داستانى باتوفە ١٩٦٢

لە دواى تێپەڕبوونى چەند مانگێک بەسەر هەڵگیرسانى شۆڕشی ئەیلوول، حکومەتى عەبدولکەریم قاسم زنجیرەیەک هێرش و پەلامارى بۆ سەر ناوچەکانى ژێر دەسەڵاتى شۆڕش دەستپێکرد، بە چاوساغى چەکدارانى بەکرێگیراو (جاش)، بەڵام پێشمەرگە هەموو جارێک بەرەنگاریان دەبووە و هێرش و پەلامارەکانى تێکدەشکاندن، داستانى باتوفە کە لە ٢١ى ئایارى ١٩٦٢ ڕوویدا ماوەى ٤٥ ڕۆژ بەردەوامى هەبوو، لە ئەنجامدا حکومەت بە کۆڵێک کوژراوى ئەفسەر و سەرباز بێ دەستکەوت کشایەوە دواوە.


ناوچەى باتوفە یەکێک بوو لەو شوێنانەى کە هەر لە سەرەتاى سەرهەڵدانى شۆڕشەوە کەوتە بەر پەلامارەکانى سوپاى عێراق، هێرشەکانى سوپاى عێراق بۆ سەر ئەو ناوچەیە لە مانگى ئایارى ١٩٦٢ دەستیان پێکرد، کە ژمارەیەکى زۆرى سەرباز و جاش بە پاڵپشتى تانک و تۆپ و زریپۆش و هێزى ئاسمانى بە فەرماندەیى عەقید مەجید ئەلسەبعاوى کە فەرماندەى هێزەکانى حکومەت بوو لە بادینان، ئەم هێرشەى حکومەت لە ٢١ى ئایار لە زاخۆوە جووڵەى پێکرا بە مەبەستى دەستگرتن بەسەر بارەگاى هێزى یەک لە دەڤەرى بەرواریان، ئەمە لە کاتێکدا بوو کە پانتاییەکى گەورەى جوگرافى بادینان کەوتبووە ژێر دەستى شۆڕش، هەروەها بارزانى ڕێبەرى شۆڕش بەرەو دەڤەرى سۆران بەڕێکەوتبوو بۆ ئەوەى شۆڕش بگەیەنێتە سەرجەم ناوچەکانى دیکە، هێزى پێشمەرگەى کوردستان کە لەو ماوەیەدا لە شێوەى دەستە و قۆڵ ڕێکخرابوو، بە چەکى سووک، كه‌ له‌ سەرەتای ده‌سپێكی شۆڕشەوە بریتى بوون لە تفەنگى ئینگلیزى بڕنەو بەرەنگارى سوپاى زەبەلاح و پڕ چەکى پێشکەوتووی عێراق دەبوونەوە، ناوچەى زاخۆ لەلایەن فەرماندەى هێز عیسا سوار و یاریدەدەرەکەى عەلی هالۆ عەلی محەمەد بەڕێوەدەبرا.

ئەو هێرش و پەلامارانەى سوپاى عێراق بۆ ماوەى ٤٥ ڕۆژ بەردەوامى هەبوو، کە هێرش بەدواى هێرشى دەهێنا، بەڵام نەیتوانى هێزەکانى لە ڕێگاى گشتى زاخۆ – باتوفە لابدا بۆ گوندەکانى دەوروبەر. لە گەرمەى ڕۆژانى شەڕدا سەربازێک بە تۆپێکى هاوەنى (عقدە ٣) پەیوەندى بە ڕیزەکانى شۆڕشەوە کرد، ئاراستەى لولەى هاوەنەکەى گۆڕی و ڕووى کردە سوپاى عێراق و دەستى کرد بە تۆپباران کردنیان، ڕاستەوخۆ هاوسه‌نگی شەڕەكە گۆڕا بگرە کاریگەرى لەسەر فڕۆکەکانیش هەبوو کاتێک سەربازەکانیان دەگواستەوە بەرەکانى شەڕ، تۆپبارانى شوێنى نیشتنى فڕۆکەى دەکرد، ئەمە واى کردبوو بە ئاسانى نەتوانن ئەو کارە بکەن کە دابەزاندنى هێزى سەربازى بوو.  

