ژیاننامه
حیلمی عەلی شه‌ریف ساڵی ١٩٣٠ لە شاری سلێمانی له‌دایكبووە. ساڵی ١٩٤٨ له خۆپیشاندانی دژ به په‌یماننامه‌ی پۆرتسموسی نێوان شانشینی بریتانیا و شانشینی عێراق له شاری سلێمانی به‌ند كراوه و ڕه‌وانه‌ی به‌ندیخانه‌ی به‌عقوبه كراوه و دواتر ئازاد كراوه و به دوورخراوه‌یی له‌و شاره ماوه‌ته‌وه، ساڵی ١٩٤٩ وه‌ك دوورخراوه‌یه‌ك قۆناغی ئاماده‌یی له شاری به‌عقوبه ته‌واو كردووه.
ساڵی ١٩٤٩ له كۆلێژی ئه‌ندازیاریی زانکۆی به‌غدا وه‌رگیراوه. ساڵی ١٩٦٨ له كۆلێژی زانسته ڕامیارییه‌كانی زانكۆی به‌غدا وه‌رگیراوه، ساڵی ١٩٧٦ به‌كالۆریۆسی له به‌شی یاسا له زانكۆی موسته‌نسه‌رییه‌ی شاری به‌غدا وه‌رگرتووه، له ٤ی ته‌ممووزی ١٩٩٨ له شاری به‌غدا به هۆی نه‌خۆشییه‌وه كۆچی دوایی كردووه و له گۆڕستانی سه‌یوانی شاری سلێمانی به خاك سپێردراوه، شاره‌زای زمانه‌كانی كوردی و عه‌ره‌بی بووه.
خه‌باتنامه
حیلمی عه‌لی شه‌ریف ساڵی ١٩٥٠ بە هۆی چالاكی ڕامیارییەوە بۆ ماوه‌ی دوو ساڵ له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی پاشایه‌تی عێراقەوە به‌ند كراوه، ساڵی ١٩٥١ له نێو ڕیزه‌كانی پارتی دیموكراتی كورد، لە هه‌وادارانی باڵی پارێزه‌ر هه‌مزه عه‌بدوڵا عومه‌ر (١٩١٥ـ ١٩٩٨) بووه. ساڵی ١٩٥٣ له ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ری یه‌كێتی قوتابیانی كوردستان بووه و هەمان ساڵ ئه‌ندامی لێژنه‌ی ئاماده‌كاری كۆنگره‌ی یه‌كه‌می یه‌كێتی قوتابیانی كوردستان بووه و له كۆنگرەدا به ئه‌ندامی ده‌سته‌ی كارگێڕی هه‌ڵبژێردراوه.
ڕۆژی ١٦ی ته‌ممووزی ١٩٥٨ له شاری سلێمانی به‌شداریی كۆبوونه‌وه‌ی ناردنی شاندێكی كوردی بۆ وه‌زاره‌تی به‌رگری عێراق و پشتگیری ڕووخانی پاشایه‌تی عێراق به ده‌ستی سوپا و جاڕدانی كۆماری عێراقی كردووه، هەمان ساڵ كراوه‌ته به‌رپرسی لێژنه‌ی ناوچه‌ی خانه‌قینی پارتی دیموكراتی یه‌كگرتووی كوردستان، له ٨ی كانونی دووه‌می ١٩٦٠ ئه‌ندامی ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ری پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ قۆناغی كاری ئاشكرا بووه و ساڵی ١٩٦٠ و لە کۆنگرەی پێنجه‌مدا به ئه‌ندامی یه‌ده‌گی كۆمیته‌ی ناوه‌ندیی پارتی دیموكراتی كوردستان هه‌ڵبژێردراوه.
