بەعسییەکان لە ڕێگەی کودەتایەکی سەربازییەوە لە ١٧ بۆ ٣٠ی تەممووزی ١٩٦٨ دەستیان بەسەر دەسەڵاتدا گرت لە عێراق، وەک نەریتێکی هەمیشەیی بۆ ڕێکخستنەوە و بەهێزکردنی دەسەڵاتیان لە عێراق، دەستیان بە دانوستان و بەڵێنی بێ بنەما بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد کرد، زۆری نەخایاند و وەک ڕژێمەکانی دیکە، زوو لە جێبەجێکردنی داواکارییەکانی شۆڕش و چارەسەرکردنی پرسی کورد پاشگەزبوونەوە و لە کۆتاییەکانی ساڵی ١٩٦٨ هێرشەکانیان بۆ سەر پێگەکانی پێشمەرگە دەستپێکردەوە.

لە ماوەی ئابی ١٩٦٨ تا تشرینی دووەمی ١٩٦٨، سوپاى عێراق زنجیرە هێرشەکانی بۆ سەر ناوچە جیاوازەکانی کوردستان دەستپێکردەوە، یەکێک لە ناوچەکان (ئاکرێ- شێخان) ڕووبەڕووی هێرشێکی نوێی سوپاى عێراق (حکومەتی بەعس) و چەکدارانی بەکرێگیراو بووەوە، کە ئەوەش بووە هۆی ڕوودانی تاوان و قوربانی وەک کۆمەڵکوژیی ئەشکەوتی دۆکان. 

دۆکان گوندێکی دڵڕفێن بوو لە نزیک ڕووباری خازر لەسەر لێواری چیای خەیری لە ناوچەی شێخان، ژمارەی دانیشتووانی گوندەکە نزیکەی ٢٠ بۆ ٣٠ ماڵ بوو کە بە کشتوکاڵەوە سەرقاڵ بوون، گوندەکە بە باخ و زەیتوون و میوەکانی بەناوبانگ بوو.

دوای تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر حوکمی بەعسیدا و بە دیاریکراوی لە ناوەڕاستی مانگی ئابی ١٩٦٩، سوپاى عێراق هێرشێکی سەربازیی گەورەی کردە سەر ئاکرێ لە ناوچەی شمکان وەک گوندەکانی بلان، تەلە، میرسیدا، سەرکاف، خورت، دۆکان، نیرۆک، باسفرین و بێری لە بناری چیای خەیری، ئەوەش بە پشتیوانیی سەدان چەکداری بەکرێگیراوی هەرکی و چەکی قورس و سووکی جۆراوجۆر، بۆ سەرکوتکردنی کورد و شکستپێهێنانی شۆڕشی ئەیلوول، هێرشەکە بە سەرپەرشتیی وەزیری ناوخۆ ساڵح مەهدی عەماش و بە فەرماندەییی عەبدولجەبار ئەسەدی فەرماندەی فیرقەی چوارەم بوو، لە ئاسمانەوە ناوچەکەیان بە تۆپ و فڕۆکە بۆردومان کرد، تەڕ و وشکیان پێکەوە سووتاند، هێزی پێشمەرگە لە (ئاکرێ – شێخان) تەنها بەو چەکە سووکانەی لەبەردەستیاندا بوو بەرگرییان کرد. 

شەڕەکە بە بۆردومان و هێرشی ئاسمانی لە مارێبا و شرمنی و باکورمان دەستیپێکرد، پاشان هێرشی پیادەیان بۆ سەر ناوچەکە دەستپێکرد، دانیشتووانی گوندی دۆکان، وەک هەموو گوندەکانی دیکە، پەنایان بۆ ئەشکەوتێکی نزیک گوندەکەیان برد کە ئەشکەوتی دۆکان بوو بۆ پاراستنی خۆیان و خۆشاردنەوە لەناو ئەشکەوتەکەدا و دوورکەوتنەوە لە تۆپباران و فڕۆکەکان، و بۆ ئەوەی ڕێگری لە سوپاى عێراق بکەن لە دۆزینەوەیان، زۆر داریان لەبەردەم ئەشکەوتەکە کۆکردەوە، بەڵام لە ئاماژەیەکی دیکەدا دەڵێن کە چەند کەپرێک لە دووری سەد مەتر لەبەردەم ئەشکەوتەکە دروستکرابوو و هەندێک کەلوپەلیان تێدا دانابوو وەک ماڵێکی کاتی بۆ خۆیان.

