠.

 ٧. مه‌سعود بارزانى، بارزانى و بزووتنه‌وه‌ى ...، به‌رگى سێیه‌م، به‌شى یه‌كه‌م، ل ل ٢١٥-٢١٧؛ مه‌غدید حاجى، یه‌كه‌مین قۆناغى شۆڕشى ئه‌یلول(١٩٦١-١٩٧٠)، گۆڤارى مێژوو، ژ: ١٤، هه‌ولێر، ٢٠١٠، ل١٠١-١٠٢.

 ٨. ئەرشیفی دەستەى ئینسکلۆپیدیاى پارتی دیموکراتی کوردستان.

 ٩. غازى عادل گەردى، پێشمەرگەیەک لە خزمەت ڕێبازى بارزانی دا... حاجى بێڕۆخى ١٩١٦ – ١٩٧٥، بەرگى یەکەم، تورکیا، ٢٠٢١، ل ٣٦٣.

 ١٠. کاروان جوهر محمد، ئیدریس بارزانى ١٩٤٤ – ١٩٨٧ ژیان و ڕۆڵى سیاسیی و سەربازى لە بزووتنەوەى ڕزگاریخوازى کورددا، چاپخانەى هێڤى، هەولێر، ٢٠١٩، ل ١٢٥ – ١٢٦.

 ١١. شیرزاد زکریا محمد، الحرکة القومیة الکردیة في كوردستان العراق ٨ شباط ١٩٦٣ – ١٧ تموز ١٩٦٨، دار سپيريز للطباعة والنشر، دهوك، ٢٠٠٦، ص ٢٦٦.

 ١٢. جعفر عباس حمیدی، المصدر السابق، الجز‌ء التاسع، ص ١٧٢ - ١٧٣.

 


بابەتی پەیوەندیدار

شەڕى گەلی قیرکی (سەرێ مەغارا) ١٩٨٥

شەڕى گەلی قیرکی چالاکییەکى پارتیزانى هێزى پێشمەرگەى کوردستان بوو لە سنوورى لێژنەى ناوچەى شێخانى پارتى دیموکراتى کوردستان، کاتێ کە هێرشیان کردە سەر ڕەبایەى گەلى قیرکی لە ٤ى حوزەیرانى ١٩٨٥، دواى شەڕێکى گەرم بەهۆى سەختى شوێنەکە و شەهیدبوونى بەرپرسى هێزەکان، هێزى پێشمەرگە دەستیان لە هێرشەکە هەڵگرت و شوێنەکەیان جێهێشت.

زانیاری زیاتر

لێدانى ڕەبایەى باتیفا سەیدا

ئەم شەڕە بریتى بوو لە چالاکییەکى پارتیزانى هێزێکى پێشمەرگە سەربە ڕیکخراوى ١٦ى ئابى پارتی دیموکراتى کوردستان لە باتیفا دژبە هێزێکى چەکدارانى بەکرێگیراو (جاش)، لە ڕۆژێکى ساڵى ١٩٨٧ هێرشیان کردە سەر ڕەبایەکە و بەماوەیەکى کەم دەستیان بەسەرداگرت و ١٠ چەکداریان بەدیل گرتن، ئەوانی دیکەش ڕایان کرد پاشان پێشمەرگەکان شوێنەکەیان جێهێشت و بێ زیان گەڕانەوە بنکەکانیان.

زانیاری زیاتر

شەڕى چیاى بەڕانشێ ١٩٨٦

شەڕى بەڕانشێ چالاکییەکى پارتیزانى هێزى پێشمەرگە بوو لەسەر ڕێگاى سەرەکى چیاى بەڕانشێ نزیک گوندى گرێ بیێ، لەو چالاکییەدا هێزێکى پێشمەرگەى ناوچەى زاخۆى پارتى دیموکراتى کوردستان لە ١٥ى تشرینى دووەمى ١٩٨٦ بۆسەیەکیان لەسەر ڕێگاى سەرەکى دانایەوە، بۆ لێدان لە ئۆتۆمبێلە سەربازییەکانى هێزەکانى ڕژێمى بەعسى داگیرکەر.

زانیاری زیاتر

شەڕى شیڤێ ١٩٨٧

شەڕى شیڤێ ڕووبەڕووبوونەوەى هێزى پێشمەرگە و هێزى چەکدارانى بەکرێگیراوى ڕژێمى بەعس لە ٢٥ى ئایارى ١٩٨٧، کە بە نیازى وێرانکارى و ڕوخاندنى گوندى شیڤێ هێرشیان کردە سەر گوندەکە، هێزى پێشمەرگەش بەرەنگاریان بووەوە و لە ماوەى دوو کاتژمێرى شەڕدا هێزى چەکدارانى بەکرێگیراو شکستیان خوارد و ڕایانکرد، چوار لاشەیان لە مەیدانى شەڕ بەجێهێشت.

زانیاری زیاتر

شەڕى گوندى بادێ ١٩٨٣

چالاکییەکى پارتیزانى هێزى پێشمەرگە دژى هێزەکانى ڕژێمى بەعسە، هێزێکى پێشمەرگەى لێژنەى ناوچەى دهۆک و ڕێکخراوەکانى هورمز مەلیک و تاهر زێوەیی لە شەوى ١١ لەسەر ١٢ى کانوونى یەکەمى ١٩٨٣ هێرشیان کردە سەر ڕەبایەى گوندى بادێ، لە ماوەیەکى کەمدا دەستیان بەسەرداگرت و ئاگریان تێبەردا، تەواوى سەربازانیان کوشت و چواریشیان بەدیل گرتن، پاشان شوێنەکەیان جێهێشت.

زانیاری زیاتر