جەمال ئەفنەس

جەمال ئەفنەس، ساڵی ١٩٥٣ لە شاری هەولێر لە دایکبووە، ساڵی ١٩٨٣ پەیوەندى بە هێزى پێشمەرگەى شۆڕشى گوڵان کردووە، ساڵی ١٩٩١ بەشدارى ڕاپەڕینە جەماوەرییەکەی خەڵکی کوردستانى کردووە. لە ٣١ی ئاداری١٩٩١ شەهید بووە.


شەهید جەمال عەبدولکەریم ناسراوە بە )جەمال ئەفنەس)، ساڵی ١٩٥٣ لە گەڕەکی ئیسکانی شاری هەولێر لە دایکبووە، تا قۆناغی سەرەتایی خوێندووە، دانیشتووی شاری هەولێر بووە، ساڵى ١٩٧٥ دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول، جەمال و تەواوی بنەماڵەکەی ئاوارەی وڵاتی ئێران بوونە و لە شاری شنۆ نیشتەجێ بوونە. جەمال ئەفنەس خێزاندار بووە و خاوەنی حەوت کوڕ و پێنج کچ بووە.

جەمال ئەفنەس ساڵی ١٩٨٣ لە بەتالیۆنی کەریم ئەفنەسی باوکی کە لەوکاتەدا فەرماندەی بەتالیۆنی هێزی بروسکی پارتی دیموکراتی کوردستان بووە بۆتە پێشمەرگە، بەشداری کۆمەڵێک چالاکی پارتیزانی ناو شاری هەولێری کردووە کە زۆرینەی چالاکییەکانی بە فەرمانی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان بووە، هەروەها پلەی فەرماندەی مەفرەزەی پارتیزانی هێزی بروسکی وەرگرتووە.

جەمال ئەفنەس ساڵی ١٩٩١ بەشدارى ڕاپەڕینە جەماوەرییەکەی خەڵکی کوردستان و ئازادکردنی شەقڵاوە، کۆڕێ، هەولێر، پردێ، کەرکووک کردووە.

لە ٣١ی ئاداری١٩٩١ دوای کشانەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لە شاری کەرکووک جەمال ئەفنەس و مەفرەزە ١٦ کەسیەکەی لە پشت ناحیەی بەحرکەی نزیک شاری هەولێر کەوتوونەتە بۆسەی سەربازی ڕژێمی بەعس و دوای ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵیاندا جەمال ئەفنەس و هەر ١٦ هاوسەنگەرەکەی شەهید بوونە.


سەرچاوە:

١- ئەرشیفى دەستەى ئینسکلۆپیدیای پارتى دیموکراتى کوردستان.


بابەتی پەیوەندیدار

وەحید بایزدین تەها

وەحید بایزدین تەها، ساڵی ١٩٤٥ لە گوندی موکا پارێزگای هەولێر لە دایک بووە. ساڵی ١٩٦١ بۆتە پێشمەرگە. ساڵی ١٩٦٨ شەهید بووە لە گوندی قومری لە ناوچەی بەرواری بە خاک سپێردراوە.

زانیاری زیاتر

لوقمان عەزو محەمەد

لوقمان عەزو محەمەد ساڵی ١٩١٢ لە گوندی دری سەربە ناحیەی شێروان مەزن قەزای مێرگەسۆر پارێزگای هەولێر لە دایک بووە.خێزاندار بووە.ساڵی ١٩٦١ بۆتە پێشمەرگە. ساڵی ١٩٦٥ شەهید بووە.

زانیاری زیاتر