لەو شەڕەدا سوپاى عێراق زیاتر لە دە هێرشى کردە سەر گوندەکانى کەلخوار و دەحلى و خێزاو، بەڵام نەیتوانى دەستى پێیان بگات، بۆیە بە خەستى دەستى کرد بە تۆپباران کردنیان، لە ئەنجامى ئەو تۆپبارانەدا زیانى زۆر بە گوندنشینان کەوت لە ڕووخان و سووتانى ماڵەکانیان و چۆڵکردنى گوندەکان بۆ پاراستنى گیانیان، هەروەها چەکدارە بەکرێگیراوەکان (جاش) هێرشیان کردە سەر گوندى بێغەبارى هەرچەندە گوندەکە چۆل کرابوو، بەڵام هێزى پێشمەرگە نەیانهێشت دەستیان پێ بگات و هێرشەکەیان تێکشکاند، ئەگەرچى دوو خانووى گوندەکە له‌لایه‌ن به‌كرێگیراوه‌كان سووتێنران.

کاتێك هێرشى سوپا گەیشتە گوندى ئاڤا گەنینێ نزیک باتوفە هێزى پێشمەرگە بە فەرماندەیی عیسا سوار پەیمانیان دا کە بەهیچ شێوەیەک نەیەڵن ئامانجه‌كانیان بێننەدی، هەرچەندە هێزەکانى حکومەت گەیشتنە سەربازگەى باتوفە، بەڵام پێشمەرگە نەیهێشت زیاتر پێشڕەوى بکەن، زۆر هەوڵیاندا دووریان بخەنەوە، بەڵام نەیانتوانى و ناچار بوون گەمارۆیان بخەنە سەر، دواى ئەوەى هێزەکانى حکومەت زۆر هەوڵیاندا گەمارۆیەکە بشکێنن و پلانەکەیان جێبەجێ بکەن بەڵام هه‌وڵه‌كانیان بێهووده‌ بوو، شەڕ لە نێوانیاندا بەردەوامى هەبوو لە ئەنجامدا فەرماندەى هێزەکانى حکومەت عەقید مەجید ئەلسەبعاوى خۆی و ژمارەیەک سەرباز کوژران، دواى کوژرانى فەرماندەکەیان و مانەوەى هێزەکانى حکومەت لە ناوچەکە بۆ ماوەى ٢١ ڕۆژ پێشمەرگە ڕێگەی پێدان کە بەرەو زاخۆ بگەڕێنەوە، دواى پاشەکشەکردنى هێزەکانى حکومەت مەترسی لەسەر بارەگاى هێزى یەکى زاخۆ ڕەویەوە.

لەو هێرشەى سوپاى عێراق کە ماوەى ٤٥ ڕۆژى خایاند زیانى زۆرى پێکەوت کە بە ٢٠٠ کوژراو و بریندار مەزەندە دەکرا لە ناویاندا مەجید ئەلسەبعاوى و چەند ئەفسەرێکى تر هەبوون، هەروەها تێکشکانى ژمارەیەک ئۆتۆمبێلى سەربازى و خستنە خوارەوەى فڕۆکەیەک لە نزیک گوندى ئاڤاگەنینێ، زیانی پێشمەرگەش دواى کۆتایی هاتنى شەڕەکە شەهیدبوونى ٥ پێشمەرگە بوو، هەروەها شەهیدبوونى دوو هاووڵاتى کە لە هێزى بەرگرى میللى بوون پاڵپشتى پێشمەرگەیان دەکرد.               


سەرچاوەکان:

١- ئارى کەریم، چەند لاپەڕەیەکى زیندوو لە شۆڕشی ئەیلوولدا، چاپخانەى خەبات، دهۆک ١٩٩٩.

٢- مسعود بارزانی، بارزانی و بزوتنەوەى ڕزگاریخوازی کورد، بەرگی سێیەم، بەشی یەکەم، شۆڕسی ئەیلوول ١٩٦١-١٩٧٥، چ: یەکەم ٢٠٠٤.

٣-هۆژین مەسعود سەرنى، شورەشا ئیلونێ ل دەڤەرا بەهدینان ١٠٦١- ١٩٧٥، چاپى یەکەم، ٢٠١٨.

٤- حاجى میرخان دۆڵەمەرى، گەڕان بەدواى دادپەروەریدا، بەرگى یەکەم، چاپى دووەم، چاپخانەى اسراء، تاران، ٢٠٢١.

٥- شەوکەت مەلا ئیسماعیل حسن، ڕۆژانێ لە مێژووى شۆرشى ئەیلوول، چاحى یەکەم، هەولێر، ٢٠٠٧.


