ژیاننامە
لە ساڵی ١٩٣٠ لە گوندی سێلکی سەر بە ناحیەی شێروانی مەزن لە قەزای مێرگەسۆر لە پارێزگای ھەولێر لەدایکبووە، کوڕەکەی بە ناوی جەوھەر حسێن لەلایەن حکومەتی عێراقەوە لە پارێزگای ھەولێر لە ٣١ی تەمموزی ١٩٨٣ لە پرۆسەی ئەنفالی بارزانییەکان لە کۆمەڵگەی ھەریر (١٩٦٣-١٩٨٣) بێسەروشوێن کراوە. جەوھەر حسێن لە ساڵی ١٩٦٣ لە شەڕی چیای مەتین شەھید بووە.
بیرەوەری خەبات
دوای ھەڵگیرسانی شۆڕشی دووەمی بارزان لە ساڵی ١٩٤٣، پەیوەندی بە ڕیزەکانی شۆڕشەوە کردووە، و لەبەر ئەم ھۆکارە، لە ١٩ی ئابی ١٩٤٥؛ بە فەرمانی دادگای سهربازی، سەرجەم موڵک و ماڵە گواستراوە و نەگواستراوەکانی دەستی بەسەردا گیراوە.
لە ١١ی تشرینی یەکەمی ١٩٤٥، دوای شکستی شۆڕشی دووەمی بارزان، لەگەڵ مستەفا بارزانی و ھاوڕێکانی بەرەو ڕۆژھەڵاتی کوردستان پەڕیونەتەوە. دوای دامەزراندنی کۆماری دیموکراتی کوردستان لە مەھاباد لە ٣١ی ئازاری ١٩٤٦ وەک بەشێک لە ھێزی بارزان بەرگری لە کۆمارەکە کردووە.
دوای ڕووخانی کۆماری کوردستان لە مەھاباد و گەڕانەوەی بارزانی لە ڕۆژھەڵاتی کوردستانەوە بۆ باشووری کوردستان، بەشداری لە شەڕی بەرەی سەقز لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان کردووە. ھەروەھا یەکێک بووە لەو پێشمەرگانەی کە لە ١٩/٤/١٩٤٧ لە ڕێگەی (خواکورک و دەشتەکانی بارزگیران)ی خاکی باکووری کوردستانەوە گەڕاونەتەوە ناوچەی شێروان و مزووری.
دوای گەڕانەوەیان، مستەفا بارزانی لە ١٥/٥/١٩٤٧ لە گوندی ئەرگۆش لەگەڵ ھاوڕێکانی کۆدەبێتەوە و ڕێگەیان پێدەدات کە بڕیار بدەن بمێننەوە یان بچن بۆ یەکێتی سۆڤیەت، کە سەرجەم ھاوڕێکانی بڕیار دەدەن بەردەوام بن و بچن بۆ یەکێتی سۆڤیەت. لە ٢٣ی ئایاری ١٩٤٧، یاوەری مستەفا بارزانی کردووە بۆ یەکێتی سۆڤیەت و بەشداری لە شەڕی ڕووباری قتور و شەڕی پردی ماکۆ کردووە. دوای ماندووبوون و تێکۆشانێکی زۆر، لە ١٨ی حوزەیرانی ١٩٤٧، ڕووباری ئاراسیان بەرەو سۆڤیەت پەڕاندووە کە دەکەوێتە سەر سنوور لە نێوان ئێران و یەکێتی سۆڤیەت.
