عەبدولموهەیمەن شێخ سولەیمان شێخ عەبدولسەلام شێخ محەمەد، ناسراو بە (عەبدولموهەیمەن بارزانی)، لە ساڵی ١٩٦٢ پەیوەندی بە پارتی دیموکراتی کوردستانەوە کردووە، دەرچووی خولی سێیەمی قوتابخانەی ئامادەکردنی کادیرانی پارتی دیموکراتی کوردستانە لە ساڵی ١٩٧٣، دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول لە ساڵی ١٩٧٥ پەنای بۆ ئێران بردووە، لە کۆنگرەی دەیەمینی پارتی لە ساڵی ١٩٨٩ بووەتە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە ٢ی ئەیلوولی ١٩٩٢ تا ٣ی ئابی ١٩٩٤ لە کابینەی یەکەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان پۆستی پارێزگاری هەولێری وەرگرتووە، لە ساڵی ١٩٩٤ ئەندامی سەرکردایەتی و بەرپرسی ئیداری سوپای کوردستان (فەلەک) بووە، لە کۆنگرەی دوازدەیەم لە ساڵی ١٩٩٩ بە ئەندامی یەدەگی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان هەڵبژێردراوە، پۆستی وەزیری هەرێمی لە کابینەی چوارەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزیری شارەوانییەکان بە وەکالەت لە ساڵی ٢٠٠٢ وەرگرتووە، لە کۆنگرەی سێزدەیەمینی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ساڵی ٢٠١٠ بە ئەندامی سەرکردایەتی هەڵبژێردراوە، و لە ساڵی ٢٠١٠
سەرۆک مەسعود بارزانی لە ساڵی ٢٠١٠ مەدالیای بارزانی نەمر پێ بەخشی، وەک ڕێزێک بۆ بەشداریکردنی لە شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان و ڕاپەڕینی باشووری کوردستان و قۆناغی سەروەری، وەک یەکەم ئەندام لە بنەماڵەی بارزان.
ژیاننامەعەبدولموهەیمەن بارزانی لە شاری هەولێر لە ١٥ی تەمموزی ١٩٤٥ لەدایکبووە، لە بنەماڵەی شێخایەتی تەکیەی بارزانە و لە شوێنکەوتووانی مەولانا خالیدی نەقشبەندییە (١٧٧٩-١٨٢٧)، کوڕی شێخ سولەیمان شێخ عەبدولسەلام بارزانی دووەمە کە لەگەڵ سەرۆک بارزانی لە ڕێپێوانەکەیدا بۆ یەکێتی سۆڤیەت لە ساڵی ١٩٤٧ بەشدار بووە، ئەندامی سەرکردایەتی باشوور- ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کۆنفرانسی باکو)، لە ساڵی ١٩٤٥ دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلوولی دووەم (١٩٤٣-١٩٤٥) کاتێک عەبدولموهەیمەن بارزانی کۆرپە بوو لەگەڵ بنەماڵەکەی پەنایان بۆ ئێران بردووە، لە ساڵی ١٩٤٧ دوای ڕووخانی کۆماری دیموکراتی کوردستان لەگەڵ بنەماڵەکەی گەڕاوەتەوە باشووری کوردستان و بۆ شاری کەربەلا لە ناوەڕاستی عێراق و لەوێشەوە بۆ شاری بەسرە لە باشووری عێراق و دواجار بۆ شاری بەغدا دوورخراونەتەوە، دەرچووی پۆلی سێیەمی ناوەندییە، لە ساڵی ١٩٥٨ لە کاتی گەڕانەوەی سەرۆک مستەفا بارزانی لە یەکێتی سۆڤیەتەوە بۆ خاکی نیشتمان لە پێشوازیکارانی بووە.