ساڵی ١٩٦١ لێپرسراوی هێزی پێشمه‌رگه‌ی گه‌رمیان و گه‌رمه‌سێر بووه، ساڵی ١٩٦٣ فه‌رمانده‌یی شه‌ڕی گوندی هۆرین له ده‌ڤه‌ری خانه‌قینی سه‌ر به پارێزگای دیالەی له دژی چه‌كداره‌كانی حزبی شیوعی عێراق كردووه، هەمان ساڵ له دژه‌هێرشی هێزه چه‌كدارەکانی حزبی شیوعی عێراق له دەربهندی بێلوولهی ده‌ڤه‌ری خانه‌قین بریندار بووه و ناچار بووه پاشەکشێ بکات، ساڵی ١٩٦٣ به‌رپرسی ئێزگه‌ی ڕادیۆی ده‌نگی كوردستان له گردەڕهشی سنووری پارێزگای سلێمانی بووه.
ساڵی ١٩٦٤ و له کۆنگرەی شه‌شه‌می پارتی دیموكراتی كوردستان دا، له‌به‌ر پشتگیری له تاقمی مه‌كته‌بی سیاسی و لادان له په‌یڕه‌و له ڕیزه‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستان دوورخراوە و هەمان ساڵ له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی تاقمی مه‌كته‌بی سیاسی به‌ره‌و هه‌مه‌دان له وڵاتی ئێران ڕۆیشتووه و هەتا ساڵی ١٩٦٥ له‌وێ ماوه‌ته‌وه و دواتر به‌ر به‌خشینی سه‌رۆك مەلا مستەفا بارزانی (١٩٠٣-١٩٧٩) كه‌وتووه و گه‌ڕاوه‌ته‌وه باشووری كوردستان.
له ٢٨ی كانوونی دووه‌می ١٩٦٦ له‌گه‌ڵ جەلال تاڵەبانی (١٩٣٣-٢٠١٧) و پارێزه‌ر عومه‌ر مسته‌فا و عه‌لی عه‌سكه‌ری له سنووری پارێزگای سلێمانییەوە به شێوه‌یه‌كی نهێنی ڕووی كردووه‌ته سنووری ژێر ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌تی عێراق و دژ به هێزی پێشمه‌رگه‌ی شۆڕشی ئەیلوول وهستاوەتەوە و فه‌رمانده‌ی هێزێكی چه‌كداریی گروپی ئیبراهیم ئه‌حمه‌د و جه‌لال تاڵه‌بانی كردووه كه له‌لایه‌ن سوپای عێراقه‌وه چه‌كدار كرابوون بۆ هێرشكردنه سه‌ر سه‌نگه‌ری پێشمه‌رگه‌ی شۆڕشی ئەیلوول له سنووری پارێزگای سلێمانی و له سه‌ره‌تادا سه‌رده‌كه‌ون بەڵام دواتر ده‌شكێن.
ساڵی ١٩٦٦ بە مه‌به‌ستی په‌یوه‌ندیکردن به جه‌لال تاڵه‌بانییه‌وه له‌ڕێی هه‌لیكۆپته‌ره‌وه له‌گه‌ڵ عه‌بدولخالق سامه‌ڕاییدا سه‌ردانی گوندی كهڵۆشی كردووه، له ١٩ی حوزه‌یرانی ١٩٦٦ له شاری به‌غدا بە جیا چاوی به دكتۆر عه‌بدولڕه‌حمان به‌زاز (١٩١٤-١٩٧٣)ی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق و لیوا ڕوكن عه‌بدولڕه‌حمان محه‌مه‌د عارف (١٩١٦-٢٠٠٧)ی سه‌رۆك كۆماری عێراق كه‌وتووه به مه‌به‌ستی هاوكاری سوپای عێراق له دژی هێزی پێشمه‌رگه‌ی شۆڕشی ئەیلوول.
له ٢٧ی كانوونی یه‌كه‌می ١٩٧٠ به‌شداری دواگردبوونهوهی گروپی ئیبراهیم ئه‌حمه‌د و جه‌لال تاڵه‌بانیی كردووه و پارتی دیموكراتی كوردستان ئاماده نه‌بوو جارێكی‌تر له ڕیزه‌كانی وه‌ریگرێته‌وه، ساڵی ١٩٧٢ بووه‌ته ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی حزبی شۆڕشگێڕی كوردستانی سه‌ر به ڕژێمی حزبی به‌عسی عه‌ره‌بی سۆسیالیستی. له ٤ی ته‌موزی ١٩٩٨ له شاری به‌غدا به هۆی نه‌خۆشییه‌وه كۆچی دوایی كردووه.