بابەتی پەیوەندیدار

لێدانى ڕەبایەى گردى بیێ ١٩٨٥

لێدانى ڕەبایەى گردى بیێ چالاکییەکى هێزى پێشمەرگەى کوردستان بوو دژ بە هێزى سەربازی ڕژێمى بەعس، لە ٢٨ی ئابی١٩٨٥ هێزێکى پێشمەرگەى سەربە لێژنەى ناوچەى زاخۆى پارتى دیموکراتى کوردستان، هێرشیان کردە سەر بنکەى سەربازى گردی بیێ لە ناوچەى گولیاى دەڤەرى بادینا، بەڵام نەیانتوانى دەستى بەسەردا بگرن بەهۆى بوونى مینێکى زۆر لە دەوروبەری ڕەبایەکە و تەقینەوەی بە ژمارەیەک پێشمەرگەدا، زیانى زۆرى پێگەیاندن لە شەهید و بریندار، بەو هۆیەوە دەستیان لە گرتنى ڕەبایەکە هەڵگرت و تەرمى شەهید و بریندارەکانیان دەربازکردن.

زانیاری زیاتر

لێدانى ڕەبایەى شکێرا ١٩٨٦

لێدانى ڕەبایەى شکێرا چالاکییەکى هێزى پێشمەرگەى کوردستان بوو دژ بە هێزى چەکدارانى بەکرێگیراو (جاش)، لە ١٩ى کانوونى دووەمى ١٩٨٦ هێزێکى پێشمەرگەى ڕێکخراوەکانى سەر بە لێژنەى ناوچەى زاخۆى پارتى دیموکراتى کوردستان هێرشیان کردە سەر ڕەبایەى شکێرا لە ناوچەى گولی دەڤەرى بادینان، توانیان دەست بەسەر ڕەبایەدا بگرن و زیانێکى زۆرى گیانى و ماددى بە چەکدارانى بەکرێگیراو بگەیەنن.

زانیاری زیاتر

لێدانى ڕەبایەى ماسیکێ ١٩٨٣

لێدانى ڕەبایەى ماسیکێ یەکێک لە چالاکییەکانى پارتیزانى هێزى پێشمەرگە دژى هێزى سەربازى ڕژێمى بەعس بوو، کە هێرشیان کردە سەر بنکەیەکى سەربازى عێراقى لە ناوچەى شێخانى دەڤەرى بادینا لە حوزەیرانى ١٩٨٣، لە ماوەیەکى کەمدا توانیان دەست بەسەر بنکە سەربازیەکە و چەک و تەقەمەنیدا بگرن و دوو سەربازیش بەدیل بگرن، پاشان کە چالاکییەکەیان بەسەرکەوتووى ئەنجامدا شوێنەکەیان بەجێهێشت.

زانیاری زیاتر

بۆسەى گوندى بەربانکێ ١٩٨٨

بۆسەى گوندى بەربانکێ چالاکییەکى هێزى پێشمەرگەى کوردستان بوو دژى هێزەکانى ڕژێمى بەعس، لە ١٢ی شوباتی ١٩٨٨ لە نزیک گوندى بەربانکێ ڕێگای نێوان بامەڕنێ و سکرینێ بۆسەیەکیان بۆ هێزەکانى حکومەت دانایەوە، ئۆتۆمبێلێکى هێزە ئەمنییەکان کەوتە بۆسەکەوە و تەواوى سەرنشینانى کوژران و بەدیل گیران، دواى تەواوبوونى چالاکییەکە، هێزەکەى پێشمەرگە شوێنەکەیان جێهێشت و گەڕانەوە.

زانیاری زیاتر

شەڕى گەلی قیرکی (سەرێ مەغارا) ١٩٨٥

شەڕى گەلی قیرکی چالاکییەکى پارتیزانى هێزى پێشمەرگەى کوردستان بوو لە سنوورى لێژنەى ناوچەى شێخانى پارتى دیموکراتى کوردستان، کاتێ کە هێرشیان کردە سەر ڕەبایەى گەلى قیرکی لە ٤ى حوزەیرانى ١٩٨٥، دواى شەڕێکى گەرم بەهۆى سەختى شوێنەکە و شەهیدبوونى بەرپرسى هێزەکان، هێزى پێشمەرگە دەستیان لە هێرشەکە هەڵگرت و شوێنەکەیان جێهێشت.

زانیاری زیاتر