لاپەڕەکانی خەباتعەبدولموهەیمەن بارزانی لە ساڵی ١٩٦٢ پەیوەندی بە پارتی دیموکراتی کوردستانەوە کردووە، لە ساڵی ١٩٦٨ چووەتە ڕیزی هێزی پێشمهرگهی شۆڕشی ئەیلوول و وەک نووسەر لە بارەگای بارزانی خزمەتی کردووە، دەرچووی خولی سێیەمی قوتابخانەی ئامادەکردنی کادیرانی پارتی دیموکراتی کوردستانە لە ناوچەی باڵەکایەتی لە پارێزگای هەولێر لە ساڵی ١٩٧٣، لە ساڵی ١٩٧٣ فەرماندەی مەیدانی بووە لە شەڕی چیای بێرس لە پارێزگای هەولێر دژی هێرشەکانی هێزە زەمینییەکانی سوپاى عێراق، لە ساڵی ١٩٧٤ فەرماندەیی شەڕی سەیبێلکی لە پارێزگای هەولێر کردووە، لە ساڵی ١٩٧٤ بەرپرسیارێتی پەیوەندیدانی پارتی دیموکراتی کوردستانی بۆ مەبەستی بەدەستهێنانی ڕەزامەندی داخستنی سنوور لەگەڵ بەرپرسانی ئێرانی وەرگرتووە. دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول لە ساڵی ١٩٧٥ پەنای بۆ ئێران بردووە، لە ساڵی (١٩٧٥-١٩٧٦) ئەندامی لیژنەی تۆمارکردنی ئامار و یارمەتیدانی کۆچبەرانی باشووری کوردستان بووە لە ئێران لە شاری کەرەج، لە ساڵی ١٩٧٦ سەرپەرشتی کاروباری پۆستە و ناردنی هەیئەتی چەکدار و کادیران و پارەی بۆ سەرکردایەتی کاتی پارتی دیموکراتی کوردستان کردووە، نوێنەری کۆنگرەی نۆیەمی پارتی دیموکراتی کوردستان بووە، دوو براکەی عەبدولباری عەبدولسەلام و مسباح عەبدولسەلام لە پرۆسەی ئەنفالی بارزانییەکان لە ساڵی ١٩٨٣ بێسەروشوێن کراون، لە ١٦ی تەمموزی ١٩٨٥ بە ئەندامی بەشی پەیوەندییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و لە ١٤ی تشرینی دووەمی ١٩٨٥ بە ئەندامی بەشی سەربازی پارتی دیموکراتی کوردستان دیاریکراوە، یەکێک بووە لە فەرماندە مەیدانییەکان لە شەڕی مێرگەسۆر لە پارێزگای هەولێر دژی سوپاى عێراق لە ساڵی ١٩٨٧، لە سەرەتای مانگی شوباتی ١٩٨٨ بەرپرسی لیژنەی دابەشکردنی مووچەی پێشمهرگهی پارتی دیموکراتی کوردستان بووە، نوێنەرایەتی پارتی دیموکراتی کوردستانی کردووە لە بەشداریکردن بۆ دانانی پلانی ئازادکردنی شارەزوور لە ژێر دەستی سوپاى عێراق لە ساڵی ١٩٨٨، لە ٢٤ی ئەیلوولی ١٩٨٨ لەلایەن مكتب سیاسییەوە وەک بەرپرسی لیژنەی دامەزراندن و سەرپەرشتیکردنی کۆچبەران دیاریکراوە، لە کۆنگرەی دەیەمینی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ساڵی ١٩٨٩ بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردراوە، لە ١٣ی کانوونی دووەمی ١٩٩٠ وەک بەرپرسی لیژنەی پەیوەندیدانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئێران هەڵبژێردراوە، لە ڕاپەڕینی باشووری کوردستان لە ساڵی ١٩٩١ سەرکردایەتی پرۆسەی ئازادکردنی حاجی ئۆمەران تا سۆران کردووە، بەرپرسی هەماهەنگی پارتی دیموکراتی کوردستان بووە لە هەولێر، لە ٢ی ئەیلوولی ١٩٩٢ تا ٣ی ئابی ١٩٩٤ لە کابینەی یەکەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان پۆستی پارێزگاری هەولێری وەرگرتووە، نوێنەری کۆنگرەی یازدەیەمینی پارتی دیموکراتی کوردستان – یەکگرتوو