ژیاننامە 

حاجی میرخان ئەحمەد سولەیمان ساڵی ١٩٤٠ لە گوندی خاردن سەر بە قەزای مێرگەسۆر لە پارێزگای هەولێر لەدایکبووە، تا قۆناغی سەرەتایی خوێندووە، ساڵی ١٩٤٥ لەگەڵ خێزانەکەی پەنایان بردووەتە بەر ئێران، دوای ڕووخانی کۆماری کوردستان لە مەهاباد گەڕاوەتەوە باشووری کوردستان، ساڵی ١٩٧٥ دوای شۆڕشی ئەیلوول پەنای بردووەتە بەر هەمان وڵات، دوای ڕاپەڕینی کوردستان لە ساڵی ١٩٩١ گەڕاوەتەوە وڵات و لە شارۆچکەی پیرمام نیشتەجێ بووە، جگە لە زمانی دایک، بە باشی شارەزای زمانی فارسییە.

لاپەڕەکانی خەبات

لە ١ی ئایاری ساڵی ١٩٥٩ پەیوەندی بە هێزی پێشمه‌رگه‌ کردووە و بووەتە پێشمه‌رگه لای براکەی حەسۆ میرخان، لە ٧ی تەمموزی ساڵی ١٩٦٢ پلەی فەرماندەی باڵی وەرگرتووە، لە ساڵی ١٩٦٦ فەرماندەی باڵ بووە لە ناوچەی بادینان لە چیای گارە، لە ساڵی ١٩٦٨ فەرماندەی فەوجی سێیەم بووە لە هێزی ئاکرێ، لە ساڵی ١٩٧٠ فەرماندەی فەوج بووە لە هەمان هێز تا بەیانی ١١ی ئازاری ساڵی ١٩٧٠، لە هەمان کاتدا بەرپرسی لێژنەی ناوچەی ئاکرێ بووە، ساڵی ١٩٧١ بووەتە یاریدەدەری فەرماندەی فەوجی نۆیەمی پاسەوانی سنوور لە قەزای شێخان.

 لە ساڵی ١٩٦٧ تا ساڵی ١٩٦٨، خولێکی سەربازی لە چیای زاگرۆس لە شاری هەمەدان بینیوە سەبارەت بە (بەکارهێنانی چەک، بەرگری، هێرشبردن و فەرماندەیی)، لە ئابی ساڵی ١٩٦٩ لە کاتی شەڕێکی قورس لە ناوچەکانی ئاکرێ و شێخان لە چاوەکانی بریندار بووە، ساڵی ١٩٦٧ بە تۆمەتی چالاکی سیاسی بۆ ماوەی سێ مانگ لەلایەن ساواکی ئێرانەوە زیندانی کراوە.

نوێنەر بووە لە کۆنگرەکانی ( کۆنگرەی دوازدەیەم و کۆنگرەی سێزدەیەم)ی پارتی دیموكراتی كوردستان. بە پلەی عەقیدی کەمئەندام خانەنشین کراوە، ئەندامی دەستەی باڵای ئەیلوول و بەرپرسی لێژنەی ئەیلوول لە سۆران و مێرگەسۆر بووە.

لە بەرهەمە چاپکراوەکانی:

گه‌ڕان به‌دوای دادپه‌روه‌رییدا

سەرچاوە

ئەرشیفی دەستەی ئینسایکلۆپیدیای پارتی دیموكراتی كوردستان