لە کۆتایی ساڵی ١٩٨٠دا ئەو ئەندامانەی سەرکردایەتیی کاتیی پارتی دیموکراتی کوردستان کە لە کۆنگرەی نۆیەم جیابوونەوە، پارتێکی نوێیان بە ناوی پارتی گەلی دیموکراتی کوردستان دامەزراند، لە ٢٨ی تشرینی دووەمی ١٩٨٠دا، بەرەی نیشتمانیی دیموکراتی عێراق (جود) دامەزرا، کە لە پارتی دیموکراتی کوردستان (پارتی) و شەش پارتی دیکەی کوردستانی و عێراقی پێکهاتبوو. دواتر لە ٢٢ی ئەیلوولی ١٩٨٠دا شەڕی ٨ ساڵەی ئێران و عێراق دەستی پێکرد، کە لە تەواوی شەڕەکەدا هێزە کوردییەکان سەرقاڵی خۆیان بوون. لەم ماوەیەدا شەڕی ناوخۆ زۆربەی هێز و پارتە کوردستانییەکان بەتایبەت پارتی دیموکراتی کوردستان (پارتی) و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان (یەکێتی)ی گرتبووەوە، هەتا لە کۆنفڕانسی تاران لە تشرینی یەکەمی ١٩٨٦ و کۆچی دوایی لەناکاوەی ئیدریس بارزانی لە ٣١ی کانوونی دووەمی ١٩٨٧دا کۆتایی هات. بەرەی کوردستانی لە ٢ی ئایاری ١٩٨٨دا کە لە حەوت پارتی کوردستانی پێکهاتبوو دامەزرا، پاشان شەڕی ئێران و عێراق دوای ٨ ساڵ لە ٢٠ی ئابی ١٩٨٨دا کۆتایی هات، هێرشە دڕندەکانی ڕژێمی بەعس بۆ سەر کوردستان لە ساڵی ١٩٨٨دا، کیمیاباران و ئەنفالی کوردستان و زۆر ڕووداوی دیکە لە گرنگترین ڕووداوەکانی ئەو سەردەمە بوون.
بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پارتەکە دەبوو لە ساڵی ١٩٨٣ یان لە ساڵی ١٩٨٤دا کۆنگرەی دەیەم ئەنجام بدرایە، بەڵام بەهۆی بارودۆخی نالەبار و پێشهاتە نەخوازراوەکان دوادەخرا، هەتا لە کۆتاییدا لە کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندی لە حوزەیرانی ١٩٨٩دا بڕیاری ئەنجامدانی کۆنگرە درا، لە هەمان کۆبوونەوەدا بڕیار درا کە کۆمیتەیەکی ئامادەکاری بۆ کۆنگرە پێکبهێنرێت، بەو مەرجەی هیچ کامیان ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی نەبن. لیژنەیەک بە سەرۆکایەتیی نێچیرڤان بارزانی دامەزرا و لە تەممووزی هەمان ساڵدا هەڵبژاردن بۆ دیاریکردنی ئەندامانی کۆنگرە لە ناو ڕێکخراوە سەربازی و حیزبییەکان دەستی پێکرد و هەتا تشرینی یەکەمی ١٩٨٩ ئامادەکارییەکانی کۆنگرە کۆتاییان هات.
ئەنجامدانی کۆنگرە
کۆنگرە لە ڕۆژی ٢ تا ١٢ی کانوونی یەکەمی ساڵی ١٩٨٩ بە ئامادەبوونی ٣٣٢ نوێنەری هەڵبژێردراوی ناوچە ڕزگارکراوەکانی دەرەوەی دەسەڵاتی حکوومەتی عێراق و دیاریکردنی نوێنەرانی ناوچە داگیرکراوەکان، بە دروشمی (بەردەوامبوونی تێکۆشان بۆ دیموکراسی بۆ عێراق و ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستان) لە گوندی هێشماوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەنجامدرا.
ڕاپۆرتی سیاسیی کۆنگرە لەلایەن سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی عەلی عەبدوڵڵا خوێندرایەوە و پاشان نامەی ١٣٠ پارت و ڕێکخراوی سیاسیی دۆستی پارتی خوێندرانەوە، بە بڕیاری کۆنگرە بۆ جاری دووەم لە مێژووی پارتەکەدا پلەی جێگری سەرۆک نوێکرایەوە، لە کاتێکدا لە کۆنگرەی یەکەمدا (یەکگرتنەوەی یەکەم) دوو جێگری سەرۆک هەبوون، بەڵام پێچەوانەی ئەمە لە پلەی سکرتێری لادرا، کە لە کۆنگرەی یەکەمدا لە تەنیشت سکرتێر هەبوو، لەسەر ئەم بنەمایە لەسەر پێشنیاری سەرۆک مەسعود بارزانی، عەلی عەبدوڵڵا ئەمین وەک جێگری سەرۆک دەستنیشانکرا و ئەم دەستنیشانکردنە لەلایەن نوێنەرانی کۆنگرەوە پەسەند کرا.