بووە لە ساڵی ١٩٩٣، بەرپرسیارێتی لیژنەی گواستنەوەی ڕوفاتی سەرۆک مستەفا بارزانی (١٩٠٣-١٩٧٩) و ئیدریس بارزانی (١٩٤٤-١٩٨٧) لە کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بۆ زێدی خۆیان بارزان لە ڕۆژی سێشەممە ٥ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٣ وەرگرتووە، لە کۆتایی مانگی ئازاری ١٩٩٤ دەستلەکارکێشانەوەی خۆی وەک پارێزگاری هەولێر پێشکەشی وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە وەک دەربڕینی ناڕەزایی توندی بەرامبەر بە ئەنجامدانی پرۆسەی دزی و دروستکردنی کێشە و ئاژاوە لەلایەن هەندێک لایەنی سیاسییەوە لە پارێزگاکەدا، بەرپرسیارێتی ئیداری سەرکردایەتی سوپای کوردستان (فەلەک) و ئەندامێتی سەرکردایەتی (فەلەک)ی لە ساڵی ١٩٩٤ وەرگرتووە، لە ناوەڕاستی مانگی تشرینی یەکەمی ١٩٩٤ بە بانگهێشتی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران عەلی ئەکبەر هاشمی ڕەفسەنجانی یاوەری سەرۆک مەسعود بارزانی کردووە لە سەردانێکیدا بۆ شاری تاران،
لە کۆنگرەی دوازدەیەمینی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ساڵی ١٩٩٩ بە ئەندامی یەدەگی کۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردراوە، لە ١٥ی ئابی ٢٠٠١ پۆستی وەزیری هەرێمی لە کابینەی چوارەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەرگرتووە، لە ساڵی ٢٠٠٢ پۆستی وەزیری شارەوانییەکانی بە وەکالەت وەرگرتووە، لە ڕۆژی چوارشەممە ١٥ی کانوونی یەکەمی ٢٠٠٤ بە بانگهێشتی پارتی کۆمۆنیستی چینی بۆ مەبەستی بەهێزکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان سەردانی شاری پەکینی کردووە، لە ڕۆژی یەکشەممە ٩ی کانوونی دووەمی ٢٠٠٥ بە نوێنەرایەتی سەرۆک مەسعود بارزانی لە ڕێوڕەسمی ناشتنی سەرۆکی ئەسقەفایەتی کلدانی مەتران یەعقوب شێر لە شاری هەولێر بەشدار بووە، لە ١٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٠٥ لە ڕێوڕەسمی پێشوازیکردنی ٥٠٠ ڕوفاتی ئەنفالکراوانی بارزانی لە شاری هەولێر بەشدار بووە، لەلایەن نوێنەرانی کۆنگرەی سێزدەیەمینی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە بە ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی هەڵبژێردراوە و ٥٩٢ دەنگی بەدەستهێناوە و بە ڕیزبەندی ٤٢، لە کۆنگرەی چوارەمینی پارتی بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان و لە یەکەم کۆبوونەوەی کۆمیتەی سەرکردایەتی بە ئەندامی مكتب سیاسی هەڵبژێردراوە.
سەرۆک مەسعود بارزانی لە ساڵی ٢٠١٠ مەدالیای بارزانی نەمر پێ بەخشی وەک یەکەم ئەندام لە بنەماڵەی بارزان وەک ڕێزێک بۆ بەشداریکردنی لە شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان و ڕاپەڕینی باشووری کوردستان و قۆناغی سەروەری، شارەزای زمانەکانی (کوردی، عەرەبی، تورکی و فارسی) بووە.
سەرچاوەکان:- ئەرشیفی دەستەی ئینسایکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.


