بەدرۆ لەشکری حسێن

بەدرۆ لەشکری حسێن پێشمه‌رگه‌ و ‌هه‌ڤاڵی بارزانی بۆ یەکێتی سۆڤیەت، ساڵی ١٩٣٠ له‌ گوندی بێسترێ له‌دایكبووه‌‌، لە شۆڕشى دووەمى بارزان خەباتکار بووە، لە کۆمارى دیموکراتى کوردستان لە مهاباد پێشمەرگە بووە، لە شۆڕشى ئەیلوول و گوڵان بەشداربووە، پلەى پێشمەرگایەتى سەرپەل بووە، هەڵگرى میدالیاى بارزانییە....


بەدرۆ لەشکری حسێن، پێشمه‌رگه‌ و ‌هه‌ڤاڵی بارزانی بۆ یەکێتی سۆڤیەت، ساڵی ١٩٣٠ له‌ گوندی بێسترێ له‌دایكبووه‌‌، لە شۆڕشى دووەمى بارزان خەباتکار بووە، لە کۆمارى دیموکراتى کوردستان لە مهاباد پێشمەرگە بووە، لە شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان بەشداربووە، پلەى پێشمەرگایەتى سەرپەل بووە، هەڵگرى میدالیاى بارزانییە.


ژیاننامە    

بەدرۆ لەشکری حسێن، ساڵی ١٩٣٠ له‌ گوندی بێسترێى سه‌ر به‌ ناحیه‌ی گۆڕه‌توو له‌ قه‌زای مێرگه‌سۆر له‌ پارێزگای هه‌ولێر له‌دایكبووه‌‌. هاوسەرگیرى لەگەڵ "کوردستان محمد حالی" کردووە و چوار کوڕ و کچێکیان بە ناوەکانی سەرکەوت، مەتین، هەڵکەوت، ڕێکەوت، عائیشە هەیە. لە یەکێتى سۆڤیەت خوێندوویەتى و بڕوانامه‌ی به‌كالۆریۆسى له‌ به‌شی كشتوكاڵ وه‌رگرتووه‌. ساڵی ١٩٧٥ وەک پەنابەر ڕوودەکاتە وڵاتی ئیران و ساڵی ١٩٩٥ دەگەڕێتەوە کوردستان.


خەباتنامە

 ساڵی ١٩٤٣ په‌یوه‌ندی به‌ ڕیزه‌كانی شۆڕشی دووه‌می بارزانەوە كردووه‌ و له‌ ٦ی تشرینی دووه‌می ١٩٤٣ به‌شداریی گرتنی بنكه‌ی پۆلیسی گۆڕه‌توو و له‌ ٥ی ئه‌یلوولی ١٩٤٥ به‌شداری گرتنی بنكه‌ی پۆلیسی مه‌یدان مۆریكی كردووه‌. له‌ ڕێكه‌وتی ١٩ ئابی ١٩٤٥ به‌ فه‌رمانی دادگای عورفیی سه‌ربازی له‌به‌ر به‌شداریكردنی له‌ شۆڕشی دووه‌می بارزان، تەواوى داراییە گواستراوه‌ و نه‌گواستراوەکانی زه‌وتده‌كرێت.

له‌ ١١ى تشرینی یه‌كه‌می ١٩٤٥ له‌ دوای نسكۆی شۆڕشی دووه‌می بارزان، ڕووده‌كاته‌ ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان. ناوبراو له‌گه‌ڵ دوو برای به ‌ناوه‌كانی ئه‌حمه‌د له‌شكری و شه‌ریف له‌شكری له‌ ٣١ی ئاداری ١٩٤٦ له‌ هێزی بارزان-ى سه‌ر به‌ سوپای كۆماری دیموكراتی كوردستان خزمه‌تی پێشمه‌رگایه‌تیان كردووه‌ و له‌گه‌ڵ هێزی ساڵح مسته‌فا بوون له‌ به‌ره‌ی سه‌قز له‌ كۆماری دیموكراتی كوردستان‌.

 له‌ ٢٩ی نیسانی ١٩٤٦ به‌شداریی شه‌ڕی قاراواى له‌ ناوچه‌ی سه‌قز کردووە و له‌ ٣ی ئایاری ١٩٤٦ به‌شداربووە لە شه‌ڕی ملقه‌ره‌نی‌. دوای نسكۆی كۆماری دیموكراتی كوردستان له‌ ٣ی ئاداری ١٩٤٧ لە شه‌ڕی نه‌لۆس و له‌ ١٩ی ئاداری ١٩٤٧ به‌شداریی شه‌ڕی نه‌غه‌ده‌ و شنۆی ڕۆژهەڵاتى کوردستانى كردووه‌.