لەو کۆنگرەیەدا چەند بڕیارێک دەرکران و مادەی (٥)ی بەرنامەکە بە تەواوی هەموار کرایەوە و گۆڕانکاری لە دەسەڵاتەکانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان کرا و دەسەڵاتەکانی سکرتێری نەمان، بڕیار درا کە لە جیاتی سکرتێری جێگری سەرۆک دەستنیشان بکرێت، مەسعود مستەفا بارزانی بۆ جاری دووەم بە کۆی دەنگ وەک سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان (پارتی) هەڵبژێردرایەوە.
پەیکەری پارتی دیموکراتی کوردستان (پارتی) لەسەر بنەمای پەیڕەوی ناوخۆی کۆنگرەی دەیەم، شانە، شانەی سەرەکی، کۆمیتەی ڕێکخستن، کۆمیتەی ناوچە، کۆمیتەی لق، کۆمیتەی ناوەندی، مکتب سیاسی و سەرۆک. هەروەها کۆمیتەی چاودێریی ناوەندییش لەلایەن مکتب سیاسییەوە هەڵبژێردرا و لە ئەندامێکی مکتب سیاسی و ٢ ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پێکهاتبوو، کە ئەندامانی دەوری بوون.
سەرکردایەتیی هەڵبژێردراوی کۆنگرەی دەیەم:
٢. د. جەرجیس حەسەن
٣. جەوهەر نامیق سالم
٤. د. ڕۆژ نوری شاوێس
٥. هۆشیار مەحموود محەمەد فارس
٦. فازڵ میرانی
٧. عەبدولموهەیمەن بارزانی
٨. فەلەکەددین کاکەیی
١٠. مەسعود ساڵەیی
١١. کریستۆف یەڵدا ترخان
١٢. عیزەدین بەرواری
١٣. ئازاد قەرەداغی
١٤. د. کەمال کەرکووکی
١٥. زەعیم عەلی
١٦. د. پیرۆت ئەحمەد ئیبراهیم
١٧. قادر قادر عەلی
١٨. قادر قاچاخ
١٩. د. عەلی بابا شاوێس
٢٠. د. محەمەدساڵح جومعە
٢١. دەروێش عەبدولڕەحمان ئاغا
ئەندامانی یەدەگی کۆمیتەی ناوەندیش بەم شێوەیە هەڵبژێردران:
١. د. ناسیح غەفوور
٢. مەحموود محەمەد
٣. کەمال حەسەن چەومار
لە کۆبوونەوەی یەکەمی کۆمیتەی ناوەندی، ئەندامانی مکتب سیاسیی نوێ هەڵبژێردران ئەوانیش نێچیرڤان بارزانی، فازڵ میرانی، د. ڕۆژ نوری شاوێس، د. جەرجیس حەسەن، جەوهەر نامیق، هۆشیار زێباری و زەعیم عەلی بوون.
لەبەر ئەوەی دوای ئەنفال دۆخی کوردستان بە تەواوی خراپ بوو، دوای کۆنگرە هەوڵ درا کە گۆڕانکاری لە لقەکاندا بکرێت و هێزی پێشمهرگه بنێرنە کوردستان.
سەرچاوە:- محەمەد مەلا قادر، خەباتنامە، کورتە مێژووی پارتی دیموکراتی کوردستان و بارزانیی نەمر، چاپی سێیەم، (هەولێر- چاپخانەی ئاراس- ٢٠١٢).
- مێژووی پارتی دیموکراتی کوردستان، کۆنگرە و کۆنفڕانس (بەرنامە و ڕێبازەکانی ناوخۆ)، کۆمیتەی ئینسایکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان، بەرگی ٢، (
- حەبیب محەمەد کەریم، مێژووی حیزبی دیموکراتی کوردستان-عێراق (لە وێستگە سەرەکییەکان ١٩٤٦ - ١٩٩٣)، (دهۆک- چاپخانەی خەبات- ١٩٩٨).
- ئەنجامدانی کۆنگرەی دەیەم بۆ حیزبی دیموکراتی کوردستان، ڕۆژنامەی زاگرۆس، ژمارەی یەکەم، شوباتی ١٩٩٠ز.
- کەریم حەبیب حاجی، بیرەوەرییەکانم لە شۆڕشی ئەیلوول و گوڵانی مەزن، چاپی دووەم، (دهۆک- چاپخانەی خانی- ٢٠١٦ز).
- پەیڕەوی ناوخۆی کۆنگرەی دەیەمی پارتی دیموکراتی کوردستان (پارتی) (بێ شوێن - چاپخانەی خەبات - بێ ساڵ).
- ئەرشیفی دەستەی ئینسایکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.
- لیستی کاندیدەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردستان، ڕۆژنامەی پێشکەوتن، ئۆرگانی یەکێتیی خوێندکاران و لاوانی دیموکراتی کوردستان-عێراق، ژمارە ٢٦، ئایاری ١٩٩٢.
- هاوڕێی تێکۆشەر سەید ساڵح کۆچی دوایی کرد، ڕۆژنامەی خەبات، ئۆرگانی پارتی دیموکراتی کوردستان، ژمارە ٦١٨، ئاداری ١٩٩٢.


