لە شەوی ١١/١٢ی تشرینی دووەمی ١٩٨٦، سوپای عێراق بە پاڵپشتی تۆپخانە و فڕۆکەی جەنگی هێرشی کردە سەر ناوچەکانی دەوروبەری زاخۆ، کە بارەگای لێژنە ناوچەی زاخۆی پارتی دیموكراتی كوردستان (پارتی) تێیدا بوو، هەڵمەتی سەربازی حکومەت و هێزە چەکدارەکانی حکومەت ناوچەکانی دلێییان گرتەوە، لە ئەنجامدا پەیوەندی لێژنە ناوچەی زاخۆ و هێزی پێشمەرگە لە ناوچەکە لەگەڵ ناوچەکانی تر پچڕا. لێژنە ناوچەی دهۆک پەیوەندی بە سەرکردایەتی شۆڕشەوە کرد بۆ ئەوەی ئاگاداریان بکاتەوە کە شەڕێکی قورس لە سنووری نێوان دهۆک و زاخۆ هەیە. فڕۆکە جەنگییەکان بە توندی بۆردومانی بەرەکانی پێشمەرگەیان دەکرد، بەهۆی ئەم بۆردومانەوە پیرەمێردێک بە ناوی حاجی نەبی شەهید بوو و چوار ژن و منداڵیش لە بۆردومانە ئاسمانییەکانی گوندی کانی پونگ بریندار بوون. پیرەمێردێکی دیکەش لە بۆردومانە ئاسمانییەکانی گوندی زێوەی نزیک بارەگای لقی یەکی پارتی دیموكراتی كوردستان (پارتی) کوژرا و بۆردومانە ئاسمانییەکان بەردەوام بوون([١]).
بە ڕوونی ئامانجی حکومەتی عێراق لە هێرشکردنە سەر بارەگا و بەرەکانی پێشمەرگە لە دەڤەری بادینان کپکردنی دەنگی شۆڕش بوو بۆ ئەو چالاکی و هێرشانەی کە بەردەوام لە ناوچە جیاوازەکان بە شێوەی چالاکی پارتیزانی دژی هێزەکانی حکومەت ئەنجام دەدران بە هێرشکردنە سەر خەندەقە سەربازییەکان، بنکە و بارەگاکان و دانانی کەمین لە ڕێگاکان، کە بێگومان زیانی گەورەی بە هێزە سەربازییەکانی عێراق گەیاند لەلایەک، لەلایەکی دیکەشەوە حکومەتی خستە دۆخێکی مەترسیدارەوە کە وای لە حکومەت کرد هەست بە بێزاری بکات([٢]). چونکە لقەکان، لێژنە ناوچەییەکان، ڕێکخستنەکان و هێزی پێشمەرگە بە شێوەیەک لە ناوچەکان بڵاو ببوونەوە کە هەر یەکەیان لە سنووری دەسەڵاتی خۆیاندا چالاک بوون([٣]).
هێرشەکانی سوپا و هێزە چەکدارەکانی حکومەت بۆ سەر بارەگا و بەرەکانی پێشمەرگە بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک لە سنووری هەردوو دهۆک و زاخۆ بەردەوام بوو، لە ١٣ی تشرینی یەکەمی ١٩٨٦ لێژنە ناوچەی دهۆک بە سەرکردایەتی شۆڕشی ڕاگەیاند کە پەلامارە چڕەکانی حکومەت گەیشتووەتە ناوچەی زاخۆ و بارەگای ناوچەکەی داگیرکردووە و فڕۆکەکان بەردەوام بوون لە بۆردومانکردنی ناوچەکە. شایەنی باسە بەرگری هێزی پێشمەرگە و سەنگەرگرتن لە بەرامبەر هێزەکانی حکومەت، بەتایبەت بەکرێگیراوان (جاش) وایکرد پێشڕەوی و هێرشەکانیان لە کاتژمێر ٤ی پاشنیوەڕۆی ١٤ی تشرینی یەکەمی ١٩٨٦ شکست بهێنێت([٤]).
هێرشەکانی سوپای عێراق و هێزە چەکدارەکان بۆ سەر ناوچە شۆڕشگێڕییەکان نیشان دەدات کە حکومەت هەمیشە هەوڵی داوە دەسەڵاتی خۆی بۆ هەموو بەشەکانی کوردستان فراوان بکات، بۆ ئەوەی شۆڕش لە هەموو ناوچەکان بێدەنگ بکات و چالاکییەکانیان تێکبدات.
سەرچاوە:- مهسعود بارزانی: بارزانی و بزوتنهوهی ڕزگاریخوازی كورد، بهرگی چوارهم، ١٩٧٥-١٩٩٠ شۆڕشی گوڵان، بهشی دووهم، چاپی یهكهم، چاپخانهی ڕوكسانا، ٢٠٢١.
- شیمال زێباری: هندهك ڕاستیێن ڤهشارتی د شۆڕشا گولانێدا، چاپی یهكهم، چاپخانهی ڕۆژههڵات، ههولێر – ٢٠١٥.
- حاجى میرخان دۆڵەمەرى: گەڕان بە دواى دادپەروەرىیدا، بەرگى یەکەم، چاپى دووەم، کوردستان – ٢٠٢١.
[١] مهسعود بارزانی: بارزانی و بزوتنهوهی ڕزگاریخوازی كورد، بهرگی چوارهم، ١٩٧٥-١٩٩٠ شۆڕشی گوڵان، بهشی دووهم، چاپی یهكهم، چاپخانهی ڕوكسانا، ٢٠٢١، ل٦٣.
[٢] شیمال زێباری: هندهك ڕاستیێن ڤهشارتی د شۆڕشا گولانێدا، چاپی یهكهم، چاپخانهی ڕۆژههڵات، ههولێر – ٢٠١٥، ل٣٤٥.
[٣] حاجى میرخان دۆڵەمەرى: گەڕان بە دواى دادپەروەرىیدا، بەرگى یەکەم، چاپى دووەم، کوردستان، ٢٠٢١، ل٢٥١.
[٤] مهسعود بارزانی: هەمان سەرچاوە، ل ٦٤.