دواى ڕووخانى کۆمارى کوردستان لە مهاباد و گەڕانەوەى بارزانى لە ڕۆژهەڵاتى کوردستانەوە بۆ باشوورى کوردستان به‌شداریی شه‌ڕی نه‌غه‌ده‌ و شەڕى شنۆى لە ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان كردووه‌‌، هەروەها لەو پێشمەرگانە بووە کە لە ١٩ی نیسانی ١٩٤٧ لە ڕێگاى (خواکوڕک و دەشتى بەرازگرەوە) بە خاکى کوردستانى باکووردا گەڕاوەتەوە ناوچەى شێروان و مزورى.

دواى گەڕانەوەیان، جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی لە ٦ی ئایاری ١٩٤٧ لە گوندى ئەرگوش کۆبوونەوەیەک بە هەڤاڵانى دەکات و سەرپشکیان دەکات لە مانەوە، یان چوون بەرەو یەکێتى سۆڤیەت، لەوێدا تەواوى هەڤاڵانى بڕیارى بەردەوامیدان و ڕۆیشتن بەرەوە یەکێتى سۆڤیەت دەدەن، له‌ ٢٣ی ئایاری ١٩٤٧ یاوەریى جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی کردووە به‌ره‌و یه‌كێتی سۆڤیەت و لە شەڕى گه‌لی قتور و شەڕى پردی ماكۆ بەشدارییکردووە و دواى سەختى و ماندووبوونێکى زۆر، لە ١٨ی حوزه‌یرانی ١٩٤٧ له‌ ڕووباری ئاراس كه‌ ده‌كه‌وێته‌ سنووری نێوان ئێران و یه‌كێتی سۆڤیەت، بەرەو سۆڤیەت پەڕیوەتەوە.‌

له‌ ١٩ی حوزه‌یرانی ١٩٤٧ له‌گه‌ڵ گشت ‌هه‌ڤاڵانی بۆ ماوه‌ی چل ڕۆژ له‌ كۆمه‌ڵگایه‌كی سه‌ر ئاوەڵا له‌ نه‌خجه‌وانى كۆماری سۆڤێتی ئازه‌ربایجان دانران كه‌ به‌ ته‌لی دڕكاوی ده‌وره ‌درابوون و له‌لایه‌ن سه‌ربازه‌كان پاسه‌وانییان لێده‌كرا و له‌ ڕووی خۆراك و پۆشاك و هاتوچۆوە وه‌كو دیلی شه‌ڕ مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كرا. دواتر له‌سه‌ر بڕیاری ده‌سه‌ڵاتدارانی یه‌كێتی سۆڤیەت، كۆده‌كرێنەوە و به‌سه‌ر ناوچه‌كانی ئاغدام، لاچین و ئایولاخ له‌ كۆماری ‌ئازه‌ربایجان دابه‌شدەکرێن. له‌ ١٠ی كانوونی یه‌كه‌می ١٩٤٧ گواستراونه‌ته‌وه‌ بۆ ئۆردوگای باكۆ له‌ كۆماری سۆڤێتی ئازه‌ربایجان و له‌  ٢٣ی كانوونی یه‌كه‌می ١٩٤٧ جلوبەرگی سه‌ربازییان پێدراوه‌ و ڕۆژانه‌ هه‌شت كاتژمێر به‌ سه‌رپه‌رشتی ئه‌فسه‌رانی كۆماری سۆڤێتی ئازه‌ربایجان مه‌شقی سه‌ربازییان پێکراوە و لە هەمان کاتدا ڕۆژانە له‌لایه‌ن هەڤاڵانیی خوێنده‌وارییەوە چوار كاتژمێر وانەی فێربوونی زمانی کوردییان پێگوتراوەتەوە.

