لە ٨ی شوباتی ١٩٦٣، بەعسییەکان و ناسیۆنالیستە عەرەبەکان لە ڕێگەی کودەتایەکی سەربازییەوە دەستیان بەسەر دەسەڵاتی عێراقدا گرت، لە سەرەتای کودەتاکەوە، هیچ ئاماژەیەک بە مافی ئۆتۆنۆمی بۆ کورد نەکرا، تەنانەت هیچ باسێک لە نەتەوەی کورد لە هیچ یەکێک لە پەیڕەو و پلانی سیاسییەکاندا نەبوو، ئەمەش ئاماژەیەکی مەترسیدار و وێنەیەکی هەڕەشەئامێزی بۆ داهاتووی کورد پێشاندا، چونکە لە سەرەتاوە دەرکەوت کە ئەمە کودەتایەکی سەربازیی تۆڵەسەندنەوە بوو نەک گۆڕینی ڕژێمێکی دیکتاتۆر، لەگەڵ ئەوەشدا، سەرکردایەتی شۆڕشی ئەیلوول لە ڕێگەی بروسکەیەکەوە پیرۆزبایی و پشتیوانی خۆی بۆ سەرکردەکانی کودەتاکە ڕاگەیاند، هەرچەندە بۆ ماوەی نزیکەی سێ مانگ شەڕ و هێرشی سەربازی دژی کورد ڕاگیرا و دانوستان دەستی پێکرد، بەڵام بەعسییەکان بە نیەتی چارەسەرکردنی کێشەکان نەهاتنە پێشەوە، بۆیە دانوستانەکان زۆری نەخایاند و بەعس هێرشەکانی بۆ سەر کوردستان دەستپێکردەوە.
لە ٢ی ئایاری ١٩٦٣، فەرمانێکی گشتی لە سوپاوە دەرچوو بۆ سەپاندنی گەمارۆی ئابووری لەسەر کوردستان، دوای ماوەیەکی کەم، بە دیاریکراوی لە ١ی حوزەیرانی ١٩٦٣، شەڕەکان جارێکی دیکە دەستیان پێکردەوە، یەکێک لەو شەڕانەی لێرەدا دەمانەوێت باسی بکەین هێرشکردنە سەر گوندی باوەخۆشێن لە نزیک دەربەندیخانە، دوای ئەوەی هەواڵ گەیشتە هێزی پێشمهرگهی قەرەداغ کە سوپای عێراق بە مەبەستی داگیرکردنی گوندەکە دەستی بە جوڵە کردووە، دەستبەجێ دەستیان بە ئامادەکاری کرد بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هێرشی سوپا.
لە کاتژمێر ٨ی بەیانی ٤ی ئابی ١٩٦٣، سوپای عێراق هێرشەکەی لە دەربەندیخانەوە دەستپێکرد، پێش دەستپێکردنی هێرشی زەمینی، ناوچەکەی بە تۆپبارانێکی چڕ بۆردومان کرد، دیارە پێشمهرگه بە شێوەیەک ئامادە بوون کە ڕێگرییان لە سوپا کرد بگاتە گوندەکانی باوەخۆشێن و گۆڵان، کاتێک هێرشی زەمینی سوپا دەستی پێکرد، شەڕێکی سەخت لە نێوانیاندا دروست بوو، دوای دوو کاتژمێر لە شەڕ و پێکدادان، سوپای عێراق بە شێوەیەک تێکشکێنرا کە ناچار بوو بۆ کەمپی دەربەندیخان پاشەکشە بکات، جگە لەوەی زیانی زۆری پێگەیشت، لە کاتێکدا زیانی هێزی پێشمهرگه تەنها دوو بریندار بوو.
سەرچاوەکان:١- هۆشەنگ صالح نەجار، شۆرشى ئەیلوول لە رۆژنامە و بڵاوکارەو عێراقیەکاندا ١٩٦١– ١٩٧٦، (چاپخانەى دانشفەڕ- هەولێر – ٢٠٢٣).
٢- هاوکار کەریم حەمە شەریف، شۆڕشی ئەیلوول، چاپى یەکەم، (چاپخانەى زانکۆى سەلاحەدین- هەولێر- ٢٠١٢).
٣- مسعود بارزانی، بارزانی و بزوتنەوەى ڕزگاریخوازی کورد، بەرگی سێیەم، بەشی یەکەم، شۆڕشی ئەیلوول ١٩٦١-١٩٧٥، چاپی یەکەم، (چاپخانەى وەزارەتى ڕۆشنبیرى- هەولێر- ٢٠٠٤).
٤- خۆشەوى عەلى کانیە لنجى، بیرەوەریەکانى عەزیز قادر حەمەد سورچى، چاپى یەکەم، (چاپخانەى دانیشفەر- هەولێر- ٢٠٢٣).


