لە ساڵی 1988دا حکوومەتی عێراق بە پلانێکی بەرفراوان هێرشی دژی ناوچە کوردستانییەکانی ژێر کۆنترۆڵی پێشمهرگه دەست پێ کرد، ئاشکرایە کە بەهۆی شەڕی عێراق و ئێران لە ساڵانی 1980-1988، هێزەکانی حکوومەت ئەوەندە نەبوون کە هەموو بەشەکانی کوردستان داگیر بکەن، بۆیە دەرفەت بۆ هێزی پێشمهرگه ڕەخسا کە سەرپەرشتی چەند ناوچەیەک بکەن، لە ساڵی هەشتەمدا، شەڕی نێوان هەردوو دەوڵەت بەرەو کەمبوونەوە چوو چونکە نزیک بوونەوە لە کۆتایی و پەیماننامەیەک، بۆیە دەرفەتێک بۆ عێراق ڕەخسا کە هەنگاوی کوێرانە بەرامبەر شۆڕشی کوردستان بنێت بۆ ئەوەی شۆڕشی گەلی کورد سەرکوت و تێکبشکێنێت.
ئاشکرایە کە جێبەجێکردنی پلانی حکوومەت بریتی دەبوو لە لەناوبردن و وێرانکردنی ئەو ناوچانە، لە 26ی شوباتی 1988، کاتژمێر 7ی بەیانی، سوپای عێراق لە بەرەکانی بێتواتە و خەلیفان دەستی بە پێشڕەوی کرد و هێرشێکی بەرفراوانی کردە سەر گەلیی بالیسان لە ڕۆژئاوای سلێمانی، کە سەر بە پارێزگای هەولێرە، بە هاوکاری و پشتیوانی فڕۆکەی جەنگی، تۆپ، تانک و چەتەکان (جاش)، هێزی پێشمهرگه بە پلانێکی بەرفراوان ڕووبەڕوویان بوونەوە، لە ئەنجامدا بەهۆی بەرگریی بەهێزی پێشمهرگه لە ئێوارەی هەمان ڕۆژدا هەواڵی تێکشکانی سوپا و هێزەکانی عێراق گەیشتە هێزی پێشمهرگه کە هێرشەکەیان پووچەڵ کردەوە، بەڵام لە تێکشکاندنی هێرشی سوپا و چەتەکاندا سێ پێشمهرگه شەهید بوون.
سەرچاوە:-
حاجی میرخان دۆڵەمەری: گەڕان بەدوای دادپەروەریدا، بەرگی 2، چاپی دووەم، کوردستان – 2021.
-
مەسعود بارزانی: بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد، بەرگی 4، 1975-1990 شۆڕشی گوڵان، بەشی 2، چاپی یەکەم، چاپخانەی ڕۆخانا، 2021.