له به‌رهه‌مه‌كانی:
- داستانی نه‌ورۆز و نه‌ورۆزی كوردستان ـ ١٩٩١.
- جیۆپۆلیتیكس و ده‌وڵه‌ت و سیاسه‌تی ده‌ره‌وه و چاره‌نووسی جیهانی ـ ١٩٩٥.
- دوو لێكۆڵینه‌وه‌ی سیاسی ـ ٢٠٠١.
- به‌راوردێك له نێوان ١٩٦٦ و ١٩٩٦ ـ بێ ساڵ.
- بیروباوه‌ڕ و كرده‌وه‌كانی گۆرباشۆف له‌تای ته‌رازوودا ـ ٢٠١٤.
سه‌رچاوه‌كان:
- ئەرشیفی دەستەی ئینسکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.
- مێژووی پارتی دیموکراتی کوردستان، كۆنگره و كۆنفرانس (پرۆگرام و په‌یڕه‌وی ناوخۆ)، ده‌سته‌ی ئینسكلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان، به‌رگی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر- چاپخانه‌ی رۆكسانا- ٢٠٢١).
- علي سنجاري، القضیة الكوردیة وحزب البعث العربي الأشتراكي في العراق، الجز‌ء الثالث، (دهوك ـ مطبعة خاني ـ ٢٠١٢م).
- كریس كوچرا، جنبش ملی كرد، ترجمهی ابراهیم یونسی، چاپ دوم، (تهران ـ موسسه انتشارات نگاه ـ ١٣٧٧ھ . ش).
- شوان محه‌مه‌دئه‌مین ته‌ها خۆشناو، هه‌ولێر له نێوان ساڵانی (١٩٥٨ ـ ١٩٦٣) لێكۆڵینه‌ویه‌كه له بارودۆخی سیاسی، (هه‌ولێر ـ چاپخانه‌ی ڕۆژهه‌ڵات ـ ٢٠١٢ز).
- شوان محه‌مه‌دئه‌مین ته‌ها خۆشناو، هه‌ولێر له نێوان ساڵانی ١٩٦٣ ـ ١٩٧٠ لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی مێژووییه له بارودۆخی سیاسی، (هه‌ولێر ـ چاپخانه‌ی زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین ـ ٢٠١٦ز).
- جه‌مال نه‌به‌ز، بیره‌وه‌ریینامه‌ی ئه‌و ڕۆژانه‌ی جاره‌كی دیی ناگه‌ڕێنه‌وه، (سلێمانی ـ چاپخانه‌ی شڤان ـ ٢٠١٧ز).
- شوكت خزندار، سفر ومحطات الحزب الشیوعي العراقي ... رؤیة من الداخل، (بیروت ـ دار الكنوز الأدبیة ـ ٢٠٠٥م).
- اخراج طالبانی و حلمی شریف، روزنامه اطلاعات، شماره ١٢٠١٦، تهران، شنبه، ١١ تیر ١٣٤٥ ھ . ش، ص ٣.
- حبیب محمد كریم، تاریخ الحزب الدیمقرطي الكوردستاني ـ العراق (في محطات رئیسیة)، ١٩٤٦ ـ ١٩٩٣، (دهوك ـ مطبعة خه‌بات ـ ١٩٩٨م).
- حیلمی عه‌لی شه‌ریف، دوو لێكۆڵینه‌وه‌ی سیاسی، (سلێمانی ـ ده‌زگای چاپ و په‌خشی سه‌رده‌م ـ ٢٠٠١ز).
- مسعود البارزاني، البارزاني والحركة التحرریة الكردیة، المجلد الثالث، (أربیل ـ مطبعة وزارة التربیة ـ ٢٠٠٢م).
- مه‌حمود عوسمان، شۆڕشی كوردستان، (شوێن نادیار ـ پارتی دیموكراتی كوردستان ـ مه‌كته‌بی سیاسی ـ ١٩٧٠ز).
- علي سنجاري، القضیة الكوردیة وحزب البعث العربي الأشتراكي في العراق، الجز‌ء الثالث، (دهوك ـ مطبعة خاني ـ ٢٠١٢م).