دوای گەیشتنیان بە یەکێتی سۆڤیەت، لە ١٩ی حوزه‌یرانی ١٩٤٧ له‌گه‌ڵ گشت ‌هه‌ڤاڵانی لە شاری "نه‌خچه‌وان"ی کۆماری ئازه‌ربایجان بۆ ماوه‌ی چل ڕۆژ له‌ كۆمه‌ڵگایه‌كی سه‌رئاوەڵا‌ كه‌ به‌ ته‌لی دڕكاوی ده‌ورەدرابوو، دانران و له‌لایه‌ن کۆمەڵێک سه‌ربازه‌وە پاسه‌وانییان لێده‌كرا و له‌ ڕووی خۆراك و پۆشاك و هاتوچۆوە وه‌كو دیلی شه‌ڕ مامه‌ڵەیان‌ له‌گه‌ڵدا كراوە. دواتر له‌سه‌ر بڕیاری حکوومەتی سۆڤیەت به‌سه‌ر ناوچه‌كانی ئاغدام و لاچین و ئایولاخ و کەلبەجەر له‌ كۆماری ‌ئازه‌ربایجان دابەشکران. له‌ ١٠ی كانوونی یه‌كه‌می ١٩٤٧ گواستراونه‌ته‌وه‌ بۆ سەربازگەیەک لەسەر دەریاى خەزەر لە باكۆى پایتەختى كۆماری ئازه‌ربایجان و له‌ ٢٣ی هەمان مانگدا‌ جلوبەرگی سه‌ربازییان پێدراوه‌ و به‌ سه‌رپه‌رشتی ئه‌فسه‌رانی كۆماری ئازه‌ربایجان ڕۆژانه‌ هه‌شت كاتژمێر مه‌شقی سه‌ربازییان پێ کراوە. لەهەمان کاتدا ڕۆژانە بۆ ماوەی چوار کاتژمێر لە لایەن هەندێک لە هەڤاڵەکانیانەوە کە خوێندەواریان هەبوو وانەی فێربوونی زمانی کوردییان پێگوتراوەتەوە.

پاش مامەڵەى خراپى جەعفەر باقرۆڤ لەگەڵ هەڤاڵانى، بارزانى بڕیاردەدات کەمپە سەربازییەکەى له‌ ٢٩ی ئابی ١٩٤٨ له‌ كۆماری ئازه‌ربایجانەوە بگوازێتەوە‌ بۆ كۆمه‌ڵگای چرچوك لە نزیك "تاشكه‌ند"ی پایته‌ختی كۆماری ئۆزبه‌كستان و له‌وێش لە مه‌شقی سه‌ربازی بەردەوام دەبن‌.

لە ئاداری ١٩٤٩ له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵانی به‌ شێوه‌ی ده‌سته‌ و تاخم به‌ شه‌مه‌نده‌فه‌ر به‌سه‌ر گونده‌ هه‌ره‌وه‌زییه‌كانی یەكێتی سۆڤیەتدا دابه‌شكران و له‌ كێڵگه‌ی كۆلخۆزه‌كان (ئەو زەویانەى خەڵک بە کرێ لە حکومەت دەیگرتنەوە و دواتر بەشى حکومەتیان دەدایەوە) كاریان ده‌كرد.

دواى هەوڵێکى زۆر و ناردنى چەندین نامە لەلایەن جەنەڕاڵ بارزانییەوە بۆ ستالین، دواجار نامەیەک دەگاتە دەست ستالین کە تێیدا بارزانى باسى دەردەسەرییەکانى هەڤاڵانى خۆی تێدادەکات و ئەویش دەستبەجێ بڕیارى پێکهێنانى لێژنەیەک دەدات بۆ لێکۆڵینەوە لە بارودۆخى هەڤاڵانى بارزانى و دواجار بڕیارى لێژنە ئەوە دەبێت کە هەموویان لە شارى ڤریڤسکى کۆبکرێنەوە، بۆیە ناوبراو لە مانگی تشرینی دووه‌می ١٩٥١ دەچێتە شاری ڤریڤیسكی لە سۆڤیەت.

 له‌ ١٦ی نیسانی ١٩٥٩ له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵانی به‌ که‌شتیی گرۆزیا، له‌ ڕێى به‌نده‌ری به‌سڕەوە له‌ باشووری كۆماری عێراق گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ كوردستان.

 ساڵی ١٩٦٣ به‌شداری شۆڕشی ئەیلوولی كردووه و سه‌رپه‌ل بووه‌ و لە شه‌ڕه‌كانی چیایی پیرس و سه‌ری ئاكرێ بەشداربووە. له‌گه‌ڵ مه‌لا مستەفا بارزانی چووەتە‌ ناوچه‌ی سۆران. تا ساڵی ١٩٧٥ له‌ لقی شه‌ریف له‌شكری برای بووه‌.

 ساڵی ١٩٧٥ دوای نسكۆی شۆڕشی ئه‌یلوول بە په‌نابه‌رى ڕووده‌كاته‌ ئێران. سه‌ره‌تا له‌ كۆمه‌ڵگای زێوه‌ بووه‌ و پاشان گواستراوه‌ته‌وه‌ بۆ ئەسفه‌هان و دواتریش بۆ ته‌ورێز. ساڵی ١٩٨٠ به‌شداری شۆڕشی گوڵانی كردووه و‌ له‌ مه‌كته‌بی جه‌نابی سه‌رۆك مەسعود بارزانی پێشمه‌رگه‌ بووه‌.

