لە ١١ی شوباتی ١٩٧٩، دوای سەرھەڵدانی گەلانی ئێران، ڕژێمی پاشایەتی لەو وڵاتە ڕووخا و کۆماری ئیسلامی جێگەی گرتەوە، سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان (پارتی) توانی پەیوەندی باش لەگەڵ دەسەڵاتی نوێی ئێران دروست بکات، لە ساڵی ١٩٧٤ەوە ژمارەیەکی زۆری پەنابەرانی باشووری کوردستان لەو وڵاتە بوون، لە دەستپێکی ساڵی ١٩٧٩دا ڕووداوێکی دیکەی دڵتەزێن مردنی سەرۆک مستەفا بارزانی بوو، سەرۆک بارزانی دوای چوار ساڵ پەنابەری لە ١ی ئاداری ١٩٧٩ لە ئەمریکا کۆچی دوایی کرد و ڕۆژی ٤ی نیسانی هەمان ساڵ تەرمەکەی بۆ ئێران گەڕێنرایەوە و لە شاری شنۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە خاک سپێردرا.
ئەو دۆخەی کە گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە بە گشتی و مردنی سەرۆک مستەفا بارزانی لەسەر ڕێکخستنەکانی پارتی دروستی کردبوو، کۆبوونەوەیەکی بەرفراوان و بەپەلەی پێویست بوو، بۆ ئەم مەبەستە لە دەستپێکی تەمموزی ساڵی ١٩٧٩، سەرکردایەتی کاتی پارتی دیموکراتی کوردستان لە گوندی شاوان لە باکووری شاری شنۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کۆبوونەوەیەکی بەرفراوانی ئەنجامدا، لە کۆبوونەوەکەدا چەند بڕیارێکی گرنگ دران، گرنگترینیان هەڵبژاردنی مەسعود بارزانی بوو وەک سەرۆکی کاتی پارتی دیموکراتی کوردستان، هەتا کۆنگرەی نۆ و هەڵبژاردنی سامی عەبدولڕەحمان وەک سکرتێری گشتی پارتەکە، هەروەها بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستانی ئێران و بەردەوامبوونی پەیوەندییەکان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران دژی ڕژێمی عێراق، بەو مەرجەی پارتی نەخوازێت دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆیی کوردستانی ئێران بکات، لە کۆبوونەوەکەدا مەسعود بارزانی داوای کرد بەپەلە کۆنگرەی نۆیەمی هەتا هاوین یان پایزی ساڵی ١٩٧٩ ئەنجام بدرێت، بەڵام سامی عەبدولڕەحمان و کۆمەڵێکی دیکە لەو باوەڕەدا بوون کە دەبێت کۆنگرە هەتا بەهاری ساڵی ١٩٨٠ دوابخرێت، هەتا بەرنامەی نوێی پارتەکە بە تەواوی لە ناو پەنابەران و ڕێکخستنەکانی پارتەکە لە ئێران جێبەجێ بکرێت، لە کۆتاییدا بڕیار درا کۆنگرە لەو ڕۆژەی کە لە لایەن مەسعود بارزانییەوە پێشنیار کراوە ئەنجام بدرێت.
لە ئەنجامی کۆبوونەوەکەدا بۆ کۆنگرەی نۆیەمی پارتی کۆمیتەیەکی ئامادەکار دەستنیشان کرا، کۆمیتەکەش ئەمانە بوون:
١. عەلی عەبدوڵڵا
٤. ڕەشید سندی
٥. عارف تەیفوور
٦. کەریم شنگالی
٧. ووریا ساعی
سەرچاوە:١. موحسین دزەیی، وێستگەکانی ژیانی من، بەشی ٣ و کۆتایی، (هەولێر - چاپخانەی موکریانی - ٢٠١٥).
٢. ڕۆژنامەی کەیهان، ژمارەی ١٠٧٥١، تاران، ١٦ی تەمموزی ١٣٥٨، ٧ی تەمموزی ١٩٧٩.
٣. ڕۆژنامەی بامدادی، ژمارەی ٥٣، تاران، ١٧ی تەمموزی ١٣٥٨، ٨ی تەمموزی ١٩٧٩.
٤. سامی عەبدولڕەحمان، حیزب ئەلشەعب ئەلدیموکراتی ئەلکورستانی، ئەلبەدێل ئەلسەوری فی ١٩٨١. ئەلحەرەکە ئەلتهەرورییە ئەلکوردییە، ئەلتهەریر ئەلسیاسی لێلموتەمەر ئەلتەسیسی لێلحیزب ئەلشەعب ئەلدیموکراتی ئەلکورستانی، ٢٦-٣٠ تەمموزی ١٩٨١.
٦. محەمەد مەلا قادر، خەباتنامە، کورتە مێژووی پارتی و بارزانی نەمر، چاپی سێیەم، (هەولێر- چاپخانەی ئاراس- ٢٠١٢).