دیارە هێزەکانی سوپا و چەکدارانی حکومەت پێشڕەوییان کرد تا لە ١٨ی ئابی ١٩٦٩ گەیشتنە ناو گوندەکە، دەستبەجێ دەستیان کرد بە تاڵانکردنی موڵکی خەڵکی گوندەکە و پاشان ئاگریان لە ماڵەکانیان بەردا، دواتر دەستیان کرد بە پشکنینی خەڵکی گوندەکە تا ئەشکەوتەکەیان دۆزییەوە کە ٦٦ هاووڵاتیی تێدا خۆیان حەشاردابوو لەنێویاندا ژن و منداڵ و پیر و کەمئەندام هەبوون، پیاوەکان بەرەو چیاکان ڕۆیشتبوون، سوپاى عێراق و چەکدارانی بەکرێگیراو تەقەیان لە ئەشکەوتەکە کرد و ئاگریان لە دار و کەپرە دروستکراوەکانی بەردەم ئەشکەوتەکە بەردا، دەنگی تەقە و هاواری ژنان و منداڵان تێکەڵ بوو تا هەموویان پڕ بوون لە دووکەڵ و تەقەی سوپا و بەکرێگیراوەکان و کوژران و خنکان، یەکەم کەس کە لەبەردەم ئەشکەوتەکە شەهید بوو پیاوێکی بەتەمەنی کەمئەندام بوو کە بە گوللەیەک بریندار بوو، هەندێک لە ژنان هەوڵیاندا باز بدەن و لەناو ئاگرەکەدا تێپەڕن و بگەنە بیرێکی نزیک ئەشکەوتەکە، بەڵام ئەوەندە سووتان کە نەیانتوانی بگەنە ئاوەکە و شەهید بوون. تەنانەت یەک کەسیش لەم هێرشە ترسنۆکانەیە ڕزگاری نەبوو و هەموویان شەهید بوون، لەنێویاندا ٣٧ منداڵ و ٢٩ ژن و پیاوێکی بەتەمەن.

دوای چەند ڕۆژێک، کۆمەڵێک پێشمەرگە کە بیستبوویان ئەم کارەساتە ڕوویداوە هاتن بۆ ئەشکەوتەکە بۆ یارمەتیدانیان، بەڵام بینییان کارەکە تەواو بووە و هەموویان شەهید بوون، بە یارمەتیی جەماوەری ناوچەکە گۆڕستانێکیان لە نزیک ئەشکەوتەکە ئامادە کرد و هەموویان تێیدا بە خاک سپێردران، دوای چەند ڕۆژێک، کۆمەڵێک پێشمەرگە هێرشیان کردە سەر گوندەکانی کۆنس و خور و چەلۆ لە گوندەکانی هەرکی و تاڵانیان کرد و سووتاندیان وەک تۆڵەی ڕووداوی ئەشکەوتی دۆکان.

سەرچاوەکان:

١- مەسعود بارزانی، بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد، بەرگی سێیەم، بەشی یەکەم، شۆڕشی ئەیلوول ١٩٦١-١٩٧٥، چاپی یەکەم، (٢٠٠٤).

٢- هۆژین مەسعود سەرنی، شۆڕەشا ئیلوونێ ل دەڤەرا بەهدینان ١٩٦١- ١٩٧٥، چاپی یەکەم، (٢٠١٨).

٣- شەوکەت مەلا ئیسماعیل حەسەن، ڕۆژانێ لە مێژووی شۆڕشی ئەیلوول، چاپی یەکەم، (هەولێر- ٢٠٠٧).

٤- ئاری کەریم، چەند لاپەڕەیەکى زیندوو لە شۆڕشی ئەیلوولدا، (چاپخانەی خەبات- دهۆک- ١٩٩٩). 

٥- حاجی میرخان دۆڵەمەری، گەڕان بەدوای دادپەروەریدا، بەرگی یەکەم، چاپی دووەم، (چاپخانەی ئیسرا- تاران- ٢٠٢١).