شەریف قورتاس ساڵی 1932 لە گوندی زەرارای سەر بە ناحیەی گۆرتۆ لە قەزای مێرگەسۆر لە پارێزگای هەولێر لەدایکبووە، لە 21ی حوزەیرانی 1932 لەگەڵ خێزانەکەی بووە کۆچبەر لە تورکیا، لە 11ی تشرینی یەکەمی 1945 دوای شکستپێهێنانی شۆڕشی بارزانی دووەم لەگەڵ خێزانەکەی بەرەو ڕۆژهەڵاتی کوردستان چوون، باوکی (قورتاس) بەهۆی نەخۆشیی تایفۆیدەوە لە گوندی قەڵاتان کۆچی دوایی کرد، شەریف قورتاس لە یەکێتی سۆڤیەت خوێندوویەتی و لە 15ی شوباتی 1954 لە زانکۆی تاشکەند وەرگیراوە، توانیویەتی بڕوانامەی دیپلۆم لە 29ی ئازاری 1959 بەدەست بهێنێت، ساڵی 1959 وەک مامۆستا کاری وانەوتنەوەی بە قوتابیان کردووە، لە ڕێکەوتی 21ی کانوونی یەکەمی 2019 لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی هەولێر کۆچی دوایی کردووە و تەرمەکەی لە گۆڕستانی گوندی زەرارا بە خاک سپێردراوە.
لاپەڕەکانی تێکۆشانشەریف قورتاس لەنێو ئەو هاوسەنگەرە پێشمهرگانەدا بوو کە لە 19ی نیسانی 1947 لە ڕێگەی (خواکورک و دەشتی برازگرۆ) بەناو خاکی باکووری کوردستاندا گەڕانەوە بۆ ناوچەی شێروان و مزووری.
دوای گەڕانەوەیان، مستەفا بارزانی مستەفا بارزانی لە 15/5/1947 لە گوندی ئەرگۆش کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ هاوسەنگەرانی کرد و سەرپشکی کردن لە نێوان مانەوە یان چوون بۆ یەکێتی سۆڤیەت. لەوێ هەموو هاوسەنگەرانی بڕیاریان دا بەردەوام بن و بەرەو یەکێتی سۆڤیەت بچن، لە 23ی ئایاری 1947 یاوەری مستەفا بارزانی مستەفا بارزانی ی کرد بۆ یەکێتی سۆڤیەت، بەشداریی لە شەڕەکانی دۆڵی قەتور و پردی ماکۆ کرد، دوای ماندووبوونێکی زۆر و هیلاکبوونێکی توند، لە 18ی حوزەیرانی 1947 ڕووباری ئاراسیان بەزاند بۆ یەکێتی سۆڤیەت، کە دەکەوێتە سەر سنووری نێوان ئێران و یەکێتی سۆڤیەت.
دوای گەیشتنیان بۆ یەکێتی سۆڤیەت، لە 19ی حوزەیرانی 1947، ئەو و هەموو هاوسەنگەرانی لە شاری نەخچەوانی کۆماری ئازەربایجان بۆ ماوەی چل ڕۆژ لە کۆمەڵگەیەکی کراوەدا کە بە تێلی دڕکدار دەورە درابوو و سەربازان پاسەوانییان دەکردن دەستبەسەر کران، وەک دیلی شەڕ مامەڵەیان لەگەڵ کرا لە ڕووی خواردن و جلوبەرگ و گواستنەوە، بە بڕیاری حکومەتی سۆڤیەت دواتر بەسەر ناوچەکانی ئاغدام و لاچین و ئەیولاخ و کەلبەجەر لە کۆماری ئازەربایجان دابەش کران، دواتر لە 10ی کانوونی یەکەمی 1947 لەگەڵ هاوسەنگەرانی بۆ سەربازگەیەک لەسەر دەریای خەزەر لە باکووری پایتەختی ئازەربایجان باکو گواسترانەوە، جلوبەرگی سەربازییان بەسەردا دابەش کرا و ڕۆژانە بە سەرپەرشتیی ئەفسەرانی کۆماری ئازەربایجان بۆ ماوەی هەشت کاتژمێر مەشقیان پێ دەکرا، لە هەمان کاتدا، ڕۆژانە بۆ ماوەی چوار کاتژمێر لەلایەن هەندێک لە هاوسەنگەرە خوێندەوارەکانیانەوە وانەی فێرکردنی زمانی کوردییان وەردەگرت.
دوای مامەڵەی خراپی جەعفەر باکیرۆڤ لەگەڵ هاوسەنگەرانی، بارزانی بڕیاری دا کۆمەڵە سەربازییەکەی لە 29ی ئابی 1948 لە ئازەربایجانەوە بگوازێتەوە بۆ کۆمەڵگەی چەرچوک لە نزیک پایتەختی ئۆزبەکستان تاشکەند، لەوێ بەردەوامییان بە مەشقە سەربازییەکانیان دا.
لە ئازاری 1949، ئەو و هاوسەنگەرانی بە شێوەی گرووپ بە شەمەندەفەر بەسەر گوندە هاوبەشەکانی یەکێتی سۆڤیەتدا دابەش کران و لە کێڵگەکانی کۆلخۆز (ئەو زەوییانەی خەڵک لە حکومەتیان بەکرێ دەگرت و پاشان بەشێکیان بۆ حکومەت دەدایەوە) کاریان کرد.