 ‌ساڵی ١٩٩٥ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ باشوری كوردستان و له ١١ی كانوونی یه‌كه‌می ٢٠١٠ له‌ كۆنگره‌ی سێزده‌یه‌‌می پارتی دیموكراتی كوردستان له‌به‌ر خه‌بات و به‌رخودانی له‌ شۆڕشی دووه‌می بارزان، كۆماری دیموكراتی كوردستان، یاوەریکردنى جەنەڕاڵ مستەفا بارزانى بەرەو  یه‌كێتی سۆڤیەت، بەشداریکردن لە شۆڕشی ئەیلوول و شۆڕشی گوڵان، له‌لایه‌ن سه‌رۆك ممەسعود بارزانییەوە میدالیای بارزانی پێ به‌خشراوه‌.


سه‌رچاوه‌كان:

    1. ئەرشیفی دەستەی ئینسکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان

    2. حامید گه‌وهه‌ری، میدالیای بارزانی به‌رزترین خه‌ڵاتی ڕێزلێنان، به‌رگی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی حاجی هاشم - ٢٠١٥).
    3. حه‌مید گه‌ردی، پوخته‌ی مێژوونامه‌، چاپی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر - ده‌زگای چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئاراس - چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده ‌- ٢٠٠٤).
    4. حیدر فاروق السامرائي، ضیاء جعفر و دوره‌ السیاسي و الاقتصادي في العراق، (لندن – دارالحكمة - ٢٠١٦).
    5. به‌درۆ له‌شكری حسێن، فۆرمی هەڤالانی بارزانی (بارەگای بارزانی – لێژنەی ناوچەی بارزان).
    6. نص قرار لجنة العفو العام برد الاعتبار الى شهداء ثورة بارزان، مجلة رزگاری، العدد ٣،٢، المطبعة الرابطة، بغداد، ١ نيسان ١٩٥٩.

بابەتی پەیوەندیدار

ئەسعەد خۆشەوی

ئەسعەد خۆشەوی ئاودیش، پێشمەرگە و ‌هه‌ڤاڵی بارزانی بۆ یەکێتی سۆڤیەت‌، ساڵی ١٩٤٣ لە شۆڕشی دووەمی بارزان(١٩٤٣- ١٩٤٥)بەشدار بووە، لە بەرگریکارانی کۆماری دیموکراتی کوردستان (٢٢کانوونی دووەمی- ١٥ کانوونی یەکەمی ١٩٤٦) و لە فەرماندەکانی پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلوول (١٩٦١- ١٩٧٥) بووە، بەشداری کارا و چالاکی هەبوو لە دووبارە ڕێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە لە شۆڕشی گولان (١٩٧٦- ١٩٩١)، ساڵی ١٩٧٧ کۆچی دوای کردووە.

زانیاری زیاتر

عومەر ئاغای دۆڵەمەری

عومەرئاغا محەمەد عومەرئاغا شوان ناسراو بە (عومەر ئاغاى دۆڵەمەرى)، پێشمەرگە و هەڤاڵی بارزانی بۆ یەکێتى سۆڤیەت، لە شۆڕشی دووەمی بارزان (١٩٤٣- ١٩٤٥) خەباتکاربووە، لە کۆماری دیموکراتی کوردستان لە مهاباد پێشمەرگە بووە، بەشداری شۆڕشی ئەیلوول (١٩٦١- ١٩٧٥) و شۆڕشی گوڵان (١٩٧٦- ١٩٩١) و ڕاپەڕینى بەهارى ساڵى ١٩٩١ ى کردووە، لە پێشمەرگایەتیدا چوار جار بریندار بووە، هەڵگرى میدالیای بارزانی یە، لە ڕێکەوتى ١٠ی تەمووزى ١٩٩٥ لە گوندى زیارەت شەهید کراوە.

زانیاری زیاتر

عەبدیش ئۆمەر عەبدیش

عەبدیش ئۆمەر عەبدیش، پێشمەرگە و هەڤاڵى بارزانى بۆ یەکێتى سۆڤیەت، ساڵى ١٩٢٦ لە گوندى سپیندار لەدایکبووە، لە شۆڕشى دووەمى بارزان خەباتکاربووە، لە کۆمارى دیموکراتى کوردستان لە مەهاباد پێشمەرگە بووە، لە شۆڕشى ئەیلوول بەشداریی کردووە، لە پێشمەرگایەتیدا دووجار برینداربووە، ساڵى ١٩٧٧ کۆچى دوایى کردووە.

زانیاری زیاتر