خانەمیر مستەفا عومەر باوەیی، ساڵی ١٩٣٢ لە گوندی باوە قەزای مێرگەسوور پارێزگاى هەولێر لەدایکبووە. ساڵى ١٩٤٥ لەگەڵ خانەوادەى ئاوارەى وڵاتى ئێران بووە، ساڵى ١٩٤٧ گەڕاوەتەوە باشوورى کوردستان، ماوەیەک لە سیمى دیانا ڕاگیراون، دواتر گەڕاوەتەوە گوندى شێخ سیدا لە قەزاى مێرگەسۆر.
ساڵى ١٩٦١ پەیوەندى بە هێزى پێشمەرگەى شۆڕشی ئەیلوول کردووە و لەلایى حەمەدئەمین میرخان مێرگەسۆرى بۆتە پێشمەرگە و بەشدارى شەڕى زاویتەى کردووە، ساڵى ١٩٦٢ لە شەڕی چیاى گۆڕەز بریندار بووە، ساڵى ١٩٦٣ بەشدارى شەڕى بەردى سپینگى کردووە، هەمان ساڵ هاتۆتە دەڤەرى باڵەکایەتى و بەشدارى شەڕى بەرزێوە و دیاناى کردووە دژى لەشکرکێشى سوپاى عێراق بۆ دەڤەرى باڵەکایەتى. ساڵى ١٩٦٩ بۆتە پاسەوانى ئیدریس بارزانى.
ساڵى ١٩٧٦ پەیوەندى بە هێزی پێشمەرگەى شۆڕشی گوڵان کردوەتەوە و ماوەى شەش مانگ هاتۆتەوە بۆ ناوچەى کەتینە، ساڵى ١٩٩١ لەگەڵ نێچیرڤان بارزانى گەڕاوەتەوە باشوورى کوردستان و بەشدارى ڕاپەڕینى شارى سلێمانى و دەڤەرەکانى ئەو پارێزگایەی کردووە. ساڵى ١٩٩٢ پەیوەندى بە هێزی پێشمەرگەى پارتی دیموکراتى کوردستانى کردووە و بەشدارى شەڕەکانى بەرگریکردنى لە سەروەرى یاسا کردووە، ساڵى ١٩٩٨ لە دەڤەرى بالیسان بریندار بووە.
لە ١٦ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٠، لە کۆنگرەی ١٣ی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەهۆی خزمەتەکانى کە بە کورد و کوردستانی کردوون، لەلایەن سەرۆک مەسعود بارزانی میدالیای بارزانی نەمری پێ بەخشراوە.
سەرچاوە:
ئەرشیفى دەستەى ئینسکلۆپیدیاى پارتى دیموکراتى کوردستان.