دوای هەوڵێکی زۆر و ناردنی چەندین نامە لەلایەن مستەفا بارزانییەوە بۆ ستالین، ستالین دواجار نامەیەکی پێ گەیشت کە بارزانی تێیدا باسی ئازار و مەینەتیی هاوسەنگەرانی کردبوو، ستالین دەستبەجێ بڕیاری دا کمیسیۆنێک بۆ لێکۆڵینەوە لە دۆخی هاوسەنگەرانی بارزانی پێک بهێنێت، بڕیاری کمیسیۆنەکە دواجار ئەوە بوو کە لە شاری فریفیسکی کۆ بکرێنەوە، بۆیە شەریف قورتاس لە تشرینی دووەمی 1951 لەگەڵ هاوسەنگەرانی بەرەو شاری فریفیسکیی سۆڤیەت چوون.
دوای شۆڕشی 14ی تەمموزی 1958 لە عێراق و گەڕانەوەی مستەفا بارزانی مستەفا بارزانی، لە 25ی شوباتی 1959 ئەو و هاوسەنگەرانی بەپێی ماددەکانی (3) و (7) و بڕگەی (أ) لە ماددەی (10) و کارکردن بە ماددەی (11) بەپێی یاسای ژمارە (19)ی هەموارکراوی ساڵی 1959 لێبووردنی گشتییان بۆ دەرچوو.
کۆماری عێراق بە سەرۆکایەتیی عەبدولکەریم قاسم لە ساڵی 1958 دامەزرا، شەریف قورتاس لە 16ی نیسانی 1959 لەگەڵ هاوسەنگەرانی بە کەشتیی گروزیا لە ڕێگەی بەندەری بەسرە لە باشووری کۆماری عێراق گەڕانەوە بۆ کوردستان.
بەرپرسیارێتیی وەک مامۆستا لە سەردەمی شۆڕشی ئەیلوول وەرگرت، لە 16ی کانوونی یەکەمی 2010 لە کاتی بەڕێوەچوونی کۆنگرەی سێزدەیەم ی پارتی دیموکراتی کوردستان نیشانی بارزانیی لەلایەن سەرۆک مەسعود بارزانی مەسعود بارزانی پێ بەخشرا، وەک ڕێزێک بۆ تێکۆشان و قوربانیدانی لە کاتی ڕێپێوان لەگەڵ بارزانی و هاوسەنگەرانی بۆ یەکێتی سۆڤیەت و لە کاتی شۆڕشی ئەیلوول.
سەرچاوەکان:-
سهفهر یوسف میرخان، ههڤاڵی دێرینی بارزانیی نهمر مامۆستا شهریف زراری كۆچی دوایی كرد، رۆژنامهی خهبات، ئۆرگانی پارتی دیموكراتی كوردستان، ژماره 5677، ههولێر، 22 كانوونی یهكهمی 2019ز.
-
شهعبان عهلی شهعبان، ههندێك زانیاری سیاسی و مێژوویی، چاپی سێیهم، (ههولێر - چاپخانهی رۆژههڵات - 2013ز).
-
شهوكهت شێخ یهزدین، یۆبیلی زێڕینی پێشمهرگه، (پیرمام - چاپخانه خهبات - 1996ز).
-
صالح یوسف صوفي، كرۆنۆلۆژیا كوردستانێ و جیهانێ، چاپا ئێكێ، بهرگێ دووێ، (دهۆك - چاپخانا پارێزگهها دهۆكێ - 2013ز).
-
صالح یوسف صوفي، كرۆنۆلۆژیا كوردستانێ و جیهانێ، چاپا ئێكێ، بهرگێ سێ، (دهۆك - چاپخانا پارێزگهها دهۆكێ - 2013ز).
-
عمر فاروقی، سردار دانا زندگی و مبارزات مرحوم ملا مصطفی بارزانی، چاپ دوم، (ههولێر - چاپخانهی وزارت آموزش و پرورش - 2002ز).
-
له یادداشتی فهرماندهی شههید حهسۆ میرخان ژاژۆكی، 62 رۆژ لهگهڵ بارزانی دا چوونی بارزانییهكان بۆ یهكێتی سۆڤێت، چاپی یهكهم (ههولێر - چاپخانهی رۆشنبیری - 1997ز).
-
لیث عبدالمحسن جواد الزبیدي، ثورة 14 تموز 1958 في العراق، (بغداد - دارالرشید للنشر - 1979م).
-
مسعود بارزانی، بارزانی و بزوتنهوهی رزگاریخوازی كورد 1931 - 1958، (دهۆك - چاپخانهی خهبات - 1998ز).
-
ناجی طه بهرواری، ههڤچهپهرێ بارزانیێ نهمر عهزیز قازی بیرهاتنێت خوڤه دگێریت، پشكا سیێ، گۆڤاری مهتین، لقێ ئێكێ پارتی دیموكراتی كوردستان - یهكگرتوو، ههژمار 49، خولا سیێ، دهۆك، چاپخانا هاوار، شوات 1996ز.
-
ئـ.د.ئـ، فایلی ژماره AI-10، لیستی ههڤاڵانی مستهفا بارزانی بۆ یهكێتی سۆڤێت، بهڵگهنامه لهلایهن سهگڤان هاڵۆ پێشكهش كراوه، 2016ز.
-
ئـ.د.ئـ، فایلی ژماره HB-431، پارتی دیموكراتی كوردستان، بارهگای بارزانی، لێژنهی باڵای ناوچهی بارزان، فۆرمی شهریف قرتاس مهلا، پیرمام، 1 تشرینی دووهمی 2018ز.