دوای گەیشتن بە یەکێتی سۆڤیەت، لە ١٩ی حوزەیرانی ١٩٤٧، لەگەڵ سەرجەم ھاوڕێکانی لە شاری نەخچەوانی کۆماری ئازەربایجان، بۆ ماوەی چل ڕۆژ لە کەمپێکی چۆڵکراودا بوون کە بە تێلی دڕکاوی دەورە درابوو، و لەلایەن سەربازانەوە پاسەوانی دەکران، و سەبارەت بە خۆراک، جلوبەرگ، و ھاتوچۆ وەک دیلی جەنگ مامەڵەیان لەگەڵ دەکرا. دواتر بە بڕیاری حکومەتی سۆڤیەت، بەسەر ناوچەکانی ئاغدام، لاچین، ئایۆلاخ و کەلبەجەر لە کۆماری ئازەربایجان دابەش کران. لە ١٠ی کانوونی یەکەمی ١٩٤٧ گواسترانەوە بۆ بنکەیەکی سەربازی لەسەر دەریای خەزەر لە باکۆ، پایتەختی کۆماری ئازەربایجان، و لە ٢٣ی ھەمان مانگ جلوبەرگی سەربازییان پێدرا و ڕۆژانە ھەشت کاتژمێر لەژێر چاودێری ئەفسەرانی ئازەربایجانی ڕاھێنانیان پێکرا. لە ھەمان کاتدا، ڕۆژانە چوار کاتژمێر، ھەندێک لە ھاوڕێکانیان لەلایەن ھەندێک لە ھاوڕێ خوێندەوارەکانیانەوە وانەی زمانی کوردییان پێ دەوترا.
دوای مامەڵەی خراپی جەعفەر باکیرۆڤ لەگەڵ ھاوڕێکانی، بارزانی بڕیار دەدات کەمپە سەربازییەکەی لە کۆماری ئازەربایجانەوە لە ٢٩ی ئابی ١٩٤٨ بگوازێتەوە بۆ کەمپی چیرچیک لە نزیک "تاشکەنت"ی پایتەختی ئۆزبەکستان، کە لەوێ بەردەوام بن لە ڕاھێنانی سەربازی.
لە ئازاری ١٩٤٩ ئەو و ھاوڕێکانی بە شێوەی گرووپ بە شەمەندەفەر بۆ گوندە لادێییەکانی یەکێتی سۆڤیەت دابەش کران و لە کێڵگە کۆلخۆزییەکان (زەوییانەی کە خەڵک لە حکومەتیان وەردەگرت و دواتر پارەکەیان دەدایەوە حکومەت) کاریان کرد.
دوای ھەوڵێکی زۆر و ناردنی چەندین نامە لەلایەن بارزانییەوە بۆ ستالین، لە کۆتاییدا نامەیەک دەگاتە دەستی ستالین کە تێیدا بارزانی باس لە کێشەکانی ھاوڕێکانی دەکات و ستالین دەستبەجێ بڕیار دەدات لیژنەیەک پێکبھێنرێت بۆ لێکۆڵینەوە لە دۆخی ھاوڕێکانی بارزانی، و لە کۆتاییدا بڕیاری لیژنەکە ئەوە دەبێت کە ھەموویان لە شاری ڤریڤیسکی کۆبکرێنەوە، بۆیە لە تشرینی دووەمی ١٩٥١ دەچێتە شاری ڤریڤسکی سۆڤیەت.
دوای شۆڕشی ١٤ی تەمموزی ١٩٥٨ لە عێراق و گەڕانەوەی مستەفا بارزانی، لە ٢٥ی شوباتی ١٩٥٩، ئەو و ھاوڕێکانی بەپێی ماددەکانی سێیەم و حەوتەم و بەشی (الف)ی ماددەی دەیەم و کارکردن بە ماددەی (١١) بەپێی یاسای ھەموارکراوی ژمارە ١٩ی ساڵی ١٩٥٩ کەوتنە بەر لێبوردنی گشتی.
لە ساڵی ١٩٥٨، کۆماری عێراق بە سەرۆکایەتی عەبدولکەریم قاسم دامەزرا، و لە ١٦ی نیسانی ١٩٥٩، ناوبراو لەگەڵ ھاوڕێکانی بە کەشتی گرۆزا لە ڕێگەی بەندەری بەسرە لە باشووری کۆماری عێراق گەڕانەوە کوردستان.
لە ساڵی ١٩٦١، بەشداری شۆڕشی ئەیلوولی کردووە و فەرماندەی لک بووە و بەشداری لە شەڕەکاندا کردووە، و لە ساڵی ١٩٦٣ لە شەڕی چیای مەتین شەھید بووە.
سەرچاوەکان:
ئهرشیفی دهستهی ئینسكلۆپیدیای پارتی دیموكراتی كوردستان








